دوو کەس لەهەولێر بەرتیل بە بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا دەدەن

هاوپشتی:ئاژانسەکان

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلی ئاراستەی دوو کارمەندی حکومی کردووە کە لە شاری هەولێر دادەنیشن، بە مەبەستی وەرگرتنی گرێبەست لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بۆیان.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، دوو کەس بە ناوەکانی “ئالان فریدای” تەمەن ٣٧ ساڵ و “لارا جومعە”  تەمەن ٣٠ ساڵ، کە هەردووکیان خاوەنی کۆمپانیایەکن لەشاری هەولێر.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، فریدای و لارا بەرتیلیان پێشکەش بە لێپرسراوێکی سوپای ئەمریکا کردووە لە بنکەی سەربازی ئاسمانی هەولێر لە عێراق، لەپێناو بەدەستهێنان و وەرگرتنی گرێبەستی هاوردەکردنی کەلوپەل و خزمەتگوزاری بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە.

لە دۆسیەی تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە “ئەو دوو کەسە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ پێشنیازی وەرگرتانی بەرتیلیان خستووەتە بەردەم لێپرسراوێک کە گرێبەستی هەیە لەگەڵ سوپای ئەمریکا، بەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر گرێبەستێک بۆ کۆمپانیاکەیان، بڕی لە٢٠%ی بدرێت بەو لێپرسراوە سەربازییە”.

هەروەها لە دۆسیەی تۆمەتبارکردنەکەشدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو تۆمەتبارە پێشەکی بڕێک پارەی نەقدییان پێشکەشکردووە، لەبەرامبەر وەرگرتنی گرێبەستی هاوردەکردنی کەلوپەل لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠دا.

لەو بارەیەوە “بریان ڕایت” ڕێکخەری کارەکانی یاریدەدەری داواکاری گشتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە “پێدانی بەرتیل”بە ئامانجی لەباربردنی هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکایە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست بەشێوەیەکی یاسایی لە دەرەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە “وەزارەتی داد بەردەوام دەبێت لەپێناو پارێزگارکردنی لە سوپای ئەمریکا لەو هەڵسوکەوتە گەندەڵکارانە و بەفیرۆدانی پارە لەسەرانسەری جیهاندا”.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووشدا،  بەشی قەلاچۆکردنی گەندەڵی لە وەزارەتی دادی ئەمریکا پێشتریش ڕێگریکردووە لە چەند هەوڵێکی هاوشێوە لە وڵاتی کوەیت، دووەمیشیان لە کۆریای باشور لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا.

هەر لەبارەی ئەو کەیسە چالاکوانێکی سیاسی بەناوی (شنیار ئەنوەر) کە خۆی لە ئەمەریکا دەژی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی(بە هەوڵێکی هەمە لایەنە و ھەفتەی پێشوش بە دەستی خۆم شەش ڵاپەڕە بەڵگەم پێشکەش کردون وە توانیمان لەگەڵ نوسینگەی فیدڕاڵی ئەمریکی بەشێک لە گەندەڵییەکانی کۆمپانیاکانی بارزانی لە فرۆکە خانەی هەولێر فەزحکرا و هێشتا ماویەتی و بەدواتانەوەین.

ئەو چالاکوانە زانیاری زیاتر دەنوسێت و دەڵێت:بۆ زانیاریتان لارا جومعە(یان لارا بارزانی) کە لەم کەیسە گلاوە سوپەر ومان و شت نیە خۆی ئەوەندە ئازا بێت برتیل بدات بە سوپای ئەمریکا. رونە ئیشی بۆ کێ کردووە، دڵیابن لە کۆڵتان نابینەوە و ئەو کۆشک و تەلارەی ئەمریکاتان لێ ئەکەین بە دۆزەخ، نابێت ئاوا ئاسان بیخۆن.
شنیار ئەنوەر ئەوەش دەنووسێت: سایتی رووداو نوسیویەتی “دوو کەس” لە هەولێر تۆمەتبار کراون بە پێدانی بەرتیل بە سوپای ئەمریکا لە فرۆکە خانەی هەولێر، بەس ناڵێت دوو کەسەکە کێن و ئەیەوێت وەک کەیسێکی ئاسایی باسی بکات.
بەڵام چۆلەکە بەسەر فرۆکە خانەی هەولێردا ناروات بێ مۆڵەتی بنەماڵەی بارزانی.
بۆیە بابەتەکە بچوک مەکەنەوە و دەبێت میدیاکانی تریش بایەخی تەواو بەم ئابروچونەی بارزانی بدەن کە چۆن فرۆکە خانەی هەولێر کراوەتە بنکەی گەندەڵی و پارە کۆکردنەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: