سیدالرئیس

عومر سەید:     

لە کتێبە مەزنەکەی ئیدوارد سەعیدا( رۆژهەڵاتناسی)، کە بەڕێز دکتۆر. موحسین ئەحمەد عومەر لە فەڕەنسییەوە وەریگێڕاوە. لە پەرەگرافێکیدا نوسراوە” بە پێی تەخمین و مەزەندە لە نێوان ١٨٠٠ بۆ ١٩٥٠ نزیکەی شەش سەد هەزار کتێب لەسەر رۆژهەڵاتی ناوڕاست نووسراوە” هەڵبەت کتێبەکان لە لایەن خۆرئاواوە نووسراون.
ئەو کات هەموو کتێبخانەی کوردی لەو سەردەمەدا، ئەوپەڕی پێنج سەد کتێب ئەگەر بوبێت، ئەوانیش دیوانە شیعر و حیکایەت بوونە. هەڵبەت لەو کتێبانەدا هیچ گومانێک نییە کە باسی کوردیش کراوە. ئەو کات خۆرئاوا لەوە گەیشتووە کە سنوری ئەقڵی کورد، تەنها مەڕ و پەزەکانێتی. رەز و گوندەکەیەتی. بەرژەوەندییە تەسک و بچووکەکانی خۆیی و خێڵەکەیەتی. هەر بۆیە لە نێو هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا روودەدات. کورد هیچی بەرناکەوێت و هەر وەک خێڵ و خێزان دەخرێتە سەر دەوڵەتەکانی تر.
کە مێژو و ئیرادەت نەبوو خاکیشت نابێت.
ئێستا لە هەمان قۆناغداین، حیزب و حکومەت بە ئەقڵی هەمان کوردی ئەو قۆناغە، هەرچی دەست دەکەوێ وەک دەستکەوتی خۆیی و بنەماڵە تەماشای دەکات. میژومان هێشتا ون و نادیارە و شەڕی رابردووی ئەو تۆزە هێز و بەرنگارییە گشتییە دەکەین. نیو ملیۆن جاش و خۆفرۆشمان هەبوو، خاوەنی یەک دانپێدانان و یادەوەری جاشێک نیین. لەو هەموو زانکۆیە، یەک لیکۆڵینەوەمان لەسەر جاش بوون نییە. هیچ مێژویەکمان نییە. بڕۆ شانامەی فیردۆسی بخوێنەوە. من وای لێتێدەگەم، زوحاک کوردە و کاوەش هەر کورد. لە ناچاریدا و بەرامبەر زوڵم و ستەمی بێ وێنەی زوحاکدا. کوردەکان پەنا دەبەنە بەر فەرەیدونی فارس و کۆتایی بە فەرمانڕەوایی زوحاکی کورد دەهێنن. وەک چۆن ئێستا هەموان هاواری کازمی فەرەیدونی دەکەن.
ئەمە چ قوڕێکە ئێمەی تێکەوتوین! کە دیسانەوە، پاش دەیان هەزار شەهید و ئەنفال لە پێناو کورد و کەرکوکدا. هاوار دەکەین(سید الرئیس) پارەی گەنمەکەم، (سیدالرئیس) مووچەکەم. لەولاشەوە(سیدالرئیس) بەلێشاو عارەبی هاوردە دەڕژێنێتە ناوچەی کەرکوکەوە. مێژووە و دووبارە دەبێتەوە. تەنها لای کورد مێژو بە گاڵتەجاڕی دووبارە نابێتەوە، وەک مارکس دەڵێت. لای ئێمە دووبارە لە خوێنماندایە. لەبری سیاسەت و ئیدارە و دەوڵەتداری، خەریکین لەسەر یادەوەری یەک دەکوژین. جاران هێزی شۆڕش جوتیار و پاڵە بوو، ئێستا ئەو جوتیارە هێندە ماندوو کراوە. ئاگای لەوە نییە جوتیارە هاوزمانەکەی لە گەرمیان خاک و کێڵگە و ماڵی لەژێر هەڕەشەی داگیرکاریدایە. گەر مێژو و خاوەنمان هەبوایە. دەبواییە ئەو جوتیارانە بەو پەڕی دلێرییەوە بە کازمیان بگوتایە” بەو جوتیار و عەرەبە هاوردانە بڵێ، قبوڵ ناکەین شوێن زەوی یەک چڵە گەنمان تەعریب بکرێت.”

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: