هاوڕێ و هونه‌ر
له‌نێو دۆخه ناسهقامگیرەکەی خورماتوودا، پیاوێكی به ته‌مه‌ن ماوەی ٣٢ ساڵه بە کۆکردنەوەی قوتوی پێپسی و نایلۆن و ئاسن و كه‌ره‌سته فڕێدراوه‌كان دەژی.
نامیق قاسم، لە حەفتاکانی تەمەنیدایە، دانیشتوی شارۆچكه‌ی خورماتووی سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌و خێزانداره، ئەو هەرچەندە دنیا بە ئاستەم دەبینێت، بەڵام کۆڵی نەداوە لە کارکردن و ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەسەر کۆکردنەوەی کەرەستە فڕێدراوەکان لە شەقام و کۆڵانەکان بەندە.
“دەبێ ڕۆژانە دوعا بکەم پاشماوەی زیاتر لە کۆڵانەکان فڕی بدرێت تا منیش زیاتر کۆبکەمەوە”. نامیق وای گوت.
به‌یانیان كاتژمێر پێنج به عاره‌بانه سێ تایه‌كه‌ی له ماڵ ده‌رده‌چێت و تا نیوه‌ڕوان به‌رده‌م ماركێت و چاخانه و كافتریا و کۆڵانەکان دەگەڕێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی قوتوی به‌كارهاتووی پێپسی تا دووبارە بیانفرۆشێتەوە و دوو دیناری دەستکەوێت بۆ نانی ئەو ڕۆژەی خێزانەکەیان.
كاره‌كه‌ی نامیق، سنوری نیه و مه‌ترسی ناداته پێشچاو، جیاوازی ناكات له نێوان نه‌ته‌وه‌كانی شارۆچكه‌كه‌و گه‌ڕه‌كه كورد و عه‌ره‌ب و توركمانەکانی شارۆچکەکە.
زۆرجاریش دوکاندارەکان نایلۆن و قوتووە بەکارهاتووەکان بۆ نامیق کۆدەکەنەوە و فڕێی نادەن، زۆرجاریش بایی ئەوەندە کۆناکاتەوە کە بیفرۆشێت، هەربۆیە ناچاردەبێت بەرهەمی کاری دوو تا سێ ڕۆژ کۆبکاتەوە و بەیەکەوە بیانفرۆشێت.
نامیق ٣٢ ساڵه ئه‌م کارە دەکات، خۆی دەڵێت توانای هیچ کارێکی دیکەی نییەو ئەوەش کە دەیکات بد هاوکاری دوکاندار و خەڵکی ناسیاوی شارۆچکەکەیە، کە زۆرجار کەرەستە لەکارکەوتووەکانیانی پێدەدەن.
ئەم پیاوە خێر لەخۆ نەدیوە کە بە گەرمای هاوین و سەرمای زستان نەوەستاوە لە کارکردن، رۆژانە شەش کیلۆ قوت‌و و نایلۆن کۆدەکاتەوە، نرخەکەی لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ هەزار دینارە و وەک خۆی دەڵێت، هیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتی و مووچەیەکی نە لای بەغدا و نە لای هەرێم نییە