پێنج تۆمەتباری دەستدرێژیكردنە سەر لاڤان ئازادكران

باوکی ئەو کچە حەوت ساڵانەی کە کچەکەی لە ھەولێر دەستدرێژیکرایە سەر راگەیاند، تەواوی ئەو کەسانەی بەتاوانی ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچەکەی تۆمەتبارکرابوون ئازادکران.

دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی ھەولێر رۆژی چوارشەممە، بڕیاری ئازادکردنی ئەو پێنج کەسەى دەرکرد، کە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچە حەوت ساڵانەکەی ھەولێر دەستگیر کرابوون.

لوقمان ئیسماعیل باوکی کچە حەوت ساڵانەکە رایگەیاند، دادگا بەرامبەر کەیسی کچەکەی ناحەقی کردووە و دەبوو تەواوی ئەو کەسانەی تۆمەتبارکرابوون، بڕیاری حکومکردنییان بدرایە.

ھاوکات، ھەرێم رەفعەت یەکێک لە پارێزەرەکانی کچە حەوت ساڵانەکە رایگەیاند، دادگا بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست و شایەتحاڵ بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارەکانی دەرکردووە.

راشیگەیاند، بەنیازن لەچەند ڕۆژی داھاتوو تانە لەبڕیارەکەی دادگا بگرن و تەممیزی بکەنەوە.

لە نیسانی ساڵی رابردوودا، کچێکی تەمەن حەوت ساڵان لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستدرێژی کرایەسەر.

دواتر، لە رۆژی ٢٢ی شوباتی ئەمساڵدا،  باوكی ئەو كچه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حزبی ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر كچه‌كه‌ى و ناوی چه‌ند كه‌سێكیشی له‌ میدیاكاندا هێنا.

له‌ماوه‌ی ڕابردووش ،ئه‌م كه‌یسه‌ له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ به‌رپرس و حزب و كه‌سایه‌تییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه ‌و كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌بوو، ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن بە کەیسەکە حکومبدرێن.

بەپێی ماددەی ٣٩٣ لەیاسایی سزادانی عێراقیش، هەركەسێك دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر منداڵانی خوار هەژدە ساڵان، سزای هەتا هەتاییە یان لەسێدارەدانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، بابەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵە حەوت ساڵانەكە، كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا ‌و بەشى هەرە زۆرى هاوڵاتیان داوادەکەن چاو لەو تاوانە نەپۆشرێت و تاوانباران بەسزاى خۆیان بگەن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: