لە یادی تیرۆری «بەکر عەلی» شاعیردا

جه‌عفه‌ر عه‌لی:
٢٦ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا؛
شاعیرێک کوژرا،
نەمانزانی کوشتنی شاعیر، کوشتنی وشە،
کوشتنی جوانی و ئازادییە.
ئەو رۆژەی جەستەی وشە و
باڵی جوانی و
ھەناسەی ئازادیان سەربڕی،
نەمانزانی لە شوێنی خۆی نەیوەستێنین،
زۆر شاعیر و زۆر مرۆڤی تر،
دەکرێنە ئامانجی لولەی تفەنگەکانی دەسەڵات!
ئەگەر ئەو رۆژەی چەقۆی غەدری دەسەڵاتی کوردی،
ناو زاری شاعیرێکی ئەم نیشتیمانەی پڕ کرد لە خوێن،
دەبوایە ھەمووان بزانین لەبەردەم چ مەترسییەکی گەورەدا وەستاوین!
ئەگەر ئەو رۆژەی گەنجێکیان خەڵتانی خوێن کرد،
دەبوایە ھەمووان بزانین، ئەو گوللانە قفڵن بۆ زاری ھەموومان!
من نازانم بۆچی کوشتیان،
بەڵام دڵنیام:
ئەگەر ئەو رۆژە، «یەکێتی» سزای بکوژەکانی بدایە،
ئێستا «یەکێتی» لە شوێنێکی دیکە دەبوو.
باش دەزانم،
گەر ئەو رۆژە، لە پشتی ستەم نەوەستاباین، کەمێ بیرمان کردبایەوە،
ئێستا جوڵەی مەدەنیانە و کۆمەڵگەی شپرزەی کوردی،
لە شوێنێکی دیکە دەبوون!
بەڵام نە «یەکێتی» کردی، نە کۆمەڵگە،
بۆیە ئێستا ئەوەین، کە ھەین!
رۆحی «بەکر عەلی» شاد و یادی ھەمیشە زیندوو

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: