كۆمپانیا لەسێبەری حزبدا

راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
لە هەرێمی كوردستان زۆربەی حزبە سیاسییەكان‌و بەرپرسانی ناو حزب دەستیان تێكەڵكردووە لە بازرگانی‌و كاری كۆمپانیاكاندا، بەشێك لە حزبەكان لە هەناوی كۆمپانیاكانەوە لە دایك بوون و بەشێكیشیان كۆمپانیایان بۆ سەرمایەگوزاری درووستكردووە، تێوەگلانی حزبەكان لە كاری بازرگانیدا، دەستی حكومەتی لە سەر كۆمپانیا و بازرگانان كورتكردۆتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا تێوەگلانی حزبەكان لە كاری بازرگانی و سەرمایەگوزاری دەخاتەروو.  

یەكێتی‌و كۆمپانیا
سەرەتای بە كۆمپانیابوونی حزب لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە، ئەوكات جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەم كەس بووە بیری لەوەكردوەتەوە حزب كۆمپانیای هەبێت‌و بتوانێت لەڕێگەی بارزگانییەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، وەكو باسدەكرێت لەم بیرۆكەیەدا تاڵەبانی باوك سەرسام بووە بە رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین كە ئەوكات خاوەنی ئابورییەكی گەورە بووە.
یەكێتی لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كۆمپانیای (نۆكان)ی دروستكرد، (نۆكان) تەنیا كۆمپانیایەك نەبوو، دواتر بوو بە زنجیرەیەك كۆمپانیا، بۆ نمونە لە كەرتی بیناسازیدا نۆكان ژمارەیەك كۆمپانیای دروستكردبوو بەناوەكانی (راز، دەرگەزێن، توژەڵە، رەزگە، قوباد، شكۆفە، رێكۆ، چیا، ئیرۆن)‌و چەندین كۆمپانیای تر كە ساڵانە پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی پەیدا دەكرد.
كە نەوتیش دۆزرایەوە، كۆمپانیای نۆكان لە كەرتی وزەشدا ژمارەیەك كۆمپانی دروستكرد، لەوانە (مەهد، وزە، زەوی، باوان)‌و چەند كۆمپانیایەكی تر كە لەبواری نەوتدا كاریان دەكرد‌و پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی كۆدەكردەوە.
كاتێك قسەوباس لەسەر كۆمپانیاكانی حزب زیادیان كرد، هاوكات لەگەڵ ململانێ ناوخۆییەكان لەسەر دارایی حزب، كۆمپانیای نۆكان بیری لە دروستكردنی كۆمپانیایەكی ئەمنی كردەوە بۆ پارێزكاریكردن لە زنجیرە كۆمپانیاكانی، كۆمپانیایەكی ئەمنی بەناوی “داهۆڵ” دروستكرا.
كۆمپانیای نۆكان چووە ناو بواری بازرگانی ئۆتۆمبیلیشەوە، لەم بوارەدا كۆمپانیایەكی دروستكرد بەناوی (كارزۆن)، ئەم كۆمپانیایە ئۆتۆمبیلی بۆ سنوری زۆنی سەوز هاوردە دەكرد‌و ساڵانە پارەیەكی زۆری بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی دابین دەكرد.
تاوەكو ساڵی 2016، نۆكان كۆمەڵێك كۆمپانیای تری دروستكرد كە لە بوارە جیاجیاكاندا كاریان دەكرد لەوانە (هوما، كەڕنت، كوردستان، سایكس، نزار، هێزنگ، دیوتی فری، غازكۆ).
بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، تاوەكو ساڵی 2016 كۆمپانیای نۆكان (16) كارگەی هەبووە كە لەبواری پیشەسازی لەوانە دروستكردنی (PVC)‌و خشتی سورو بەرهەمهێنانی خوێ‌و دروستكردنی جلوبەرگ‌و چەند بوارێكی تردا كاریان كردووە.
نۆكان چەندین پرۆژەی تری لەناو شاری سلێمانیدا هەبوو لە كەرتی هۆتێل‌و چێشتخانەكاندا، لەوانە (ئاشتی، سلێمانی پاڵاس، ئەزمەڕ پاڵاس، میر، گوندی گەشتیاری دابان).
لە كەرتی فڕۆكەوانیشدا، كۆمپانیای نۆكانی یەكێتی جێ پەنجەی خۆی دانا‌و دوو كۆمپانیای بەناوەكانی (ئەزمەڕ ئایەر)‌و (هۆما تراڤڵ).
ئەمە جگە لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت‌و سكیوریتی‌و هێڵی ئینتەرنێت‌و جگەرەو بوارەكانی ترو سامانی كۆمپانیاكە لە دەرەوەی وڵات.
كۆمپانیای نۆكان راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە بەڕێوەدەبرا، گرێبەستی پرۆژەكانی وەردەگرت، ئابورییەكی گەورەی بۆ حزب بنیادنا.
دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و دوركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، ساڵی 2016 یەكێتی دابەش بوو بەسەر دوو جەمسەردا، جەمسەری هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری تاڵەبانی‌و جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی‌و بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی سكرتێر گشتی، دوو جێگرەكەی سكرتێر رەوتێكیان لەناو یەكێتیدا بەناوی “ناوەندی بڕیار” راگەیاند، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەردوو جەمسەرەكە دارایی حزب بوو.
ئەوكات باڵی ناوەندی بڕیار لە بەیاننامەیەكدا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو ماڵباتی تاڵەبانییان تۆمەتباركرد بەوەی یەكێتییان كردووە بە هێزێك بۆ “تاڵانكردنی نەوت‌و هەڵلوشینی سەروەت‌و سامانی خەڵك”‌و دارایی یەكێتییان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان دلێری سەید مەجید بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەكێتی بوو كە ئەوكات لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە نزیك بوو.
كۆتایی ساڵی رابردوو، یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا دەستكاری مەكتەبی دارایی حزب نەكراوە‌و وەكو خۆی ئێستا لای دلێری سەید مەجید ماوەتەوە، دلێر بەهۆی ئەوەی ئەوەی ساڵانێكە دارایی یەكێتی لایە، لەناو حزبدا نازناوی “پیاوی پارەكە”ی لێنراوە، بەپێی ناوخۆی نوێی یەكێتی دەبێت بەرپرسی مەكتەبەكان كەسانێك بن كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بن، دلێری سەید مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، ئەندامە لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزب، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە پۆستی بەرپرسی مەكتەبی دارایی لاببرێت، بەڵام تائێستا ئەم بڕیارە نەدراوە.

پارتی‌و كۆمپانیا
بەمدواییە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی راپۆرتێكی بەناونیشانی “لەناو چەتەگەرییەكەی عێراق”دا بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكردبوو چۆن حزبە سیاسییەكان‌و میلیشیاكان دەستیان وەرداوەتە ناو كاروباری بازرگانی‌و خۆیان دەوڵەمەند كردووە‌و بەرپرسەكانیان ریستۆرانت‌و یانەی شەوانەیان كڕیوە.
راپۆرتەكەی نیۆرۆك تایمز باسی لە هەرێمی كوردستانی كردبوو، نوسیبووی: بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی دەسەڵاتی خۆیان بەكاردەهێنن بۆ كۆنترۆڵكردنی گرێبەستەكانی ناوچەی كوردستان بۆ ئەوەی خۆیان دەوڵەمەند بكەن.
چۆن یەكێتی مەكتەبی دارایی‌و ئیدارەی گشتی هەیە، پارتیش بەفەرمی لیژنەی وەبەرهێنانی هەیە، پێشتر عزەدین بەرواری بەرپرسی ئەم دەزگایە بوو، بەڵام لە كۆتایی ساڵی رابردوودا لابراو (ئاراس حەسۆ میرخان) ئەندامی سەركردایەتی پارتی خرایە شوێنەكەی.
كۆمپانیاكانی پارتی لە زۆنی زەرد، بارزگانییان لە زۆربەی كەرتەكاندا قۆرخ كردووە.
سێ كۆمپانیا كە لەسەر پارتی ئەژماردەكرێن‌و بەنوسراوی فەرمی بەناوی پارتییەوە نین، كۆنترۆڵی كاروباری بارزگانی‌و دۆخی ئابورییان لە سنوری پارتیدا كردووە.
یەكەم: كۆمپانیای ستێر
ئەم كۆمپانیایە نزیكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە، سۆران عومەر پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی وتی:” ئەمە كۆمپانیای مەسرور بارزانییە”، لەسەر ئەمە مەسرور بارزانی لە دادگا سكاڵای لێكرد، مەسرور بارزانی رەتیدەكاتەوە كۆمپانیا هەبێت، لەڕاستیدا هەر بەوشێوەیەیە، چونكە لە هەرێمی كوردستان بەرپرسان بەناوی خۆیانەوە كۆمپانیاكانیان تۆمارناكەن، كەسانی تری نزیك لە خۆیان ئیشوكارە ئابورییەكانیان بۆ بەڕێوەدەبەن.
بەڵگەنامە دزەكراوەكانی ئەمریكا لە سایتی ویكیلیكس ئاماژە بەوەدەكەن، پشكی گەورەی كۆمپانیای ستێر، خاوەندارێتییەكەی بۆ مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە.
كۆمپانیای ستێر ساڵی 2002 دامەزراوە، سەرۆكی كۆمپانیاكە‌و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە ناوی (سیروان عەزیز)ە، ستێر خاوەنی (12) كۆمپانیایە‌و لەگەڵ (10) كۆمپانیای تریشدا هاوبەشیی هەیە.
وەكو خۆی دەڵێ گروپی كۆمپانیاكانی ستێر لەم بوارانەدا كاردەكات:” بیناسازی‌و تەلارسازی، ئەندازیاری ژینگەیی، راوێژكاری، دڵنیایی، لۆجیستیك، پاراستنی دامودەزگاكان، هەڵگرتنی مین، هێزی كار، كارەبا، نەوت، بازرگانی، گەشتیاری، تەكنەلۆژیای زانیارییەكان، خانوبەرەو پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون).
گروپی كۆمپانیاكانی ستێر لەم كۆمپانیایانە پێكدێت:
•    ستێر كۆنسترەكشن
•    ستێر پترلیۆم
•    ستێر تاوەر
•    ستێر سكیوریتی
•    ئاوی كانی
•    ئاوی ئاڤیان
•    ستێر ئەڤیەیشن
•     ستێر تیك
هاوبەشەكانی كۆمپانیای ستێر بریتین لەم لایەنانە:
•    هێڵی ئاسمانی توركی
•    سەن ئۆیڵ
•    هاریكار
•    دونیا گروپ
•    MSC
•    كار گروپ
دەوترێت بانكی (RT) لە هەولێر سەربەم كۆمپانیایەیە، لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان كە دەگەڕێتەوە دەبرێت بۆ ئەم بانكە‌و لەوێوە دۆلار دەكرێت بە دیناری عێراقی.

دووەم: سەلاحەدین گروپ
ئەم كۆمپانیایە دەوترێت سەربە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام هاوشێوەی كۆمپانیای ستێر لە هیچ بەڵگەیەكی یاسایدا ناوی نێچیرڤان بارزانی لەسەر كۆمپانیاكە نەنوسراوە.
بەپێی ئەوەی خۆی باسی دەكات، ئەم كۆمپانیایە ساڵی 2017 لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە.
سەرباری ئەمە بانكی كوردستانیش نزیكە لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ئەوكاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی حكومەتی دەكرد، پارەی نەوتی هەرێم دەبرایە ئەم بانكە‌و لەوێ لە دۆلارەوە دەكرا بە دیناری عێراقی.

سێیەم: كۆمپانیای كار
لە كەڤەری ئەم كۆمپانیایەدا ناوی (شێخ باز) دیارە، بەڵام زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، پارتی‌و بەدیاریكراوی بنەماڵەی بارزانی پشكی گەورەیان هەیە لە كۆمپانیاكەدا.
كۆمپانیای كار كێڵگەی نەوتی خورمەڵەی بەدەستەوەیە كە گەورەترین كێڵگەی نەوتە لە هەرێمی كوردستان‌و رۆژانە نزیكەی (100 هەزار) بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنێت، خورمەڵە بەتەنیا خۆی رێژەی 38%ی نەوتی وەبەرهێنراوی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
سەرباری ئەمە بۆری سەرەكی هەناردەی نەوتی هەرێم لای كۆمپانیای كارە‌و كۆمپانیاكە لە چەندین بواری تردا كاردەكات.
سەرباری ئەم سێ كۆمپانیا سەرەكییە، پارتی لە بواری هێڵی ئینتەرنێت‌و پەیوەندییەكان‌و كەرتەكانی تردا چەندین كۆمپانیای هەیە كە كاری بۆ دەكەن، پارتی لە كۆنترۆڵی كۆمپانیاكان‌و كۆكردنەوەی باج‌و سەراندا لێیان لە یەكێتی سەركەوتوترە. 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمپانیا
بەپێچەوانەی پارتی‌و یەكێتییەوە كە لە حزبەوە بوون بە كۆمپانیا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەناوی كۆمپانیایەكەوە لە دایكبوو بەناوی (كۆمپانیای وشە)، بەڵام كۆمپانیایەك بۆ كاری راگەیاندن.
دوای (10 ساڵ) لە دامەزراندنی، لەناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی حزبەكە هاوشێوەی پارتی‌و یەكێتی رۆڵی لە بواری وەبەرهێنان‌و بازرگانیدا هەبێت، ئەوانەی سەرپەرشتی ئەم هەوڵە دەكەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەن، ئەوان لە زانكۆ بەناوبانگەكانی دەرەوە خوێندویانە‌و پێیانوایە “پارە پاوەرە” واتە دارایی هێزە‌و دەتوانن لەرێگەی ئابورییەكی بەهێزەوە حزبێكی بەهێز دروست بكەن.
پرۆژە ئابورییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی زۆربەی پرۆژەكانی پارتی‌و یەكێتی بەفەرمی بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نین، بەڵام گۆڕان لە داهاتەكانیان سودمەند دەبێت.
دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2017، كۆمپانیایەك دروستكراوە بەناوی “لوكس ئەجینسی”، ئەم كۆمپانیایە هاوڕێیەكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خاوەندارێتی دەكات كە بەردەوام لە تەنیشتیانەوە دەردەكەوێت.
كۆمپانیای “لوكس ئەجینسی” لە هەرسێ مەرزی (پەروێزخان، پشتە، كێلێ) كاری كوالیتی كۆنترۆڵ دەكات، لەم مانگەدا لە دەروازەی سنوری پشتە ژمارەیەك شۆفێری بارهەڵگرەكان هێرشیان كردەسەر ئۆفێسی ئەم كۆمپانیایە، میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان هەرزوو كەوتە بەرگریكردن لە كۆمپانیاكە‌و رایگەیاند، كۆمپانیای “لوكس ئەجینسی” رێگری كردووە لەوەی ئەو بازرگان‌و شۆفێرانە كەلوپەلی كوالیتی خراپ هاوردە بكەن، بۆیە هێرشی كراوەتەسەر.
عەدنان عوسمان وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كۆمپانیایەكی بازرگانی نیە‌و هیچ كارێكی بازرگانیش لەدەروازەكان‌و دەرەوەی دەروازەكان ناكات.

نەوەی نوێ و كۆمپانیا
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەناوی كۆمپانیایەكەوە لەدایك بوو كە ئەویش كۆمپانیای (نالیا)یە و خاوەنەكەی شاسوار عەبدولواحیدە، 
كۆمپانیای (نالیا) لە 14/8/2007 دامەزراوەو شاسوار عەبدولواحید خاوەندارێتی كۆمپانیاكە دەكات، نالیا بە پرۆژەی وەبەرهێنان دەستیپێكردو لەماوەی ساڵانی 2007 بۆ 2011 حەوت پرۆژەی وەبەرهێنانی لە سلێمانی وەرگرتووە كە بریتین لەم پرۆژانە:
•    گوندی ئەڵمانی یەك
•    چاڤیلاند
•    گوندی ئەڵمانی دوو
•    كوردسیتی یەك
•    كوردسیتی دوو
•    نالی سیتی
•    گوندی ئەڵمانی سێ
دوای چوارساڵ لە كاری وەبەرهێنان لە 17ی شوباتی 2011 دەستی بەكاری میدیایی كردووەو كەناڵی (NRT)ی دامەزراند، لەدوای دامەزراندنی كەناڵەكە لە پرۆسەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 سەرۆكایەتی بەرەی نەخێریكردوو، لەدوای ئەو پرۆسەیە شاسوار عەبدولواحید لە 19/1/2018 جوڵانەوەی نەوەی نوێی رایگەیاند و بەشداری هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستانی كرد.
سەرەرای كاری سیاسی شاسوار عەبدولواحید تا ئێستاش خۆی خاوەنی میدیاكەو سەركایەو كۆمپانیاكەیەتی  ئەگەرچی رۆژی 21/11/2017 شاسوار لە وتارێكدا رایگەیاند” تەواوی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا و پرۆژە بازرگانی و پشكەكانی لە پرۆژەی چاڤیلاند فرۆشتووە بە دوو كۆمپانیای بیانی و دەستبەرداری بووە، هەروەها دەستبەرداری تەواوی پشكەكانی كۆمپانیای نالیا بۆ كاری میدیایی بووە كە خاوەنی كەناڵەكانی  NRTیە”.
شاسوار عەبدولواحید لەبارەی فرۆشتنی كۆمپانیاكانی بڵاویكردەوە” گروپی كۆمپانیاكانی نالیا پێش ئەنجامدانی مامەڵەی فرۆشتنەكەی، بڕی (47 ملیۆن و 684 هەزارو 800) دۆلار قەرزی لای خاوەن یەكەكانی نیشتەجێبوون و هاوڵاتیان و كەس و كۆمپانیاكان هەیە” و سەرباری ئەمە بەبەهای ” بڕی (79 ملیۆن و 240 هەزار) دۆلار یەكەی نەفرۆشراوی هەیە، كە هەردوو بڕە پارەكە واتە قەرزەكان و یەكە نەفرۆشراوەكان دەكاتە (126 ملیۆن و 924 هەزارو 800) دۆلار، لە بەرامبەردا كۆمپانیاكان بڕی (2 ملیۆن و 911 هەزارو 400) دۆلار قەرزارن”.
بەشێوەیەكی گشتی سامانی “كۆمپانیاكانی نالیا” بە هەموو پرۆژەكانییەوە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەپێی ئەوەی شاسوار خۆی لە وتارەكەیدا خەمڵاندنی بۆ كردووە، گەیشتوەتە (681 ملیۆن) دۆلار.
شاسوار عەبدولواحید لە دوای پرژە سیاسیەكەیەوە پرۆژە وەبەرهێنانەكانی روبەرووی كێشە بوەتەوە، ئەو، لە سەردەمی كابینەی شەشەمی حكومەتدا بڕی (٤٣ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن) دیناری بەقەرزی بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی لە حكومەت وەرگرتووە و تائێستا ئەو قەرزەی نەداوەتەوە و سودی قەرزەكەشی هاتوەتە سەر كە بڕەكەی (16 ملیار دینار)ە، واتە بەكۆی گشتی بڕی (59 ملیار و 750 ملیۆن) دینار قەرزاری حكومەتە، سەرەرای فشارەكانی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند كە ئەو تەنیا لە پرۆژەی (چاڤیلاند) كێشەی لەگەڵ (9 هەزارو 700) كەسدا هەیە، ئەو كەسانە تائێستا نزیكەی (300) سكاڵایان لە دادگاكان لەسەر تۆماركردووە.
ئێستا شاسوار عەبدواحید سەرقاڵبونی بە حزبە سیاسیەكەیەوە، كەمتر دەرفەتی پرۆژەی وەبەرهێنانی هەیەو بە شێوەیەكی سست پرۆژە تەواونەكراوەكانی تەواو دەكات.
 
كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، تێكڕای ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە (30 هەزارو 99) كۆمپانیا، لەم ژمارەیە:
•    (26 هەزارو 777) كۆمپانیا ناوخۆین
•    (3 هەزارو 322) كۆمپانیا بیانین.
بەشی هەرەزۆری كۆمپانیا ناوخۆییەكان لە پشتەوە لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن، یاخود بەرپرسانی حزب پشكدارن تێیاندا، هاوشێوەی عێراق، ئێستا لە هەرێمی كوردستانیش وەرگرتنی پۆستی وزاری لەناو حكومەت، سەرچاوەیەكی دارایی بەهێزە بۆ حزبە سیاسییەكان، حزبەكان لەرێگەی وەزیرەكانیانەوە گرێبەستە حكومییەكان بۆ كۆمپانیاكانی نزیك لەخۆیان دەردەچێنن.
زۆربەی كۆمپانیاكان سكاڵا دەكەن لەوەی بەرپرسان داوای پشكیان لێدەكەن، بەبێ بەشداریكردنی بەرپرسان لە گرێبەستەكات، رێگەنادرێت هیچ تەندەرێكیان بۆ دەرچێت.
ئەوە تەنیا هێزە دەسەڵاتدارەكان نییە كە كۆنترۆڵی كۆمپانیاكانیان كردووە، بەشێك لە حزبەكانی تر بە گوێرەی قەبارەی خۆیان كاری سەرمایەگوزاری و بازرگانی بچوك دەكەن، یاخود كارەكتەرە دیارەكانیان سەرقاڵی كاری بازرگانین. 

درەو میدیا

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: