نەبوونى دەرفەتى کارو دامەزراندن منداڵ و ژنانی رۆژهەڵاتى کوردستان ناچار بە کۆڵبەرى دەکەن

“بەهرە مامەندی” لەژێر بارێکى قورسدا لە سنورى مەریوان گیانی لەدەستدا ئەمە یەکەمین قوربانى ژن نیە کە بەهۆى کۆڵبەرییەوە گیانى لەدەستداوەو پێشتریش چەند ژنێک بەهۆى کارى کۆڵبەرییەوە لە سنورەکانى رۆژهەڵات و باشور گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لەپێناو مانەوە لەژیاندا چنگیان لە چیاو شاخە بەرزەکانى سنورى نێوان رۆژهەڵات و باشورى کوردستان کردوە.

بەهرە لە بەیانیەکى زوودا بۆ کارى کۆڵبەرى رووی لەسەر سنورى رۆژهەڵات و باشور کردوە بۆ گواستنەوەى کۆڵەکەی کە تەنیت ٣٠٠ هەزار تمەن نرخى گواستنەوەکەى بوو، بەڵام لەسەر تاتە شاخێک قاچى خلیسکاو کەوتە خوارەوەو گیانى لەدەستدا.

ئەمە دواین قوربانى کارى کۆڵبەرییە لە رۆژهەڵاتى کوردستان لەناو ئەو ژنانەى کە بۆ دابینکردنى ژیانیان رێگاى هات و نەهاتیان گرتووەتە بەر، بەڵام ئەم جارەیان ژن بوو کە بێکارى و هەژارى تەنگى پێهەڵنیوە، ئیستاش بۆ پەیداکردنى بژێوی ژیانیان روو لەکام کارە سەختە دەکەن تەنها بۆ ئەوەى خانەوادەکانیان بێشێوو سەر نەنێنەوەو ژیانى رۆژانە بەڕێ بکەن.

عەلى مەحمودی پیاوێکى کۆڵبەرە لەسنورى سەردەشتى رۆژهەڵاتى کوردستان و بۆ شارپرێس وتى، لەگەڵ سەدان پیاوى کۆڵبەر ژنیش هەن بارى سەختى ژیانیان هەڵگرتووەو روویان لە کۆڵبەرى کردوە، بەوتەى خۆى هەرچەندە ژمارەی ئەو ژنانەى کۆڵبەرى دەکەن کەمن،  بەڵام ئێستا ژمارەکەیان زیادى کردوە.

ناوبراو باس لەوە دەکات کە چەند ژنێک هەن لەگەڵ ئێمە دێن کۆڵبەرى دەکەن، چونکە لە خانەوادەیاندا نەخۆش و کەم ئەندام هەن، ئێمە زۆر هاوکاریان دەکەین، خەڵکیش هاوکاریان دەکەن، بۆیە ئێستا کەمتر دێن بۆ کۆڵبەرى، بەهۆى ئەوەى خەڵکێکى خێرخواز کاریان بۆ دەدۆزنەوە یان پارەیان دەدەنێ بۆ ئەوەى کۆلبەرى نەکەن.

 تا دێت قەیرانى دارایی لەئێراندا قورستر دەبێت بەتایبەت لە سەردەمى سەرهەڵدانى ڤایرۆیسى کۆرۆناو توندکردنەووەى سزاکانى سەر ئێران، ئەو قەیرانەش زیاتر لە هەر شوێنێکى تر لە رۆژهەڵاتى کوردستاندا رەنگیداوەتەوە، ئەم بارودۆخەش وایکردوە بەشێک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بژێوی ژیانیان ڕوویان لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەریی کردووە تا خانەوادەکانیان بەخێو بکەن.

پەری عەبدوڵا زادە چالاکوانى بوارى ژنانە لە شارى سنەو ئاماژە بەوە دەکات، لەم دۆخە ئابورییە خراپەى ئێراندا ئەرکى زیاتر کەوتووەتە سەر ژنەکان بۆ بەخێوکردنى منداڵ و خانەوەدانەکان، بۆیە ئێستا بەشێک لەو ژنانەى ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە مل دەدەنە کۆڵبەرى. 

ئەو چالاکوانە بە شارپرێسى وت” تائێستا ئامارێکى راست نییە کە بزانین چەند ژن کارى کۆڵبەرى دەکەن، وەلى ژن گەلێک هەن کە لەریزى پیاواندا دەچنە سەر سنورى باشور بۆ کۆڵبەرى، بەڵام ئێمە دەلێن دەبێت دەوڵەت دۆخێک بسازێنێ کە پیاوەکانیش نەچن نەک بەتەنیاى ژنان”.

لەگەڵ ئەوەی پەنابردنى ژنان بۆ کارى کۆڵبەرى لەسەرەتادایەو ژمارەیەکى زۆر نییە، بەڵام رۆژ بە رۆژ ئەو رێژەیە زیاتر دەبێت و لە ئەستۆگرتنى منداڵ و پەککەوتە و گرانى وایکردوە ژنانیش لەسەر سنورەکانى رۆژهەڵات کارى کۆڵبەرى بکەن.

بەپێ راپۆرتى رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لە رۆژهەڵاتى کوردستان نافەرمى ژنان لەناوچە سنورییەکانى هەورامان و پاوە و ناوچەکانی سەلاس باوەجانی و پیرانشارو سەردەشت و بانە دەستى زیادى کردوە.

بەپێى ئامارێکى نافەرمى ئەو رێکخراوانە نزیکەى ٨٠ بۆ ١٠٠ ژن کارى کۆڵبەرى دەکەن کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان ٣٥ بۆ ٥٠ ساڵیدایە، لەناو کۆڵبەرانى ژندا کەسانى گەنجتریش هەیە کە بەهۆى هەژارییەوە وازى لە خوێندن هێناوەو کارى کۆڵبەرى دەکات.

کەژاڵ ئیلیاسى چالاکوانێکى بوارى ژنانە لە شاری پیرانشارى رۆژهەڵاتى کوردستان رەخنە لە دەوڵەت و بەتایبەت سەرۆک کۆمار دەگرێت کە لە دوو دەورانى سەرۆکایەتى خۆیدا نەیتوانیوە بەڵێنەکانى بۆ چارەسەرکردنى کیشەى کۆلبەرى چارەسەر بکات.

ئەو چالاکوانە بۆ شارپرێس وتى، لەسنورى سەردەشت نزیکەى ٢٠ ژن کارى کۆڵبەرى دەکەن، ئەو ژنانە بەخێوکردنى خانەوادەیان لەسەر شانەو ناچارن بۆ پەیداکردنى نان کۆڵبەری بکەن، چونکە لە رۆژهەڵاتى کوردستان هیچ دەرفەتێکى کار بۆ ژنان لە گۆڕێدا نییە.

ئەو چالاکوانە حاڵەتەکانى جیابوونەوە وایکردوە ژنان پەنا بۆ هەندێک کار بەرن کە لەتواناى ئەواندا نییەو نابێت بیکەن، بەڵام بەوتەى خۆى بەهۆى قورسى بارى ژیان ناچارن کۆڵبەرى بکەن و رووبەرووى مەرگ ببنەوە.

بەدەرلە ژنانیش منداڵانى خوار تەمەنى ١٨ ساڵیش کارى کۆمەلبەرى دەکەن و لە رابردوشدا بەشێک لەو منداڵانە بەهۆى بەفرو سەرماو کەوتنە خوارەوە گیانیان لەدەستداوە کە نوێترینیان گییان لەدەستدانى دووبراى ١٤ ساڵ و ١٧ ساڵ بوون لەسنورى هەورمان.

بەپێی ئامارەکان، هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدان و برینداربوونی کۆڵبەران دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییە جۆراو جۆرەکانی ئێرانە، دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین جار وتویانە کێشەی کۆڵبەران و بێکاریی چارەسەر دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچیان نەکردووە.

ژنانى كۆڵبەر بەشێکیان بە پۆشینی جلوبەرگی پیاوانە و بەشێکی دیکەشیان بە جلوبەرگی کوردی تایبەت بە خۆیان ئەو کارە دەکەن و زۆرینەی ئەو کۆڵانەشی کە دەیگوازنەوە بریتیە لە نەوت، بەنزین و نان و پێداویستیەکانى دیکە.

بەپێی ئامارەکانى رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ لەساڵى رابردوودا زیاتر نزیکەى ١٠٠ کۆڵبەرى پیاو کە لەناویاندا گەنج و منداڵ هەیە بە تەقەى هێزە ئەمنییەکان و سەرماو کەوتنە خوارەوە گیانیان لەدەستداوەو بریندار بوون.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: