دیدارەکەی مەسرور بارزانی و چەند سەرنجێک

شێرکۆ حەمەئەمین:

دوای ساڵێک زیاتر لە تەمەنی کابینەی نۆیەم و شەش مانگ لە پەتای کۆرۆنا، مەسرور بارزانی دیدارێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، لەو بارەوە ئەم سەرنجانە دەخەینەڕوو:

۱_ دیدارەکە تەنیا میدیاکانی سێ لایەنی پێکھێنەری حکومەت بەشداربون، بەمجۆرە:
یەک پارتی، یەک یەکێتی، یەک گۆڕان، دوو نزیکی پارتی، خاوەندارێتی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت.
ھیچ میدیایەکی ئۆپۆزسیۆن و ئەھلی بانگ نەکرابێون، ئەمە دەیسەلمێنێت، سەرۆکی حکومەت بڕوای بە ڕەخنە و ڕای جیاواز نیە و تەنیا خوازیارە گوێی لەو دەنگ و قسانەبێت، ستایشی دەکەن و یەک جۆر قسەدەکەن و پێشوەخت پرسیارەکان دەزانێت.

۲_ جۆر و شێوازی پرسیارەکان بەڵگەی ئەوەبوون، پێش وەخت ئامادەکراوبوون و سنورداربوون و بەگشتی کلکە پرسیار و پرسیاری کورت، لە ناو وەڵام و گفتوگۆکەدا دروستنەدەبوون.

۳_وەڵامی ئامادە و چەند بارە و ئاشنا لای ھاونیشتمانیان و ھیچ داتاو زانیارییەکی نوێی تێدانەبو، ئەو قسانەی کە لای زۆرینەی ھاونیشتمانیان بڕواپێھێنەرنین و کۆن بوون.

٤_بەکارھێنانی رستەی(قابیلی قبوڵ نیە) وەک ھەمان سیاسەتی بارزانی باوک.

٥_لە تەوەری چاکسازی ھیچ بابەت و سێکتەرێکی دیاریکراو نەبوو کە نمونە بێت و چاکسازی تێداکرابێت، باسی یاسای ژمارە ۲ ساڵی ۲٠۲٠ ی چاکسازی ھیچ نەکرا، بەگشتی ھەندێ وردەئەرکی حکومەتی، وەک چاکسازی باسکرد و تێکەڵی کردن.

٦_لەتەوەری داھات و مەلەفی نەوت، کە پشکی شێری داھاتی ھەرێمی کوردستانە زۆر گشتی بەبێ ھیچ داتا و وردەکارییەک باسی کرد و بەلای چاکسازی مەلەفی نەوتدا نەچوو یان دامەزراندنی سندوقی کوردستان، بۆ داھاتە نەوتی و گازییەکان، کە لە ۲٠۱٤ یاسای بۆ دەرچوێنراوە.

۷_ پارەی فرۆشی نەوت ناچێتە بانکی حکومی دەچێتە RT بانک، کە بانکێکی ئەھلیە و لە بەرپرسی باڵادەستەوە نزیکە و مانگانەش لە گۆڕینەوە دۆلار بۆ دینار قازانجێکی زۆر دەکات لە پێشوشدا پارەکە دەچوە بانکی کوردستان کە لە دەسەڵاتەوە نزیکبوو، ئەمەش بەشێکە لە ململانێی ھەر دوو ئامۆزا کە ئەم کابینەیە گواستیەوە.
جگە لەپارەی نەوت بەشێکی تری داھاتیش دەچێتە ئەو بانکەوە.

۸_مەسرو بارزانی دەڵێت، لە ۱۳ مانگی تەمەنی کابینەی نۆدا،۱۲ موچە دراوە، لە ڕاستیدا تەنیا ۸ موچە دراوە.

۹_ بەئاشکرا وتی، سێ موچەی مانگەکانی٦،٥،٤ پاشەکەوت دەکرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا ڕێک بینەوە.

۱٠_ئەوەی دەڵێن خۆگونجاندن، لەگەڵ وەزعی دارایی ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دارایی و کارگێری نیە و ئەوە لێ دزینە.

۱۱_ئەوەی مەترسیە، بۆ سەر قەوارەی ھەرێم تەنیا حوکمی بنەماڵەیی و حیزبی عایلە و چەتەکانی ڕوتانەوەی کوردستانن و کەسی تر نیە.

۱۲_حکومەت ھیچ پلان و نەخشەیەکی (کورت مەودا، ناونجی، درێژخایەنی)، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و موچە و ژیانی خەڵک نیە و مامەڵە، لەگەڵ ڕۆژدا دەکات.

۱۳_کەسیان نەیانپرسی، بەکام یاسا و چۆن نوسینگەکانی NRT لە دھۆک و ھەولێر دادەخەن و دەیان چەلاکوان و ئازادیخواز، گیراون و ئەوناوچانە کراونەتە زۆنێکی داخراو؟

ئەمانە و چەندین سەرنجی تر، کە نیشانەی فەشەلی کابینەکە و دەستەپاچەیی حکومەتەکەن و ناتوانن، ئەرکی حکومەتداری ڕاپەڕێنن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: