دۆخی ژنان لەنێوان حکومەت و ڕێکخراوەکاندا

لەبارەی دۆخی ژنان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژییەکانەوە، ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگیرێت، ڕێکخراوەکانیش دەڵێن، کە بەردەوام بەرۆکی ڕێکخراوەکان دەگیرێت، لەکاتێکدا کێشەی ژن تەنها بەوان چارەسەر نابێت و دەبێت حکومەت پرۆژەی هەبێت، حکومەتیش خۆی بێبەریی دەکات و دەڵێت، هۆکارەکانی توندوتیژیی زیادیان کردووە.

لە ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان، لەدوای ئاماری مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ هیچ ئامارێک بڵاونەکراوەتەوە و بە بڕیاری ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە قەدەغەکراوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی ئاماری نۆ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ بە نۆ مانگی یەکەمی ٢٠١٩ بکەین، دەردەکەوێت، کە بە ڕێژەی ٨٪ توندوتیژییەکان زیادی کردووە، بەوپێیەی لە نۆ مانگی ٢٠١٨-دا حەوت هەزار و ٥٦٦ حاڵەت تۆمار کراوە، بەڵام لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ ئامارەکە بۆ هەشت هەزار و ٨٨٧ حاڵەت بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی ساڵ بە ساڵی ئامارەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان، ڕەخنەی چاودێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕێکخراوەکانی ژنان بە کەمتەرخەم ناودەبەن، لەبەرامبەر پرسەکانی ژنان.

لە هەرێمی کوردستان ٢٨٠ ڕێکخراوی تایبەت بە مافەکانی ژنان هەیە، ئەو ڕێکخراوانە پشت بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان دەبەستن، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئێستاش کە بڵاوکردنەوەی ئامارەکان بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ قەدەغە کراوە، ئاماری تایبەت بە خۆیانیان نییە.

ڕەمزیە عەبدوڵا، بەڕێوبەری ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکانی جێندەر لە شاری هەولێر، وەک بەشێکی دیکە لە ڕێکخراوەکانی ژنان ئاگاداری بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆ نییە، لەبەرامبەریشدا بوونی ئامارەکانی توندوتوتیژیی بەرامبەر بە ژنانی بۆ گرنگ نییە، چونکە “من خۆم لەناو خەڵکدام، دەزانم کێشەکانی ژنان چیە، ئەو ئامارەی بڵاودەکرێتەوە مەرج نییە هەمووی بێت، چونکە چەندین ژن تەلەفونی نییە، ڕێگە نادرێت لە ماڵ بێتە دەرەوە”.

ڕەمزیە، گومانی لە ڕاستیی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە، لەبارەی هۆکاری کۆنەکردنەوەی ئامارەکانیش لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە، دەڵێت: کۆکردنەوەی ئامارەکان بودجەیەکی زۆری دەوێت، لەکاتێکدا لەکاتی هاتنی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤، هیچ هاوکارییەکی ئەوتۆ بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان نەهاتووە و حکومەت پاڵپشتییە داراییەکانی بڕیوە، ئەو پارەیەشی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەهات، تەنها بۆ پەنابەر و ئاوارەکان بوو، گرنگی بە ناوخۆ نەدەدرا، ئێستا وردە وردە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن.

دڵسۆز ئەمین، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی لە شاری سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە ئەوان جگە لەوەی کەیس دێتە بەردەستیان خۆیان لە ڕێگای ئەو تیمانەی هەیانە لە شاروشارۆکەکان دەگەڕێن، ئاگاداری کێشەکانی ژنانن، بەڵام وەک هەر ڕێکخراوێکی دیکە بەهۆی کەمی سەرچاوەی داهاتەوە ناتوانن دەستکراوەبن، تا بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی ژنان بکەن.

دڵسۆز باس لەوەش دەکات، کە ئێستا خەڵک وەک جاران کێشەکانیان بۆ ڕێکخراوەکان باس ناکەن و پێیادەڵێن’خۆمان دەتوانین کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین’، بۆیە ڕێگەنادەن کەسێک یان ڕێکخراوێک هاوکارییان بکات.

ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان لە شاری سلێمانی، تایبەتە بە هاوکارییکردنی ژنان لە بواری یاساییدا، بەڵام ئەو ڕێکخراوەش ئاگاداری بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ نییە، شۆخان حەمەڕەشید، بەڕێوبەری ڕێکخراوەکە، باس لەوەدەکات کە ئەوان ئەگەر ئاماریش کۆبکەنەوە سودێکی ئەوتۆی نابێت، چونکە حکومەت متمانەی بە ئامارەکانی ئەوان نییە.

بەبۆچوونی شۆخان حەمەڕەشید، تەنها بڵاوکردنەوەی ئامارەکان کە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان بەس نییە، بەڵکو دەبێت بیرلەوەبکرێتەوە چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژیانە، باشترین چارەسەریش وەک ئەو دەڵێت”دەبێت حکومەت پلانی بۆ باشکردنی دۆخی ژنان هەبێت، کاتێک کە ژنێک بڕیادەدات جیابێتەوە، کێشەی نەبێت کە ماڵی باوکی جێگەی دەکەنەوە یاخود نا، شوێن و نەفەقەی لەلایەن حکومەتەوە بۆ دابینبکرێت، نەبوونی ئابووریی سەربەخۆی ژن کێشە گەورەکەی ئێمەیە”.

بەهارعەلی، بەڕێوەبەری ‘ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی’ لە شاری هەولێر، جەخت لەوەدەکاتەوە ئەوان بەردەوام بۆ نووسینی ڕاپۆرتەکانیان پشت بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دەبەستن.

ئەو باس لەوەدەکات، کە ڕێکخراوەکان هێرشێکی زۆریان لەسەرە، هەر کێشەیەک کە ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ بەرۆکی ڕێکخراوەکان دەگیرێت، دەڵێن ئێوە ئیشتان چییە؟!، لە کاتێکدا کێشەی ژن تەنها بە ڕێکخراو چارەسە نابێت، دەبێت حکومەت و دامودەزگاکان پێکەوە لەگەڵ ڕیکخراوەکان هاوکاربن تا کێشەکان چارەسەرببێت.

بەهارعەلی، دەڵێت “کە کێشەی ژن ڕەگێکی زۆر قوڵی هەیە، لەناو زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، بۆ چارەسەرکردنیشی دەبێت حکومەت و ڕێکخراوەکان بە هەماهەنگیی و یەکگرتوویی کاری بۆ بکەن، گرنگە لەنێوان ڕێکخراوەکاندا بگەڕێین بەدوای کاری هاوبەش و زمانی هاوبەشدا وپێکەوە کاربکەین”.

لە بەرامبەردا، کوردە عومەر، بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەگەر ڕیکخراوەکان دەڵێن حکومەت هاوکاری مادیی ئێمە ناکەن، ئێمەش زیاتر هاوکاری لە ڕێکخراوە نێودەڵەتییەکانەوە وەردەگرین، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکانمان و هاوکارییکردنی ژنان.

 دەربارەی ڕەخنەی ڕێکخراوەکان، کە دەڵێن، حکومەت پرۆژەی چارەسەریی نییە، کوردە عومەر، دەڵێت: ئێمە ساڵانە چەندین پڕۆژەمان بۆ چارەسەکردنی کێشەی ژنان ئامادەکردووە، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەمان بەرامبەر بە دەستدرێژیی ژن و منداڵان، توندوتیژیی و کوشت هەیە. 

لەگەڵ ئەوەی کوردە عومەر باس لە پرۆژە و هەڵمەتی هۆشیاکردنەوە دەکات، بەڵام ساڵ بە ساڵ ڕێژەی توندوتیژییەکان زیاتر دەبن، لە وەڵامدا دەڵێت: ئێستا هۆکارەکانی توندوتیژی زیادییان کردووە، تاک دەروونی نا ئارامە، کێشەی خێزانی، کێشەی ئابووریی، لەم وڵاتەدا گرنگی بە لایەنی دەروونیی ناردێت، تا کەسەکە خۆ نەکوژێت لێکۆڵینەوەی لێناکەن، نەبوونی پسپۆڕی دەروونی وەک پسپۆڕی جەستە لە نەخۆشەکاندا، ئەمە کەموکورتییە.

 بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماژەی بە چەند هۆکارێکی دیکەش دەکات، “بوونی چەک لە زۆرینەی ماڵەکاندا دوای جەنگی داعش، بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا  بەشێوەیەکی بەرفراوان، بەکارهێنانی بەڕێگایەکی نا تەندروست و هەڵە”، ئەمانە وایکردووە هەر چەندە بەردەوام هەڵمەت وهۆشیارکردنەوە زیاتربێت، بەڵام ئامارەکانیش بەردەوام زیاترببن”. 

دەبارەی پاڵپشتی دارایی ژنان و کردنەوەی شوێنیك بۆ ئەو ژنانەی کەخێزان وەرییان ناگرێتەوە، کوردە عومەر، ئەوە بە کاری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکەیان نازانێت، بەڵکو “دەبێت وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی  قسەی لەسەر بکات و هاوکارییان بکات”.

جەختیش دەکاتەوە، “پرۆژەمان دەستپێکردووە تا لەڕێگای سۆشیاڵ میدیا و تەلەفونەوە هاوکاریی ژنان بکەین، بەردەوامیش پڕۆژەمان هەیە و ساڵانەش ئیش دەکەین لەسەرڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان،  خەتەنکردنی مێینە، دەستدرێژی سیکیسی سەر ژنان و منداڵان”.

حکومەت و ڕێکخراوەکانی ژنان، دەڵێن، کە کاریان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان کردووە، کەموکورتییەکانیش بە یەکتر دەسپێرن، لەناو حکومەتدا وەزارەتێک بە وەزارەتێکی دیکەی دەسپێرێت، ئامارەکانیش، دەرئەنجامی کاری ئەو دەزگایانە دەخاتەڕوو.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: