موراد قەرەیلان:پارتی تاقمی چەکداریی بۆ جاشایەتی (جەردەوانی) دروست ده‌كات

هاوپشتی:ئاژانسەکان

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایده‌گه‌یه‌نێت ” هه‌واڵمان پێگه‌یشتوه‌ پارتی لە سنوری شارۆچکەی ئامێدی لەگەڵ بەرپرسە هەرێمییەکانی خۆی کۆبووەتەوە و پلانی ئەوەیان داڕشتووە کە لەوێ تاقمی چەکداریی بۆ جاشایەتی (جەردەوانی) دروست بکەن”.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ستێرک، بەشداریی کرد رایگه‌یاند  هەواڵێکم  بیستووە، کە لە ئامێدی کۆبوونەوە کراوە و دەیانەوێت شتێک وەک (جەردەوانی) جاشی چەکدار دروست بکەن، لەم کاتەدا پێویستی بە هەڵویستێکی نەتەوەیی هەیە، ئەم بابەتە گرنگە، هیوادارم ئەو هەواڵانە ڕاست نەبن، پێویستە لەم بابەتەدا کەس هەڵە نەکات، چارەنووسی گەلێک لە میاندایە، گەلی کورد هەموو لەناو یەک کەشتیدان، سەرنجی کتێبەکەی جۆن بۆڵتۆن بدەن کە ترامپ چۆن لەسەر کورد قسەیکردووە، دەڵێت؛ “چارەی کوردم خۆش ناوێت، عێراق هێرش دەکاتە سەریان هەڵدێن، تورکیا هێرش دەکاتە سەریان هەڵدێن، تەنها کاتێک فڕۆکە ئێف ١٦ـەکانی ئێمە لە پشتیان بن شەڕ دەکەن”، بێگومان دەتوانرێت لە چەند لایەنەوە شرۆڤەی لەسەر بکرێت، بەڵام ترامپ نەیوتووە کوردی عێراق، تورکیا یان سوریا، پێش هەموو شتێک کورد کوردە، دوژمن سنووری لە نێوانیان داناوە، بەڵام هەندێک کەس وا قسەدەکەن کە گوایە خودا ئەو سنوورەی دانابێت، لە کاتێکدا کورد کوردە و کوردستان یەکێکە، ئەوەی کوردستان چوارپارچە کرد ئێمە نیین.

لە بەردەوامی قسەکانیدا قەرەیلان دەڵێت: نازانین ئەو کۆبوونەوەیە لە ئامێدی چەندە ڕاستە، بەڵام هیوامان وایە کە ڕاست نەبێت، بەڵام ئەگەر ڕاستیش بێت نیشانەی ئەوەیە کە هێزێکی نوێ دژی ئێمە دادەمەزرێت، ئەمە نیشانەی کارەساتێکە، پێویستە کەس نەکەوێتە داوی دەوڵەتی تورک، ئەمە بۆ هەموو کەسێک دەڵێم، بەڵام بە تایبەتی خەڵکی شیلادزێ و دێرەلۆک، پێویستە بزانن ئەمە گەمەیەکە، دەیانەوێت بە یەکتر لەناومان بەرن، پێویستی بە هێزێکی نوێ نییە، ئەگەر، دەڵێن: بەهۆی هاتنی دەوڵەتی تورکەوەیە، با کەس وا بیر نەکاتەوە، ئەو ناتوانێت خۆی بگەینێتە ئێرە، لێرە شەڕێکی گەورە ڕوودەدات، بەم ئاسانییە نییە، با وەک منداڵ قسە نەکرێت، ئێمە ئەزموونی چەندین ساڵەمان هەیە، ئێمە دەمانەوێت لێرەوە وەڵامی شۆڤێنیتی دەوڵەتی تورک بدەینەوە، مافدارانەش داوای پشتیوانی دەکەین، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئێمە بن، نە لە پشتی ئێمە بوەستن و دواتر لێمان بدەن، ئەمە بابەتێکی نەتەوەییە.

لە کۆتایی قسەکانیدا لەسەر ئەم بابەتە، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، دەڵێت: لەم بابەتەدا هەوڵدانی جێی ڕێز هەیە، من سڵاو لە هەر کەسێک دەکەم کە لەسەر یەکێتی نەتەوەیی، گیانی نەتەوەیی و بۆ کوردستان هەوڵدان دەدات، بە تایبەتی پێشمەرگە دێرینە خاوەن هەڵویستەکان، گەنجانی باشور کە واژۆ کۆدەکەنەوە و هەندێکیان دەیانەوێت بەشداری گەریلا بن، هەڵویستی شیلادزێ بۆ ئێمە سەرچاوەی شکۆیە، سڵاویان لێدەکەم، کەس ناتوانێت ئەم هەڵویستە ناشرین بکات، پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لەم هەڵویستە بکات، باوەڕم ئەمەیە، لەم قۆناغە مێژووییەدا ئەگەر ببینە خاوەن هەڵویستێکی نەتەوەیی، هیچکات لاواز نابین.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: