پەتای کرۆنە لە نێوان  لێکدانەوەی خورافیانە و تێگەییشتنی زانستیانەدا !

نووسینی: عبدالصمد البلغیثی

١٤ی ئایاری ٢٠٢٠

وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: شوان عەزیز:

زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکان لە مێژوودا  بۆیان دەرکەوتووە کە هەڵوێستی هەندێک لە زاناو بیرمەند و فوقەهای ئیسلامی کە لە سەردەمی پەتادا سەفەریان کردووە بۆ ئەوروپا، هەڵوێستێکی ڕەفز؛ واتە ڕەتکردنەوە بووە لە بەرامبەر ئەو ڕێکارە تەندرووستی و خۆپارێزیە زانستیانەی کە لە ئەوروپای نوێ  لە دژی ئەو پەتایانەدا گیراونەتەبەر.  پێویستیش ناکات کە بڵێین کات لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا بە هێواشی دەڕوا. تائێستاش هەمان تێکست وهەڵوێستی خورافی و سیحری و غەیبی دەربارەی ئەو پەتایانە بوونی هەیە، و لە ناوماندا هەیە. بەتایبەتی لەسەردەمی پەتای کرۆنەشدا زیاتر بوژاونەتەوە. لەسەردەمی کۆنیشدا هەروابووە. ئەو تێکست  و بڕوایانە زیاتر لەسەردەمی پەتاو دەرد و تاعونەکاندا بووژاونەتەوە.

کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە پەیدابوون و بڵاوبوونەوەی پەتای کڕۆنە زۆرێک لە جەدەل و گفتوگۆی بەدوای خۆیدا هێناوە. هەروەها چەندین هەڵوێستیشی دەربارەی سەرچاوە و سروشت و ڕێگە و چۆنیەتی خۆپاراستنی لێکەوتۆتەوە. ئەمەش جەدەل و گفتوگۆی تەندروست و سروشتیە کە تەواوی کۆمەڵگەکانی بەخۆوە خەریک کردووە.

بەڵام ئەوەی کە بەدی دەکرێت ئەوەیە کە ئەو جەدەل و گفتوگۆیانە دوو ئاراستەی جیاوازیان وەرگرتووە:

ئاراستەی یەکەم : ئاراستەیەکی سیحری و میتافیزیکیە بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوە و سروشتی ئەو پەتایانە. ئاراستەی دووەم: ئاراستەیەکی زانستیە و پشت بە تاقیکردنەوەی زانستی دەبەستێت، و هەوڵدەدات لە هۆکارە سروشتیەکانی سەرهەڵدان و پەیدابوونی ئەو پەتایە، و چۆنیەتی چارەسەرو خۆلێپاراستنی بکۆڵێتەوە.

هەروەک هەموو دەوڵەتانی جیهان و ئەوەی ئێمەش  بەشێوەیەک خۆی پێوە خەریک کردووە کە لەو نێوەدا چەندین ئەدەبیاتی پەیوەست بەو بوارە  دەربارەی پەتای کڕۆنە سەریان دەرهێناوە. بۆیە بە ڕوونی دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت کە هەردوو بوارەکەی گرتۆتەوە. هەم ئاراستەی میتافیزیکیانە و هەم ئاراستەی زانستی و پشتبەستوو بە تاقیکردنەوەی زانستی.

ئاراستەی غەیبی و میتافیزیکیانە لە نێو چین و توێژێکی بەرینی ئەو کۆمەڵگەیەدا بڵاوبۆتەوە؛ ئەمەش وایکردووە کە لە ترسناکی ئەو پەتا و ڤایرۆسە کەم بکرێتەوە؛ جونکە بەشێوەیەک لێکدانەوەی بۆ دەکەن کە هیچی لەگەڵدا ناکرێت و چارەسەریش سوودی نیە. بڵاوبوونەوەی ئەو بڕواو تێگەییشتنانەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی لێکدانەوە ئایینیەکانە کە پشتیان بە فیقه و لێکدانەوە و تێگەییشتنی کلاسیکی ئایینی بەستووە. ئەم جۆرە لە تێگەییشنی ئایینی، خیتابی عەقلانی و بۆچوونی زۆرێک لە دکتۆرو زانایان لە مێژووی کۆن و تازەدا وەلا دەنێ.

بۆیە لێرەدا پێمان باشە هەندێک لەو هۆیانە ئاماژە پێبدەین، کە بۆچی لەم سەردەمەی ئێستاشدا بەو تێگەیشتنە میتافیزیکیە مامەڵە لەگەڵ ئەو پەتایەدا دەکرێت، چونکە ئەوە لە خۆڕا نەهاتووە. بەڵکو بەرهەمی تێکست  و ئەدەبیاتی چەقبەستوی فیقه و لێکدانەوەی کۆنە کە چەندین سەدەیە ڕەوایی و ڕەواجی پێدەدرێت.  بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە ڕوناکبیری و ئیجتیهادی فیکری دەورە دراوە، و فکرو بیرکردنەوەی زانستیانە ڕووی لە خوارەوە  بووە. هەر بۆیەش لەو سەردەم و کاتانەدا خەڵک ڕووی لە پاڕانەوە و نوێژو نزا کردووە بۆ چارەسەری ئەو پەتا و ڤایرۆسانە و خۆپارێزی لێیان.

لە دوای دوو ڕۆژ فەرمانمان بۆهات کە دەبێ کەڕەنتینە بکرێین. کە ئەوەش بە پێی عوڕف و شەریعەت دروست نیە. وە لە درێژەی قسەکانیاندا دەبینرێت کە  کەڕەنتینە ڕەت دەکرێتەوە و دەڵێن : ئێمەیان بردە ناو قەڵایەک لە ناوەڕاستی دەریادا بەهۆی بیدعەی کەڕەنتینەوە بەو مەبەستەی کە پاڵێک بەو پەتایەوە بنێین. هەی خوا داهێنەرانی ئەو بیدعیە قەباحەتبار بکات.

هەر بۆیەش زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە کە ئەو پەتایە سزای خودایە بۆسەر کافران و موسوڵمانانیش لەو نێوەدا تووشی میحنەت(کارەسات) دەکا. بۆیە بە پێی تێگەییشتنی  ئەو موسڵمانانە ئەو پەتایانە قەزاو قەدەرن و دژایەتی و خۆپاراستن و  ڕاکردن لێیان بێسوودە.

زۆرێک لە ئێمەش کە دەکەوینە گفتوگۆ و جەدەلەوە لە بیرمان نامێنی کە ئەو بابەتە بوونی هەبووە لە مێژووی عەرەبی ئیسلامیدا، چونکە زۆرێک لەو پەتاو تاعون و برسیەتی و قات و قریەی بەخۆوە بینوە. پێشتریش هەمان تاس و حەمام بووە و ڕوویداوە.  گفتوگۆ و جەدەلەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون. بەرەیەک دید و لێکدانەوەی سیحری و غەیبیانەی بۆ ئەو پەتایە هەبوو،  بەرەیەکیش هەبوو کە لە دید و بۆچوونێکی زانستیانەوە ئەو پەتایانەی دەبینی. جا با لێرەدا بزانین لێکدانەوە و بۆچوونی ئەو دوو بەرەیە چۆن بووە؟ هەروەها کێن لە قسەکەرانی ئەو دوو بەرەیە؟

بەرەی یەکەم : بەرەی ئاخوندو فەقیه و زانایانی ئایینیە کە لە ڕێگەی دەق و حەدیس و ئایاتی قورئانیەوە قسەیان لەسەر پەتاکان کردووە. لێکدانەوە و تێگەییشتنی ئەو بەرەیە لێکدانەوەیەکی سیحری و غەیبی و میتافیزیکی بووە. ئەم تێگەییشتنەش هیج هاوکار نەبووە لە دۆزینەوەی هۆیەکان و ڕێگای چارەسەرو خۆپاراستن لەو پەتایانە.

یەکێک لەو زاناو بیرمەندە ئایینیانەش (ئیبن و حەجەری عەسقەلانی)یە کە لەساڵی ٧٧٣ لەدایک بووە و لە ٨٥٢ هیجریدا مردووە. لە کتێبێکیدا بە ناوی ( بذل الماعون فی فضائل الطاعون) دا دەڵێ: ” تاعون سوودی زۆری بۆ موسڵمانان هەیە. لە نێو ئەو سوودانەدا ئەگەر موسڵمان بەو پەتایە مرد ئەوا شەهیدە”.  هەروەها ڕەحمەتە بۆ موسڵمانان . بە لاکەی تریشدا ئەو تاعونە سزایە و بەڵایە  کە خودا دەیهێنێ بەسەر کافراندا. ئەو زانا ئیسلامیە بە تەواوی تەحریمی ڕاکردن لەو پەتایانە دەکاو دەڵێ:” نابێ لەبەریان ڕابکەین”. هەروەها دەڵێ ” ئەو پەتایە قەدەری خودایە و ڕاکردن لەقەدەری خودا سوودی نیە”. وە بۆ پاڵپشتی ئەو بڕوایەشی چەندین حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام دەهێنێتەوە وەک بەڵگە.  بۆ نموونە : ” ئەو پەتایە وەک پیسی و گولی وایە کە خوا هەندێک نەتەوەی پێ سزا دەدا و بە هیلاکیان دەبات. هەندێکیشی لەسەر زەوی دەمێنێتەوە، هەندێک جارهەیە و دێت و هەندێک جاریش هەیە دەڕوا.. یان دەڵێ :”  جوبڕائیل هاتە لام و تاو تاعونی بۆم هێنا. بۆیە تایەکەم لە شاری مەدینە هێشتەوە و تاعونەکەشم بەرەو وڵاتی شام بەڕێکرد”.

المقریزی لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی خۆیدا بۆ ڕووداوەکانی مێژوو چەندین بەڵگە دەهێنێتەوە. ئەو دەیەوێت بیسەلمێنێت کە خەراپی باری ئابووری وڵات بە هۆی نەبوونی باران و وشکە ساڵی و شەڕوشۆڕەوەیە. ئەوەش دەبێتە هۆی کەمی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخەکان و بڵاوبوونەوەی برسیەتی. هەر بۆیەش نەخۆشی و دەرد و پەتا بڵاودەبێتەوە. ئەوەش لە دیدی (المقریزی) ەوە  بەڵگەیەکە کە پێی وایە سەرچاوەی ئەو دەرد و بەڵا و پەتایە  سیحری و غەیبی  و ئیلاهی و میتافیزیکی نیە.  هەروەها دەیەوێت بڵێت”  کەواتە هیچی لە غەزەب و قەهری خوداوە نەهاتوون لە دژی ئینسان و نەتەوەکان.. ئەو پێچەوانەی عەسقەلانیە(ش.ع).

بەڵام بابایەکی سەربەڕەوتی فیقهی ئیسلامی پێی وایە ئەو پەتایەی کە تووشی ئیسانەکان دەبێ لە ڕێگەی جنۆکەوەیە! و بۆ پاڵپشتی ئەو بۆچوونەشی فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام دێنێتەوە کە دەڵێت: ئۆمەت و خەڵکی من بە هۆی شەڕو کوشتارو تاعونەوە لەناو دەچێ. وتیان ئەی ڕەسولی خودا دەزانین شەڕو کوشتار چیە بەڵام ئەدی تاعون چیە؟ پێغەمبەر وتی : تاعونیش بریتیە لەو ئێش و ئازارەی، وەک دەرزیەکت تێڕۆکەن، کە بەهۆی جنۆکەی دوژمنەکانتانەوە تووشتان دەبێ. وە ئەگەر موسڵمان بە هەرهۆیەک لەوانە مرد شەهیدە. ( فناء أمتی بالطعن و الطاعون، فقیل یارسول اللە هذا الطعن قد عرفناە فما الطاعون؟ قال: وخز أعدائکم من الجن و فی کل شهادة) ص ١٠٩

 

وە لە کۆتاییدا عەسقەلانی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە تاعون داستانێکە لە جنۆکەوەیە و هەمووشی لە خودای عەزیز و حەکیمەوەیە. وەک سزایەکیشە  بۆ ئەوانەی شایانی سزان و هەروەها پلەی شەهیدبوون و ڕەحمەتیشە  بۆ ئەوانەی ئەهلی ئەو پاداشتەن.

بە بڕوای من ئەو وێنایەی کە عەسقەلانی بەو بۆچوون و تێگەیشنەی خۆیداوە کە تێگەییشتن و لێکدانەوەیەکی غەیبی و ئیلاهی و میتافیزیکیە لە بێتوانایی دوکتۆرەکانەوە هاتووە کە نەیان توانیوە لەو کاتەدا چارەسەر بۆ ئەو پەتا و ڤایرۆسە بدۆزنەوە، لەکاتێکدا ئەو پەتا و ڤایرۆسە بوەتە هۆی سڕینەوە و لەناوبردنی لادێ و شاریش. ئەوەش وای کردووە ئەو تێگەییشتنە غەیبی و ئیلاهیانە بەفراوانی بڵاوببنەوە و ڕەواج  پەیدا بکەن.

کۆمەڵەی دووەمیش ئەو خەڵکانەن کەلە دکتۆرو بیرمەندی ئیسلامی و ڕوناکبیر پێکهاتوون. بەڵام ئەو کۆمەڵەیەش هاوتەریب بوون لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەیاندا دەربارەی ئەو پەتا و ڤایرۆسانە. هەرچەندە هەندێک لەو کەسانە بەتەواوەتی نەچوونەتە ژێر باری گروپی غەیبی و ئیلاهیەکان، بەڵام نەشیان توانیوە بەتەواوی کاریگەری غەیب و ئیلاهیات وەلابنێن. بەڵکو هاتوون ئەو دوانەیان بەیەکەوە گونجاندووە.

ئەوەش ئەوە ناگەێنێت کە ئەو گروپە  لە  فوقەهای ڕوناکبیر بە تەواوەتی لێکدانەوەی سیحری و غەیبی و ئیلاهیان وەلاناوە. وە ئەو بۆچوونەیان بە سووکی و کەمی بە بەراورد بە خەڵکانی تر کە سەر بە ڕەوتی ئایینین لە کتێبەکانیاندا بەدی دەکرێت. لە نموونەی ئەو بیرمەند و فوقەها یانەش بریتین لە : ئیبن خەلدون، ئیبن نەفیس، ئیبن سینا، ئیبن زەکەریا، سیوتی و مەقریزی و هەروەها ڕازی…

لێرەدا لەسەر تقی الدین المقریزی دەوەستین کە لە ٧٦٤ ی  کۆچیدا لەدایک بووە و لە ساڵی ٨٤٥ی کۆچیدا مردووە. المقریزی بۆچوونی خۆی لەسەر پەتای تاعون دەربڕیوە لە کتێبێکیدا بە ناوی إغاثة الامة فی کشف الغمة. ناوبراو ئەو کتێبەی تەرخان کردووە بۆ لێکدانەوەیەکی وردو زانستیانە لەسەر حاڵی خەڵک و وڵات لەسەردەمی پەتا و دەردوبەڵادا. بەتایبەتی تاعون. ناوبراو لەسەر گرانی هەڵوێستە دەکات و پێی وایە دەبێتە هۆی برسیەتی، و بە هۆکاریشی دادەنێ بۆ پەیدابوونی تاعون. ئەو دەڵێت:” هەروەک چۆن زۆرێک لە خەڵک پێیان وایە ئەو پەتایە سزایەکی ئیلاهیە و خودا ناردوویەتی بۆ کافران . بۆیە ئەوانە وای دەبینن کە ئەو شتەی لە خواوە بێت دەچێتە نێو بواری قەزاو قەدەرەوە. قەزا و قەدەریش ڕاکردن ناکرێت لێی و سوودی نیە. کەواتە ئەوان پێیان وایە ئەو پەتایانە چارەسەریان لە لای ئینسان نیە و تەنها چارەسەر لە خوداوەیە.

بە دڵنیاییەوە المقریزی لە ئەنجامی دیتن و سەردانەکانی و خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکانی مێژوو  بۆچوونەکانی دەردەبڕێ. بۆیە چەندین بەڵگە نیشان دەدات. ئەو پێی وایە  خەراپی باری ئابووری وڵات بە هۆی وشکەساڵی و شەڕو جەنگەکانەوە  دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەم بوونەوەی خۆراک و  ئەمەش چەندین نەخۆشی و پەتا و تاعونی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. المقریزی پێی وا نەبووە کە ئەو پەتا و دەردانە ئیلاهی بن و بۆ سزادانی ئیسانەکان لە خوداوە دروست کرابن . وە پێشی وانەبووە کە دەستی خودای بە هیچ بارێکدا لە پشتەوە بێت.

هەروەها گالینۆس بە هەمان شێوەی دکتۆرەکان هەڵوێستێکی پێشکەوتووی هەبوو لە بەرامبەر پەتا و تاعوندا. بە هاوکاری ئەو کتێبانەی کە پێیان دەگەیی لە نموونەی کتێبەکانی ئەبقڕاط فەیلەسوفی یۆنانی و چەندینی ترهەوڵی دۆزینەوەی هۆیەکانی ئەو پەتا و تاعونەیان دەدا. هەر لەو ڕووەوە هەستان بەچەند ڕێکارێکی تەندرووستی و زانستیانە لە وانە خۆ کەڕینتینە کردن و مانەوە لە ماڵەوەو گرنگی دان بە پاک و خاوێنی ناوماڵ و  خۆراک و شتی لەو بابتە.

زۆرێک لە لێکۆڵەرەوان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو ڕێکارە تەندرووستیانەی کە لە ئەوروپادا لە دژی ئەو پەتاو تاعونە گیراونتە بەر هەڵوێستی هەندێک لە بیرمەند و زانای ئیسلامی کە لەو سەردەمەدا سەردانی ئەوروپایان کردووە هەڵوێستێکی ڕەفز یان ڕەتکردنەوە بووە.  بۆ نموونە لێکۆڵەر محمد أمین البزاز لە کتێبەکەیدا بە ناوی،  مێژووی پەتاکان و برسیەتی لە مەغریب، هەندێک لەو هەڵوێستانەی سەردەمی پەتای تاعون لە ئەوروپای نوێدا دەگێڕێتەوە. بۆ نموونە ئەو لێکۆلەرەوە دەڵێت : ئەو وەسفە ڕۆشن و وردەی کە دەکرێت دەربارەی کەڕەنتینە و ڕێکارە تەندرووستیەکانی تر لە ئەوروپای نوێ بەڵگەیە کە کە لێرە لە وڵاتی مەغریبدا شتی لەو بابەتە بوونی نەبووە.

بۆ نموونە:  سەفیری مەغریب، ئیبن عوسمان المکناسی،  کە لەساڵی ١٧٩٩ی میلادیدا مردووە لە کتێبەکەیدا بە ناوی (الأکسیر فی فکاک الاسیر) دەڵێ:  ئەوا ئەو گەیشتە ڕۆژی شەمەی ساڵی ١٧٧٩ی میلادی و کەڕەنتینە و مانەوە لە ماڵی بە چاوی خۆی بینی. ئەو دەگێڕێتەوە و دەڵێ:” پێشتر پێمان گوترا کە دەبێ خۆمان کەڕەنتینە بکەین. ئەوەش ئەوەی دەگەیاند کە دەبێ لەو شوێنەی کە پێشتر بۆمان ئامادەکرابوو بۆ ماوەی چل ڕۆژ بمێنینەوە، نە کەس بێتە لامان و نە ئێمەش بچینەدەرو خەڵک ببینین. ئەو کەڕەنتینە بە جۆرێک بوو کە ئەو کەسەی خواردنیشی بۆ دەهێناین ئێمە دەستمان بەری نەدەکەوت، و زۆر لێمان نزیک نەدەبووەوە. خواردنەکەی لەدووریەکی دیاریکراو دادەنا و دەڕۆیی، و ئینجا ئێمەش دەچووین دەمانهێنا. وە پێیان گوتراوە کە دەبێ ئەو کەوچکەی خواردنەکەی پێ دەخۆن لە پێشدا لە خەل و سرکەی هەڵکێشن.

 بەڵگەیەکی تر لە لایەن ابو القاسم الزیانی کە لە  ١٧٣٤ بۆ ١٨٣٣ی میلادیدا ژیاوە. لە کتێبێکیدا بە ناوی، الترجمة الکبری دا دەڵێ : “من تووشی کەڕەنتینە بووم لە وڵاتی تونس. ئەو دەگێڕێتەوەو دەڵێ: لەگەڵ حاجیاندا لە کەشتیەکدا بووین و ئیتر فەرمانمان بۆ هات کە دەبێ کەڕەنتینە بکرێین. کەڕەنتینەیەک کە بێزراوە لە لای ئێمەی موسلمان، و رەفزە بە پێی هەموو عوڕف و شەرعێک. دەڵێ بردیانینە ناو قەڵایەک لە ناوەڕاستی دەریایەک و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ هێشتیانینەوە بە فەرمانی داهێنەرانی بیدعەی کەڕەنتینە. یاخوا خوا ئەو بیدعەچیانە تووشی قەباحەت بکا”.

ئەو وێنا ئیلاهی و میتافیزیکیەی کە عەسقەلانی بوویەتی دەربارەی تاعون و پەتا لەو سەردەمەدا، هۆیەکەی لە لاوازی دکتۆرەکانەوە بووە. وە لەبەر ئەوەی ئەو پەتا و تاعونە بەشێوەیەک قات و قڕی و برسیەتی، و تەنانەت زۆرێک لە لادێ و شاریشی نەهێشتوون کە ئینسانیان تێدا بمێنێ، و دکتۆرەکانیش بێتوانا بوون لە چارەسەریەک بۆ ئەو پەتا و دەردانە، بۆیە ئەمە وای کردووە کە بیروڕای خورافی و ئیلاهی و سیحری زۆر تەشەنەبکات.

ألمشرفی کە لە ساڵی ١٨٩٥ ی میلادیدا مردووە؛  بۆمان دەگێڕێتەوە: لە سەفەرێکیدا بۆ حەج  کە دەگاتە وڵاتی میسر دەبینێ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا خەڵک بەرەو شوێنی داخراو دەبەن، و کەڕەنتینەیان دەکەن. المشرفی دەڵێ: ” نعوذ باللە من هذا الإعتقاد، فلا یموت میت دون اجلە” واتە “خوایە پەنا بە تۆ لەو بیڕوباوەڕە، چونکە کەس نامرێت تاکو ئەجەلی نەیێت”.

الناصری کە لە ساڵی ١٨٣٥ بۆ ١٨٩٧ی میلادیدا ژیاوە لە کتێبەکەیدا بە ناوی الإستقصاء، بڕیاری تەحریم کردنی کرداری کەڕەنتینە ڕادەگەێنێت. دەڵێت:” لەبەر ئەوەی کەڕەنتینە پێچەوانەی ویستی خودایە، و لە گەڵ قەزاو قەدەردا ناکۆکی هەیە، و ناکۆکیشە لەگەڵ بیبڕوای ئایینی خەڵکی موسڵمان. بۆ پاڵپشتی ئەم قسەیەشمان  تێکست هەیە و پێویست بە ئەملاو ئەولا ناکات کەواتە دەبێ تەحریم بکرێت”. ص ٤٠٤

لە ئەنجامی بەدواداچوون و پیشاندانی ئەو بەڵگانە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دوو ئاراستەی دیار دەبینرێن دەربارەی پەتاکان و خۆپاراستن لێیان. ئاراستەیەک کە لە دیدی شەرع و دەق و حەدیسەکانی ئیسلامیەوە لێکدانەوە بۆ ئەو پەتایانە دەکات، و ئەوەش وای لێکردوون کە بۆچوونێکی غەیبی و قەزاوقەدەریان هەبێ. بۆیە پێیان وایە ڕاکردن و خۆپارێزی لەو پەتایە ناکرێت. چونکە پێیان وایە ئەوەی کە لە خوداوە بێت هەر دەبێ ببێ و چارەسەری نیە. وە تەنانەت تەحریمی ڕێکاری خۆپارێزیش دەکەن و نەهی لەو کەسە دەکەن کە ڕێکاری خۆپارێزی دەگرێتە بەر. ئاراستەی دووەمیش زیاتر ئاراستەیەکی عەقلانی زانستیە. دەیەوێت لە هۆکارە سروشتیەکانی پەیدابوونی ئەو پەتایانە بکۆڵێتەوە، و بزانێت چۆن چارەسەریان دەکات و خۆیان لێ دەپارێزێت. لەو ڕووەوە ئەو دکتۆرو زانا و بیرمەندانەی کە دەکەونە ناو ئەوگروپەوە گەلێک نوسراو و کتێبیان بۆ بەجێ هێشتوووین تا سوودیان لێوەربگرین لەوبارەوە .

کەواتە لە دوای ئەو ڕوونکردنەوەیەی سەرەوە، پێویست ناکات کە بڵێین کات بەهێواشی دەجوڵێت لە ناو کۆمەڵگەکانی ئێمەدا. چونکە ئێستاش هەمان بیڕوبڕوای سیحری و خورافی و ئیلاهیانە هەیە دەربارەی ئەو پەتایانە، چونکە هەمان تێکست و حەدیس ماون و کاریان پێدەکرێت و بڕوایان پێدەکرێت. بە تایبەتی لەسەردەمی ئەو پەتا تازەیە کە پێی دەگوترێت ڤایرۆسی کۆڕۆنا. ئەو بیروڕا کۆنانە زیاتر بووژاونەتەوە و کارییشیان پێدەکرێت. هەمان مامەڵەی کۆن لەگەڵ پەتای تاعون کە لە ئەوروپادا سەری هەڵدا وا لێرەشدا دووبارە دەبێتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: