ڕاپۆرت

ئایا تەقینەوەكەی بەیروت هێرشی ئەتۆمی بوو؟

د. سەنگەر سیەد قادر 

 تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكەی بەیروت ڕانەگەیاندووە بەڵام سێ گریمانە هەیە بۆ تەقینەوەكە:

 بەرپرسانی لوبنان باس لە تەقینەوەی كۆگای نیتراتی ئامۆنیا دەكەن بەهۆی ئاگرێكەوە، هەندێك باس لە هێرشی موشەكی  ئیسرائیل دەكەن، پێشتر ناتانیاهۆ باسی لە مەترسی كۆگاكردنی موچەكی حزبوڵا لە بەندەری بەیروت كردبوو ،هەندێكیش باس  لە دەستی حزبوڵا دەكەن لە تەقاندنەوەی ئەو كۆگایە، ئەویش لە پێناو خۆدەربازكردن لەو فشارە ئابوری و سیاسی و ناوخۆییانەدا. 

🔹 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند كە گفتووگۆی لەگەڵ ژەنەڕاڵەكان كردووە و پێیان ڕاگەیاندووە تەقینەوەكەی بەیروت پێدەچێت هێرش بێت لە ڕێگەی بۆمبێكی ترسناكەوە و وەك هێرشێكی مەترسیدار وایە بەڵام دوای كاتژمیرێك لە تەقینەوەكە ئیسرائیل ڕایگەیاند هیچ پەیوەندییەكی بە تەقینەوەكەی بەیرووتەوە نیە.

🔹- لەبەیروت چی ڕوویدا…؟

بەپێی لێدوانی وەزیری ناوخۆی لوبنان و حسان دیابی سەرۆكی حكومەتی لوبنان تەقینەوەكەی بەیروت لە ئەنجامی تەقینەوەی (٢٧٥٠)تەن مادەی تەقینەوەی نیتراتی ئامۆنیایەوە بووە كەلە ساڵی ٢٠١٤ لە بەندەری بەیروت كۆگا كراوە.

بەپێی ناوەندی چاودێری بومە لەرزەی ئەردەن تەقینەوەكە هێزی ٤.٥ پلەی ڕێختەری بومەلەرزەیەكی هەبووە و بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندنی جیۆلۆجی ئەوروپیش لە دووری ٢٤٠ كیلۆمەترەوە تەقینەوەكەوە هەستی پێكراوە و هێزی تەقینەوەی ١٥٠٠٠ هەزار كیلۆگرام TNT هەبووە، ئەمەش وایكردووە تا ئیستا زیاتر لە ١٠٠ كوژراو و ٤٠٠٠ برینداری لێبكەوێتەوە و زیانی ئابوری ٥ ملیار دۆلاری بە بەیروت گەیاندووە و گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و كەرەنتینە و جمیزەی نیزك بەندەری بەیروت وێران بووە

🔹- كێ ئەنجامدەری تەقینەوەكەی بەیروت بووە..؟

هەتا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكە ڕانەگەیاندووە بەڵام سێ گریمانە هەیە بۆ تەقینەوەكە:

١- تەقینەوەی كۆگای نیتراتی ئامۆنیاكە بەهۆی ئاگرێكەوە بووە كەلە نزیك شوێنی كۆگاكردنەكەوە كەوتووەتەوە ئەم گریمانە لێدوانی بەرپرسانی لوبنان پشت ڕاستی دەكاتەوە.

٢- سیناریۆی دووەم بریتیە لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەو كۆگایە كە مووشەكی مەترسیداریشی تێدا كۆگا كراوە چونكە ساڵی ٢٠١٨ بنیامین ناتانیاهۆ لە كۆنگرەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە حیزبوڵا موشەكی مەترسیدار لە بەندەری بەیروت كۆگا دەكات كە شوێنێكی مەترسیدارە و شوێنی نتشتەجێ بوونە

هاوكات لەكاتی هێرشەكەدا دوو فڕۆكەی ئیسرائیل لە ئاسمانی ناوچەكەدا بینراون و هۆكارێكی دیكە گرنگی بەندەرەكەیە كە لە ساڵی ٢٠٠٧ و داگیركردنی بەیروت لەلایەن حیزبوڵاوە ئەو بەندەرە چەكدارانی حیزبوڵا دەستیان بەسەردا گرتووە و بووە بە سەر چاوەی داهات و هەناردەی چەك بۆ حیزبوڵا و ئەمەش وادەكات ببێت بە ئامانجێكی گرنك بۆ لێدان لە حیزبوڵا

هاوكات تەقاندنەوەی بەندەرەكە بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی حیزبوڵا و شەقام لە حیزبوڵا توڕەدەكات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش تەقینەوەكە مەترسی حیزبوڵا و چەكەكانی بۆ سەر جیهان دەكاتە پرسێكی جێگای سەرنج و حیزبوڵا دەخاتە بەردەم ئەگەری سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەی مادەكە ئێران بووە ئەمەش وادەكات پشتیوانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی هەناردەی چەك بۆ ئێران بەهێز بێت و ئێران و مەترسییەكانی لەسەر ناوچەكە زەق تر دەكاتەوە

٣- سیناریۆی سێهەم ئەوەیە كە حیزبوڵا خۆی كۆگاكەی تەقاندبێتەوە ئەمەش بۆ خۆ دەربازكردن لەو فشارە ئابوری و سیاسی و ناوخۆییە كەلەسەریەتی بۆ ئەوەی فشارەكان نەهێڵێت و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناچار بكات پشتیوانی لوبنان بكەن و گەمارۆری دارایی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگرن

🔹- بۆچی ئیسرائیل و حیزبوڵا خۆیان لە تەقینەوەگە بێدەنگ كردووە..؟

ئیسرائیل دوای هێرشەكە ڕایگەیاند پەیوەندی بە تەقینەوەكە نییە چونكە ئەگەر ئیسرائیل ئەنجامدەری هێرشەكە بێت بەرپرسیارێتی گەورەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەوێتە سەر و كاریگەری خراپیش لەسەر ڕۆڵی دەبێت لە ناوچەكەدا

هەربۆیە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوێنێ جیاواز لە ڕابردوو كە هەركات تەقینەوەیەك ڕوویدابێت حیزبوڵای تۆمەتبار كردووە بەڵام دوێنێ هیچ ئاماژەیەكی بەوەنەكرد كە حیزبوڵا تاوانبارە و ئاماژەشی بەوە نەكرد كە مادەكان لەلایەن حیزبوڵا و ئیرانەوە كۆگاكراوە لەكاتێكدا ساڵی ٢٠١٨ ناتانیاهۆ بە ئاشكرا ئاماژەی پیكردبوو

هەرچی حیزبوڵاشە بێدەنگە چونكە بەرپرسیارێتی زیان و كۆگاكردنی ئەو بڕە زۆرەی لە نیتراتی ئامۆنیا دەكەوێتە ئەستۆ و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش كاری گەری خراپی لەسەر ئەو حیزبە دەبێت

هەربۆیە حیزبوڵاش جیاواز لە ڕابردوو كە بە حەق و ناحەق ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار دەكرد كەلە پشت تەقینەوەكانی لوبنانەوەیە ئەمجارەیان بێدەنگە و پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل درێژ نەكرد

🔹- كاریگەری تەقینەوەكە لەسەر عێراق:

لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە تەقینەوەكە كاریگەری لەسەر عێراق دەبێت ئەگەر پشت ڕاستبوونەوەی هەركام لەو گریمانانەی كە باسكرا، چونكە تەقینەوەكە هۆشداری و بە ئاگا هێنانەوەی شەقام و كۆمەڵگای عێراقییە لە مەترسی كۆگاكردنی چەك لەناو گەرەكەكاندا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بە تایبەت لە ناچەی شەقامی فەلەستینی بەغداد كە بووە بە جێگای كۆگاكردنی مووشەك و بۆئەوەی لە هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریكا بیپارێزن چونكە ناوچەیەكی قەرەباڵغی نیشتەجێ بوونە

هاوكات ئەگەر سیناریۆی دووەم پشت ڕاست بكرێتەوە و ئەنجامدەری هێرشەكە ئیسرائیل بێت ئەوا هۆشدارییە بۆ حەشد و ئێران كە ئیسرائیل گوێ بە كاردانەوە و زیانەكان نادات ئەگەر بكەوێتە مەترسییەوە و دووبارە بوونەوەی سیناریۆی تەقینەوەكەی بەیروت لە جرف سەخر و بەغداد ئەگەرێكی كراوەیە و ئەمەش میلیشیاكان دەترسێنێت

🔹- ئەگەرەكانی دوای تەقینەوەكان:

لوبنان لەدوای سەربەخۆی لە ساڵی ١٩٤٣ و دواتر كشانەوەی هێزەكانی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٦ ئەو وڵاتە بوو بەناوەندێكی گرنگی ئابوری تا ساڵی ١٩٦٣ گواستنەوەی شەڕی ئیسرائیل فەلەستین بۆ گۆڕەپانی لوبنان و دواتر مایەك پوچ بوونی ئابوری و تەقینەوە بەردەوامەكانی ساڵانی حەفتاكان و دواتر شەڕی ناوخۆی ساڵانی هەشتا و دروستبوونی حیزبوڵا و داگیركاری لوبنان لەلایەن سوریاوە كە ساڵی ٢٠٠٤ دوای تیرۆركردنی حەریری لە لوبنان كشایەوە

بەڵام ساڵی ٢٠٠٧ شەری ئیسرائیل و حیزبوڵا لە دوای شەڕی یەكەمی ساڵی ١٩٩٩ دەستپێكردەوە و لوبنان بوو بە چەكی ململانێ و شەڕی بەرەی ئێران و ئیسرائیل و تا ئێستاش ئەو شەڕە بەردەوامی هەیە و دۆخی ئابوری لوبنانی بۆ ئاستێكی مەترسیدار داڕماندووە

لە ڕووی سیاسیشەوە لوبنان لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ و دواتریش بە پێی ڕێكەوتنامەی تائیفی ساڵی ١٩٨٧-١٩٨٩ دەسەڵات بەسەر مەزهەب و ئاینەكاندا دابەشكراوە كە سەرۆك كۆمار بۆ مەسیحی و سەرۆك وەزیران بۆ سونە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ شیعەیە

بەڵام ئەم. دابەشكارییە كێشەكانی لوبنانی چارەسەر نەكرد چونكە لەناو مەسیحیەكاندا مارۆنی و ئەرمەن ئەرسەدۆكس هەیە و لەناو شیعەكاندا بزوتنەوەی ئەمل و حیزبوڵا و ئەنجومەنی ئیسلامی شیعەی پشتیوانی سعودیە هەیە و لەناو سونەكانیشدا ٧ حیزبی سیاسی هەیە ئەمە جگە لە شەركەس و دوورزەكان

ئەم بەرە جیاوازییە وایكردووە كە لە ساڵی ١٩٧٦ تا ئیستا ٨ بنەماڵە حوكمی لوبنان بكەن و لە ساڵی ١٩٨١ بكەونە شەڕی ناوخۆ و لوبنان بكەن بە ١٢ دەوڵەت لەناو یەك دەوڵەتدا بە جۆرێك هیچ لایەنێك ناتوانێت بچێتە شار و گوندەكانی لایەنێكی دیكە و لە ڕووی ئابوریشەوە پشك و سامانی لوبنان بەسەر ئەو بنەماڵانەدا دابەشكراوە و لە ڕووی ئەمنیشەوە زیاتر لە ١٩ گروپی چەكداری میلیشیای هەیە و سوپای لوبنانیش تەنها كارتۆنیە و لاوازە

🔹- دەر ئەنجام:

١- تەقینەوەكە گۆڕانكارییەكانی لوبنان خێرا دەكات و لە هەڕ سێ سیناریۆكەشدا حیزبوڵا لاوازتر دەكات

٢- تەقینەوەكە جیهان و ناوچەكەی لە مەترسییەكی گەورە بەئاگا هێنایەوە ئەویش مەترسی بوونی چەك و تەقەمەنییە لە دەستی میلیشیا چەكدارەكان و بازرگانی پێوەكردنی

٣- نیتراتی ئامۆنیا مادەیەكی تەقەمەنی بەهێزە و لە پیشەسازی چەكدا بەتایبەت لە دروست كردنی مووشەكدا بەكار دێت و سوپای لوبنانیش هیچ كارگەیەكی چەكی نیە و تەنها حیزبوڵایە كە بەئاشكرا ڕایگەیاندووە پیشەسازی دروستكردنی مووشەكی لە ساڵی ٢٠١٥ پەرەپێداوە

٤- لە دوای تەقینەوەكەی بەیروت چاوەكان زیاتر دەكەوێتە سەر عێراق و مەترسی میلیشیا چەكدارەكان

٥- تەقینەوەكە لە ڕووی ئابوری لوبنان و دۆخی ژیانی خەڵكەوە زیانی گەورە بە لوبنانیەكان. دەگەیەنێت چونكە بەندەری بەیروت كە تاكە سەرچاوەی هەناردە و هاوردەی لوبنانە وێران بووە زیاتر لە ساڵێكی پێویستە بۆ بنیات نانەوەی.

بەشێکی کورت لە یاداشتەکانی نادیە موراد

لە یادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەسەر دەستی داعش

بەشێکی کورت لە یاداشتەکانی نادیە موراد

“….لەناکاو، هەستم کرد دەستێک لەسەر شانی چەپمە، چاوم کردەوە، بینیم “ابو بطاط”یە. لەبەرامبەرم راوەستاوە، چاوە سەوزەکانی دەدرەوشانەوە، زەردەخەنەیەکی فێڵبازانە لەسەر لێوی بوو، دەموچاوم لە ئاستی دەمانچەکەی بوو کە کردبووی بە کەلەکەیدا. هەستم کرد گاشە بەردێک لەسەر شانمە، نە دەیەڵێت بجووڵێم نە قسە بکەم. سەرلەنوێ هەردوو چاوم نوقاندەوە، لە خوا پاڕامەوە وای لێبکات بڕوات و یەخەم بەردات.

پاشان هەستم کرد، وردە وردە دەستی دەهێنێت بەسەر شانمدا، لەوێوە کەوتە دەستهێنان بە گەردنمدا، ئینجا هاتە خوارەوە بۆ بەشی پێشەوەی کراسەکەم و دەستی خستە سەر مەمکی چەپم، لەوێدا دەستی راگرت. لەو کاتەدا هەستم دەکرد تیری ئاگراویم پێوەدەنێن. پێشتر هیچ کەسێک بەم شێوەیە دەستی لێ نەدابووم. هەردوو چاوم کردەوە، بەڵام تەماشای چەکدارەکەم نەکرد، بەڵکو سەیری پێشەوەی خۆمم کرد. ابو بطاط دەستی گەیاندە ژێر کراسەکەم و بە تووندی کەوتە گرتنی مەمکم، وەک ئەوەی بیەوێت ئازارم بدات، دواتر رۆشت و دوورکەوتەوە.
هەموو چرکەیەک لە حوزوری داعشدا، وەک مردنێکی بەئازاری لەسەرخۆ بوو- مردنی جەستە و رۆح- ئەو چرکەساتەی ناو پاسەکە لەگەڵ ابو بطاط، ئەو چرکەساتە بوو تێیدا سەفەری مردن دەستی پێکرد. من لە گوندێکی بچووکەوە هاتبووم، لە ئامێزی خێزانێکی موحافیزکاردا گەورە ببووم. هەر کاتێک لە ماڵەوە بهاتمایەتە دەرەوە، بۆ هەر کوێیەک بڕۆشتمایە، دایکم پێش ئەوەی پێم بڵێت: “نادیە، قۆپچەکانی کراسەکەت داخە، کچێکی باش و ساڵح بە”، جوان جوان دەیپشکنیم.
کەچی ئێستا ئەم کەسە نامۆو غەریبە، بە شێوەیەکی دڕندانە دەستم لێدەدات و ناتوانم هیچ شتێکیش بکەم. ابو بطاط لەناو پاسەکە، لەسەر هاتن و چوونی خۆی، بۆ پێشەوە و بۆ پشتەوەی پاسەکە، بەردەوام بوو. دەستی لەو کچانەدەدا کە لە قەراخی ریزەکانەوە دانیشتبوون. بە شێوەیەک دەستی لێدەداین، وەک ئەوەی ئێمە مرۆڤ نەبین. دیار بوو لەوە نەدەترسا، ئێمە لەوانەیە بجووڵێین یان توڕەببین. کاتێک سەرلەنوێ هاتەوە بۆ لای من، دەستیم گرت، هەوڵمدا نەهێڵم دەستی بباتە ژێر کراسەکەمەوە. من رۆحم چوو بوو، نەمدەتوانی قسە بکەم. دەستم کرد بە گریان، فرمێسکەکانم بەسەر دەستی ئەودا هاتنەخوارەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو رانەوەستا. لە دڵی خۆمدا بیرم لەوە دەکردەوە، ئەم جۆرە شتانە لە نێوان دوو خۆشەویست روودەدات، کاتێک هاوسەرگیری دەکەن و دەبن بە ژن و مێردی یەکتر. بە درێژایی ژیانم و لەو کاتەوەی تەمەنم رێگەی ئەوەی پێدام لەوە تێبگەم هاوسەرگیری چییە، ئەوە تێڕوانینی من بوو بۆ جیهان و بۆ خۆشەویستی. لە هەمو سەرکێشییەکان و ئاهەنگەکانی کۆجۆ، ئەوە بیرکردنەوەی من بوو، تا گەشتنم بەو چرکەساتەی ابو بطاط دەستدرێژی کردە سەرم و گێچەڵی سێکسی پێکردم، ئەو بیرکردنەوەیەی لەناوبرد.
ئەو کچەی لە کورسی ناوەڕاست دانیشتبوو، چپاندی بە گوێچکەمدا: “ئەو لەگەڵ هەمو ئەو کچانەی لە قەراخەوە دانیشتوون، ئەو کارە دەکات. دەست لە هەموان دەدات”.
لێی پاڕامەوە: “تکایە کورسییەکەت لەگەڵ من بگۆڕەرەوە، نامەوێت جارێکی دی دەستم لێدات”.
وەڵامی دامەوە: “ناتوانم، من زۆر دەترسم”.
ابو بطاط لە پاسەکەدا بەردەوام بوو لەسەر هاتن و چوون، لای ئەو کچانە رادەوەستا کە لە کچەکانی دیکە پێی باشتربوون. کاتێک چاوم لێکنا، دەمتوانی خشەی شەرواڵە پان و پۆڕەکەی و دەنگی پێڵاوەکانی ببیستم. ناو ناوە لە رادیۆکەیەوە کە بە دەستێکی هەڵیگرتبوو، گوێم لە دەنگێکی عەرەبی دەبوو، وەلێ نەمتوانی لە یەک وشە تێبگەم کە لە رادیۆکەوە پەخشدەکرا.
هەر کە دەگەیشتە لای من، دەستی بەسەر شانم و مەمکی چەپمدا دەهێنا، ئینجا دوور دەکەوتەوە. ئەوەندە ئارەقم کردبوەوە، دەتوت لە ژێر دوشی گەرماودا راوەستاوم. سەرنجمدا چەکدارەکە دەست لەو کچانە نادات کە پێشتر رشابوونەوە. بۆیە دەستم بردە ناو دەمم، هەوڵمدا بەناچاری بڕشێمەوە، بەو هیوایەی هەمو کراسەکەم لە رشانەوە وەربدەم، تاکو دەستی ئەو لەخۆم دوورخەمەوە. وەلێ هەوڵەکانم بێ سود بوو. هەمو توانای خۆم بۆ رشانەەوە خستەگەڕ و ئازاری زۆری خۆممدا، کەچی رشانەوەم نەهات و نەهات”.
من تەواوی کتیبەکەی نادیە مورادم م کردووە بە کوردی، لە ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشەیە، بەو هیوایەی بەم نزیکانە چاپ و بڵاوبکرێتەوە.

هەورامان ووریا قانع

نەوت دەتوانێت ببێتە فاكتەری پاراستنی كورد لەڕۆژئاوای كوردستان؟

د. نەوزاد هێتوتی :

لە رۆژی 30 تەمووزی 2020  لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان كە پەیوەندییەكی زۆر نزیكی لە گەل تڕەمپ ھەیە و دوستێكی نزیكی كوردیشەوە، لە بەردەم  كۆمێتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی گونگرێس پڕسیارێكی گرنگی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایک پۆمپەیۆ كرد سەبارەت ھەوالی واژۆکردنی گرێبەستی  نەوتی لە نێوان کۆمپانیایەکی ئەمریكی  و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان. لە وەلامەكەیدا پۆمپەیۆ ئەوەی پشت راست كردوە كە ئەو زانیارییانە راستن و ئەمریكا پاڵپشتی ئەو گریبەستە نەوتییەیان كردووە و رۆلیان ھەبووە لە واژۆ كردنیدا وتەنانەت كۆشكی سپیش ئاگادارە. ئەم زانیاریانە دواتر لە لایەن ھەر یەك لە مەزلوم كوبانی بەرپرسی ھێزەكانی سوریای دیموكرات و سینەم محەمەد  بەرپرسی ئوڤێسی ئێدارەی خۆسەر لە واشینتون پشتراستكرایەوە. ئەو كۆمپانیایەی كە گرێبەستەكەی  لە گەل كوردەكان واژۆ كردووە، ناوەكەی Delta Crescent Energy.  مەبەستی سەرەكی لەم گرێبەستەش بریتییە لە پێشخستن و زیادكردنی بەرھەم و ھەناردەكردنی نەوتی لە گێڵكە نەوتییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە تایبەتیش لە رومێلان و گێڵكە نەوتییەكانی ئەبوو عمر لە دیرەزور كە خاوەن سەرچاوەی زۆری نەوت وگازە.
ئاشكرا بوونی ئەم رێككەوتنە  نەوتییە كە كاتێدا دایە كە لە ئۆكتوبەری 2019 ، تڕەمپ  ھەۆلی دا كە ھێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بكێشیتەوە.  بەلام دواتر لە ژێر كارێگەری گۆشارەكانی ناوخۆی و دەرەكی بە تایبەتیش بە ھەۆلی زۆری گونگریسمان لیندزی گراھام و جەك كێن جێگیری سەرۆوك ئەركانی ھاوبەشی پێشوی ئەمریكا و شروڤەكار لە فۆكس نیوز، تڕەمپ لە بڕیارەكە پاشگەز بوویەوە. بە تایبەت گونگرسمان لیندزی گراھام وكێن رۆلی سەرەكیان ھەبووە  لەوەی كە ھێزیەكانی ئەمریكا بە تەواوەتی لە سوریا نەكێشینەوە. ئەم دوو كەسە دوای ئەوەی تڕەمپ بریاردەدات ھێزەكانی لە سوریا بكێشینیتەوە، سەرەدانی كۆشكی سپی دەكەن و لە گەل خۆیان نەخشەیەكی مەزنی سوریا پێی بووە كە  ھەموو ئەو گێڵكە نەوتیانەی كە لە ژێر  كۆنترۆلی  ھێزە كوردەكییەكان دا بوون پێشانی تڕەمپ دەدەن وپێ دەلێن كە ئەگەر ئەمریكا لە سوریا بكێشیتەوە ھەموو ئەو سەرچاوانەی نەوت دەكەونە دەست رژێمی ئەسەد و میلیشیا ئێرانییەكان. بەمەش زیانێكی گەورە بە سیاسەتی ئەمریكا دەكەویت.بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە گۆشار خستنە سەر ئێرانەوە ھەیە. بێگومان ئەم ھەولانەش كارێگەری زۆری ھەبووە لەسەر ئەوەی  تڕەمپ لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە. دواتر وەك دیتمان  وەك گۆرانێك لە سیاسەتی ئەمریكا، تڕەمپ باسی ئەوەی كرد كە ھەندێك لە ھێزەكانیان لە سوریا دەمێنن بۆ پاراستنی گێڵگە نەوتییەكان و داواش لە  كوردەكان كرد كە  روو لە ناوچە نەوتییەكان بكەن.
لە راستیدا مەبەستی لیندزی گراھام ، جەك كێن و ھەموو ئەوانەی پاڵپشتیان لە ھێشتنەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكرد تەنیا پەیوەندی پڕسی نەوتەوە نەبووە. بەڵكو ناوهینانی نەوت تەنیا بۆ قەناعەت پێکردنی تڕەمپ بووە . ئەگەر نە فاکتەرەکانی راستەقینەی پشت ئەو ھەولانە  خۆی لە كۆمەلێك خالی گرنگدا دەبینیتەوە لەوانە:  یەکەم، ئاسمانی ڕۆژ ئاوایی کوردستان لە دەستی ئەمریکا بمینێت. دووەم، مانەی ‌هێزەکانی ئەمریکا دەبیتە  کارتی گوشار دژی ئەسەد، ئێران و رووسیا بۆ ئەوەی لە چارەسەرکردنی پڕسی سووریادا ئەمریکا رۆلی هەبێت. سێیەم، مانەوەی ئەمریكا  فاکتەرێک دەبێت بۆ ئەوەی رێگە  لە سەرهەڵدانی  داعش بگرێت. چوارەم،  لە رێگەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بتوانن پاڵپشتی کورد بکەن و لە ئایندەی سووریادا رۆلیان هەبیت.
بۆیە بێگومان واژۆ كردنی ئەو گرێبەستە لە گەل ئیدارەی خۆسەر دوای ئەوەی خەریك بوو تڕەمپ بە یەكجاری سوریا چول بكات ھەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ بە ھێزكردنی دیفاكتوی ڕۆژئاوایی كودرستان. بە تایبەت  لەو كاتەی ئەمریكا  دەستوەردانی سەربازی  لە سوریا كردوە،  زیاتر لە ڕوانگەیەكی ئەمنی و ئاسایشییەوە سەیری  پڕسی كوردی كردووە  و ھەموو  ھاوكاریەكانی ئەمریكا  بۆ كوردەكان لە روانگەیەكی سەربازییە بووە نەك سیاسی.  ئیستاش لە گەلدا بێت لە رووی  سیاسییەوە ئەمریكا بە ھیچ شێوەیەك باسی ئەوەی نەكردوە پاڵپشتی سیستمی ئوتونومی یان فیدرالی بۆ ڕۆژئاوایی كوردستان دەكەن . بۆیە ئەم گرێبەستە نەوتییە دەكرێت دانپێدانانیكی ناراستەخوی سیاسی بێت بە ئیدارەی خۆسەری. بە تایبەت گرێبەستەكە راستەخۆی لە گەل كوردەكان واژۆ كراووە، بێ ئەوەی پڕسیار بە دیمەشق بكەن.

بە ھەمان ئاراستەش، ئەم ھەنگاوەی ئەمریكا  دەبێتە پالنەرێكی باش بۆ ئەوەی  زیاتر ئەمریكا بە ڕۆژئاوایی كوردستانەوە گرێ بدات و كاتی مانەوەی ھێزیەكانی ئەمریكا  لەو بەشەی كوردستان  درێژ تر بكات. ئەمەش فاكتەرێكی گرنگ دەبێت بۆ پاراستنی كوردەكان لەو ھەرەشانە ڕووبەڕوویان دەبیتەوە لە لایەن توركیا ، ئەسەد و داعشەوە. لە لایەكی تریشەوە، بێگومان واژۆ كردنی گرێبەستە نەوتییەكە لە گەل ئیدارەی خۆسەری ڕۆژائاوا ھاوكار دەبێت بۆ ئەوەی بارودوخی ئابووری كوردەكان بەرەو  باشتر بچيت. بە تایبەت ئەمریكا بە پێ یاسایی قەیسەر (Caesar sanctions pact) سزایی ئابووری بەسەر رژێمی سوریادا سەپاندووە. ھەر لایەنێك یان  كۆمپانیایەك وەبەرھینان بە تایبەت لە كەرتی نەوت و گاز بكات  ڕووبەڕووی سزا دەبێت. بەلام ئەو كۆمپانیایە ئەمریكییە كە گرێبەستە كردووە مولەتی لێ خوشبوونی  ھەیە. ئەمەش وادەكات ئەو سزا ئابوورییانەی ئەمریكا بۆ سەر سوریا  كەمتر كارێگەری ھەبێت لە سەر  ئیدارەی خۆسەری و كورد داھاتێكی زۆرتریان دەست دەكەوێت.

ھەۆلدانی ئەمریكا بۆ ھینانی كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ روژئاوا لە كاتێكدایە كە ئەمریكا لە چەند مانگی رابردودا ھەۆلەكانی چركرد بۆ لێك نزیكردنەوەی ھێزە ناكۆكان. بە تایبەت ویلیام رۆباك جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریكا لە ھاوپەیمانی نیۆدەۆلەتی بۆ شكست پێھینانی داعش، دوای ھەۆلێكی زۆر توانی لە 16 حوزەیرانی 2020 ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی و pyd رازی بكات كە واز لە ناكوكییەكانیان بھینن و رێككەوتنی ئاشتەوایی  واژۆ بكەن. بە گوێری ھەندیك لە سەرچاوەكان ئەمریكا گوشارێكی زۆری كرد بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە واژۆ بكرێت. بێگومان ئەم رێككەوتنە  فاكتەری گرنگ دەبێت بۆ سەقامگیری زیاتری لە ناوچە كوردییەكان، لاواز كردنی بێیانوكانی تركیا بۆ ھێرش كردنە سەر  ڕۆژواوایی كوردستان. ھەروەھا فاكەرێكی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی كوردەكان بە یەكگرتووی لە ناوەندە سیاسییە نیودلەتییەكان بەرگیری ماڤە نەتەوەییەكانیان بكەن و لە ھەر چارەسەرێكی سیاسی بۆ ئایندەی سوریا گرنتی ماڤەكانیان بكەن. لەلایەكی تریشەوە، ئیدارەی خۆسەر لەم مانگەدا ھەنگاوێكی گرنگی ھاویشت بۆ زیاتر راكێشانی پاڵپشتی ئەمریكا، ئەویش لە رێگەی كردنەوەی ئوفێسەكی لوبی كردن لە ئەمریكا كە مەبەستی سەرەكی ئەو لوبییە بریتی دەبێت لە ھاندانی ئێدارەی تڕەمپ بۆ ئەوەی زیاتر پاڵپشتی كوردەكان بكات. واتە ئەو لوبییە لە ناوەندە گرنگەكانی ئەمریكا ئامادە دەبێت  تاكو  ئەمریكا زیاتر پاڵپشتی دۆزی كورد بكات.

 لە لایەكی تریشەوە، دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین كە واژۆ كردنی ئەو گرێبەستە نەوتییە لەوانەیە ھەندێك كیشەش بۆ كوردەكان دورست بكات. بە تایبەت ئەم گرێبەستە بەبێ رەزامەندی دیمەشق واژۆو كراووە. لە كاتێكدا  كۆمپانیاكانی رووسیاش گرێبەستیان لە گەل دیمەشق ھەیە بۆ پەرەپییدان بە گێڵگە نەوتییەكان. بۆیە پێدەچیت ئەم ھەنگاوەی نۆیەی ئەمریكا ڕووبەڕووی كاردانەوەی  توند ببێت لە لایەن سوریا، رووسیا، توركیا وتەنانەت ئێرانیشەوە. ئەمە وا دەكات ئەم دەۆلەتانە زیاتر دژایەتی كورد و ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوا بكەن ونێگەران بن لەم ھەلۆێست وسیاسەتی ئەمریكا. بە تایبەت دەۆلەتانی ھەرێمی  مەترسی ئەوەیان ھەیە   كە  ئەم ھەنگاوەی ئەمریكا  ببیتە دەستپێكیك  بۆ زیاتر پابەند بوونی ئەمریكا لە پاراستنی ڕۆژئاوایی كوردستان ومانەوەی درێژخایەن لەو ولاتەدا. 

بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەستیان بەسەر گرێبەستەکاندا گرتووە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن

راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز عێراق دەهەژێنێت
🔻 عێراق لەژێر حوکمی چەتەكاندا 
🔻 بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەستیان بەسەر گرێبەستەکاندا گرتووە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن

راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی ئەمڕۆ دەستەبژێری سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستانی هەژاند.
راپۆرتەکە لەژێر ناونیشانی “عێراق لەژێر حوکمی دزەکاندا” یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە “کلیپتۆکراسی” واتە حوکمی چەتەکان بڵاوکراوەتەوە.
کورتەی کرۆکی راپۆرتەکە:
🔹 سەددام حسێن فەرمانڕەوایەکی ستەمکار بوو، بەڵام لەسەردەمی ئەودا مامەڵەی دارایی خاوێن بوو.
🔹 نوری مالیکی لە مێژووی عێراقدا لە هەمووان زیاتر یارمەتی تۆڕی دزەکانی داو ئەمە هۆکاربوو بۆ دەرکەوتنی “داعش” لە ساڵی ٢٠١٤دا.
🔹 سیاسەتمەدارانی عێراقی نزیکەی (١٥٠ ملیار) دۆلاریان لە بانکەکانی دەرەوەدا داناوە، هەندێک دەڵێن بڕی پارەکە زیاترەو دەگاتە (٣٠٠ ملیار) دۆلار.
🔹 سیاسەت لە عێراق هاوشێوەی جەنگە لەگەڵ مافیاکاندا.
🔹 زۆرینەی ئەوانەی لە عێراق بانگەشەی چاکسازی دەکەن و ئەوانەی کە باڵی چەکداریان هەیە هەژموونی خۆیان بۆ ئەوە بەکاردەهێن وەزارەت لەناو حکومەتدا بەدەستبهێنن.
🔹 وەزارەتی تەندروستی لای سەدرییەکانە، وەزارەتی ناوخۆ ماوەیەکی دورودرێژە لای بەدرییەکانە، وەزارەتی نەوت لای حیکمەیە.
🔹 یەکێک لە وەزیرە دەستپاکەکان ڤاکسینێکی بۆ وەزارەتی تەندروستی بە (١٥ ملیۆن) دۆلار دۆلار دۆزیوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدا بووە وەزیری پێش خۆی ڤاکسینەکەی بە (٩٢ ملیۆن) دۆلار کڕیوە، ئەمە وایکردووە وەزیرە دەستپاکەکە روبەڕووی دژایەتی ببێتەوە لەلایەن؟دەسەڵاتدارانی وەزارەتەکەیەوە.
🔹 بەرپرسانی سیاسی ئەوانەی کە خەریکی ئەم کەسابەتە نایاساییەن خەڵکانی ناسراون، هەندێکیان لە هاوپەیمانە موخڵیسەکانی ئەمریکان.
🔹 بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گرێبەستەکان و بانکی ناوەندیدا لە ناوچەکەیان بەکارهێناوە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن.
🔹 گەندەڵی رێڕەوێکی جێگیرە لە سیاسەتی عێراقدا، بەتەنیا دەستبردنی بۆی، دەبێتە هۆی کوژرانی خۆت و خانوادەکەت.
🔹 هەندێک لە میلیشیاکان کۆمپانیای زەبەلاح و ئیمپراتۆریەتی ئابورییان لەناو عێراقدا بنیادناوە.
🔹 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندایە.
🔹 میلیشیاکانی عێراق دەستیان بەسەر بەندەرو رێڕەوە سنورییەکانیشدا گرتووە.
🔹 ئەمریکا بەرپرسە لە هەموو ئەوە شتانەی لە عێراق رودەدەن، ئەمریکا ملیاران دۆلاری لە عێراقدا خەرجکردووەو دەشزانێت ئەو پارانە بۆ میلیشیاکان دەڕۆن.
🔹 بانکی ناوەندیی عێراقی هەندێک کار دەکات کە وادەکات پارەی زیاترو زیاتر بۆ رێکخراوە تیرۆرستییەکان بڕوات بەتایبەتیش لە بابەتی خستنە بازاڕی دۆلاردا.
🔹 دۆلاری مەزادکراوی عێراق بووە سەرچاوەی خۆراکی جەنگی سوریاو تیرۆری لەو وڵاتە زیندوکردەوە.
🔹 کۆمپانیا وەهمییەکانی عێراق لە رێگەی ئەو دراوە قورسەی کە لە بانکی ناوەندییەوە دەستیان کەوتووە خاوبەرەیان لە لەندەن کڕیوە.
🔹 دزی لە عێراق زۆر روونە، ساڵی ٢٠١٧ بەغداد بەبەهای (ملیارێک و ٦٦ ملیۆن) دۆلار تەماتەی لە ئێران کڕیوە، ئەم رێژەیەش بەبەراود بە ساڵی پێشتر (هەزارجار) زیاتر بووە، ئەمەش پرۆسەی سپیکردنەوەی پارەیە.
🔹 سەختە بتوانرێت رێژەی ئەو ملیارە دۆلارانە ئەژماربکرێت کە تەنیا لەرێگەی نرخی گۆڕینەوەی دۆلارەوە دزراون.
🔹 یەکێک لە بانکە ئەهلییەکان (٤ ملیار) دۆلاری لە بانکی ناوەندی راکێشاوە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو بانکە تەنیا ژورێک و کۆمپیوتەرێکە.
🔹 تەنانەت تا ئەوکاتەی کە حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانیش دابەش دەکات لە بانکە حکومی و ئەهلییەکاندا سپیکردنەوەیەکی گەورەی پارە دەکرێت.
🔹 عێراق چیرۆکێکی هۆشیارکەرەوەیە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان.
🔹 کارتی “QI Card” یەکێکە لە دیارترین رێگا چەپەڵەکانی دزیکردن لە عێراق.
🔹 حەشدی شەعبی نزیکەی (٧٠ هەزار) کارمەندی بندیواری لە کارتی ” QI Card”دا تۆمارکردووە، ئەمەش بە سود گەڕاوەتەوە بۆ ئەو میلیشیایانەی سەربە ئێران.
🔹 یەکێک لە گەورەترین پاڵپشتکارانی کارتی “QI Card” عەممار حەکیم رێبەری رەوتی حیکمەیە.
🔹 تاکی عێراقی رۆشناییەک لە ئاسۆدا بەدی ناکات.

توركیا هێزێكی هەزار كەسیی لە كەركوك جێگیركردوە

هاوپشتی:ئاژانسەکان

سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك رایگەیاند: توركیا هێزێكی هەزار كەسیی لە كەركوك جێگیركردوە بەناوی پاراستنی بارەگاكانی بەرەی توركمانییەوە. دەشڵێت: پێگەی كورد لەكەركوك لاواز بوە ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتییەوە.

 سەرحەد قادر، بەڕێوبەری پێشوی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك، لەمیانی چاوپێكەتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی “رۆژنیوز”، رایگەیاند: دۆخی ئەمنی و سیاسی کەرکوک بەڕاستی بۆ کەرکوک و کورد باش نییە و خەڵکی کورد زۆرینەی نیگەرانن لەو دۆخە.. ئێستا لەو شارەدا هێزی ئەمنی، بڕیاردان، مەلەفی ئەمنی و سیاسی و سەربازیی لە دەستی نەتەوەیەکدایە، ئەوەش بوەتە جێی نیگەرانیی نەتەوەکانی دیکە. ئەو هێزانەی لەو شارەدان بۆ خەڵکی کەرکوک نامۆن و زۆربەیان خەڵکی ئەوێ نین.

هەروەها وتوشیەتی”کێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی زۆر قوڵن و لە دوای ئەو دۆخەی ١٦ی ئۆکتۆبەر پارتی و یەکێتی دڵیان بەرامبەر بە یەکتری پاک نەبوەتەوە، نەک لەسەر ئاستی کەرکوک، بەڵکو کێشەکان زۆر زەق بونەوەتەوە و هاوشێوەی ساڵی ١٩٦٣-١٩٦٤ی لێهاتوە، کە خەڵک باسی باڵی جەلالی و مەلایی دەکات، بەداخیشەوە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان یەکتری ناشرین دەکەن، ئەگەر عێراق و ئێران و تورکیاو سوریا هەمو ئەمانە کۆبکەنەوەو بە ناوچاومانا بیدەنەوە بەسمانە، واتە هیچ نەماوە بە یەکی نەکەن.”

سەبارەت بە كۆبونەوەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق، سەرحەد قادر وتویەتی: ٢٠ کۆبونەوی دیکەش بکرێت ئەنجامی نابێت، ئەوان قبوڵی ناکەن کە پێشمەرگە بگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك باسی لە دەستوەردانی توركیا لە كەركوك كردوەو وتویەتی”لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە دەوڵەتی تورکیا لە کەرکوک ڕۆڵی هەبوە، لە ڕێگای بەرەی تورکمانی ڕۆڵی هەبوە، چەندين جار بەرپرسانی  تورکیا سەردانی کەرکوکیان کردوە، تازەترین هەنگاو کە ناویانە ئەوە بو قەیسەریی کەرکوک لەدوای سوتانی تورکیا نۆژەنی کردەوە، هێزێکیشیان هەیە کە زیاتر لە هەزار کەسە بەناوی پاراستنی بارەگاکانی بەرەی تورکمانی لە یایچی، تازەخورماتو، بەشیر و چەرداغلو و ئومەتە و چەند شوێنێکی تر جێگیریان کردوە و چەک و تەقەمەنییان لەلایەن تورکیاوە بۆ دابیندەکرێت و بەشێکیشیان لە تورکیا ڕاهێنانیان پێ کراوە، حکومەتی هەرێم و عێراقیش ئاگاداربون.”

سۆرانی مامە حەمە چی ووت ؟ بۆ تیرۆرکرا ؟ کێ تیرۆریکرا ؟

سۆرانی مامە حمە چی ووت ؟ بۆ تیرۆرکرا ؟ کێ تیرۆریکرا ؟

ئێران و هێزەکانی رۆژهەڵات لەکوێی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیادان

هاتنی ئێران بە سەرکێشی خۆی یان لە دوای بە دەستەوەدانی بەهانە بێت بۆ ناو شەڕی سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) مەترسی لەسەر ئەزموونی سیاسی کورد لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات و تارانیش روبەڕوی کاردانەوەیەکی چەکداریی دەکات کە لە سێ دەیەی رابردودا ئەو وڵاتە بە خۆیەوە نەدیتوە.
رێگرتن لەو ئەگەرە بۆ کورد پاراستنی هێڵەکانی بەرگرییە چونکە شەڕەکە لەسەر ناوچەیەکی زێدە ستراتیژییە لە کاتێکدا تورکیا لە دوو پارچەی دیکەی کوردستانیشدا بە ئاسن و ئاگر گڕی جەنگ دەدات، بۆ ئێرانێش گارەنتی نەبوونی شەڕە لە ناو شارەکانی و لێدان لە سێکتەرە ئابوورییە سنوورییەکانی، بە تایبەتی کە ئێستا لە رەوشێکی ئابووری باشدا نییە و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا لە پەراوێزدایە.
ئێران تا ئێستا زۆر ساردە لەوەی راستەوخۆ شان بداتە پاڵ شانی تورکیا لەو هێرشانەدا دژ بە پەکەکە و هێزە هەوادارەکانی، سەرباری ئەوەی لەم دوایییانەدا لەژێر فشاری لێدوانی سەرانی دەوڵەتی تورکیا چەند جموجۆڵێکی سەربازیی ئەنجامدا لەژێر ناوی مانۆڕ و مەشقکردن لە سنوورە شاخاوییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.
هێشتا تاران خۆی لەو جەنگە بە دوور گرتووە و ئەنقەرەش لەمە نیگەرانە، هەرچەندە ریتۆریکی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاستی ئەنقەرە بەرزە دژ بە بزاوتە کوردییەکانی رۆژهەڵات و پەکەکە لە باکور و شەرڤانان لە رۆژئاڤا.
دوور دەبینرێت ئێران بێتە شەرێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ پەکەکە و لایەنە هەوادارەکانی بۆ دەستخستنی ئەنجامی یەکلاکەرەوە، کە تورکیا ٤٠ ساڵە دەستینەکەوتووە، بەڵام دەکرێت بە هەبوونی بەهانەیەك لەپاڵ پێداگریی تورکیا بە وەشاندنی گورزی کاتیی توند بەشدار ببێت، هەرچەندە باش دەزانێت جوڵەی لەو شێوەیە دووچاری هێرشی دژی سەربازیی دەکاتەوە لەناو خاکەکەیدا وەك لە رابردوودا بینراوە.
ئۆپەراسیۆنی ئێران لەم شەڕە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی پەکەکە و هێزە هەوادارەکانی لەپشتەوە گورزیان بەربکەوێت و هێڵەکانی بەرگرییان لەپێشەوە بەرامبەر سوپای تورکیا لەق و لاواز ببن، لە هەندیك ناوچەش جموجۆڵی گەریلاکان کەمببێتەوە.
ئەوانێش لە بەرامبەردا دەتوانن شانەکانیان لە ناو شارەکاندا چالاك بکەن و هێڵەکانی ئابووری و ئاڵوگۆری بازرگانی و گەیاندنی سەرچاوە سروشتییەکانی تارانیش لەسەر سنوورەکان بکەنە ئامانج بۆ وەڵامدانەوە، جگە لە بژاردەی دیکەی سەربازی وەك شەڕی قەندیلی نێوان سوپای پاسداران و پارتی ژیانی ئازاد (پژاك)ی هەواداری پەکەکە لە ٢٠١١.
 
مەترسییەکان
ئەم شەڕەی تورکیا و پەکەکە لەوە دەرچووە پێکدادنی تەنیا دوو لایەنی سەربازیی بێت، ئامانجی ئەنقەرە زۆر ئاشكرا ستراتیژییە، بەرگریکردنی پەکەکەش بە هەمان شێوەیە بۆ مانەوەی پێگەی سەختی چیاکان کە گرنگی هەیە بۆ کۆی ئەزموونی سیاسی کورد لە ناوچەکەدا نەك تەنیا بۆ پەکەکە.
ئەو چیایانە لە دوو سەدەی رابردوودا مۆڵگەی گردبوونەوەی ئەو هێزە کوردییانە بوون کە خواستیان ژیانێکی سیاسیی ئازاد بووە لە دەرەوەی ئەوەی سەپێنراوە بەسەر کورد وەك قەوارەیەکی ئیتنیکیی کە مافە سیاسیی و کەلتوریی و ئینسانییەکانی پێشیلکراون، بۆیە شکانێکی گران لەم جەنگەی ئەمڕۆدا بە مانای نەمانی ئەو چیا سەختانەی سێگۆشەی سنووریی هەر چوار پارچەی کوردستان دێت کە لە مێژودا بەبەردەوامیی لەژێر کۆنترۆڵی گەریلا و پێشمەرگەکانی کورد بوە. بە واتایەکی دیکە چیدی چیاکان تاکە هاوڕێی کورد نامێنن.
شەڕ ئێستا لە دوو سێگۆشەی گرنگ گەرمە، سێگۆشەی خواکورك کە رۆژهەڵات و باکور و باشوری کوردستان پێکەوە گرێدەدات، لەگەڵ سێگۆشەی حەفتانین کە باشور و باکور و رۆژئاڤای کوردستانی پێکەوە بەستۆتەوە.
ئەوە حەفتانین بوو لەگەڵ چیای سپیی کە رێڕەوی گواستنەوەی کتێب و چەك و کادر و شەرڤان بوون بۆ رۆژئاڤا لە ٢٠١١ بۆ بڵێسەدان بەو شۆڕشەی کورد لە سوریا. ئەگەر لە رۆژهەڵات و هەر پارچەیەکی دیکە رەوشێكی هاوشێوە بێتە پێشەوە کە تیایدا کورد پێویستی بە خۆپاراستن هەبێت ئەو جووت سێگۆشەیە، ئەگەر نەکەونە چنگی تورکیاوە، هەمان رۆڵ دەگێڕن.
گرنگغی مێژوویی خواکورك لە ئەدەبیاتی پارتی دیمەکراتیی کوردستانی فەڕمانڕەوای هەرێمی کوردستانیشدا ئاشکرایە، چونکە ئەوە شەڕی خواکورکە ئەو پارتییە وەك شانازی خەباتی چەکداری مەسعود بارزانی سەرۆکی دەیناسێنێت و هەموو ساڵێك یادی دەکاتەوە دژ بە رژێمی پێشووی عێراق.
ئێستا لە هەمان خواکورك شەڕە و داگیرکردنیشی جگە لە دەرئەنجامە ستراریژییەکان لە رووی سیمبولیشەوە وێنەی یادەوەری خەباتی خودی پارتی دەشێوێنێت، چونکە ئەو پارتە یان هەر لایەنێكی دیکە لە خواکورك رۆژێك بەرگری لە خۆی کردبێت چۆن دەتوانێت سەربەرزانە یادی تێکۆشانی خۆی بکاتەوە ئەگەر ئەو هەرێمە لە ژێر زەبری پۆستاڵی داگیرکەری سەربازی تورکدا بێت و خۆیشی هاوکار بێت لەو داگیرکارییە؟
 
بەهانەکان
یەکێك لەو بەهانانەی دەکرێت ئێران بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی پەلکێش بکاتە ئەو شەڕەوە جموجۆڵی ناپێویستی هەندێك لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە هەرێمی کوردستانن و بنێردرێن بۆ نزیك ئەو ناوچانەی نفوزی پەکەکەن و شەڕیان تێدایە. تەنانەت جموجۆڵی سەربازیی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کە هەواداری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و پەکەکەیە لەو ناوچانە لەم کاتەدا مەترسیدارە.
جموجۆڵی هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵات لەو هەرێمانە لە کاتێکدا واتادارە کە لە بەرەیەکی بەهێزی یەکگرتوودا بن لەگەڵ پەکەکە بە جەماوەرێکی بەرچاو یەك دەست هەنگاوی سیاسی و سەربازی هاوبەش بنێن بۆ پاراستنی ئەو هەرێمە گرنگانە، بەڵام کە ئێستا ئەمە لە ئارادا نییە بەهانەیەکی هەرزانە و دەرئەنجامیشی گران.
تورکیا زۆر بەجۆشەوە لە هەوڵی ئەوەدایە ئێران بێنێتە ئەم جەنگەوە، هەر بۆیە لە پاڵ پەکەکە پژاکیش دەکاتە ئامانج، هێرشەکەی کونەماسی بۆ سەر ئۆتۆمۆبیلێكی ئەندامانی پژاك و خەڵكی سیڤیل لە پارێزگای سلێمانی دەکرێ بەو ئاراستەیە ئەنجامدرابێ.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش تورکیا سەرقاڵی پەلکێشکردنی ئێرانە، ئەوەش لە دوایین کۆبوونەوەی سێقۆڵی سەرۆکانی روسیا و تورکیا و ئێران لەسەر سوریا ئاشكرابوو کە بە بەیاننامەیەکی هاوبەش گوتیان “وەستانەوە دژ بە جوداخوازی” ئەولەویەتیانە.
هەندێك لەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەی رۆژهەڵاتی کوردستان – پژاك و کۆمەڵەی سازمانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی لێدەرچێت – لە چەندین وێستگەی چەند ساڵی رابردوودا دژ بە پەکەکە پروپاگەندەیان کردووە و لە ئەرشیفی رۆژمێری میدیاکانیاندا ئەمە ئاشكرایە. دوور نییە تورکیا بخوازێت راستەوخۆ و پراکتیکانە ئەمجارە کەڵك لەو جۆرە هەڵوێستانە وەربگرێت. سەرەتاکانی ئەو پڕۆسەیەش دەرکەوتوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان لە رۆژهەڵات و باکور، بەتایبەت کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەندێک ناوچەی سەر سنورەکان لە نزیکی پەکەکەن.
لێکدانەوەی ئەم مەترسییە لە ئێستادا بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە پێشتر پارتی گروپێکی حزبی دیموکراتی بەکارهێنا بۆ جێگیرکردنیان لە هەرێمەکانی گەریلا لە ٢٠١٥ دا، لە ناوچەکانی بەربزنە و خنێرە و کێلەشێن، کە پێکدادانێکی کورتی خوێناوی لێکەوتەوە.
میدیاکانی پارتی ئەو کاتە پەخش و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گروپەکانی رۆژهەڵات دەچنەوە بۆ خەباتی چەکداری و پێشمەرگەکانی ئەوانیان لە تیڤییەکانیانەوە نیشاندەدا بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ ئەو جوڵەیە لەناو رای گشتی پارتی و ئاوارە هەوادارەکانی ئەو گروپانەی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستاندا. هێزەکانی رۆژهەڵات پێویستە ئەوەش لەبەرچاوبگرن کە تورکیا هەرگیز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتیوانیی هیچ بزوتنەوەیەک ناکات دژ بە ئێران، لە رابردوش نەیکردوە. ئێستاش بەرەی سونەی عەڕەبیی بە سەرکردایەتیی سێكوچکەی میسڕ-سعودیە-ئیماڕات دژ بە تورکیان. هەر نزیکبونەوەیەک لە تورکیا ئەگەری سودبینین لەو سێکوچکە سونییە-عەڕەبییەش لەدەستدەدرێت.
ئەم جارە کە شەڕەکە گرانە و تورکیا لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێـمی و جیهانی هەوڵی خۆشکردنی ئاگرەکە دەدات بۆ گرتنی ئەو ناوچە ستراتیژییانە پێویستە ئەو لایەنانەی رۆژهەڵات هۆشیارانەتر رەفتار بکەن، رای گشتی رۆژهەڵاتیش جێگای خۆیەتی بەئاگایییەوە مامەڵە بکات بۆ خۆپاراستن لە فوکردنی میدیاکانی پارتی بە ئەفسانەیەك کە خۆیان باش دەزانن لەسەر زەمین بوونی نییە.
 
هێڵە لاوازەکان
گرنگە لەبەرچاو بێت جوڵەپێکردنی ئەو هێزانەی رۆژهەڵات بەو چەکە سوکانەی هەیانە و بەو هێزە کەمەی ماویانە هیچ لە بابەتی شەڕ ناگۆڕیت لە بەرامبەر دەوڵەتی ئێراندا، تەنیا بەهانە دەداتە دەست تاران ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات بۆ پشتیوانیکردنی تورکیا دژ بە پەکەکە.
زۆربەی لایەنە تەمەن درێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆیان وەك پارتی سیاسی دەناسێنن درووسترە وەك گروپ لە هاوکێشەکاندا ئەمڕۆ شرۆڤە بکرێن، لەبەرئەوەی بە ژمارە ئەندامانیان کەمە و هێزی سەربازییان لەو ژمارەی ئەندامەکانیان گچکەترە و بنکەی جەماوەریی بەرچاویشیان نییە.
ئەوەی هەیانە لە ناوەوەی رۆژهەڵات زۆر لە پەیوەستبوونی سیاسییانە و ئایدۆلۆژیی قوڵی رێکخراوەیی ناچێت و زیاتر وەك هاوسۆزیی خۆی دەنوێنێت، کە ریشەی دەگەرێتەوە بۆ تێکۆشانی دیموکرات و کۆمەڵە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان نەك چالاکی سەربازی و جەماوەری سێ دەیەی رابردوو.
زۆربەی ئەو گروپانەی ئێستا هەن سەر بەو دوو کەمپی سیاسیین، لێ دەمێکە لە چەك داماڵدراون و ئەوەش بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە تا کۆکردنەوەیان لەناو کەمپی ئاوارەییدا و دواتر بۆ زیاتر لاوازکردنیان هانی جیابوونەوە ناوخۆیییەکانیان درا لە ساڵانی ٢٠٠٠ ەوە لە هەرێمی کوردستان.
ئەو لایەنانە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەندامە باڵاکانیان تیرۆر دەکران بە چاوساغی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، دواتر لە کەمپەکاندا چەلەنگیی سەربازیشیان بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ دڵڕاگرتنی تاران لە چالاکی خرا.
شەڕی ناوخۆییش لەنێوان پارتی و یەکێتی هێندەی تر دابەشیکردن و دوا هەڵمەتی لە چەك داماڵینیشیان لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لەسەردەستی هێزەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد لە دوای داگیرکردنی عێراق. ئەو کاتە هیچ چەکێکی مامناوەندیشیان لەدەستدا نەما، وەك دۆشکە.
ئەو گروپانە بەر لەوەی لە ناوەوە بە ژەهری جیابوونەوەی بێبنەما ریزەکانیان لێکبترازێنرێت، تەنیا ئەوەندە باروتیان لە دەستدا هێڵرایەوە تا بتوانن شەڕی یەکتری پێبکەن، چونکە ئەو چەکەی هەیانە بەشی بەرگریکردن لە خۆشیان ناکات، هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەی هەردوو باڵەکەی دیموکرات لە کۆیە ئەوەی دەرخست لە ٢٠١٨.
دەکرێت وا ببینرێت کە ئەو گروپانە قوربانی ئەزموونی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بڕیاردانی مانەوەیان لە کەمپەکان و هەڵبژاردنی پاڵدانەوە بە لای پارتی و یەکیتیدا خۆیان لیی بەرپرسیارن.
دوو گروپی رۆژهەڵات لە دەرەوەی ئەو هاوکیشەیەدان بەوەی هێزیان هەیە و لە رووی سەربازییەوە چالاکن هەرچەندە لە بەرەی ئایدۆلۆژی دژ بە یەکدان، ئەوانیش پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاك) کە لە ٢٠٠٤ لە چیاکان دامەزراوە و هەواداری پەکەکەیە و لەوێ ماوەتەوە، ئەویترتیان پارتی ئازادی کوردستان (پاک) کە لە ٢٠٠٦ دا لە هەولێر دامەزراوە و بەشێکە لە مەنزومەی سەربازی و سیاسی پارتی و رکابەری پژاكە و هەولێر بە قەڵای خۆی دەزانێت.
بۆچوونیك هەیە کە پاك لە دژی پژاك دامەزراوە و تەنانەت یەك وشە و یەك پیت لە ناوەکانیاندا جیاوازە، ئەو بۆچوونە پشتڕاست نەکراوەتەوە لێ پاکتاوکردنی ئەو گروپانەی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر دەستی دەستەڵاتدارانی ئەو هەرێمە مێژووییەکی زۆر دوور نییە حاشای لێبکرێت.
لە مێژوی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستان، خاڵێکی گەش لەو خەباتە ئەوەیە، کە خۆشیان زۆر شانازیی پێوە دەکەن، هیچ کاتێک نەبونەتە هاوکار یان بیانویەک بۆ داگیرکارانی کوردستانی تا خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی پارچەکانی دیکەی پێ بنکۆڵ بکەن. هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت زۆر بەئاگایییەوە جموجۆڵەکانیان لە شاخ و شاردا ئەنجامبدەن و نەبنە هۆکاری هیچ پێکدادانێک لەگەڵ پەکەکە و پژاک وەک ئەوەی لە ٢٠١٥ رویدا. تورکیا هەوڵێکی جدیی دەدات چ لەڕێی میت و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێرەوە، چ لەڕێی پارتیی دیموکراتیی کوردستانەوە، تا ئامانجەکانی خۆی لە دروستکردنی ناکۆکیی لە چیاکان لەنێوان پەکەکە و هێزەکانی رۆژهەڵاتدا گەشەپێبدا، دەبێ هەموان لەوە زیرەکتر بن.
چاوەڕوان ناکرێت پژاك چالاکی سەربازیی بێسەروبەرە ئەنجامبدات لەم کاتەدا بەتایبەتی بەهۆی هەوادارییەوە لەگەڵ پەکەکە لە رەوشەکە باشتر ئاگادارە، هەرچەندە سەرکردەکانی لەم چەند رۆژانەدا هەڕەشەی هێرشبردنیان بۆ سەر ئێران وەك بژاردە خستۆتە رۆژەڤەوە لە چوارچێوەی ئەویە پێی دەڵێن پاراستنی رەوا ئەگەر ئێران بیانکاتە ئامانج.
ئەوەی زانیاری لەسەر تەڵخە ئەوەیە تا چەند دەکرێت وەك ٢٠١٥ پارتی بۆ گۆڵکردنی سیاسیی خۆی ئەو هێزانەی نزیكی بەکاربێنێت و جوڵەیان پێبکات بەرەو هەرێمەکانی پەکەکە تێیاندا دەجەنگێت؟ لەو ئەگەرەشدا هەر هێزیك بێت وەك دیموکرات پێشمەرگەکانی دەکرێنە قوربانی بۆ پەلکێشکردنی ئێران و رازیکردنی تورکیای هاوپەیمان دژ بە پەکەکە.
جگە لەو رووداوانەی چەند ساڵی رابردوو تێفکرین لەو ئەگەرە لەوەشەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم لەشکرکێشییە پارتی توشی ئیحراجییەکی زۆر کردووە، چونکە هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیا هەیە لەکاتێکدا سوپای توركیا جگە لە پەکەکە مەدەنییەکانی هەرێم و ماڵ و موڵکیان وەك یەك دەکاتە ئامانج.
جوڵەیەکی لەو جۆرەش دەکرێت دەرفەت بداتە پارتی ئەو گروپانەی رۆژهەڵات بە پەکەکە بچوێنێت و لەو سۆنگەیەوە بوونی پەکەکە لە رای گشتی ناوخۆیی و بیانی رەتبکاتەوە، وەك چۆن نێچیرڤان بارزانی پێشتر رایگەیاند نەك تەنیا لە پەکەکە بەڵكو لە گروپەکانی رۆژهەڵاتیشی قبوڵ ناکەن دژ بە وڵاتانی دراوسێ چالاکی ئەنجام بدەن، بەتایبەت ئێستا کە قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانی ماندو کردوە. ئەمەش بەراوردێکی پروپاگەندەیی پەکەکە و ئەو گروپانەیە بۆ نیشاندانیان لە یەك ئاستی سیاسی و سەربازی و جەماوەریدا.
ئەوەی سەرۆکی هەرێم بارزانی دەکرێت لێی بێئاگا بێت یان لە بیری خۆی بەرێتەوە ئەو راستییەیە کە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان – هەر وەك رۆژهەڵات و باکور رۆژئاڤا – وابەستەی پاراستنی ئەو دوو سێگۆشە سنوورییە ستراتیژییەیە کە تورکیا و پەکەکە بۆ پاراستنی ستاتۆی سیاسی نەوەکانی داهاتوویان ئەمڕۆ خوێنی بۆ دەدەن. ئێرانیش دەبێت ئەوە بزانێت نەمانی کورد لە چیاکاندا، بە واتای پڕکردنەوەی دێت بە هێزی سونیی-توندڕەو کە شەڕکردن دژ بە ئێران بە جیهاد دەزانن، کە راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە لەڕوی دارایی، میدیایی و سەربازییەوە پشتیوانیی دەکرێن.
سەرچاوە~ كوردستان تایمز

كــابــیــنــەی نـــۆ.. یـەك سـاڵ لـەژێـر حـكـومـڕانـی “بــراگــەورە”

قەرزاریی، نەدانی موچە، نەبوونی پرۆژەو دابینەكردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی‌و نەبوونی سیادەو دوو ئیدارەیی سیما دیارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.

رۆژی 10ی تەموزی 2020 یەك ساڵی تەواو (365 رۆژ) بەسەر سوێندخواردنی مەسرور بارزانی تێپەڕی، كە سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەم دەكات‌و سەرەتای دەستبەكاربوونی رایگەیاند “كوردستانێكی بەهێز بونیاد دەنین”.

مەسرور بارزانی لەماوەی ساڵێكی حكومڕانییەكەی، نەك نەتوانی “كوردستانێكی بەهێز” وەك ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ دەكات بونیاد بنێت، بەڵكو لەماوەی ئەو 365 رۆژەدا، جگە لە شكست هیچ شتێكی تری لەبواری حكومڕانی نەكردووە لەهەرێم.

لەو بارەوە پەرلەمانتاری كورد هۆشیار عەبدوڵڵا دەڵێت: حوكمڕانی بە ئینشا و پیاهەڵدان و خۆڵكردنە چاوی خەڵك و فرۆشتنەوەی شكست بە تامی سەركەوتن نابێت، بە بەڵێنی بێئاسۆی جێبەجێبوون و بەوەش نابێت لەگەڵ شەقام دوو ڕوو بیت.

هۆشیار عەبدوڵڵا دەشڵێت: ساڵێك تەمەنی ئەم كابینەیە بەسە بۆ ئەوەی لێت رون و ئاشكرا بێت، كە تا سەر ئێسقان شكستخواردوە بووەو دەبێت، چونكە نەك ساڵی یەكەم ۱٠٠ رۆژی یەكەم سیگناڵ و موئەشرێكی باش و زانستییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەنگاو و پلانە ستراتیژییەكانی هەر حكومەتێك، ئیدی چاكسازی چی؟ كامە؟ كوا؟ كەی؟‬‬

ئێستا هەرێمی كوردستان لەهەموو روویەوەكە، بەشێوەك دارووخاوە، كە وەك چاودێران باسی دەكەن، ئەستەمە جارێكی تر بتوانرێت بكەوێتە سەر پێی خۆی‌و بگەڕێتەوە سەردەمی پێشووی بەو هەموو كەموكوڕییانەش لەرابردوو هەبووە لەهەرێم.

هەرچەندە دروشمی كابینەی نۆیەم “بوندیادنانی كوردستانێكی بەهێز” بوو، بەڵام ئێستا ئابورییەكی داڕمای هەیە، كە ئەویش خۆی لە 27 ملیاری قەرزای دەبینێتەوە، ئەمە جگە لەنەدانی موچەی فەرمانبەران‌و نەبوونی خزمەت گوزاری.

ژیانكردن لەژێر كابینەكەی مەسرور بارزانی لەماوەی ئەو ساڵەدا بەشێوەیەك بووە، كە رۆژ نەبووە لەناوچەیەكی كوردستان خۆپیشاندان بۆ نەبوونی موچە، یان نەبوونی خزمەتگوزاری نەكرێت.

جگە لەداڕماوی ئابوورییەكەی، نەبوونی سەروەری سیمایەكی تری كابینەكەی مەسرور بارزانییە، بەشێوەیەك ئێستا سوپای توركیا بە بەردەوامی هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی هەرێم‌و سەدان كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكەكەی، لەگەڵ ئەوەش ناوە ناوە سوپای پاسدارانی ئێران بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم دەكات.

هۆشیار عەبدوڵڵا لەهەڵسەنگاندنێكی بۆ كابینەی نۆیەم دوای سەد رۆژ ئەوەش دەڵێت: دوای تێپەڕبزونی ساڵێك بەسەر تەمەنی كابینەی نۆدا، چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم مەگەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بن، كە ئەوانیش بریتین لە دواخستن و كەمردنەوەی موچەو لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوین تەنیا بە قسەو دامەزراندنی یاریدەدەر بۆ سەرۆك بە جوملەو هێشتنەوەی مەلەفی نەوت بەهەمان سیاسەتی كابینەكانی رابردوو، هێشتنەوەی داهاتی ناوخۆ و گومرگەكان لەناو تاڵانیی و جەردەییەكانی زەمانی زوو، سەرباری بوونی وەزارەتێك بۆ تەندروستی دامەزراندنی دەزگایەك بۆ دەرمان‌و هێشتنەوەی بندیوار و حیزبی و ناوی دووبارە لە ناو لیستی موچەخۆران‌و قڕ و قپكردن بەرانبەر تەراتێنی سوپای داگیركەران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و تۆخكردنەوەی دێگەڵە وەك سنووری نێوانیان.

هەرچەندە كابینەكەی مەسرور بارزانی لەپشكی پارتی دیموكرات‌و بە بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی بونیادنراوە، بەڵام ئەوەندی ئەو دوو حیزبە بەحكومڕانییەكەی ناڕازین‌و رەخنە دەگرن، ئەوەندە لایەنەكانی ئۆپۆسیۆن ناڕازی‌و رەخنەگر نین.

مەسرور بارزانی هۆكاری شكستەكەی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و داڕمانی نرخی نەوت‌و رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا دەگەڕێنێتەوە، بەڵام چاودێران وای دەبینن، ئەگەر لەهەرێمی كوردستان ویستی چاكسازی‌و حكومداری باش هەبووایە، ئەوە هەرگیز دۆخی هەرێمی كوردستان بەم ئاستەی ئێستا نەدەگەیشت.

كابینەی نۆیەم لە (21) وەزارەت پێكدێت، كە (8) وەزارەت‌و سەرۆكایەتییەكەی لای پارتی دیموكراتە، بۆیە چاودێران بەرپرسیاری گەورەی ئەو شكستە دەخەنە ئەستۆی پارتی دیموكرات.

بەڵام لەگەڵ ئەوەش یەكێتی وەك لایەنێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت بەرپرسیارییەكەی لەسەر لاناچێت‌و بەشێكی زۆری شكستەكەش دەكەوێتە سەر ئەو حیزبە، كە جێگری سەرۆكی حكومەت‌و شەش وەزارەتی لایە.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەویش بەشداری لە كابینەی نۆ كردووەو (4) پۆستی وەزاری وەرگرتووە، بۆیە چاودێران باس لەوە دەكەن، كە هەرچەندە گۆڕان بەشدارە لەحكومەت دەسەڵاتی نییە، بەڵام بێ‌ هەڵوێستییەكەی بووەتە هۆی ئەوەی ئەم كابینەیە رۆژ دوای رۆژ شكستی نوێ‌ بنووسێتەوە.

گۆڕان وەك ئەوەی خۆی رایگەیاندبوو، بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەهەرێمی كوردستان بەشداری كابینەی نۆیەم دەكەن، بەڵام وەك بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە باسی دەكەن، ئەم كابینەیە نەك چاكسازی نەكردووە، هیچ نییەتێكی نییە بۆ ئەنجامدانی چاكسازیش لەهەرێم.

لەو بارەشەوە ئەو پەرلەمانتارەی كورد دەڵێت: ‫ئەو بەڵێنە شەش مانگییەی لە كابینەی نۆ درابوو بۆ چاكسازی بوو بە ساڵێك و هیچی لێسەوز نەبوو، ئێستا ئیدی وازیان لەوە هێناوە كات بۆ چاكسازی دیاریبكەن دەڵێن گرنگ ئەوەیە بكرێت جا كەی؟ گرنگ نییە.‬

باسی لەوەش كردووە، كە ئێستا سەردەمی تاوانكردنە بەناوی چاكسازییەوە، مەگەر كەمكرنەوەی موچەیان ناو نەناوە رێكخستنەوەی موچە، ئەوەی كە بریارە و وەعدە و بەیاننامەیە، كە تەنیا بۆ یەك مانگ دەبێت و بەس.‬لەماوەی رابردوو یاسایەك بەناوی “چاكسازی لە موچە‌و دەرماڵە‌و خانەنشینی پلەباڵاكان”‌و چوار بڕیاری تایبەتی مەسرور بارزانی بۆ چاكسازی لە دەروازە سنورییەكان‌و باج‌و بەخشینی گومرگی دەرچوو، بەڵام ئەوانە تائێستا نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردن.

لەهەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیرییەك یەكێكیان بە جیابونەوە كۆتایی دێت

لە هەرێمی كوردستان لە هەر 4 پرۆسەی هاوسەرگیری یەكێكیان بە جیابونەوە كۆتایی دێت و لە پارێزگای سلێمانیش لەهەر 3 پرۆسەی هاوسەرگیرییەك یەكێكیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پلان و ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان ئاماری مامەڵەی ئەنجامدراوی دادگاكانی بۆ ساڵی 2019 بڵاوكردەوە، لە كۆی ( 32 هەزار و 432 ) پرۆسەی هاوسەرگیری (8 هەزارو 381) پرۆسەیان بە جیابونەوە كۆتاییان هاتووە بەرێژەی (25.8%) بەمشێوەیە:
🔹 پارێزگای هەولێر لە ( 11 هەزارو 144) پرۆسەی هاوسەرگیری ( 3 هەزارو 115) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەرێژەی ( 28%).
🔹 پارێزگای سلێمانی لە ( 11 هەزارو 33) پرۆسەی هاوسەرگیری ( 3 هەزارو 448) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەرێژەی ( 31.3%).
🔹 پارێزگای دهۆك لە ( 8 هەزارو 322) پرۆسەی هاوسەرگیری (هەزارو 129) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەرێژەی ( 13.6%).
🔹 گەرمیان لە (هەزارو 933) پرۆسەی هاوسەرگیری (689) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەرێژەی ( 28%).

هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگدا ٦٩ کەس کوژراون و خۆیان کوشتووە

بە تەنها لە شەش مانگی ڕابردوودا، لە هەرێمی کوردستان، ٦٩ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن ڕوویانداوە، کە لەو ژمارەیە ٢٠یان خۆیان کوشتووە و ٤٩ کەسیشیان کوژراون، لە چوار ڕۆژی ڕابردووشدا هاوڵاتییەک و پێشمەرگەیەک بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و قەرزدارییەوە لە شاری سلێمانی خۆیان کوشت.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەی بەرچاو لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا زیادیان کردووە، بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکانی پۆلیس بە فەرمیی هیچ ئامارێکیان بڵاونەکردووەتەوە.

ڕۆژنیوز هەوڵیدا ئامارێکی فەرمیی لە دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دەست بکەوێت، بەڵام لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان تەنیا ئاماری ‘کوشتن’ی لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دەستکەوت، بەپێی ئامارەکە لەو دوو مانگەدا ٢٤ حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە، کە سیانیان کوشتنی بەهەڵە و ئەوانی دیکە کوشتنی بە ئەنقەست بوون، ١٩یان پیاو و پێن لە کوژراوەکانیش ژن بوون، بەڵام دەستەی مافی مرۆڤ هیچ ئامارێکی ئاشکرا نەکرد.

بەهۆی دەستنەکەوتنی ئاماری فارمییەوە، پشتمان بەو هەواڵانە بەست، لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا لە ئاژانسەکەمان بڵاوبووەتەوە، بەوپێیەش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ١ی تەمموز، ٦٩ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن ڕوویانداوە.

بەپێی ئامارەکە و بە پشت بەستن بە وتەکانی پۆلیس لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکاندا، لە کۆی ئەو ٦٩ حاڵەتە، ٤٩ حاڵەتیان کوشتنی بە ئەنقەست بووە لەلایەن کەسانی دیکەوە، کە بەشێکیان بە گوللـە و لەسەر ڕووداوی جۆراوجۆر کوژراون، ٢٠ حاڵەتیشیان خۆکوشتن بووە کە بە هەمانشێوە بە هۆکاری جیاواز و کێشەی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لەو ٦٩ کەسەی کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ٥٧ کەسیان پیاو بوون و ١٢ کەسەکەی دیکەشیان ژن بوون، هەروەها ٣٩ ڕووداویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، کە  ٢٧ کەسیان کوژراون  و ١٢ کەسەکەی دیکەش خۆیان کوشتووە، لە پارێزگای هەولێریش ٢١ حاڵەتی کوشتن و خۆ کوشتن هەبووە، کە ١٤ کوشتن و ٧ خۆکوشتن بوون، لە پارێزگای دهۆکیش ٩ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن هەبووە،  کە لەو ژمارەیەش ٨ کوشتن و یەک خۆکوشتن بووە.

لەناو ئەو ڕووداوانەدا سێ حاڵەتیان لەم هەفتەیەدا ڕوویانداوە، کە یەکێکیان لە ئێوارەی ڕۆژی ٢٩-٦-٢٠٢٠ پیاوێک لە ناو باخی گشتی شاری سلێمانی، خۆی سووتاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، کە دەوترێت بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و قەرزدار بوونییەوە بووە.

هەروەها، ڕۆژی دواتر لەناو بارەگای لیوای ۳ی تایبەت لەفەرماندەی گشتی سلێمانی پێشمەرگەیەک، بەفیشەک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، کە دەوترێت ئەویش بەهۆی نەبوونیی و قەرزدارییەوە بووە.

هەمان ڕۆژ، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن دووکەسەوە تەقە لە دووکاندارێک کرا بەناوی (هەردی جەمال قادر) لە دایکبووی ١٩٩١، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

لەگەڵ ئەوەی پۆلیس  و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن بڵاوناکەنەوە، بەسەدان ڕێکخراوی تایبەت بە مافی مرۆڤ، مافەکانی ژنان و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان هەن، کە دەبوو یەکێک لە کارەکانیان کۆکردنەوەی ئامار و توێژینەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکان بوایە، بەڵام ئەوانیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

کۆمەڵناسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە خراپی دۆخی دارایی، بێکاریی، ناسەقامگیریی سیاسی، قەرزداریی، بوونی چەک و سزانەدانی تاوانباران، ئەو هۆکارانەن کە توندووتیژییەکان و ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنیان زیاد کردووە.