ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەوانی

لە گەرمیان دوو ئافرەت خۆیان هەڵواسی و هەردوکیان گیانیان لەدەستدا

پۆلیسی گەرمیان بڵاویكردەوە، دوو ژن لە كەلار خۆیان هەڵواسیوە و گیانیان لەدەستداوە و لەبارەی هۆكاری ڕووداوەكانەوە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاوگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، درەنگانێکی شەوی ڕابردوولەگەڕەکی حەی موەچەفینی قەزای کەلار تەرمی ئافرەتێک لەنەتەوەی عەرەب بەناوی ( خ – خ – ع) لەدایکبووی 2000 کەژنی ماڵەوەبوە هێنرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار کەبەهۆی هەڵواسینەوە گیانی لەدەستدابوو بەوتەی کەسوکاری ناوبرا سێ مانگە زەواجی کردوەو ئەمشەو خۆی هەڵواسیوەو لەئەنجامداگیانی لەدەستداوە.

هەروەها، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەگوندی صاڵح ئاغا سەربەناحییەی قۆرەتوو تەرمی کچێک بەناوی( ج- س – ا )لەدایکبووی 2007، هێنرایەبەشی فریاکەوتنی شەهید هەژارلەکەلار کەبەهۆی هەڵواسینەوە گیانی لەدەستدابوو.

پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا توێکاری بۆتەرمەکان کراوەو پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕوداوەکان کردووەتەوە، دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوە لەسەر هۆکاروچۆنێتی ڕوداوەکان.

مه‌لا عه‌بدولواحید به‌ وتاره‌كانی زه‌هر ده‌ڕژێ و وڵات تێك ده‌دا

به‌هار شێخ مونزیر، چالاكوانی مافه‌كانی ژنان رایگه‌یاند، “مه‌لا دكتۆر عه‌بدولواحیدی كۆنه‌په‌رست به‌ وتاره‌كانی‌ زه‌هر ده‌ڕێژێ و وڵات تێكده‌دا، ده‌شڵێت، “کۆمەڵگەی کوردستان زۆر لەوە شارستانی ترە دكتۆر عه‌بدولواحید و هاوڵەکانی بیری لێدەکەنەوە”.

ئاوێنه‌: دوای ئه‌وه‌ی له‌ وتارێكی ڤیدیۆیدا كه‌ “ده‌وترێت هی چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستایه‌”، د. عه‌بدولواحید، بانگواز و پزیشك باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌، “پێویسته‌ له‌ فه‌رمانگه‌كان ژنه‌كان بنێردرێنه‌ ماڵه‌وه‌ و له‌بری ئه‌وان گه‌نجانی بێكار دابمه‌زرێن”، كاردانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كانی ژنانی لێكه‌وته‌وه‌.

به‌هار شێخ مونزیر، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: “ئەمانە تاڵیبانیان دەوێت، ئەم پیاوە دەڵێت دائیرەکان چۆڵ بکەن بۆ کوڕانی بێکار، واتە ژنەکان بچنەوە بۆ ناو چێشتخانە چیتان داوە لە بەڕێوه‌بردن و بژێوی ژیانی خێزان”.

ده‌قی نوسینه‌كانی به‌هار شێخ مونزیر دژی د.عه‌بدولواحید

کارمەندانی ژن، پیاوە یەکسانخوازەکان
پێویستە مانبگرن لە بەرامبەر گوتاری د. عبدولواحد، سەیری ڤیدیۆی خوارەوە بکە…

وەرنە دەنگ مەهێلن ئەمانە کەرامەتان بشکێنیت و بە کەم سەیر تان بکەن. ئەمانە تاڵیبانیان دەوێت، ئەم پیاوە دەلێت دائیرەکان چۆل بکەن بۆ کوڕانی بێکار..واتە ژنەکان بچنەوە بۆ ناو چێشتخانە چیتان داوە لە بەڕیوبردن و بژێوی ژیانی خێزان… ئیوە بەس ئامێرن …

++++
کەسانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بێدەنگە بۆیە زەلکاوی کۆنەپەرستی بۆنی ولات ناخۆش دەکات، زۆرێک لە خەڵکی ئێمە کاتێک خۆیان نایانەوێت کارێک بکەن، داواش دەکەن تۆش بێدەنگ بیت. بێدەنگی دەردی کوشندەی کەسانێک کە درك بە ناماقولیەکان دەکەن. ئەمە وەستاندنەوەی دەوێت هەر ڕۆژەی بە جۆرێک بلندگۆیان لە خزمەتی پیاوسالاری و کۆنەخوازی گرمەی دێت. تەنها هێزی یەکگرتووی مەدەنی ئەم گەمەیە کز دەکات. نموونە مەلا دکتۆر… هەر یەك بە ناوێک زەهر دەڕژێت دەسەلاتیتش سوودمەندە لە ناهۆشیاری و پەرتو بڵاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازن…..
++++
وەرە ئافرەتەکان لە دائیرەکان دەربکە تاکۆ بزانە چەند جیگا بەتال دەبیت بۆ گەنجەکان کە بەتاڵن؟ پێوست نیە هەر ئەو ژنانەی کارمەندن مانبگرن لە جیگای خۆشیانەوە بیت یەک سەعات بەرامبەر بەم گوتارە نابەجێیە.؟ کۆنە خوازی دژە ژن تۆێ. وڵاتان تێكدا بەسەر یەکدا بە گوتاری نابەجێ. قوباد تاڵەبانی باسی تەندوتیژی دەکات. فەرموو ئەمەش یەکێک لە سەرچاوەکان وەک قوڕاو و زەلکاو وایە ئەم قسانە. بەڵام کۆمەڵگەی کوردستان زۆر لەوە زیاتر شارستانیترە تۆ و هاوڵەکانت بیری لێدەکەنەوە.

به‌هار شێخ مونزیر هه‌ورامی
چالاكوانی مافه‌كانی ژنان

بەشداربن لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بەناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران بۆ کوردستان

بانگەوازێك لە فیدراسیۆنی پەنابەرانەوە:

بەشداربن لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بەناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران بۆ کوردستان
رۆژی سێ شەممە: ٢٤/٥/٢٠٢٢
کاتژمێر: ٢ی پاشنیوەرۆ
شوێن: بەردەم وەزارەتی ناوخۆ لەلەندەن
2 Marsham St, London SW1P 4DF
نزیکترین ئیستگای قیتار: Westminster Station and St. James’s Park

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا حکومەتی بەریتانیا هه‌ڵمه‌تێکی گرتنی پەنابەرانی کوردی لەکاتی ئیمزاکردندا دەستپێکردوە و تا ئێستا چەند پەنابەر کە بەشێکیان خاوەنی خیزان و منداڵن و ژیانیان لە وڵاتی بەریتانیا دامەزراندوە، لەگرتووخانەی دەستبەسەر لەلەندەن ڕاگیراون وابڕیارە پێچەوانە بەخواستی خۆیان رۆژی ٣١ ئەم مانگە دیپۆرتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بکرینەوە. Read More »

دادگاییکردنی پێنج چالاکوانی شێلادزێ لەدادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت

بڕیاره‌ ڕۆژی‌ دوشەممە 2022/5/16، دادگاییکردی پێنج چالاکوانی زیندانیکراوی شێلادزێ لەدادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەبچێت. نوێنەری چالاكوانه‌ زیندانییكراوه‌كانیش داوای‌ هه‌ڵوێست له‌یه‌كێتی‌‌، گۆڕان‌، نه‌وه‌ی‌ نوێ‌، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ ده‌كات كه‌ له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بن.

 ئەیھان سەعید، رۆژنامەنوس‌و نوێنەری زیندانیانی بادینان له‌بانگه‌وازێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، دوشەممە 2022/5/16 دادگاییکردی پێنج چالاکوانی بەناحەق زیندانیکراوی شێلادزێ لەدادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت.

ناوبراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئەو زیندانیانەی‌ دادگایی دەکرێن کادری یەکێتی‌و گۆڕان‌و نەوەی نوێی تێدایە بەمشێوەیە:
مەحمود ناجی صدیق (چالاکڤان‌و ھەلسۆراوی دیاری گۆڕان).. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چالاکڤان‌و خۆبەشی نەوەی نوێ).. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
کوڤان گارق جبرائیل (چالاکڤان).. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چالاکڤان).. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چالاکڤان‌و کادری یەکێتی).. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ پێویستە ھێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش وەکو کۆمەڵی دادگەری‌و یەکگرتوی ئیسلامی‌و چینی نوخبە ھەمان ھەڵوێست وەربگرن، چونکە ئەم زیندانیانە خەلِکی سەربەخۆشی تێدایەو لەسەر ڕەخنەو خۆپیشاندان بۆ ماف‌و موچە دەستگیرکراون کە پرسێکی گشتیییەو ئەرکی ھەمو لایەکە دژی ئەم نادادیە بوەستێت.

ده‌قی‌ بانگوازه‌كه‌ی‌ ئەیھان سەعید – رۆژنامەنوس‌و نوێنەری زیندانیانی بادینان:

سێ خەجاڵەتننامەو یەک بانگەواز بۆ زیندانیانی بادینان

(گۆڕان، یەکێتی‌و نەوەی نوێ‌و لایەنەکان یەک توز وەفا بۆ کادرەکانتان ھەبێت‌و لەبەردەم دادگا ئامادەبن).

دوو شەممە ١٦/٥/٢٠٢٢ دادگاییکردی پێنج چالاکوانی بەناحەق زیندانیکراوی شێلادزێ لەدادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت.
لەم دوسیەیەدا دەبێت سێ لایەن خەجالەت بن:
یەکەم: دەبێت پارتی خەجالەت بێت و فێری ئەلف و بێی دیموکراسی ببێت و چیتر بە ناحەق و بە نایاسایی چالاکوان و رۆژنامەڤان لەسەر بۆچونی جیاواز و خۆپیشاندانی مەدەنی زیندانی نەکات و بە چەک و زەبروزەنگ خەلکی بادینان سەرکوت نەکات تا خۆی بسەپێنێت.

دووەم: دەبێت دەستەڵاتی دادوەری لەم ھەرێمە خەجالەت بێت و سەروەری خۆیان بپارێزن، نەکەونە ژێر ڕکێفی حزب و ئەمر لە ھێزە ئەمنیەکەیان وەربگرن.

سێیەم: دەبێت یەکێتی، گۆڕان و نەوەی نوێ خەجالەت بن کە کادرەکانیان لە زیندانن و ئەوانیش تەنیا خەریکی بەیاننامەی بێکردار و چەند راپۆرتێکی میدیایین، ئەگەر ڕاست دەکەن گشتان لەبەردەم دادگا ئامادەبن.

ئەو زیندانیانە تازە دادگایی دەکرێن کادری یەکێتی، گۆڕان و نەوەی نوێی تێدانە کە باجیان داوە و ھێشتا رەسمی پرۆفایلیان لۆگۆی ئەم حزبانەن و سەربەخۆشی تێدایە بەم شێوەیە:
مەحمود ناجی صدیق (چاڵاکڤان و ھەلسۆراوی دیاری
گۆڕان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاکڤان و خۆبەشی نەوەی نوێ) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
کوڤان گارق جبرائیل (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاکڤان و کادری یەکێتی) ..
شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

یەک تکاو بانگەواز بۆ لایەنەکان:
ئەگەر سەرکردایەتی ئەم سێ ھێزە یەک توز شعور و وەفیان بۆ کادرەکانیان ھەبێت رۆژی دوو شەممە پێنج ھەزار ئەندام و کادرو لایەنگری خۆتان لەبەردەم دادگا کۆدەکەنەوە یاخۆد کەسی یەکەمی حزبەکان و جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرکردایەتی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بچنە بەردەم دادگا نەک تەنیا چەند پەرلەمانتارێک کە پشتریش ھەلوێستی باشیان ھەبوو.

بە دیدگای ئێمە ئەگەر ئەمە نەکەن دوو ئەگەر ھەیە:
یەکەم: یان بڕواتان بە خەباتی مەدەنی و  ھەلوێست وەرگرتن نیە، تەنیا سیاسەتکردن بە سەرکۆرسی و پشت مێزەکان دەزانن و غرورتان رێگە نادات کاتژمێرێک بۆ کادرەکانتان بچنە دەرەوی ژورەکانتان، لە کاتێکدا ئەوان ٥٤٧ رۆژە لە زیندان ئازار دەچێژن.

دووەم: ئەگەر ناتوانن ئەندامانتان خرکەنەوە واتە پێگەی جەماوەریتان نەماوە و چارەیێ لە دۆخی خۆتان بکەن، یان دەتوانن و لەگەڵ درۆشم و پرەنسیپەکانتان ڕاست ناکەن و ناتانەوێ دڵی پارتی لە خۆتان بڕەنجێنن.
بێگومان پێویستە ھێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش وەکو کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و چینی نوخبە ھەمان ھەلوێست وەربگرن، چونکە ئەم زیندانیانە خەلکی سەربەخۆشی تێدایە و لەسەر ڕەخنەو خۆپیشاندان بۆ ماف و موچە دەستگیرکراەن کە پرسێکی گشتیی یە و ئەرکی ھەموو لایەکە دژی ئەم نادادیە بوەستێت.

دوسیەی زیندانیانی بادینان لەوە دەرچوە باسی نایاسایی بونی و جۆری ئەشکەنجە و ھەڕەشەی لەسەریان بکەین ، ھەر لە شێوازی ڕفاندنیان و رێگەپێنەدان بۆ بینینی پارێزەری خۆیان کە بەپێ (اصول محاكمات جزائیه‌) بکۆژێکیش مافی پارێزەری ھەیە، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا دۆسیەکەیان بچێتە دادگا، بەڵام ساڵێک و شەش مانگە ئاسایشی پارتی رێگربوون لە ڕەوانەکردنی دوسیەکە بۆ دادگا.

چاوەڕێی ھەلوێستی لایەنەکان و ئازادبونی زیندانیانی بادینانین، لە ئەگەری ھەر بڕیارێکی نادادپەروەرانەدا مژدەی شکستێکی دیکە بە پارتی دەدەین کە سومعەیان لەسەر ئاستی دەرەوە ناشیرینتر دەبێت، لە ھەڵبژاردنی چون پێشتر بادینان ئێوەی سزادا و تەنیا لە دھۆک ١٣٧ ھەزار دەنگتان لەدەستدا ئەمجارە دەنگەکانتان زیاتر کەم دەبێت.
تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین، چونکە ئەوان بێ تاوانن و ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن.

ئەیھان سەعید – رۆژنامەنوس و نوێنەری زیندانیانی بادینان
١٤ی ٥ی ٢٠٢٢

١٠ ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان رووبەڕووی مەترسیی برسێتی بوونەتەوە

رێکخراوی رزگاری منداڵان کە رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنیی نێودەوڵەتییە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە وڵاتی ئەفغانستان نزیکەی ١٠ ملیۆن منداڵ رووبەڕووی مەترسیی برسێتی بوونەتەوە.

ئاشکراشیکردووە، ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەشی رێگرتن لە برسێتی لە ئەفغانستان ناکات کە ساڵانێکی زۆرە بەدەست پێکدادان، تەقینەوە و ناسەقامگیریی سیاسی دەناڵێنێت، جگە لەو قەیرانە ئابووریەی کە وڵاتەکەی گرتووتەوە، نزیکەی ١٠ ملیۆن منداڵ بەھۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و وشکەساڵییەوە رووبەڕووی مەترسیی برسێتی بوونەتەوە.

هاوکات باسی لەوەشکردووە، ھەرچەندە ئەو ھاوکارییە نێودەوڵەتییانەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دراوە بە ئەفغانستان زیادیکردووە بەڵام لە سەدا ٥٠ی دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستیان بە ھاوکاری مرۆیی خێرا ھەیە.

لایخۆشیەوە ئاتیا رایبورن بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی رزگاری منداڵان ئەوەی خستەڕوو، منداڵانی ئەفغانستان باجی سیاسەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە دژی ئەفغانستان دەدەنەوە وھاوکارییەکان تەنانەت بەشی رزگارکردنی ژیانیان ناکات.

هەروەها، ئاتیا رایبورن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد کە چارەسەری ھەمیشەیی بۆ قەیرانی ئابووریی ئەفغانستان بدۆزنەوە دەشڵێت، “سەردەم سەردەمی پشتکردن لە منداڵانی ئەفغانستان نییە.”

شایەتحاڵی راستییەكان،دەنگێكی بزێو لە رامەڵا بێدەنگ كرا

شیرین ئەبو عاقله

ئیسماعیل عوسمان:

خەریكی نوسینی توێژینەوەیەك بووم، گوێبیستی كەناڵی (الجزیرە) ئینگلیزی بووم، لەپڕ هەواڵێكی زۆر شۆکهێنەر رایگرتم، ئەویش كوژرانی شیرین ئەبو عاقلە پەیامنێری بوێر و شایەتحاڵی گواستنەوەی راستیەكانی فەلەستین بوو، بەراستی تاساندمی، چونكە سەردەمانێكی زۆر كە سەیری كەناڵی جەزیرەم دەكرد، هەمیشە بە شێواز و دەربرین و جوڵە و حەرەكی ئەم كچە رۆژنامەنووسە سەرسام بووم.

شیرین دەنگێكی بوێری ژنانەی دونیای رۆژنامەنووسی عەرەبی بوو، من دەنگ و رەنگی ئەوم لە سەردەمی لاویدا بەرچاو و گوێ كەوتووە، بوێری و ئازای و وریایی و جوڵەی بەردەم كامێرا و تێكستە ناسك و جوانەكانی بووبووە بەشێك لە ژیانی رۆژانەی چیرۆكە زوڵمڵێكراوەكانی خەڵكی فەلەستین، هەمیشەش لە هەركات دەردەكەوت گوێ بیستی دەبووین بۆ ئەوەی گوێمان لەدواین گۆرانكارییەكانی فەڵەستین بێت.

ئەو بوو دەنگە كپكراوەكانی خەڵكی زوڵمێكراوی فەلەستینی بە دەنگێكی غەمگیندەگواستەوە، دەیكردە فرێمی فیلمی ریپۆرتە سەرنج راكێشەكانی، ئەو بوو دەیویست رەنگی ماڵە وێرانكراوەكانی فەلەستین بخاتە سەر شاشەكانی تەلەفزیۆن و پیشانی جیهانی بدات، شیرین بوو بە زارێكی شرین تراژیدیای كوشتنی خەڵكی موسوڵمانی فەلەستینی دەگواستەوە و چركە بەچركە و سات بەسات لەگەڵ ئازار و غەمەكانیاندا دەژیا، ئەوبوو غەم و ئازارەكانی فەلەستیەكانی دەگەیاندە جیهان.

شیرین لەساڵی 1971 لە فەلەستین لەدایكبووە، هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكیە،دوای تەواوكردنی خوێندنی دواناوەندی لە بەشی ئەندازیاری وەردەگیرێت بۆماوەی ساڵێك، بەڵام دواتر دەگرێتەوە بەشی میدیا، چونكە خەونەكانی خۆی لەوێدا دەبێنتەوە، هەر ئەوەش وادەكات چارەكە سەدەیەك درێژە بەكارە میدیایەكانی بدات.

شیرین (رجل عمل صحافە) بوو، توانی هزرو بیركردنەوەی ئێمە لە كوردستانێكی دوورە دەستەوە پەلكێشی دونیای فەلەستین بكات، هەمیشە دەیویست دەنگی منداڵی فەلەستین لە رۆژانی جەژن و بۆنە ئیسلامیەكان بگەیەنێتە جیهان بۆ ئەوەی نادادی كۆمەڵایەتی ئیسرائیلیەكا پیشان بدات، ئەو بوو توانی رۆحی خۆی بخاتە مەترسییەوه بۆ ئەوەی چیرۆكە هەژێنەرەكان لە زومی كامێراكەیەوە بگێرێتەوە، ببێتە شایەتحاڵ و گیرەرەوەی مێژووی نوسراوی فەلەستین، بوێری و چاونەترسی لە رۆژنامەنووسە وادەكات چیرۆكەكان بۆ مێژوو بنوسێتەوە، خۆشی بكاتە تۆمارێكی جەرگبری مێژوو.

چیرۆكی كوژرانی شیرین ئەبوعەقلە هاوشێوەی چیرۆكی كوژرانی (تارق ئەیوب) بوو لە بەغداد بەدەستی هێزەكانی ئەمریكا، لە ئوتێل فەلەستین، چونكە ئەویش لەرێگای قەناسەوە بەهەمان شێوە شەهیدكرا.

شیرینی رۆژنامەنووس، سەرلەبەیانی 11ی 5ی 2022 لە كاتی رۆماڵی رۆژنامەنووسی لەگەڵ هاورێكانیدا، لەفەلەسیتن شەهیدكرا، بەپێ ووتەی دكتۆری توێكاری لە پزیشكی دادوەری فەلەستین، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی ئەوەی خستەروو كە فیشەكەكە لە نزیكەوە لبێدراوە و بەر سەری كەوتووە، فیشەكەكەش نێراوە بۆ بەشی توێكاری تاوانەكان، بۆئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بكرێت.

بەپی ووتەی بەرپرسی نوسینگەی رامەڵای جەزیرە كە كاتژمێر دووی دوای نیوەرۆ لە بەردەم پزیشكی دادوەری فەلەستین بوو، ووتی “شیرین لە كاتی دابەزین بووە لە ئۆتۆمبیلەكەی لەگەڵ هاور رۆژنامەنوسەكانی كە نزیكەی 6-7 كەس بوون، جل و غودەی رۆژنامەنوسی لەسەركردووە، بەڵام راستەوخۆ گولەیەكیان لەشیرین داوە، چونكە ویستی كوشتنیان هەبووە، ئەمە لە كاتێكدا ئەو شوێنەش شوێنكی پارێزراوە و ئاسای بووە بۆ رۆژنامەنووسان… بۆیە سەرخۆشی لە خۆمان و كەناڵی الجزیرە و هاوریان و خەڵكی فەلەستین دەكەین

بەپی ووتەی پەیامنێری بی بی سی عەرەبی، كە راستەوخۆ لە رامەڵاوە قسەی دەكرد، ووتی شیرین كە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانج كراوە ئەگەرچی ئەو جل و بەرگی رۆژنامەنووسی لەبەردابووە لەسەری نوسراوە (press).

ئێمەی رۆژنامەنووسان لەهەركوێ دونیا بین، هەموومان چیرۆكێكی هاوبەشمان هەیە كە ئەویش گێرانەوە و گواستنەوەی راستی روداوەكانە بۆ جیهان، جەستەیەكی پێكەوەین، بۆیە لە هەر كوێ بین رۆح و جەستەیەكی هاوبەشمان هەیە، ئازاری هەریەكەمان ئازاری هەموومانە. روحی شەهیدە رۆژنامەنووسەكان لە جیهاندا شاد بێت

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە 644 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست خنکاون

ژمارەیەک کۆچبەر لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان لەلایەن پزیشکانی بێسنوورەوە رزگارکراون، ئەوان کە ژمارەیان 101 کۆچبەرە، شوێنەواری ئەشکەنجە بە لەشیانەوە دیارە و دەڵێن، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە ئازار دراون.
محەممەد فەزلوڵڵا، پزیشک لە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت، “ئێمە بە زۆری شوێنی برینی چەقۆ، گولـلە و داخکردن بە لەشیانەوە دەبینین. تەنانەت بەشێکیان بە کارەبا، دار و سۆندەش ئەشکەنجەدراون.”
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتی خۆیدا دەڵێت، لە ساڵی 2021دا، 31 هەزار کۆچبەر هەوڵی پەڕینەوەیان لە دەریای نێوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا داوە و سێ هەزار و 77 کەسیان خنکاون.
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 644 کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوەیان لە دەریای نێوەڕاستدا خنکاون یانیش بێسەروشوێن بوون.
دەریای ئیجە یەكێکە لەو رێڕەوە سەرەکییانەی هاونیشتمانییان و کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بەکاری دەهێنن. 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2021دا، چوار هەزار و 109 کۆچبەر لە دەریای ئیجەوە بۆ یۆنان پەڕیونەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش، لە ساڵی 2021دا، 17 هەزار و 587 کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوەیان لە ئیجەدا دەستگیرکراون.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سێ کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوە بۆ یۆنان لە دەریای ئیجەدا خنکاون. هەزار و 261 کۆچبەر و 56 قاچاخچیش دەستگیرکراون.

بێریڤان ئەیوب: هێزە ئەمنییەکان نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکردم

هاوپشتی:هەولێر
بێریڤان ئەیوب، ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوو ناڕاست بوون و بێتاوان دەرچوو، دەشڵێت: سەرەتای دەستگیرکردنم هێزە ئەمنییەکان نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ کردم و ١٥ ڕۆژ لەژووری تاکەکەسیی دایاننام.

بێریڤان ئەیوب، چالاکوانی بادینان، دوای مانەوەی بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ لە زینداندا، ڕۆژی ٦ی مارس بەپێی بە دوو ساڵ زیندانیكردن سزادرا و ئەمڕۆش بە ئازادکردنی مەرجدار، کە بڕگەیەکی یاساییە و لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا کاری پێدەکرێت، ئازاد کرا.

بێریڤان ئەیوب دوای ئازادبوونی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا  سوپاسی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، چالاکوانان، پارێزەران و سەرجەم ئەو کەسانەی کرد، کە پشتیوانییان لێکردووە.

بێریڤان ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوون ڕاست نەبوون و بێتاوان دەرچوو، ئەو تەنیا ڕەخنەی لە دەسەڵات گرتبوو، داوای ماف و مووچەی هاوڵاتیانی کردبوو.

لەبارەی دۆخی تەندروستیشیەوە بێریڤان وتی: تووشی شەکرە بووم، چاوەکانم بە باشیی نابینن، هەشت جار مانم لە خواردن گرت، بۆ ئەوەی کەیسەکەم یەکلایی بکرێتەوە.

هەروەها، ئاماژەی بە مامەڵی خراپی هێزە ئەمنییەکان کرد لەگەڵیدا و وتی: سەرەتا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسییدا بووم، مامەڵەیان باش نەبوو، نامرۆڤانە بوو.

هەر لەو کۆنگرەیەدا، پارێزەر بەشدار حەسەن، ڕایگەیاند: لە سەرەتای دەستگیرکردنیدا، مامەڵەی تەندروست و یاسایی لەگەڵ نەکراوە.

بێریڤان ئەیوب حەسەن، چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی پارێزگای دھۆک كه‌ دایکی پێنج منداڵە، لە ١٣ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە، لە پارێزگای ھەولێر بەپێی ماددەی ١ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ کە تایبەتە بە “تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی” دەستگیرکرا.

خانەوادەی سەربەرزی شەهید سەردەشت عوسمان

سەنتەری میترۆ لە لەحزەی دیارنەمانی جوانەمەرگ تا ئەمڕۆ نزیك بووە لە خەمو داواكارییەكانتان. ئەمرۆش هەمان خەمی ئێوەو هەمان داواكاری ئێوەمان هەیە، خانەوادە سەربەرزەكەی سەردەشت.
تا هەنوكە سیستمی قەزایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق لە كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان كەومتەرخەم بووە. تەنانەت یەك كەیسی تیرۆرمان نییە بەوانەشەوە كە لێكۆلینەوەی زۆری تیا كراوە رای گشتی و خانەوادەی رۆژنامەنوسە تیررۆركراوەكان رازی كردبێت.
كەیسی سەردەشت عوسمان نمونەی زەقی دەربازبوونی بكوژانە لەو تاوانەی لە ئەستۆیانە.
سڵاو و درود بۆ قوربانیانی بواری كاری میدیا
درود بۆ گیانی ئەو رۆژنامەنوسانە كە تەنها لەبەر كارەكانیان تیرۆر كران، وبكوژەكانیان دەربازیان بووە لە سزا، یا لەبەرەكانی جەنگدا بە هۆی كارەكەیانەوە شەهید كراون و بكوژانیان دیار نین، یا بكوژەكان دیارن و دەستی یاسا نایانگاتی.
ریسوایی بۆ بكوژی رۆژنامەنوسان

بەرنامەی تایبەتی کەناڵی هیوا لە یادی شەهید سەردەشت

بەرنامەی تایبەتی کەناڵی هیوا لە یادی شەهید سەردەشت