Author Archives: Hawpshti Media

هەموو خولەكێك (11) كەس لە برسان دەمرن

ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، هەموو خولەكێك (11) كەس بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەست دەدەن، ئەو ژمارەیەش زۆر زیاترە لەگیان لەدەستدان بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە.

ڕێكخراوی ئۆكسفام ڕێكخراوێكی مرۆیی بەریتانییە راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەكردووە، گیان لەدەستدان بەهۆی برسێتییەوە لەجیهان گەیشتۆتە قۆناغێكی مەترسیدار، بەشێوەیەك كە لەهەموو خولەكێك (11) كەس گیان لەدەستدەدەن.

هەروەها ئۆكسفام باسی لەوەشكردووە، لە حاڵی ئێستادا لەجیهان هەموو خولەكێك (7) كەس بەهۆی كۆڕۆنا گیان لەدەستدەدەن، بەڵام مردن بەهۆی برسێتییەوە ڕێژەكەی زۆر بەرزترە.

باسیش لەوەكراوە، لە ساڵی (2020) كاتێك مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەرز بوویەوە، برسێتی زیاتر دەركەوت، بەشێوەیەك تەنها ساڵی رابردوو ڕێژەی برسێتی شەش هێندە بەرز بوویەوە.

ڕێكخراوەكە رایگەیاندووە، لە ئێستا لەجیهان (155) ملیۆن كەس بەهۆی بەدخۆراكییەوە دەناڵێنن، بە بەراورد بە ساڵی رابردووش (20) ملیۆن كەس زیادی كردووە.

تەرمی كوڕ و كچێك لە ناحیەی سنونێ دۆزرایەوە

عەمار عەزیز – كەركوك ناو-هاوپشتی

تەرمی كوڕ و كچێك لەلایەن شوانێكەوە لە سنوری ناحیەی سنونێ دەدۆزرێنەوە، ئەوەش لە روداوێكی تەمومژاوی دێت دوای 24 كاتژمێر لە دیارنەمانیان.

كوڕەكە درید خالد (31ساڵ) هاوسەرگیری كردووە و كچێكی هەیە، ئێوارەی 7ی تەمموز تەرمەكەی لەگەڵ كچێكدا بەناوی ساندرا خەلیل (21 ساڵ) لە گوندێ ئادیكا ناحیەی سنونێ دەدۆزرێتەوە و شوێنەواری فیشەك بە جەستەیانەوە بووە.

چیرۆكەكە لە ماڵی درید-ەوە چۆن بووە؟

درید ئێوارەی 5ی تەمموز، ئاهەنگی دەرچونی گێڕا لە بەشی دەرونناسی زانكۆی دهۆك، بۆ رۆژی دواتر بە ئۆتۆمبێلەكەی باوكی بەناوی گەشتەوە چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە.

خەلیل یوسف (مامى درید)، دەڵێت درید-ی برازای بەیانی 6ی تەمموز بە ئۆتۆمبێلەكەی باوكی لە ماڵ چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە. بەڵام وتی “روداوەكە دوای ئەوە دێت كە درید پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ساندرا-دا هەبووە، هەمان رۆژ لە ناحیەی سنونێ ساندرای بینیوە و پێكەوە چونەتە ناو ئۆتۆمبێلەكەوە كە درید شۆفێری كردووە”.

خەلیل دەڵێت “ئەو زانیارییانەم لە خوشكی ساندرا وەرگرتووە كە دوای دیارنەمانی هەردوكیان لەڕێی تەلەفونەوە كاتژمێر 6:10 خولەكی ئێوارەی هەمان رۆژ بۆی گێڕامەوە”.

هێشتا نازانرێن خوشكی ساندرا چۆن ژمارە تەلوفنی مامی درید-ی دەستكەوتووە. بەڵام لەو شەوەدا جارێكی تریش پەیوەندی بە خەلیلەوە دەكات و هەواڵی ساندرای خوشكی و درید دەپرسێت.

“پرسیاری لێكردم بۆچی ژمارەی درید داخراوە، ئایا هیچ هەواڵێك دەزانم، منیش وتم ئاگام لە هیچ نییە”، خەلیل وایوت.

كەسوكاری درید و ساندرا هیچ خزمایەتییەكیان لە نێواندا نییە، ئەوەی هەیە هەردوكیان خەڵكی ناحیەی سنونێن سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

لەگەڵ خۆرئاوابوندا لە 6ی تەمموز، كەسوكاری هەردولا دەكەونە دڵەڕاوكێوە و پەیوەندی بە پۆلیس و بازگەكانەوە دەكەن.

خەلیل وتی “کاتژمێر 8ى شەو بوو، كەسێك تەلەفونی بۆ كردم و داوای لێكردم بچمە بنكەی پۆلیسی ناحیەی سنونێ، وتم تۆ كێیت وتی باوكی ساندرام… كوڕەكەتان كچەكەی رفاندوم”.

خەلیل لەگەڵ كەسوكاری دەچێتە بنكەی پۆلیس و لەوێ بە ئامادەبونی پۆلیس دەكەونە گفتوگۆ.

“لەوێ تەلەفونم بۆ خوشکى ساندرا کرد و کردمە سەماعە خارجى، پێموت تۆ ئاگاداری روداوەكەیت و تەلەفونت بۆ كردوم، وتت ساندرا بە ئارەزوی خۆی لەگەڵ درید چۆتە دەرەوە، بۆچی ئێستا دەڵێن رفاندویەتی؟”، ئەو گفتوگۆیە چەند خولەكێك بە ئامادەبونی ئەفسەری بنكەكە بەردەوام دەبێت.

هەر لەوێ خەلیل خودێدا، باوكی ساندرا سكاڵا لە دژی درید تۆمار دەكات.

رۆژی دواتر 7ی تەمموز، بنكەی پۆلیسی سنونێ كەسوكاری هەردولا ئاگاداردەكەنەوە لە دۆزینەوەی تەرمی درید و ساندرا لە گوندی ئادیكا سەر بە سنونێ.

مامی درید وتی “شوانێك تەرمەكانی دۆزیوەتەوە، تەرمی درید هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بووە، بەڵام كچەكە لە نزیك ئۆتۆمبێلەكە بووە و گولـلە لە سەریان دراوە”.

“من ژنێكی تر دەهێنم”

كەسوكاری درید ئەو دەستەواژەیەیان چەندین جار لە دەمی دریدەوە بیستووە لەوانەش خەلیل یوسف-ی مامی.

خەلیل وتی “درید بە ژنەکەشی وتووە كچێكی خۆشدەوێت ناوی ساندرایە، بەو هۆیەوە چەند جارێك كێشە لە نێوان درێد و هاوژینەكەی دروستبووە هەر بەهۆی ساندراوە…”.

“نازانین کێ ئەم تاوانەى کردووە، گومانمان بۆ هیچ کەس و لایەنێك ناچێت، چاوەڕێی لێکوڵینەوەکانى پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین”، مامی درید وایوت.

چیرۆكەكە لە ماڵی ساندرا-ەوە

باوكی ساندرا (خەلیل خودێدا)، پیشەی پۆلیسە و رۆژی دیارنەمانی كچەكەی دەوامی هەبووە، بە (كەركوك ناو)ی وت “لەماڵەوە تەلەفونیان بۆ كردم و وتیان ساندرا چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە”.

خەلیل دەگەڕێتە ماڵەوە و تەلەفون بۆ ژمارەكەی ساندرا دەكات بەڵام داخراوە.

“پرسیارم لەماڵەوە كرد تا بزانم چۆن و لەگەڵ كێ چۆتە دەرەوە، كچێكی ترم وتی: ساندرا لەگەڵ کوڕێک چۆتە دەرەوە، نازانم خەڵکى كوێیە”، خەلیل دوای پرسیاركردنی زیاتر كەسوكاری كوڕەكە لەوانەش ژمارەی مامی درید-ی دەستدەكەوێت.

ئەو لەگەڵ مامی درید قسە دەكات و دواتر بە تۆمەتی رفاندنی كچەكەیان سكاڵایان لە دژ تۆمار دەكات.

“هیچ رۆژێک کچەکەم پێینەوتوم، پەیوەندیم لەگەڵ درید هەیە یان دەمەوێت شوى پێبکەم، خۆزگە لە دوای رفاندنی كچەكەم، درید تەلەفونی بۆ دەكردم و داوای كچەكەی لێدەكردم، قەسەم بەخوا پێمدەوت لەسەر خێربێت (رازیم)”، باوكی ساندرا وتی “ئەو کارەى درید كردویەتی بەبێ ئاگاداری من بووە، بۆیە لە مافى کچەکەم خۆشنابم”.

نیوەڕۆی پێنجشەممە 8ی تەمموز، تەرمی درید و ساندرا دوای گەڕانەوەیان لە پزیشكی دادوەری موسڵ لە سنونێ بەخاكسپێردران. بەڵام (كەركوك ناو) هیچ زانیارییەكی لەسەر راپۆرتی پزیشكی دەستنەكەوت.

ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوى راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى شنگال، جگە لە باسكردنی دۆزینەوەی تەرمەكان ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەكی تر بدركێنێت. “نەوەك كاریگەری هەبێت لەسەر رێڕەوی لێكۆڵینەوەكانیان”، ئەو وایوت.

خەلیل خودێدا دەڵێت ئەو تەنیا دوو گومانی هەیە لەو روداوە، یان درید دوای كوشتنی ساندرا خۆیشی كوشتووە، “یان ماڵە خەزورانی درید دەستیان لەو كارەدا هەبووە”. لەگەڵئەوەشدا وتی “رەنگە هیچ یەكێك لەم گومانانەش راستنەبن دەبێت چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكان بكەین”.

ئەو كە قسەی لەگەڵ خەزوری درید-دا كردووە، دەڵێت “هاوژینی درید بە توڕەیى و نیگەرانییەوە چۆتەوە ماڵی باوكی و تەنانەت كچەكەشی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە و بەجێیهێشتووە”.

سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووسێکی تری بادیناندا سەپێندرا

لە دانیشتنێکى دادگادا کە بەنهێنى بەڕێوەچوو حەوت ساڵ زیندانی‌ به‌سه‌ر رۆژنامه‌نوس قارەمان شوکری سه‌پێنرا. 
کەسوکارى رۆژنامەوان قارەمان شوکری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەکرد” قارەمان بە نهێنى دادگایى کراوە و بە حەوت ساڵ زیندانى سزادراوە، ئەوەى بەرامبەر ئەوان دەکرێت زوڵمە و سزادانێکى نایاساییە”. 

قارەمان شوکری تەمەنی ٢٤ ساڵە و دانیشتووی كۆمەڵگەی سیرێ-یە لە شیلادزێ، تائێستا سێ جار لە ماوەی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیرکراوە. 

جێی باسە ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ گیراوەکانی ناوچەی بادینان پەسەند کرد و دۆسیەکەی داخست. 

پەیامێکی گرنگ لە زیندانیانی بادینانەوە بۆ رای گشتی

(داوا لە گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوە نوێ دەکەین و بچنە سەر شەقامەکان، ئەگەر ئێوە بە فعلی رێگربن ناتوانێ لەسەر ئەم زوڵمە بەردەوام بێت)
چواشەممە(7\7\2021)چالاکوان و رۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکانی بادینان بەجیا پەیوەندی تێلەفۆنیان بە خێزانەکانیانەوە کردوە، چەند پەیامێکیان ھەبوە:
– ئاگادارین حوکمەکەمان پەسەند بویە و ھاورێکانیشمان حوکم دەدرێن ئەمەش بریارێکی نا یاسایی و نەدادپەروەرانەیە لە یەکەم رۆژی رفاندمانەوە تا ئێستا زوڵمان لێدەکرێت و سزادانمان بۆ ترساندنی خەلکی ھەرێمی کوردستان و بادینانە بۆ بەرژەوەندی پارتی و رێگێری لە خەباتی مەدەنی.
– ھەولبدەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم کارەساتە ئاگادار بکەنەوە، دوسیەکە دانەخەن، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان (UN)، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەین کە ئدیعای سیستەمێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن فشار بکەن و رێگربن لەم پرۆسەیە نادیموکراسییە.
– سوپاسی ھەموو خەلک و لایەنەکان دەکەین کە پاڵپشتمانن، ئێمە بێ تاوانین و سزادانی ئێمە پرسێکی گشتی یە و لەسەر ماف و ئازادی یە و ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی لەسەر ھەموو لایەکە بێدەنگ نەبێت، بویە داوا لە خەڵک و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن (کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ) دەکەین خۆپیشاندان بکەن، لایەنەکانی ناو دەستەڵات کە لەگەڵ ئەم بڕیارەی پارتی نین (یەکێتی و گۆڕان) بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و بە کشانەوە لەم کابینەیە و لەرێگای تیمی وزاری خۆیان رێگربن لەم ناعەدالەتیە، چونکە ئەمرۆ ئێمەو سوبەینێ نورەی ئێوەیە ئەگەر گشتان دژی ئەم بڕیارە بن لەسەر ئەم زوڵمە بەردەوام بێت کە ئەم ولاتەی ئیفلیج کردوە، نەک لایەنەکقن بەڵکو پێویستە کەسە بۆچۆن جیاوازەکانی نێو پارتیش رێگربن لەم پرۆسەیە کە سومعەی ھەرێمەکەشمان ناشیرین کردوە.
– شوێنمان لە زیندانی ئاسایشی گشتی زۆر خراپە و دوخی تەندروستی بەشێکمان باش نیە، بەپێ یاسا دوای حوکم دەبێت ئێمە نەقلی چاکسازی زرکای گەوران لە دھۆک بکرێین چونکە دانیشتوی ئەو پارێزگایەین.
ئەو تومەتانەی لە لایەن دادگاکانی هه ولئره وه دەخرێنە پاڵمان راست نین، کە ئێمە بە چەکدارو تیرۆرست و سیخۆر لە قەلەم دەدرێن، کاتێکدا ئێمە خۆمان بە خەمخوری ئەم وڵاتە دەزانین کە پێکدێین لە (رۆژنامەنوس، چالاکوان، پێشمەرگەی دێرین، مامۆستا، دکتور، ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ) بۆچۆنی جیاوازو خەباتێکی مەدەنیمان ھەبوە و زیانمان بۆ دارو درەختێکی ئەم نیشتیمانە نەبویە، بەڵام سەربڵندین لەسەر مافی خەڵک لە زیندانداین و ورەمان بەرزە.
گروپی کەسوکاری زیندانیانی بادینان
٧/٧/٢٠٢١

باڵۆنەکەی لاهور تاڵەبانی فشدەبێتەوە

کمال چۆمانی:
لاهور تاڵەبانی لە روکەشدا ویستی چاکسازیی نیشاندا، بەڵام لە جەوهەردا ویستی دەستەڵاتخوازیی هەبو و هەیە. دو کوڕەکەی تاڵەبانی بڕوایان بەوە نییە دەستەڵات لەگەڵ ئامۆزایەک بەشبکەن کە بە بەشێکی بنەماڵەی دانانێن، بۆیە ئێستا دەیانەوێت روی ئامۆزاکەیان بشکێنن و نیشانی خەڵک و یەکێتییەکانی بدەن لاهور تاڵەبانی بێدەستەڵات و شکۆیە.
لاهور تاڵەبانی قەرەباڵغییەکی زۆری دروستکرد، بەڵام جگە لە کۆکردنەوەی دەستەڵاتەکان لە دەوروبەری خۆی و هێنانی بزنسی زیاتر بۆ ژێر رکێفی خۆی، تەنانەت نەیتوانی تاکە یەک چاکسازیی سادەش بکات. خەڵک و یەکێتییەکان لەو قەرەباڵغییە بێزار بون، بۆیە لاهور تاڵەبانی بەتەنها دەمێنێتەوە. ئەو نەیتوانی ئەو هاوپەیمانێتییانە بپارێزێت کە ئەویان گەیاندە هاوسەرۆکایەتیی، هەرزو وایزانی دەتوانێت هەموان پەراوێزبخات. ئەو لە پێکهاتەی هێز و دەستەڵاتیش تێنەگەییشتبو، وای دەزانی بەتەنها لەڕێی پارە و تۆقاندن و هەڕەشەوە دەتوانێت خۆی بسەپێنێت.
لاهور تاڵەبانی سەرەتا بە تاڵەبانیی خۆی ناساند، دواتر خۆی کرد بە لاهوڕ شێخ جەنگیی. ئەو وایزانی دەتوانی بنەماڵەی تاڵەبانی بخاتە لاوە، نەیدەزانی ماڵی تاڵەبانی پەیوەندییان لەگەڵ پارتیی بەهێزترە، پارتیی و ماڵی بارزانی لە ماڵی تاڵەبانییان باشتر دەستناکەوێت بۆ ئەوەی ئیدامە بە خۆسەپاندن بدەن. ئەوە لە روکەشدا خاڵی جیاوازیی لاهور تاڵەبانیی بو و هەمو وەبەرهێنانەکەی لەسەر دژایەتییکردنی ماڵی بارزانیی بو، بەڵام تاکە جارێکیش لە جەوهەردا نەیتوانی دژایەتییە میدیایییەکەی وەرگێڕێنێتە سەر واقیع.
لاهور تاڵەبانی یا لاهور شێخ جەنگیی دەبێت بزانێت، وەک چەند جارێکی دیکەش نوسیومانە -خەڵکی تر و منیش-، بۆ تێپەڕاندنی ئەو سیستەمە خەڵک نایەوێت تاکڕەوێک و گەندەڵێک بە تاکڕەو و گەندەڵێکی تر بگۆڕێتەوە. لاهور تاڵەبانی ئەگەر دەیەوێت، کە دیارە لەوەتەی بۆتە هاوسەرۆک نەیویستوە، دەبێت بە واقیعیی دژایەتییکردنی گەندەڵیی و تاکڕەوێتیی بکاتە مەبدەئ و چەقی کارکردنی، بەوەش لە خۆیەوە دەستپێبکات و کەسێکی دیموکراتیک و ناگەندەڵ بێت. ئەو سترەکچەری سیاسەتەی یەکڕیزیی کوردیی-بارزانیی تێپەڕێنێت و بەدوای هاوپەیمانێتیی تردا بگەڕێت. یەکێتیی لە حیزبێکەوە کە دەیەوێت بخاتە بن دەستی خۆیەوە بکاتە حیزبێکی دامەزراوەیی.
لاهوری شێخ جەنگیی نەیتوانی ئەمانە بکات، هەر بۆیە دو ئامۆزاکەی ئێستا دەتوانن بەو جۆرە روی بشکێنن. یەکێتییەکان ئەو ململانێییەی ئامۆزاکان بە ململانێی دەستەڵاتخوازیی دەزانن. چەند رۆژ و هەفتە و مانگی دادێ، نۆرەی کوڕانی شێخ جەنگیی دێت روی کوڕانی جەلال تاڵەبانیی بشکێنن، وەک لە رابردو کردبویان. ئەو ململانێییە، هیچ پەیوەندیی بە چاکسازیی و خزمەتی گشتییەوە نییە. میدیاکان کەمتر باسیدەکەن، لەبەرئەوەی بەشێکیان کڕدراون و بەشێکیشیان دەترسن.
ئامۆزاکان لە هەولێر و سلێمانیی چی دەکەن و چۆن لە یەکتر دەخەن، چۆن یەکتر ریسوا و بێزەلەت دەکەن، چۆن لە بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابورییەکانی یەکتر دەدەن، کێشەی خەڵک نییە. ئەو چەند وشانەی منیش تەنها بۆ ئەوەیە بیر خۆمان بخەینەوە ئامانجی گەل گۆڕانێکی ریشەیییە لە کۆی سیستەم. پێویستمان بە سیستەمێکە کە دەزگاکان لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی و لێهاتویی و دڵسۆزیی پۆستەکان دابەشبکات نەک لەسەر بنەمای کێ زیاتر لەسەر گۆڕی تاڵەبانی و بارزانی فرمێسکی تیمساحیی دەڕێژێت.
ئامۆزاکان لە هەولێر و سلێمانی هۆکاری زۆربەی هەرە زۆری نەهامەتییەکانی گەلی ئێمەن، ئەوان کۆی سیاسەت و بزنس و میدیا و پەیوەندیی ئیقلیمیی و دەرەکییان دەستبەسەرداگرتوە. ئەوان هەمو شتێک لە پێناو خۆیان و مانەوەی خۆیان دەکەن، هەمو شتێکیش دژ بە رەوتی چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەکەن. ئەوان کێشەن چارەسەریی نین.
گرنگە بیرمان نەچێت؛ سایک\دەرونی ئینسان پێکهاتەیەکی سەیرە، ویستی سامان و ناووبانگ و دەستەڵاتخوازیی، ئەو دەرونەی ئینسانی وێرانکردوە. ئەو روخسارە پێکەنیناوییانەی لەسەر شاشەکان دەیانبینین و بەشەوقەوە لەگەڵ یەکتر دەدوێن، لە ناوەوە داگیرکراون بە بیری شەیتانیی، دڵەڕاوکێ، رق، تۆڵەکردنەوە، شەڕانگێزیی و سترێس و خەمۆکیی. ئەوان لەناوەوە تێکشکاو و روخاون، بۆیە زۆر هیوایەکی کەم هەیە چاوەڕێی ئەوەیان لێ بکرێت کە ئێمە دەمانەوێت، و ئەو ویستی پێشبڕکێ و ململانێیەش لەگەڵ خزمە هاوتاکان و هاوڕێکانیان لە حیزبدا، ژیان و دەرونیانی شێواندوە و هەر بۆیەشە حوکمڕانییەکی شێواو و نەخۆشیان بەرهەمهێناوە.
پوختەی قسان، چونکە لاهور تاڵەبانی ئامانجی خۆی و بنەماڵە و هاوڕێ دەروێشەکانی خۆی بو، چونکە هیچ هەلێکی نەقۆستەوە بۆئەوەی بۆمان بسەلمێنێت کە دەیەوێت چاکسازیی ریشەیی ئەنجامبدات، تەنها باڵۆنێک بو لەڕێی میدیای کڕاوەوە فوی تێکرابو. ئێستا ئەو باڵۆنە هێدی هێدی کونی تێدەکرێن و فشدەبێتەوە. ئەوە دەرسێکی باشە بۆ لاهور و هەمو ئەوانەشی ویستێکیان هەیە لەناو سیاسەتدا شت بن؛ بێ هەبونی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی دیموکراتیک و عەدالەتخواز کە دەیەوێت سیستەم بگۆڕێت تا ژیانی خەڵک بگۆڕێت نەک هێرشبکاتە سەر سیستەم بۆ ئەوەی خۆی ببێتە بەشێک، هیچ کەسێک و سەرکردەیەک و حیزبێک ناتوانێت دەنگی گەل بەدەستبێنێت. هەر بۆ نمونەش، مەسرور بارزانی وا خۆی نیشاندەدات زۆر بەهێزە، بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ بێهێز نەبوە و کاتێک دەشکێت، هێند خراپ دەشکێت تەنانەت دەروێشە هەرە نزیکەکانی خۆیشی ئێستا لە حکومەت پشتی تێدەکەن. هەر سیاسەتێک نەخرێتە خزمەتی گشتییەوە مەحکومە بە شکست و تێکشکان.

هەمو ڕێگاکانی ئازادی دەچنەوە بادینان!

بەهزاد محسین :
دوای دوا بڕیاری مەسرور بارزانی و پارتی لەبارەی چەسپاندنی هاوڕێیانی بادینان، هەندێ گەوج یان گەوجێنراو گوتیان، دەسەڵات لە خراپترەوە بەرەو خراپ هەنگاوێکی باشی ناوە. برای ناڕۆشنبیر و نەخوێندەوار! ئەمە هەمان مێژوی بەعس و زۆر دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی ترە، Read More »

پارێزەرانى سزادراوانى بادینان: بڕیارەکەی دادگا زوڵمێکی گەورەیە

تیمى پارێزەرانی سزادراوانی بادینان رایانگەیاند، “دادگاى پێداچوونەوەی هەرێم بڕیارى شەش ساڵ زیاندانیکردنى بەسەر پێنج سزادراوەکەى بادیناندا جێگیرکرد و بڕیارەکەش زوڵمێکی گەورەیە”.
لە کۆنفڕانسیکی رۆژنامەنوسیدا تیمی پارێزەرانی سزادروانی بادینان باسییان لەوەکرد، دادگا تانەکانى ئەوانی رەتکردووەتەوە، دەشڵێن، “تەنها لێبوردنى سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەتوانیت سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە”.  دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێم بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و بەمەش تەواوی تانەکان رەتکرانەوە. 

رۆژی ٦ی مانگی رابردوو، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.

پێشتریش لەسەر پرسی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانە، هەریەکە لە  کونسوڵخانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و فەڕەنسا  نیگەرانییان لەسەر دەستگیرکردنەکە دەربڕی و هاوکات، پشتگیری خۆیان بۆ ئازادی رادەربڕین و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو زیندانیانەیان دووپاتکردەوە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، لە دادگای هەولێر دادگایی پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگایی کردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا دادگا بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەوان دەرکرد.

میترۆ داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكات بڕیاری لێبووردن بۆ سزادراوانی بادینان دەربكات

لەبارەی بڕیاری كۆتایی دادگای تێهەڵچوونەوە لەسەر سزادراوانی بادینان، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكییكردن لەمافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: بڕیارەكە پێچەوانەی ویست و داخوازیی ئێمە و زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤە و داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەین لێبوردنیان بۆ دەربكات.
لە ڕاگەیەنراوەكەی سەنتەری میترۆدا هاتووە: چاوەروانی ئەوە بووین، دادگای پێداچوونەوە ئاوڕێك لەو هەموو داخوازیی و ناڕەزایەتییەی ڕێكخراوەكانی ناوخۆ، دەرەوە و خێزانی حوكمدراوەكان بدەنەوە، بڕیارەكەیان لە بەرژەوەندیی فراوانكردنی ئازادیی ڕادەربڕین بشكێتەوە، بەڵام بەداخەوە بڕیارەكە پێچەوانەی ویست و داخوازیی ئێمە بوو، وەك سەنتەری میترۆ و زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی پرۆسەی دیموكراسیی لە كوردستان.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكییكردن لەمافی ڕۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوەكردووە، وەك پێشتریش داخوازییەكیان خستبوویە بەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گەر بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوە هەمان بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر بێت، ئەوە دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار بهێنێت و لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەربكات.
میترۆ لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا، دووبارە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، داخوازیی ئەوان و ئەو ڕێكخراوانە و خێزانی حوكمدراوان فەرامۆش نەكات و لێبووردنیان بۆ دەربكات، چونكە  لەڕووی یاساییەوە هیچ قۆناغێكی ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگا نەماوە، تەنها دەركردنی بریاری لێبووردنی تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بریارەكە هەڵدەوەشێتەوە.

ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوە، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان، بڕیاری جێبەجێکردنی شەش ساڵ زیندانیکردنی گیراوانی بادینانی پەسەندکرد و بواری پێداچوونەوە بە سزاکە داخرا

قۆناغی بەتەختە و بلۆکبوون

مەریوان ووریا قانع:
ھەموو ئەو حوکمڕانیانەی گەیشتونەتە قۆناغی چەقبەستن و بەتەختەبوون، ئەوانەی بە ساتەوەختی بەبلۆکبوون گەیشتون، سەرەتا بەناو مێژوویەکی درێژی گوێنەگرتن و نەبیستن و نەبینیندا تێپەڕیون. بە جۆرێک ئیتر ھیچ توانایەکی گوێگرتنیان نەماوە، ناتوانن ببیستن و ببینن، بەرسڤیان بەرامبەر بە دەوروبەریان مردوە. نە دەنگی ناوەکیی دەبیستن و نە دەنگی دەرەکیی. منێکی نارسیستیی و ئەنانی نەخۆش سەرجەمی شتەکان ئاراستەدەکات و وەک سایکۆلۆژیای دەسەڵات کاردەکات.
ئەم جۆرە حوکمڕانییە پێشتر بەناو قۆناغێکی دوردرێژیی نابەرپرسیاریەت و مێژوویەکی درێژی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتدا تێپەڕیوە. کەڵەکەبوونی ئەو شتانە بەسەریەکەدا تووشی ئیفلیجییەکی بونیادیی و سایکۆلۆژیایەکی وێرانکەری، کردوە. زۆرجار ئەوەی بەدەستی ئەم جۆرە لە حوکمڕانان و ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانییەوە ماوەتەوە ھێزە، ھێزی ڕووت، ھێزی چەک و ھێزی پارە و ھێزی ترس. بەرھەمھێنانی زوڵمی بەردەوام ئاکار و شوناسی ھەرە سەرەکیی ئەم فۆرمە تایبەتەی ھێزە. ھێزێک لە دواھەمین دەرکەوتیدا میلیشیای تایبەت دەیپارێزێت. ئەم جۆرە حوکمڕانییە تەنھا یەک زمان دەزانێت کە زمانی توندوتیژیی و فشار و سوکایەتیکردنە، زمانی بێنرخکردنی ھەمووشتێکە جگە لە ھێزی ڕووت خۆی. تەنھا توانای گوێگرتنی لە ھاوڵاتیان و دەنگەکانی ناوخۆ و دەرەوەی لەدەستنەداوە، بەڵکو سەرجەمی ئەو پرنسیپانەشی ژێرپێ ناوە کە وادەکەن حوکمڕانیی نەبێتە دوژمنی ژمارە یەکی کۆمەڵگاکەی خۆی.
زۆرجار حوکمڕانییەک کە توانای بیستن و بینینی ھەیە و دەتوانێت وەڵامێکی ئەخلاقیی بە دەنگ و وێنەکانی دەوروبەری بداتەوە، سەر بەو فۆرمانەیە لە حوکمڕانیی کە لەیەککاتدا ھەم دەربڕی ئیرادەیەکی چاکەکارن، ھەم نوێنەری ئیرادەیەکی بەرپرس. چاکەکاریی و بەرپرسیارێتیی دوو دەرکەوتی تایبەتی ئەو جۆرە لە حوکمڕانیین، کە دەبیستێ و دەبینێ و گوێدەگرێت. ئەوەی لە ھەرێمە شێواوەکەی ئێمەدا ھەیە، دابڕانی سەرتاسەریی حوکمڕانییەکەیە لە ھەردوو ڕەھەندە سەرەکییەی حوکمڕانیی: ئیرادەیەکی چاکەکار و ئیرادەیەکی بەرپرسیار.
بەڵام ئەم دۆخە بەرە و کوێ و چیمان دەبات؟ لەدەستدانی توانای بیستن و بینین و وەڵامدانەوە چی دروستدەکات؟ ئەم فۆرمە لە حوکمڕانیی لە ئاستی کورتخایەندا ھەموو پەیوەندییەکی پۆزەتیڤ لەگەڵ ئەو ژینگە ناوەکییەدا وێراندەکات کە تیایدا ئامادەیە و بەڕێوەیدەبات، ھەروەھا ھەمان کارەسات لەناو ئەو ژینگە دەرەکییەکەدا دروستدەکات کە پەیوەندار و پەیوەستە پێیەوە. ھەرچی نەبوونی بەرپرسیارێتیە دەرەنجامەکانی لە ئاستی دوورخایەندا وێرانکەرا و ترسناک دەبێت، لە ئاستی دوورخایەندا گۆڕ بۆ خۆی و بۆ ئەو کۆمەڵگایەش ھەڵدەکەنێت کە بەڕێوەیدەبات.
ئەو شانۆگەرییە بێلەزەتەی بەرامبەر بە گیراوەکانی بادینان ئەنجامدرا، ھەڵگری ھەردوو ڕەھەندە کورتخایەن و درێژخایەنە کارەساتئامێزەکەیە. ئەم تاوانە بۆ جاری سەدەم نیشانیدین ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتێکداین ژیانی ھاوڵاتییەکانی خۆی تەواو بێنرخ و بێبەھا دەبینێت و شتێکیش بەناوی ئیرادەی چاکەکاریی و ئیرادەی بەرپرسیاریەتەوە ناناسێت. لە دۆخێکی لەم بابەتەدا، وەک ئانتۆنیۆ گرامشی دەڵێت، دەسەڵاداران تتەنھا یەک دەرچە لەبەردەم کۆمەڵگادا دەھێڵنەوە: شەڕی دەستەویەخە.

واقعی دادگاکان….

بۆخۆم ٣ ساڵە ھاتووچۆی دادگای ھەولێر دەکەم بە ھۆی ئەوەی مانگی ٣ ی ٢٠١٨ بەشداری خۆپشاندانم کرد لە ھەولێر!!!!
ئەمڕۆش لە دادگا بووم، بڕوا دەکەن کێشەی دادگامان بە تایبەتی کێشە سیاسیەکان، تەنھا بە گۆڕینی وێنەو لۆگۆی پرۆفایلتان چار نابێ!!؟؟، بەڵکو بە کردەوەی مەدەنی فشاری زیاتر دروست دەبێ و ڕەنگە بڕیارەکان بگۆڕێن.
٣ ساڵە جگە لە ژمارەیەکی کەم کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن کەس لەگەڵم نەھاتووە بۆ دادگا، تەنانەت خزم ھەبووە شایەدی رۆژی خۆپشاندانەکە بوو نەھات بۆ دادگا شایەدی بە ھەق بدات!!!
ڕەنگە ھاتن بۆ دادگا ڕای دادوەر نەگۆڕێ بەڵام پاڵپشتیە بۆ خاوەنی کەیسەکە بۆ ئەوەی ھەست بە تەنیایی نەکات، ھەمان شت ڕاستە بۆ دەسگیرکراو و زیندانی کراوانی بادینان…، ھەر جۆرە جم و جۆڵێکی مەدەنی پێویستە بۆ ئەوەی تەنیا نەمێننەوە…
زۆربەی کەس تەنھا تەمەشاکارن، وا دەزانن ئەوەی دەگوزەرێ پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە، گەر شتێکی خراپیش ھەبێت چاوەڕێ دەکات ئەم و ئەو بۆی چاک کات بەڵام خۆی یەک تاڵ مووی سەری ھەڵنەوەرێت!
حوکمی ٦ ساڵ زیندانی بەسەر زیندانی کراوانی بادینان بە گۆڕینی وێنەو دانانی لۆگۆ کەم ناکرێتەوە، بەڵکو گردبوونەوەی مەدەنی لەبەردەم دادگا کاریگەری خۆی دەبێت، تا ژمارەمان زیاتر بێت باشترە، ئەوە کاریگەری لەسەر حوکمی زیندانی کراوەکانی تریش دەبێت.
ھەردووکی بکەین لۆگۆش دانێن و گردبوونەوەش بکەین…

د.شایان عسکری- ئەندامی پەرلەمانی کوردستان