Author Archives: Hawpshti Media

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له‌ مانگرتنی چالاکوانانی بادینان لە زیندان ئاگاداركرانه‌وه‌

چه‌ند كه‌سایه‌تی و په‌رله‌مانتارێكی پێشوو نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌ مانگرتنی چالاکوانانی بادینان لە زیندان ده‌كه‌ن.

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ئه‌حمه‌د حه‌مە رەشید، سۆران عومه‌ر، غالب محه‌ممه‌د، سەرکەوت شه‌مسه‌دین و ڕێبوار که‌ریم له‌ نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ خراپیی ڕه‌وشی زیندانییان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: لە ئێستادا مانیان لە نانخواردن گرتووە و بەو هۆیەوە لە ڕەوشێکی خراپی تەندروستی دان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە روبەروی سزادان و سوکایەتیپێکردن دەبنەوە و هەموو هۆکارێکی پەیوەندیکردنیان بە کەسوکاریان و پارێزەرەکانیان لێ قەدەغەکراوە.

ده‌قی نامه‌كه‌:

بەرێز/ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق
بەرێز/ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
بەرێز/ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا
بەرێز/ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
بابەت/ مانگرتنی چالاکوانانی بادینان لە زیندان
بەرێزان ئێوە ئاگادارن ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە دەسەڵاتی هەرێم دەیان هاوڵاتی مەدەنی دانیشتوی پارێزگای دهۆک لە زیندان توند کردووە تەنیا لەبەرئەوەی داوای مافە داراییەکانی خۆیانکردووە، جگە لە پێنج کەسیان کە بە نادادگەرانە سزا دراون، ئەوانی تریان بێ هیچ بریارێکی دادگا لە زیندانەکان راگیراون و چەندینجارە دانیشتنی دادگایکردنیان دوادەخرێت.
ئێمە ئاگادارتان دەکەینەوە لە خراپی رەوشی ئەم زیندانیکراوانە کە لە ئێستادا مانیان لە نانخواردن گرتووە و بەو هۆیەوە لە ڕەوشێکی خراپی تەندروستی دان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە روبەروی سزادان و سوکایەتیپێکردن دەبنەوە و هەموو هۆکارێکی پەیوەندیکردنیان بە کەسوکاریان و پارێزەرەکانیان لێ قەدەغەکراوە.
بەرێزان، لە ئێستادا رەوشی دادگا لە هەرێمی کوردستان لەوپەری خراپیدایە و بەتەواوی لەلایەن حزب و چەند کەسێکەوە کۆنترۆڵکراوە و دادوەرەکان ئیرادەیان لێسەندراوەتەوە و ئەمەش هەوێنی دروستبونی نا ئارامی سیاسی و ئەمنی زیاترە و بەرپرسیاری ئەم رەوشەش دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، داواش لە هاوپەیمانان و دۆستانمان دەکەین کە فشارەکانیان چر بکەنەوە بۆ کۆتایهێنان بەم رەشەو نالەبارە.
غالب محه‌ممه‌د عه‌لی
سەرکەوت شه‌مسه‌دین
ئه‌حمه‌د حه‌مە رەشید
سۆران عومه‌ر
ڕێبوار که‌ریم

عربي:

اعلان ناشطين بهدينان إضرابهم عن الطعام في السجن

السيد/ رئيس مجلس القضاء الأعلى العراقي.

السيدة/ الممثلة الخاصة للأمين العام للأمم المتحدة في العراق.

السادة/ سفراء الولايات المتحدة و الاتحاد الاوروبي في العراق.

منظمات المهتمة والخاصة بحقوق الانسان في العراق.

م/ إضراب ناشطين بهدينان عن الطعام في السجن

لا يُخفى عليكم قيام السلطات في اقليم كردستان باعتقال العشرات من المواطنين المدنيين من سكنة محافظة دهوك و زجهم في المعتقل منذ أكثر من سنة من الآن، جراء مطالبتهم بصرف مستحقاتهم وحقوقهم المالية، و أما في ما يخص الأحكام القضائية الصادرة من المحكمة، فقد صدرت بحق خمسة منهم أحكاماً قضائية تعسفية و مجحفة، أما الآخرين فهم لازالوا رهن الاعتقال دون توافر وإصدار أَيّة أحكام قضائية وهذا في ظل تسويف سياسي صارخ يمارسه القضاء في قضية البت بالأحكام! نحن نود اعلامكم بتدهور حالة المعتقلين الصحية، بعد إضرابهم عن الطعام، و اعلامكم ايضاً بسوء التصرف الذي يمارس ضدهم من قبل سجانيهم والذي وصل حد تعرضهم الى “اهانات”، فضلاً عن قطع كل وسيلة من وسائل الاتصال مع عوائلهم وذويهم! أيها السادة المحترمون، من الضروري بالنسبة لنا إعلامكم بما يمر فيها القضاء في اقليم كردستان اليوم من الظروف السيئة وغير الصحية التي خلفتها السيطرة الحزبية والشخصية و سلب الارادة التي طالت القضاة بشكل عام، و هذا بحد ذاته يؤسس الى الاضطراب الامني والسياسي فضلاً عن تهديده المباشر للسلم الأهلي. نحن نحمل حكومة اقليم كردستان مسؤولية ما يحدث، ونناشد في الوقت نفسه حلفائنا واصدقائنا بغية المضي باتجاه تكثيف جهودهم و ضغوطهم من اجل انهاء هذه الظروف العصيبة و تجاوزها!

غالب محمد علي

سركوت شمس الدین

احمد حمە رشيد

سوران عمر

ريبوار کریم

بکوژە جەللادەکانی ڕۆژنامەنووسان کێن؟

شووشان مستەفا و موتەڵیب حەسەن

نزیکەی ”دەیە”یەک بەسەر دوو لە قێزەونترین ئەو تاوانانەدا تێدەپەڕێت کە لەمێژووی کوردستاندا دوو پەڵەی ڕەشن بەناو چەوانی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری کوردەوە. لە٢٠٠٨ سۆرانی مامە حەمە کە ڕۆژنامەنووسێکی ئێجگار بوێرو ئەکتیڤ بوو لەم شارەی ئێمە لەکەرکوک لەلایەنی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانیەوە تیرۆرکرا، لەبەرئەوەی چەند ڕاپۆرتێکی ڕەخنەئامێزی لەسەر یەکێتی لەمیدیاکاندا بڵاوکردبوویەوەو بەنیازیشبوو پەردە لابدات لەسەر چەندین نهێنی ئابڕوچوانەو سکانداڵی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە چۆن دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەر ژنان و ئیستیغلالی دەیان قوتابی زانکۆییان کردووەو پەیوەندیشیان لەگەڵ ئافرەتە لەشفرۆشەکان هەبووە، بەڵام بەرلەوەی فریای بڵاوکردنەوەی ئەم نهێنیانە بکەوێت تیرۆرکرا.

سۆران بەدەنگی بەرز وتی کەبکوژەکان سەرقاڵی تیژکردنی تیغی خەنجەرەکانیانن بۆبڕینی سەری من و نوکی قەڵەمەکەم. سەردەشتیش وتی: لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بۆیەکەمین جار پێیان وتم، کە تەمەنت چەندی نەماوە، یان بەوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نەباکم بەمردنە و نەئازاردان، لەچاوەڕوانی کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەمم، تابەدیداری بکوژەکانی خۆم بگەم، دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن ئەوەی ئێمە دەترسێنێ بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە، نەک خۆم، زۆر بەسادەیش تاکە هۆکاری نیگەرانی من لەم هەڕەشانە ئەوەیە، کەهێشتا زۆر شت ماون قسەیان لەسەر بکەین و هەرئاوا بەجێیان بێڵین، بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە، کەباکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە.
بەڵام تائەو شوێنەی کە ماوین دەبێ قسە بکەین، لەو شوێنەش کەتەمەنمان کۆتایی هات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێ و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە. بەڵی سەردەشت گیان ئێمەی هاوڕێ و هاوپیشەت ئەوا خاڵت بۆدانانێین و دێڕی نوێش دەستپێناکەین، بەڵکو لەسەر هەمان دێڕی تۆو ڕێبازو باوەڕی تۆ بەردەوام دەبین، ئەگەرچی دەزانین هەمان چارەنوسی تۆمان دەبێت. دە ساڵ لەمەوبەرو لە٢١/ ٧/ ٢٠٠٨دا ڕۆژنامەنووسی چالاک سۆران لەبیستویەکەمەیین بەهاری تەمەنیدا بەدەستی جەللادەکانی یەکێتی لەم کەرکوکە بەبەرچاوی دایکو خوشکیەوە تیرۆرکرا.

هەشت ساڵ لەمەوبەریش لە بیست و سێهەمین بەهاری تەمەنیدا، لە ٥ی ئایاردا گەنجێک کە دەسەڵاتێک ڕۆحی لە پێنوسەکەی چوو بوو، لەم هەولێرەی کە دەسەڵاتدارانی میرنشینی زەرد سەری قسەو بنی قسەیان ئەوەیە کە پایتەخت شارێکی سەقامگیرەو بەقەولی خۆیان مێرولە دەربازی نابێت، بەڵام سەردەشتەکەم لەبەر دەم زانکۆکەیدا بەبەرچاوی خەڵکەوە، بەبەرچاوی پۆلیس و ئاسایشەوە، دەڕفێندرێت. دوای ڕۆژێکیش بەقودرەتی قادر لە دەیان بازگەی چڕو توند ئاودیو دەبێت بەرەو موسڵ. بۆ ئەوەی گومانەکانیش بەلایەکی تردا بڕۆن دوای شەهید کردنی تەرمەکەی لە نزیک کۆمیتەیەکی یەکێتی فڕێدەدرێت. سادەترین بەڵگەش بۆ یەکلایی کردنەوەی گومانەکان بۆ لای بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی، ئەمەنە بەسە کە فیشەک بە ناو دەمیەوە نراوە، ئەم دەمەی کە بە قەولی خۆیان شەڕەفی ئەوانی پێ لەکەدار کراوە.

جارێ هەتا ئێستا ئێمە نازانین ئەم شەڕەفە چییە؟ لە کوێیە؟ ڕەنگی چۆنە؟ ئەم شەڕەفەی ڕۆحی مرۆڤی قوربان دەکرێت ناتوانین نە بیبینین، نە دەستی لێدەین، نەبیدۆزینەوە، داخەکەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی هەموو شەڕەف و نرخی ژیانیان لەناو ڕانی ژن و کچەکانیاندا ئەدۆزنەوە. لای هەردوک بنەماڵەی دەسەڵاتداری جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی تەنها شەڕەف خەتی سورە، نەک ڕۆحی مرۆڤ، بەڵام لەڕاستیدا شەڕەف هەرچیەک بێت، زۆر لەوە بچوکترە کە مرۆڤی لەسەر بکوژرێت، بەڵام سەردەشت نەک شەڕەفی کەسی لەکەدار نەکردووە، بەڵکو تەنها وتی من عاشقی کچەکەی سەرۆکم، ئەرێ باجی ئەم قسەیە کوشتنە؟ ئاخر ئەگەر کچەکەی ئێمە گەورەبوایەو سەردەشت عاشقی بوایە، ئێمە کچەکەمان پێشکەش دەکرد نەک بیکوژین.

دیارە وەک بنەماڵەی سەردەشت دەڵێن تەنها بەیەک وشەش بێت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نەبووە، جگە لەو بابەتەی کە بەناونیشانی (عاشقی کچی سەرۆکم) کە بەڵگە نەویستە لەسەر تەنها ئەم بابەتە کوژرا، ئەو منداڵەی کە هێشتا لەناو بێشکەدایەو تەنها دایەو بابە فێر بووە، ئەگەر لێی بپرسین ئەرێ سەردەشت و کاوەو سۆران کێ کوشتنی، تەنها بۆ ئەم وەڵامە دێتە گۆو وەڵامی دروستمان ئەداتەوە. ئەم پۆلە ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوە چەمکی موقەدەسی بنەماڵەی کاڵ کردەوەو ئەمەیان چرپاند بەگوێی دەسەڵاتداران کە لەم وڵاتەدا هیچ بنەماڵەیەک موقەدەس و مەرجەع نییە، وە کچی سەرۆک خەتی سور نییە، بەڵکو تیرۆرو کپ کردنی دەنگی ئازاد خەتی سورە.

لەسەرەتای ڕووداوەکەی سەردەشت، خەڵکی ئازادیخوازو گەنجانی وڵات و ڕۆژنامەنوسان هەموو هاواریان کرد بێدەنگ نابین، بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان فشارێکی توندیان خستە سەر دەسەڵات، بەبێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکەن، بەڵام وەک پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت (دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە) بۆیە هەر زوو بنەماڵەی بارزانی توشی قەلەقی هاتن و هەروەک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ختوکە بدرێن، ئیتر لەهیکەوە پارتی توشی بەرز بونەوەی زەخت و شەکرە بوو. نمونەی ئەم دەسەڵاتو ئەم حوکمڕانیە لەکوێی دونیادا بوونی هەیە؟ تیرۆری دەنگی ئازاد دەکات، دواتر خۆڵ ئەخاتە چاوی خەڵکەوەو وەڵامێکی مەنتیقی پێنییە بۆ ئەم پرسیارگەلەی لای ڕای گشتی دروست بووە، لەمەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە نەشەرم دەکات، نەحیساب بۆ دادگاو یاسا دەکات، نە ترسی هەیە، نە گوێ دەگرێ، نەتێدەگا، نەک هەر تێناگا بەڵکو بڕیاریداوە تێنەگا.

تیرۆرکردنی ئەم پۆلە ڕۆژنامەنووسە، کوشتنێکی ئاسایی و تاوانکاری نەبوون، بەڵکو ئەوان ڕۆژنامەنوس بوون، کوشتنیشیان هێما بوو بۆ کوشتنی ئازادی، بۆیە ئەوان لەوە دەرچوون کەتەنها کوڕی بنەماڵەی خۆیانبن، ئەوان ئێستا موڵکی نیشتیمانن، موڵکی هەریەکێک لە ئێمەن، کەیسەکانیشیان بەنەتەوەیی کراوەو هاوکات سومبول و نازناوی ئازادییان پێبەخشراوە. بەگوێرەی ئەم داتایەی لای من هەیە دەبێژێت: سەبارەت بەم پۆلە شەهیدە ڕۆژنامەنووسە لەئینتەرنێتو بەدیاریکراویش لە گۆگڵو یوتوب یەک ملیۆن دۆکومێنتو ڕاپۆرت هەیە. ئەمە شتێکی دەگمەنە لەمێژوودا، بۆیە ئێمەی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان، ئەنجامی سیناریۆئامێزی ئەم لیژنانە ڕەت دەکەینەوە، وە هەرگیز ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەم کەیسانە دابخات، بەڵکو بەکراوەیی دەمێننەوە هەتا ئەو ڕۆژەی لیژنەیەکی سەربەخۆ لەژێرچاوەندێریەکی نێودەوڵەتی و دادگایەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی جددییان تێدادەکرێتەوە.

سەردەشت، سۆران، کاوەو ڕۆژنامەنووسانیتر بە گیانی خۆیان ئاڵای ئازادیان بەرز کردەوە، ئێمەش بەهەر فیداکاریەک بێت ئەم بەرزیە بەرزو بەرزتر دەهێڵینەوە، چونکە ئازادی بۆ مرۆڤ ناهێتە خوارەوە بەڵکو دەبێت مرۆڤ بۆی بچێتە سەرەوە. ئێمە کە ئەمڕۆ یادی هاوڕێ و هاوپیشەمان سۆران دەکەینەوە، بەهەمان شێوە ڕێزدەگرین لە خەباتی ڕۆژنامەوانیی کاوەو عبدوستارو سەردەشتو دەیان ڕۆژنامەنووسیتر کە پێشو پاشی ئەوان شەهید بوون، کە لەساڵی ١٩٩١وە ٢٤٦ ڕۆژنامەنووس لەعێڕاق لەسەر ئازادی ڕادەربڕین کوژراون، وە ئێستا کە ئێمە لەساڵی ٢٠١٨داین هێشتا سیلسیلەی کردەوە تیرۆریستییەکان، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن گشت حیزبە عێڕاقییەکانو بەدیاریکراوی لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەردەوامی هەیە، کەهەموو ئەم ڕۆژنامەنووسانە قوربانی هەمان ڕێگاو هەمان دەستی ڕەشی هەرسێک دەسەڵاتی سوننی، شیعەو کوردین. بەتایبەتی بنەماڵەی دیکتاتۆری بارزانی و تاڵەبانی مێژوویەکی قێزەون و تاریکیان هەیە لەکوشتنی نوسەران و دەنگە ڕەخنەگرەکان.

هیچ گومانێک نییە کەوا بکوژەکانی سەردەشت و سۆران دوو دەستی دوو جەستەو دوو بنەماڵەو یەک عەقڵیەتن. تیرۆری سەردەشت ڕاستەوخۆ کردەوەکە بە فەرمانی کوڕی بارزانی ئەنجامدراوەو تیرۆری کاوە گەرمیانی و سۆرانیش هاوشێوەی سەردەشت لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە ئەنجامدراون، بەتایبەتی و زۆربەدیاریکراوی لەلایەن جەللادەکانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بەناوی ”مەحمود سەنگاوی” کەبەفەرمانی ئەو کاوە گەرمیانی کوژراوە. مەحمود سەنگاوی وەکو سەرکردەیەکی سەربازی چەندین هەزار چەکداری شەخسی خۆی هەیەو چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردووە، کەسێک کەبتوانێت بیرەنەوت داگیربکات زۆر بەئاسانیش ئەتوانێت کە ڕۆژنامەنووسێک بکوژێت کەڕەخنەی لێدەگرێت.

دواتر یەکێتی تەنانەت ئاگاداری پێشوەختەی کوشتنی سەردەشت بووەو هاوکاری بکوژانی سەردەشتیان کرد لە موسڵ. یادکردنەوەی ئەم شەهیدانەی ڕێگای قەڵەم وەک کولتورێک بابچەسپێ و لەهەر ساڵوەگەڕێکدا، کورزێکی کوشندەو شەرم ئامێزە بۆ دەسەڵاتدارانی کورد. بۆیە هەموو دەسەڵاتدارانی کورد وەکو یەک هەژمار دەکەم چونکە، ئەم ئینتیفاقە سیاسییەی لەنێوان یەکێتی و پارتی کراوە کە لەپێناو دابەشکردنی پارەوپول و دەسەڵاتە، وایکردووە کە لەبەرانبەریەکتریداو لەئاستی تاوانی ئەوا قێزەوندا بێدەنگ بن، یەکێتی و پارتی هێندە بەخراپ باوەشیان بەیەکا کردووە، کە قسەیەک هەیە دەڵێت جیاوازیەکانی یەکێتی و پارتی تەنها وەک کۆکاکۆلا و بیبسی کۆلا.

عه‌ماله‌ت چیه‌

لەتیف فاتیح فەرەج :
1
یه‌كێك له‌و تۆمه‌تانه‌ی دراوه‌ته‌ پاڵ هه‌ندێك له‌ گیراوه‌كانی بادینان و بڕیاره‌ له‌ سه‌ری دادگای بكرێن ، تۆمه‌تی عه‌ماله‌ته‌ ، به‌ڵام عه‌ماله‌ت بۆ كێ‌ ، نوكته‌كه‌ له‌ وه‌دایه‌ هاوارنامه‌كه‌ی كه‌س و كاری گیراوه‌كان ده‌ڵێن گوایه‌ عه‌ماله‌ته‌كه‌ بۆ به‌رهه‌م ساڵح و مسته‌فا كازمیه‌ ، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌و به‌ پێی پۆسته‌كه‌شی هه‌ر هاوڵاتیه‌كی ئه‌م عیراقه‌ له‌ زاخۆوه‌ تا فاو ده‌توانێ‌  له‌باره‌ی خۆی ، خانه‌واده‌كه‌ی ، سنورو ناوچه‌كه‌یه‌وه‌ زانیاری بداتێ‌ ، ئه‌مه‌ هه‌رگیز ناچێته‌ خانه‌ی عه‌ماله‌ته‌وه‌ ، هاونیشتمانیه‌ك باسی بارو دۆخێك بۆ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی بكات ، دادگای كردن به‌م تۆمه‌ته‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی گه‌مژه‌ییه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ بۆ مسته‌فا كازمیش هه‌ر وه‌سایه‌ ، مسته‌فا كازمیش به‌رپرسه‌ له‌ ژیان و بوونی خه‌ڵك و ده‌كرێت عه‌رزوحاڵ و سكاڵاو نامه‌ی بۆ بنێردرێت ، نه‌شوره‌ییه‌و نه‌تاوان ، شه‌رم و شوره‌یی ئه‌وه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی بكه‌یت .
2
نوسینی راپۆرت بۆ ملشكاندنی هاونیشتمانی خۆت عه‌ماله‌ت نیه‌ ، ماستاو كردن و چه‌مانه‌وه‌ له‌ به‌ر دوژمن عه‌ماله‌ت نیه‌ ، ده‌ستخستنه‌ نێو ژیانی خه‌ڵك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتان عه‌ماله‌ت نیه‌ ، شكاندنی شكۆی هاوڵاتی وڵاته‌كه‌ت عه‌ماله‌ت نیه‌ ، كه‌چی ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ سه‌ر بارودۆخی سلێمانی ، هه‌ولێر ، دهۆك ، راپۆرتێك بداته‌ به‌رهه‌م ساڵح یان مسته‌فا كازمی عه‌ماله‌ته‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نه‌زانی هیچی تر نیه‌ ، ئه‌ركی حزب و حكومه‌ت دروستكردنه‌وه‌ی مرۆڤی كورده‌ نه‌ك تێكشكاندن و سه‌گ تێبه‌ردانی ، راستكردنه‌وه‌ی مرۆڤی كورد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌قی خۆی و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی و شارو شوێنه‌كه‌ی بێته‌ ده‌نگ ئاكاره‌ نه‌ك عه‌ماله‌ت ، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت به‌رهه‌م ساڵح و كازمی گوێ‌ له‌ خه‌ڵك بگرن و به‌ دواداچوون بۆ كێشه‌كانیان بكه‌ن ، من ئاماده‌م هه‌موو رۆژێ‌ به‌ ئاشكرا و به‌ ناوی خۆمه‌وه‌ باسی بارو دۆخی هه‌رێمیان بۆ بكه‌م ، وه‌ك چۆن به‌ ره‌خنه‌ برینه‌كان نیشانده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ده‌ده‌ین ، كه‌چی ئه‌وان كه‌یفیان به‌ ماستاوه‌ .
3
چی شه‌رمێكه‌ به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌ ته‌ك هاونیشتمانیه‌كانی خۆتا بكه‌ی ، چه‌ند ناشرینه‌ دیندار زێباری داوای سه‌رچاوه‌ی زانیاری و هه‌واڵ له‌ رۆژنامه‌نووس بكات و ئه‌و سه‌رزه‌نشتی میدیاكاران بكات ، چه‌ند ناشرینتره‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ نه‌یه‌ته‌ ده‌نگ و داكۆكی له‌ ئه‌ندامه‌كانی نه‌كات، چه‌ند وێرانه‌یه‌ وڵاتێك به‌رپرسه‌كانی گومان بخه‌نه‌ سه‌ر هاوڵاتیه‌كانی و بۆ لێدان له‌ تاك تاكی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ سبه‌ینێ‌ روناك بێت ، تۆمه‌ت و بوختان و سیناریۆ دروستبكرێت ، چه‌ند جاشخانه‌یه‌ نیشتمانێك جاشه‌كانی جنێو به‌ باشه‌كانی بده‌ن .

لە پشتی ڕووداوەکانی سلێمانیەوە چی ئەگوزەرێ؟

عدنان کریم:
خەریکە پێ ئەنێینە قوناغێکی تری نزیکبوونەوە لە بەسوریا کردنی کوردستانی عێراق.
سەرەتا بەدەسەڵاتی بەرەی کوردستانی دەستیان پێکرد.
لە ۹۲ کاریان بە وردە حیزبەکانی هاوپەیمانیان نەما و فیفتی فیفتی وڵاتتان دابەشکرد. ئەویش شکستی هێنا و هەرێمتان کرد بە مەیدانی شەڕی ” براکوژی ” یاخود شەڕی کۆن _ تازەی هەیمەنەی میلیشیایی و دەسەڵاتی ئەمگرد و ئەو شارۆچکە و ئەم خاڵی گومرکی لەبەرانبەر ئەوی تر.
قۆناغەکانی دواتری شەڕ ی چەکداری و ململانێی نێوان میحوەری پارتی و یەکێتی کە هاوکات بوو لەگەڵ خۆگرێدانەوە بە میحورەکانی تورکیا _ ئێرانەوە و ڕۆچوونی زیاتر بۆ کلکایەتی بۆ ئەوان لە زاکیرەی هەمووماندا زیندوون و لاپەڕە خوێناویەکانی بیرناچنەوە !!!!
ئێستا ململانێکانی دەسەڵات چوارچێوەی حیزبیان تێپەڕاندووە.
دوێنێ جەلالی و مەلایی و پارتی و یەکێتی عینوانی دەرەکی و تابلۆی ڕووکەشی ئەم بازاڕی دەسەڵاتەتان بوو!!! ئەمڕۆ ململانێکان وەکوو نموودێکی قۆناغی تەسکبوونەوەی قەیرانەکانی دەسەڵاتەکەتان گەیشتووە بە ئاستێکی زۆر باریکتر.
پارتی لە پشتی ئەم صراعەتانەوەیە؟ مەعلوومە وایە.
قوباد و باڤێڵ بەگاڵتە نەیانوت مەسعود بارزانی مامیانە. ئاخر ئەوە ڕاسپاردەی مامی گەورەبوو.
ئەی لاهوور…
ئەم تازەترین میوانەی سەرخوانی شەڕی دەسەڵاتی براکان چی ئەوێت؟ هەر بەڕاست ئەو خەمی “ئازادیەکانی ” سلێمانیەتی تا بەدەردی بادینان نەچێت؟
ئەی ئەو ڕۆڵەی پەروەردەکراوی ماڵی مام و چەپۆکی ئەمنیی ماڵبات نەبوو؟
ئەوێك کە نەتوانێ یاریدەدەرەکانی خۆی بپارێزێت لە پیلانی جووت ئامۆزاکەی چۆن پرسی ئازادیی پێ ئەسپێردرێ. بەرنامە ومۆدێلی سیاسەتکردنی جیاوازی ئەو چیە؟
ئایا ” دووربێت “دوایین قۆناغەکانی لەگۆڕنانی دوایین ئاسەوارەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئاخرین نووزەکانی ئازادی و ئازادیخوازی لە کوردستاندا دەستی پێکرد؟
ئایا سیناریۆی گرتنی هەر سەرگردێك لەلایەن گرووپێك چەکداری میلیشیای حیزبیەوە یەکەمین یا دوایین قۆناغی بەسوریا کردنی هەرێمە؟
پێئەچێ سیناریۆکەی پارتی بۆ هەڵلووشینی یەکێتی بەدەسکێشی پرۆ پارتیەکانی ناو یەکێتیەکەی مام گۆڵێکی تری تۆمار کردبێ و پاشەکشەی بە مۆرێکی تری ڕێگر کردبێ !!!!
هیچی سەیر و پێشبینی نەکراو نیە!!!!

لە شەش مانگی ئەمساڵ، (١٧٤) حاڵەتی پێشێلکاریی لەلایەن پارتی و یەکێتی ئەنجامدراوە

راپۆرتی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١

١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەناوەوەو دەرەوەی وڵات خۆبەخش و بێلایەن و پیشەییانە کاردەکات لەسەر تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان و بەدواداچون دەکات لەسەر تەواوی پێشێلکارییەکان و ناوەندە جیهانیەکانی لێ ئاگاداردەکاتەوە بەتایبەت تیرۆرە سیاسیەکان کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدەدرێت و هەوڵدەدات (کەس و لایەنی سیاسی) ئەنجامدەر ئاشکرابکات بۆ ڕای گشتی.
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەواوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان پۆڵێن دەکات بۆ دووجۆر: راستەوخۆ و ناراستەوخۆ. جۆری یەکەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ دەسەڵات لێی بەرپرسەو ئەنجامی دەدات نمونەی تیرۆری سیاسی و تەقەکردن لەخۆپێشاندەران…هتد. جۆری دووەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ناراستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت وەکو خۆکوشتن بەهۆی هەژاری و کوشتنی ژنان و گیان لەدەستدانی هاونیشتیمانیان لەڕێگەی هەندەران…هتد.
لەم راپۆرتەدا، ١٧ی شوبات تەنها جۆری یەکەمی تۆمار کردووە کە بریتین لە ( ١٧٤ ) ڕووداوی پێشێلکاریی بەرانبەر رۆژنامەنوسان، چالاکوانان، خۆپێشاندەران، مامۆستایانی خۆپێشاندەر، پێشمەرگە، مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی سڤیل وەك تیرۆرکردن، زیندانی کردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، هەڕەشە و ترس و تۆقاندن لەهەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای مانگی یەك تا کۆتایی مانگی شەش لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون بە جۆریك لە پارێزگای هەولێر ٥٤، سلێمانی ٩٩، دهۆك ٢١. هەروەها، کوشتن و تیرۆری سیاسی لە پارێزگای هەولێر یەك حاڵەت تۆمارکراوە.

مانگی یەك:
٦/١ لە هەولێر، لەناو هۆڵی پارلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەندام پەرلەمانی نەوەی نوێ (سیپان ئامێدی) لەلایەن ژمارەیەک پارلەمانتاری پارتی هێرشکرایە سەری و زامدار کرا.
٧/١ لە دهۆک، مامۆستا و چالاکوان (عەبدولحەمید مەندانی) لەلایەن هێزئەمنیەکانی پارتی دەستگیرکرا و دوای چەند کاتژمێرێک ئازادکرا.
١١/١ لە کەلار، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکەی ئەو شارە بەناوی (ڕێبین عەبدولکەریم) دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە زیندانیکردنی ئازادکرا.
١٣/١ لە هەولێر، دانیشتوویەکی کامپی مەخمور بەناوی (مەتین ئادوگت) لە زیندانی پارتی بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
١٩/١ لە هەولێر، هێرشکرایە سەر چالاکوان (هاوڕێ کوردی) و بە چەقۆ بریندارکرا، ئەگەرچی سکاڵای تۆماکردووە بەلام تائێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەم هێرشکردنە دەستگیرنەکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشووتر چەندین جار هەرەشەی لێدان و کوشتنی لێکرابوو،
٢٧/١ لە شیلادزێ، رۆژنامەوان (قەهرەمان شوکری) کوڕی شەهید شوکری ڕێکانی لەماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی دڕندانە رفێندراو هاوکات ئەشکەنجەیەکی زۆری ئەندامانی خێزانەکەیاندا و لەکۆتایی مانگی شەش لە دادگایەکی نهێنیدا سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بێ ئەوەی بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات و بەبێ بوونی پارێزەر و ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکەی.
٢٩/١ لە هەولێر، هاوڵاتییەک بەناوی (هیوا سالار) وەک نارەزایەتییەک دژی بەحزبی کردنی وتاری هەینی چالاکیەکی نمونەیی ئەنجامدا بە راتەکاندنی بەرماڵ لەبەرانبەر ئەو ستایش و پیا‌هەڵدانەی کە مامۆستا ئاینیەکە بەناوی (مامۆستا رەعد) لەوتاری هەینی بۆ مسعود بارزانی و سەرانی هەرێمی کوردستان کردی. ئێوارەی هەمان رۆژ، ئەو هاوڵاتیە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی دەستگیرکرا و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدا گرتەیەکی ڤیدیۆییان پێ بڵاوکردەوە کە داوای لێبووردن بکات، دوای چەند رۆژێک ئازادکرا.
مانگی دوو:
٧/٢ لە هەولێر، ژمارەیەک لە کەسوکاری گیراوانی بادینان کە هەوڵیاندا لەبەردەم نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان گردبوونەوەی نارەزایی ئەنجام بدەن و داوای ئازادکردنی کوڕەکانیان بکەن لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی دەستگیرکران، هاوکات، ژمارەیەکی دیکە لە کەسوکاریان کە لەدەرەوەی هەولێرەوە هاتبوون لە بازگەیەکی پارتی ڕێگریان لێکرا کە برۆنە ناو شاری هەولێر.
٨/٢ لە هەولێر، کادیرێکی پارتی بەناوی (ئیسماعیل عومەر مەنتک) بەهۆی نوسینی کۆمێنتێکی ڕەخنەیی لە حکومەتی هەرێم دەستگیردەکرێت و تائێستا ئازادنەکراوە.
١٠/٢ لە سیدەکان، پارتی ڕێگریکرد لە کردنەوەی کتێبخانەیەک لە دەڤەرەکە کە لەلایەن (سیهاد یاسین حوسێن) بنیات نرابوو.
١١/٢ لە زاخۆ، ئاسایشی پارتی ئەندامێکی یەکێتی بەناوی (نەزیر بەرواری) دەستگیردەکات بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە پەکەکە.
١٠/٢ لە هەولێر، ئاسایشی پارتی ئەندامێکی هەدەپەی بەناوی (نیعمەت گونەش) دەستگیرکرد.
١٣/٢ ئەندامی تەڤگەری ئازادی ( هەڤاڵ تەحسین ) لەناو زینداندا هەوڵی ژەهرخواردنی درا کە ماوەی ٨ مانگە بەبێ دادگاییکردن لە زیندانی پارتیدایە.
١٦/٢ لەدادگای ٢ی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەریەک لە رۆژنامەوان و چالاکوانی دیاری بادینان سەپێندرا بەناوەکانی (شێروان شیروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید، هاریوان عیسا).
٢١/٢ پەیوەست بە دۆسیەی گیراوانی بادینان، چوار رۆژنامەوان و چالاکوانی دیکەی بادینان بەناوەکانی (دیفاع هەرکی، جەلال شیلادزێ، قەیدار حسێن، ئەیهان سەعید) فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو، بەلام هەرزوو بەرەو سلێمانی دەڤەری بادینانیان جێهێشت،
٢٤/٢ ژمارەیەک هەڵسوراوی گۆڕان، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگاکانی هەولێر و دهۆک بۆ دەرچوو.
٢٦/٢ لە سلێمانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (د. غالب محەمەد) لەلایەن کادیرێکی پاراستنی پارتی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا درایە بەر چەقۆ و بەسەختی برینداربوو، ئەگەرچی کەسی تاوانبار دەستگیرکرا. بەڵام، دواتر بە فشاری پارتی ئازادکرا تائێستا تاوانباران بە ئازادانە دەسوڕێنەوە.
مانگی سێ:
١٠/٣ لە هەولێر، جارێکی تر ڕێگریکرا لە تیمی پارێزەرە خۆبەخشەکانی گیراوانی بادینان کە داوای دیداریان کردبوو لە دادگای ئەو شارە .
١٦/٣ لە هەڵەبجە، خاتوو کەلسوم چالاکوانی دیاری شارەکە، لەساڵرۆژی کیمیابارانی هەلەبجە چالاکی مەدەنی ئەنجامدا بە لابردنی فەڕشی سوری لەژێر پێی بەرپرسان و دواتر رێگری لێکراو و لەسەر ئەو چالاکیەی هەڕەشەی لێکرا.
لە هەمان رۆژ، لەناو هۆڵی پارلەمانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پارلەمانتاری یەکێتی هێرشیان کردە سەر پارلەمانتار خاتوو (شیرین کاوە گەرمیانی) لەبەرانبەر ئەو رەخنانەنی لەدانیشتنەکەی پارلەماندا ئاراستەی یەکێتی و دوو حزبی دەسەڵاتداری کرد.
١٨/٣ لە سیدەکان، ژمارەیەک رۆژنامەوان و پەیامنێری کەناڵەکانی راگەیاندن لەلایەن هێزێکی ئەمنی پارتی ڕێگریان لێکرا کە بەمەبەستی ڕوماڵکردنی ڕێگریکردنی پارتی لەکردنەوەی کتێبخانەیەکی گوندی (دەرهۆڵ) بۆ سیدەکان بەڕێکەوتبوون. بەلام، هەریەک لە پەیامنێران (عەبدۆ روستایی لە ئێن ئاڕ تی)، (زۆسک باڵەک لە تۆڕی میدیایی ژیان)، (ئازاد ئۆمەراوەیی لە کەناڵی پەیام)، (یونس حەمەد، لە سپێدە) لەلایەن بازگەی ئاسایشی ناحیەکە ڕێگریان لێکرا.
لە هەمان رۆژ، لە شاری سلێمانی خۆپێشاندانێکی بەرفراوانی خوێندکاران بەڕێوەچوو بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی بە فیشەك وەڵامدرانەوەو ژمارەیەک خوێندکار ئەشكەنجەدراون و برینداربوون.
٢٥/٣ لە سۆران، رۆژنامەوان و پەیامنیری کەناڵی ئێن ئاڕ تی (عەبدۆ روستایی) هەڕەشەکانی سەری لەلایەن پارتی و دەسەڵاتی ناوچەکە زیاتر و جدی تربوون بۆ ڕێگریکردنی کارە رۆژنامەوانیەکانی.
مانگی چوار:
٨/٤ لە حاجی ئۆمەران، هێزی پشتیوانی یەک بەسەرپەرشتی سیهاد بارزانی لە کوێستانەکانی بۆڵیان و ناوچەکە جێگیرکراوە و ڕێگەنادەن بە جوتیاران و هاوڵاتیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکەکانیان.
١٢/٤ لە دهۆک، چالاکوان (جاسم هاشم) دوای دووجار دادگاییکردنی سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بەڵام دواتر سزاکەی بۆ گۆڕدراو بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.
٢١/٤ لە ڕانیە، برایەکی چالاکی سیاسی (محـەمەد شاوری) هەڕەشەی تەقاندنەوەی ماڵەکەی لێدەکرێت لەکاتێکدا شەوی ١٤ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ بە بۆمبی دەستی هێرشکرایە سەر ماڵی ئەو چالاکوانە سیاسیە تائێستاش هیچ کەسێک لەسەر ئەم تاوانە دەستگیرنەکراوە.
٢٣/٤ لە بادینان، ئاسایشی پارتی لە ناحیەی باتیڤای سەر بە پارێزگای دهۆک، شەش هاوڵاتی دەستگیرکرد کە دوان لەو دەستگیرکراوانە کوڕ و باوکێک بوون بەناوەکانی (ڕەمەزان عومەر) و (سامی رەمەزان) جگە لە ئەوانی دیکە دوای رۆژێك ئازادکران.
٢٥/٤ لە سلێمانی، رۆژنامەوان و پەیامنێری فورات نیوز (ڕێباز حەسەن) لەکاتی رووماڵکردنی خۆپێشاندانێک دژی داگیرکاریەکانی تورکیا لەلایەن ئاسایشی یەکێتی دەستگیرکرا و. لەهەمان کاتدا، زیاتر لە پەنجا بەشداربووی ئەو خۆپیشاندانە دەستگیرکران و دوای چەند رۆژێک ئازادکرا.
٢٧/٤ لە کۆیە، ئاسایشی یەکێتی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر پەیامنیران (هەژار ڕەشید) لە رۆژنیوز و (خالید محەمەد) لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەستگیردەکات و سوکایەتیان پێدەکات کە بۆ روماڵکردنی رووداوێکی هاتووچۆ گەیشتبوونە تۆپزاوا. وێڕای سوکایەتی پێکردنیان بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی دەستگیرکردنیان ئازادیان دەکەن.
مانگی پێنج:

٢/٥ ڕێگری لە ژمارەیەک رۆژنامەوانی دەزگاکانی راگەیاندن کرا کە روماڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بکەن.
٣/٥ لە هەولێر، دووجار هەوڵی کوشتن و تیرۆرکردنی چالاکوان و رەخنەگر (ئومێد ئەحمەد) دەدرێت و دەست و قاچی راستی بریندار دەبێت.
لەهەمان رۆژدا لە رانیە، چالاکوان و رەخنەگر (کارۆخ عوسمان) دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی هەوڵی دەستگیرکردنی دەدرێت. دواتر، خۆی دەگەیەنێتە سنوری شاری رانیە و هێزێکی یەکێتی دەستگیری دەکات.
٤/٥ لە سنوری ئیدارەی راپەرین، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو هەڵدەکوترێتە سەر ماڵی (محمد رەسول) و تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو کەیسەوە لەلایەن لایەنەپەیوەندیدارەکان رانەگەیەندراوە.
لە هەمان رۆژ و لە سلێمانی، تیمی دیبلۆماتیک مەگەزین (بەشدار بازیانی و ستافەکەی) بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەستبەسەر دەکرێن لە ئۆفیسەکەی خۆی.
١٦/٥ لە سلێمانی، سەرنوسەری دەزگای میدیایی دیبلۆماتیک مەگەزین (هێمن باقر) لەلایەن هێزەئەمنیەکان دەستگیرکرا و دواتر بەکەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازادکرا.
لە هەمان رۆژ، رۆژنامەوان ئومێد محـمد صاڵح، بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دەستبەسەر دەکرێت دوای ئەوەی لەسەر نوسینێکی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەلایەن بەرپرسێكی ئیداری سلێمانی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت.
١٨/٥ لە ئاکرێ، مامۆستایەکی وانەبێژ بەناوی (هەڤاڵ زێباری) لەسەر نوسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کە خەمخۆری بۆ پێشمەرگە دەربڕی بوو، دوور دەخرێتەوە و ڕێگەنادەن چیتر لە قوتابخانە وانە بڵێتەوە.
لە هەمان رۆژ، پارتی هەڕەشە لە ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ کرد گەر خۆپێشاندان و گردبوونەوەی نارەزایەتی بۆ مافەکانیان ئەنجام بدەن.
٢١/٥ لە سلێمانی، پاراستنی پارتی لەڕێگەی کەسێکەوە هەوڵی ژەهرخواردنی جەوهەر ئاغا و ئەندامانی ئەو ماڵباتەی دا و دواتر بکەری تاوانەکە دانی پێدانا کە لەلایەن پاراستنی پارتی راسپێردراوە.
٢٦/٥ لە سیدەکان، ئاسایشی پارتی دوو گەنج بەناوەکانی (خالید ڕەشید) و (سەلام بوڕهان) دەستگیردەکات بەتۆمەتی ئەوەی کە گومانیان لێکردوون کە پێڵاویان کڕی بێت بۆ گەریلاکانی پەکەکە لەکاتێكدا پێڵاوەکانیان بۆ دوکانی خۆیان کڕی بوو . دوای پێنج رۆژ لە زیندانیکردنیان ئازادکران.
٣١/٥ لە سلێمانی، ئاسایشی یەکێتی (دکتۆرە باخان ئازاد) دەرفێنێت لەسەر ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، دوای سێ رۆژ لە زیندانیکردنی ئازادکرا. هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ ئاشكراکردنی ئەو گەندەڵییانە دەگەڕێتەوە کە لەکەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا هەیە.
مانگی شەش:

٤/٦ لە ڕانیە، مامۆستای ئاینی (تارق شاخەوان) وتارخوێنی مزگەوتی ڕاپەڕین پێشنوێژی کردنی لێقەدەغەکراو لە وتاردان دوورخرایەوە.
٥/٦ لە سلێمانی، بەهۆی هەڕەشەکانی ئاسایشی یەکێتی (دکتۆرە باخان ئازاد) ناچارکرا سلێمانی بەرەو هەولێر جێبهێڵێت. دوای چەند هەفتەیەک گەرایەوە شاری سلێمانی.
٨/٦ لە هەولێر، گەنجێکی ١٥ساڵان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی دەکوژرێت و تائیستا روون نەبۆتەوە هۆکاری کوشتنەکەی چی بووە و راپۆرتی پزیشکی نەدراوەتەوە بە کەسوکارەکەی. هاوکات، هەڕەشە لەکەسوکارەکەی دەکەن کە نابێت لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی کوشتنەکەی بکەن.
١٠/٦ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، مستەفا عوسمان، نوێنەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوبەری دیموکراتی لە هەولێر و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە لە هەولێر، دەستگیرکران و تائێستا ئازادنەکراون.
١٢/٦ لە بادینان، ژنە ڕەخنەگر و چالاکی سیاسی (گەلاوێژ حەمزی سەلیم) هەڕەشەی لێکرا دوای ئەوەی لە چاوپێککەوتنێكیدا وەک کچی پێشمەرگەیەکی پارتی ئاماژەی بەوەکرد کە چیتر باوکی بە شەهید نازانێت کە لە شەڕی براکوژیدا گیانی لەدەستداوە.
لەهەمان رۆژدا، لە فرۆکەخانەی هەولێر، ژمارەیەک لە ئەندام پارلەمانی ئەوروپا و چالاکوانانی ناوەندەجیهانیەکان لەلایەن هێزەئەمنیەکانی پارتی ڕێگریان لێکرا بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان کە ئامانج لە هاتنیان ڕێگری بوو لە داگیرکاریەکانی تورکیا و شەڕی براکوژی.
١٤/٦ لە هەولێر، هێزە ئەمنیەکانی پارتی ڕێگریانکرد لە کۆمەڵێک چالاکوانی نێودەوڵەتی کە لەبەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان نارەزایەتی دەرببڕن دژ بە داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان.
١٥/٦ لە هەولێر، هێزە ئەمنیەکانی پارتی هێرشیانکردە سەر خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین کە گردبوونەوەیەکی نارەزایەتیان ئەنجامدابوو.
١٦/٦ سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی بەستنی کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەرکرد بۆ تیمی پارێزەرانی گیراوان و سزادراوانی بادینان.
١٧/٦ لە دهۆک، مامۆستا و چالاکوان (عەبدولحەمید مەندانی) لەلایەن ئاسایشی پارتی بانگهێشتکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا. پاش چەند کاتژمێرێک ئازادکرا.
٢١/٦ لە سلێمانی، بەهۆی پرسیارکردنی ناسنامە لە کچێکی شێخ جەعفەر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گرژی و تەقەکردن دەکەوێتە نێوان دوو هێزی یەکێتی و بەهۆیەوە ٩ کەس برینداربوون.
٢٢/٦ چالاکوان و رۆژنامەوانی بادینان (ئومێد حاجی بەروشكی)، سزای ساڵێک زیندانی و ٢٤٠هەزار دیناری عێراقی بەسەردا سەپا لەسەر سێ دۆسیە و رۆژی ٢٩ی تەموز لەگەڵ مامۆستا بەدەل بەرواری دانیشتنی دادگایی بەڕێوەدەچێت و سێ دۆسیەی دیکەی لەسەر کراوەتەوە.
٢٨/٦ لە گەرمیان، ئاسایشی یەکێتی شەش هاوڵاتی ناحیەی قۆرەتوو دەستگیردەکات بەهۆکاری ئەوەی بەشداریانکردووە لەگردبوونەوەیەکی نارەزایەتی لەبەردەم کێڵگەیەکی نەوتدا دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان.
لەهەمان رۆژ، (د. سازان ئیبراهیم) بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان سکاڵای لەسەر ٢٨ کەس تۆمارکرد کە کۆمێنت و پۆستیان لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک کردبوو لەسەر گواستنەوەی دکتۆرێكی پسپۆر لەو شارەو کەموکوڕیەکانی کەرتی تەندروستی لەوانە چالاکوان (فەرمان عەبدولڕەحمان)، (بەمۆ عەلی) و (محـمد تاهیر) دوای چەند ڕۆژ لەدەستگیرکردنیان ئازادکران.
هەر لەهەمان رۆژدا، ئاسایشی پارتی لە هەولێر ڕێگری لە تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان مامۆستا بەدەل بەرواری کرد کە چاویان پێی بکەوێت.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەناویدا ، لە لیستی ڕەشدایە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەگوێرەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوری نێودەوڵەتی. و ڕیزبەندی ١٦٣مین ولاتی گرتووە لەکۆی ١٨٠ ولاتی جیهان لە خراپی رەوشی کاری رۆژنامەگەریی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. هەروەها، بەپێی ڕیزبەندی فریدەم هاوس ئازادی نیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
لەکۆتاییدا، ئێمە وەك ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنین:
هەردوو حزبی دەسەڵات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەکییان دەزانین لەم تیرۆرو ترس و تۆقاندن و پێشێلکارییانەی کە ئەنجامدەدرێن دژ بە هاونیشتیمانیان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەتایبەتی. هاوکات، ئامارو داتا تۆمارکراوەکانی ڕێکخراو و ناوەندەجیهانیەکان دەریدەخەن، ئازادی رادەربڕینی تاك و کاری رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی زۆر ناهەموار و ترسناکدایە.
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ
١١ی ٧ی ٢٠٢١

کابینەی نۆیەم لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕین و دەستدرێژییەکان بۆ سەر سنورەکانی ھەرێمی کوردستان!

ئامادەکردنی:کامەران عوسمان 

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕین و دەستدرێژییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر سنورەکانی ھەرێمی کوردستان!

ئازادی ڕادەربڕین:

+ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا، ١١ کەس بەھۆی خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەوە شەھید بوون.

+ زیاتر لە ٢٣٥ کەس لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا برینداربوون.

+ نزیکە ٤٥٠ ڕۆژنامەوان و چالاکوان دەستگیرکراون و زیاتر ٥٥ ڕۆژنامەنوس ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

+ زیاتر لە ٢٠ ڕۆژنامەنوس لە ڕێگەی دادگاوە سزادراون و بەشێکیان بەسزای قورسی ٦ ساڵ بۆ ٧ ساڵ زیندانیکردن سزادراون بەشێکیان داوای پێبژاردنی ملیۆنان دیناریان لێکراوە.

+ زیاتر لە ٢٥ ڕۆژنامەوان و چالاکوان لە ناوخۆی ھەرێمدا لەنێوان شارەکانی دھۆک و ھەولێر و سلێمانیدا ناچار بە جێھێشتنی شارەکانیان بوون و نزیکەی ٢٠ ڕۆژنامەوان و چالاکوانیش ھەرێمی کوردستانیان بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێھێشتووە.

دەستدرێژییەکانی تورکیا و ئێران:

+ تورکیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا، زیاتر لە ١٣٥٠ جار بۆردوومانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و ئێران زیاتر لە ٢٥ جار بۆردوومانی ھەرێمی کوردستانی کردووە.

+ تورکیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا، ١٤ بارەگای سەربازی نوێی لە خاکی ھەرێمی کوردستاندا بنیاتناوە و لە ھەر دوو ناوچەی حەفتانین و دەڤەری بەرواری باڵا، بە قوڵایی ١٢ بۆ ٨ کیلۆمەتر ھاتۆتە ناوەوە.

+ لەماوەی دوو ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا، ٢٧ ھاوڵاتی مەدەنی بەھۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ٢ ھاوڵاتی مەدەنی بەھۆی تەقەی پاسدارانی ئێران شەھیدبوون.

+ زیاتر لە ٤٥ گوند بەھۆی دەستدرێژییەکانی تورکیاوە بەتەواوی چۆڵ بوون.

راگەیاندراوی (25) پەرلەمانتاری كوردستان لەسەر هاتنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم

هاوپشتی:
سەرئەنجامی رێكەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغداد، ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عیراقیی، وەكو قۆناغی سەرەتا، بڕی (200) ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەیشەوە، ئێمەی پەرلەمانتاران هەڵوێستمان بەمجۆرە رادەگەیەنین:
1- ئەم سەرەتایە دەنرخێنین و بەپێی ئەو زانیارییانەیشی كە لە بڕیارەكەدا هاتوە، ئەم بڕە پارەیە بۆ “موچە”ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەبێت و نابێت سەرفكردنی بۆ هیچ بوارێكی دیكەبێت.
2- جەختدەكەین لەسەر پێویستیی پابەندبونی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقیی بە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2021، كە ئەرك و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان-ی تێدا جێگیركراوە.
3- كۆتایی بهێنرێت بە بڕیاری لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەكچۆن ساڵێك زیاترە بەناوی خۆگونجاندنەوە، بەشێكی موچەی موچەخۆران گلدراوەتەوە. بۆیە، هیچ پاساوێك بۆ ئەو لێبڕینە نایاسایی و ناڕەوایە نەماوە و نابێت چیتر خۆگونجاندن لەسەر حسابی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بێت.
ئیمزاكان:
1- مەم بورهان قانع.
2- رۆژان حەمەرەش.
3- عەلی حەمەساڵح.
4- هەورامان گەچێنەیی.
5- سەرچنار ئەحمەد.
6- محێدین حەسەن یوسف.
7- كاروان گەزنەیی.
8- شیرین ئەمین.
9- شادی نەوزاد.
10- شێركۆ جەودەت.
11- دیاری ئەنوەر.
12- لوقمان وەردی.
13- سەلمە فاتیح.
14- هەلز ئەحمەد محەمەد.
15- دابان محەمەد.
16- سیروان بابان.
17- ئاشنا عەبدوڵلا.
18- ئیسماعیل تەها سگیری.
19- شایان عەسكەری.
20- فەرید یعقوب ئیلیا.
21- ئەبوبەكر هەڵەدنی.
22- جەلال محەمەد.
23- هەژان حەسەن كوێستانی.
24- رزگار محەمەد.
25- شەمۆل ئاشتی سابیر.

لە پشــت کۆدەتاکەی پاڤێـــــڵەوە چ باســە؟!

عومەری خەتات:

ئاڵۆزییه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ ناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕووداوێکی ســادە نین وناکرێت بە ئاســانی بەســەرماندا گوزەر بکەن. لابردنی هەرسێ بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری لەگەڵ دەزگای گومرگی فرۆکەخانەی ســلێمانی کە ســەر بە باڵی لاهور شــێخ جەنگی بوون لە لایەن باڵی پاڤێــــڵ تاڵەبانییەوە، پێویســت دەکات لە ئاستێکی فروانتر تــا لۆکاڵدا بیخوێــنینەوە بۆ ئەوەی تووشی جۆرێك لە بەدحاڵی بوون و هەڵسەنگانی عاتیفی نەبیــن.
بە پێچەوانەی بەشێك لەو هەڵسـەنگاندنانەی کە تا ئێســتا بڵاوکراونەتەوە و ئەو کێشــانە بە کێشەی “پاوانخوازی دەسەلات” یان “کۆدەتای پارتی”، ئەرگومەنت دەکەن، من پێموایە ئەوەی کە لە زۆنی ســەوز دەگوزەرێت پەیوەندییەکی کەمیــان بە شەڕی دەسەڵاتی ناو باڵەکانی یەکێتی یان ســیناریۆی کۆدەتای پارتیــەوە هەیە بە راســتەوخۆیی، ئەگەرچی ئەم ئەرگومەنتــانەش بە جۆرێك ڕاستی تێــدایە بەڵام ئەرگومەنتی ئەســـڵی مەسەلەکە نیــن!
مەســەلەی شەڕی پاوانخوازی و شەڕە تەکەتول لە ناو حزبەکانی بزووتنەوەی کوردیەتی بە تایبــەتی یەکێتی هەمیشە هەبووە و ســیمایەکی دیاری ناو ئەم هێزە بووە. ســیناریۆ و کۆدەتاکانیشــیان لە دژی یەکتر بە درێژایی بوونیــان لە شاخ و لە شــار هەمیشە ئامادەبووە و هەریەك لەم هێــزە “برایــانە” هەمیشە لە پلانی بەردەوامدا بوون بۆ بێــهێزکردنی ئەوی دی!
ئەمەی ئێســتا گوێڕاکێشـــان و دوورخســتنەوەی باڵی لاهورە لەلایەن ئەمریکاوە تا ئەوەندەی کۆدەتایەکی پارتی بێت! (بێگومان ئەم کارە بە قازانجی پارتی تەواو دەبێــت) ئەمەش لە چوارچێوەی گوڕانکاریەکانی ڕێخســتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لایەن ئەمریکاوە مانا پەیدا دەکەن!

لە مانگی یانزەی پاردا و لە ووتارێکی کورتدا ووتم:
” دەهۆڵکوتـــانی ڕاگەیاندنەکانی پارتی بۆ شەڕ و هەڕەشەکانی بارزانی بۆ بە شەیتـــان کردنی پەکەکە، پێش ئەوەی شەڕەنگێزیەکانی پەکەکە وهەوڵی ئەوان بۆ تێکدانی بارودۆخی هەرێم و حساب نەکردن بۆ “ئەمنی قەومی” کوردی بێت، داوایەکی ژێربەژێـــری ئەمریکایە لێی کراوە و چرایەکی ســەزە بۆ لێدانی قەندیل!.”

“لێدانی سەربازی لە پەکەکە لێــــدانە لەو پرۆژە سیاسیەی ڕۆژئـــاڤا و ناچارکردنی پەیەدەیە بە سازشێکی تاڵ! واتە ڕێگەی بێهێــــزکردنی ڕۆژئاڤا و هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی خۆســەریی دیموکراتی بە قەندیلدا تێدەپەڕێت!”

ئەم ئاڵۆزییانەی ناو یەکێتی نیشتیمانی لێرەدا مانا پەیدا دەکەن!

ساڵانێكە لە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردســتاندا دوو باڵی سیاسی لە کاردان، باڵی بنــەماڵەی تاڵەبانی بە هێرۆ و هەردوو کوڕەکانی و کۆنە کادرە سیاسی و سەربازیەکانیــان لەگەڵ باڵی لاهوری شێخ جەنگی بە خزمەکانی خۆی و بەشێکی زۆری سەرکردایەتی تازەی ناو یەکێتی. بوونی ئەم دوو باڵە، بریتی نییــە لە دژایەتی دوو فیکرو دوو بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و چینایەتی جیاواز لە ناو یەك جەســتەی سیاسیدا، بەڵکوزیاتر جیــاوازیــیە لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و شەخسیدا و دوور و نزیــك پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردســتانەوە نییە!
هەرچی باڵی هێرۆ و کوڕەکانی و بەشێکی زۆری کۆنــە یەکێتیــەکانە بە جۆرێك بەوە تەســلیم بوون کە بنــەماڵەی بارزانی “براگەورەن” و هەموو هەوڵێکیـــان بۆ ئەوەیە کە ئەم شێوازی شەراکەتە سیاسی و ئابوورییە کە هەیە لەگەڵ برا گەورە تێك نەچــێت و بەمەش بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریەکانیــان پارێزراو بێت.
باڵی لاهوری شــێخ جەنگی، ئەم برا گەورەییەی بنەماڵەی بارزانی قبوڵ ناکەن و ئەگەر دژایەتی ئاشکرای پارتیش نەکەن ئەوە هاوکاریشــیان ناکەن بە تایــبەتی لە مەسەلە سەربازی و ئەمنیــەکاندا وبە تایــبەتر لە کەمپینی شەڕی پەکەکەدا! غەریب نییــە کاتێــك سەرۆکە فاشــیستەکەی تورکیا لە رێی هەردوو وەزیری ناوخۆ و دەرەوە، پێش ماوەیەك ڕایگەیــاند کە زۆنی ســەوز لە لایەن پەکەکەوە داگیر کراوە! لیرەدا پەیــامەکە ئاشکرایە و مەبەست لە باڵی لاهورە کە گوێرایەڵێکی باشی تورکیــا نییە وەك بنەماڵەی بارزانی!
پلانەکەی ئەمریکا وەك پاڵپشتێکی سەرەکی دەوڵەتی تورکیــا ئەمەیە: ئەبێت قەندیل لە پەکەکە پاکبکرێــتەوە! ئەم پلانــە دەمێکە چووەتە قۆناغی جێبــەجێ کردنەوە. بەڵام تورکیــا بە بێ هاوکاری کۆمەکی هێزە دەســەلاتدارەکانی زۆنی ســەوز و زەرد بە تەنهــا ئەو کارەی بۆ ئەنجام نادرێت!
بۆ بنەماڵەی بارزانی، پەیوەســتبوون بەم پیلانەی ئەمریکاو تورکیــاوە لێی ئاســانتر نییــە، ئەوان لەوەتەی دروســت بوون، خانەیەکی سەرەتانیــن و لەم ناوچەیە چێندران، ئەرکی ئەوان کلکایەتیە بۆ ڕژێمە سەرگوتکەرەکانی ناوچەکەو پاراستنی ئەجێنداکانیــانە لەپاڵ لێدان لە هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازی ناوچەکە!
مەسەلەکە بۆ یەکێتی جیاوازترە، یەکێتی حزبی پەیوەندییەکانی خێڵ نییە وەك پارتی و مێژووە سیاسی و تەرکیبــە کۆمەڵایەتییەکەشی جیاوازترە. ئەگەر باڵی کوڕەکانی تاڵەبانی لەبەر هێشــتنەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریەکانیــان براگەورەیی پارتییــان پێ ئاسایی بێت، ئەوا باڵی لاهور ئەم براگەورەییەی بنەماڵەی بارزانی قبوڵ ناکەن! هەر بۆیە کاتێك لاهوری شێخ جەنگی، رۆژی ٢٢ی مانگی شەش لەگەڵ “ماتیۆ تولەر” باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و “ڕۆب واڵەر” کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێــتەوە، بە ئاشکرا لەوێــدا ڕایدەگەێنێــت کە ئەوان شەڕی پەکەکە ناکەن! ئەم وەڵامەی لاهور دەبێــتە تێـــکدانی بەشــێك لە پیلانی ئەمریکا بۆ لێــدان لە پەکەکە، هەر بۆیە داوای ئەمریکا ئەوەیە کە دەبێــت لە لاهور بدرێت و ئەم ئەرکەش دەسپێردرێــتە کوڕەکانی تاڵەبانی!
بە گشــتی، ئەگەر پیلانی شەڕی پەکەکە بەو جۆرە بچــێتەپێش کە ئەمریکا دایڕشــتووە، ئەمە مانای کەوتن، یان لاوازکردنی هێزی سەربازیی پەکەکە و لە گەڵیشــیدا خســتنەسەرچۆکی پەیەدەیە لە رۆژئاڤا!
رۆژئاڤا ئەو سەرئێشــە گەورەیەیە کە بۆ لیبرالیزمی نوێ دروســت بووە. پرۆژەی خۆســەری دیموکراتی وەك پرۆژەیەکی ســیاسی پشــت دەبەســتێت بە خســتنەگەڕی ئیرادەی ســیاسی خەڵك لە خوارەوە لەڕێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێــنەرانی خۆیان. ئەم جۆرە لە دەسـەڵاتی چەپییــانە لەگەڵ ڕۆحی سەرمایەداریی نیولیبراڵدا دژایەتی هەیە. فشــاری بەردەوامی ئەمریکا بۆ جێخســتنی ئەنەکەســەی ســەر بە تورکیا لە رۆژئاڤا، فشــارێکە لەســەر پەیەدە بە جێخســتنەوەی پرۆژەی خۆسەری دیموکراتی بە ســیستەمێکی پەرلەمانی دزو تاڵانکارو دژە خەڵكی هاوشێوەی هەرێمی کوردســتان!
ئەم کۆدەتایەی پاڤێڵ دوو شتی مسۆگەر کرد: یەکەمیان: وەڵامێکی ئەرێنییە بە ئەمریکاو پارتی و تورکیا بۆ هاوکاریکردنی شەڕی پەکەکە. دووهەمیان: توانی تەوریسی سوڵتەی یەکێتی لەدەست لاهور  دەربکێشێت و بیخـــــاتەوە سەر خۆیان.

کۆتا هەواڵ:
بە پێی زانیــاری چۆلەکەکان، باڵی پاڤێــڵ و قوباد ووتوویــانە ئەبێــت لاهور ناوچەی ســلێمانی چۆڵ بکات!

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ: ئێران هەڕەشەی لە دوو کارمەندمان کردووە لە هەولێر

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایدەکات، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشەیان لە دوو ئەندامی ئەوان کردووە، کە لە شاری هەولێر دادەنیشن.

ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕێکخراوە جیهانییەکان و هاوڵاتییان دەڵێت، ” لە نوێترین حاڵەتدا ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشەی جیدییان لە دوو ئەندامی ڕێکخراوەکەمان بە ناوەکانی ژیلا موستەئجێر و ئەرسەلان یارئەحمەدی کردووە کە لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن”.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ” هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە بانگکردنی بەردەوام و نایاسایی ئەندامانی بنەماڵەی ئەم دوو کەسە، لە ناوخۆی ئێران و باسکردنی تایبەتیترین باسەکانی ژیانی ئەو دوو کەسە بە بنەماڵەکانیان وتووە، کە ئێمە زانیاریی تەواومان لە سەریان هەیە و هەڕەشەیان کردووە کە بە زوویی کردەوەی تایبەتمان بەرانبەریان دەبێت”.

ڕێکخراوەکە بەرپرسیارێتی گیانی ئەو دوو کارمەندەی خستووەتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڕەشەکەی بە جدی وەرگرتووە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، گرنگی بە کوژران و زیندانیکردنی هاوڵاتییانی کورد دەدات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مانگانە و ساڵانە لەسەر ئەو پێشێلکاریانە ڕاپۆرتی هەیە.

دراما تورکییەکان و سزادراوانی بادینان !

دادگایی کردنی چالاکانی بادینان، درامایەکی دور و درێژ، کە هەر مانگەو وەرزێکی نوێی دەست پێدەکات و هەر هەفتەو زنجیرەیەکی نوێی پیشکەش دەکرێت.

درامایەک کە ئەکتەری سەرەکیی هەر وەک خۆیەتی و هەرهەفتەو بابەتێکی نوێ پیشانی بینەران دەدرێت.بە پێی ڕوداوەکان ئەکتەرانی دراماکە و ئەوانەشی لە پشتیانەوەن و هانیان دەدەن لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەن..

سەرەڕای نیگەرانیی  وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە سزادانی چالاکوانانی بادینان، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی هەولێر سزای پێنج چالاکوانەکەی بادینانی بە شەش ساڵ زیندانیکردن پەسەند کرد، ئەوەی ئێستا بووەتە پرسیار هەر بە تەنها سوربوونی دادگاکانی هەولێر نییە بۆ سزادانی چالاکوانان، بەڵکو درێژەدانە بە سزادانی ئەو چالاکوانانەی دیکە کە ئێستا خراونەتە نێو بازنەی سزادانەوە و ژمارەیان 72 چالاکوانە و ناوە ناوە و هەرمانگەو بەشێکیان دەبرێنە بەردەم دادوەر و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

لەنێو خەڵکیدا دەستەواژەی دراما تورکییەکان بۆ هەر شتێک بەکاردەهێندرێت کە کۆتایی نەیەت و هەموو زنجیرەیەک، شتێکی نوێ و چاوەڕواننەکراوی تیادایە، دۆسیەی چالاکوانانی بادینانیش شێوەی دراماکانی وەرگرتووە، هەر مانگی جارێک وەرزێکی نوێی دەردەچێت،هەر هەفتەیەو بەشێکی نوێی پێشکەش دەکرێت، لەگەڵیشیدا کاردانەوەی ناوخۆیی و بیانی لێدەکەوێتەوە.

دۆسیەی چالاکوانانی بادینان تەنانەت لەنێوخۆی پارتیش ڕای جیاوازی دروستکردووە، ئەو ئاڕاستەیەی مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، توندن بەرامبەر چالاکوانان و لە بنەڕەتدا سزای زیندانیکردن بۆ چالاکوانان بە سزایەکی کەم دەزانن، لەبەرامبەردا ئاڕاستەکەی نێچیرڤان بارزانی میانڕەوتر دەردەکەون و لانی کەم لێدوانیان لەبارەی چالاکوانەکانەوە یان نییە، یاخود باس لەوەدەکەن پێداچوونەوە بە سزاکەدا بکرێت.

لە نێو یەکێتیش ئەگەر چی ناوە ناوە دەنگی نارەزایی و دژ بون لەگەڵ ئەو سزادانانە دەبیسترێت، بەڵام لەسەر ئاستی و فەرمی و تیمی حکومییان هیچ هەڵوێستیکی پێویست بەدی نەکراوەو تا ئێستا بەشێکن لە دەرهێنەرانی دراماکەو نایانتوانیوە خۆیان لە ڕوداوەکانی نێو دراماکە دابماڵن.

لەگەڵ هاتنی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و جێگرایەتی قوباد تاڵەبانی، یەکەمجارە بە لێشاو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان دادگایی بکرێن، لەنوێترین زنجیرە دادگایکردنیشدا، پێنج چالاکوانی دیکە دادگایی دەکرێن ئەویش بە تۆمەتی کارکردن بۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقە کە ئەمە جگە لە مەتەڵێکی سەیر و سەمەرە لە هیچی تر ناچێت و مەگەر هەر لە دراما بیانیەکاندا سەرۆکانی وڵات سیخورییان گرتبێت بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەی خۆیان.

ئەوەی لە کەیسی چالاکوانانی بادینان بووەتە جێگەی سەرنج ئەوەیە، ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەیانکراوە بە دیاریکراوی چییە؟ بۆ نمونە ئەو پێنج چالاکوانەی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، سەرەتا دادگا وتی سیخوڕییان بۆ وڵاتانی بیانی کردووە، بەڵام دواتر لەژێر فشاری ئەڵمانیا و ئەمریکا ناوی ئەو دوو وڵاتە لە تۆمەتەکان دەرهێندرا، بەوەش پرسیاری ئەوە دروستدەبێت ئەی کەواتە ئەو چالاکوانانە سیخوڕییان بۆ کێ کردووە؟

بەهەمانشێوە ئێستا لەکەیسی پێنج چالاکوانی دیکەی بادینان ناوی دووان لە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق دێت کە ئەوانیش مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵحن، دیارنییە ئەگەر لە داهاتوودا ئەوانیش فشار لە حکومەتی هەرێم بکەن ناویان لە لیستی تۆمەتبارکردنەکە دەردەهێندرێت یاخود نا؟

ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ چالاکوانەکان بریتین لەوەی بەنیازبوون کار بۆ ئەمریکا و بەریتانیا بکەن و ویستوویانە گروپێکی کار بۆ پشتیوانی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دروستبکەن ئەگەر بەشداریی لە هەلبژراندا کرد، ئەوەی سەیرە ئەوەیە رۆژانە هێزە عەرەبیەکان دێنە هەولێر و سلێمانی و لەگەڵ گەوەروە بەرپرسانی هێزەکانی دەسەڵاتدا سەوداو مامەڵە دەکەن لەسەر کورسیەکانی داهاتوی پەرلەمان و دابەشکردنی پۆستەکانی داهاتووی وڵات، ئەی خێرە ئەوان بێتاوان و ئەمان تاوانبارن؟

یەکێک لە تۆمەتەکانی تر کە دراوەتە پاڵ ئەوانەی دوستگیرکراون ئەوەیە کە بەنیازی خۆپێشاندان لە دهۆک و شار و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە بوون بۆ کاری تێکدرانە، باشە مەگەر خۆپیشاندان تاوان و کاری تێکدەرانەیە؟ ئەی مەگەر هەر ئەوە نییە یاسایەک هەیەو لە پەرلەمان دەرچوە بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان و داوای خۆپێشاندان، وێرای سەرنجی چالاکانی بوارەکە لەسەری بەڵام خۆ ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی خۆپێشاندان لە یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمدا کارێکی ڕێپێدراوە نەک تێکدەرانە.

ئەو راگیراوانەی بڕیارە بەمزوانە و لە زنجیرەیەکی نوێی پرۆسەکەدا داداگایی بکرێن بریتین لە عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان کەمال سلێمان، سلێمان موسا ئەحمەد، کە پیشەکەیان پێشمەرگەی خانەنشین و مامۆستای زانکۆ و ئەندازیار و هۆزانڤانە، لە زنجیرەی پێشوی دراماکەدا رۆژنامەنوس و چالاکانی مەدەنی کران بە تیرۆریست و دەیان تۆمەتی جیاجیایان درایە پاڵ، ئاخۆ لە دادگاییکردنی ئەم جارەدا چ تۆمەتێکی نوێ دەدرێتە پاڵ دەستگیرکراوەکان و وەک دیمەنێکی دراماکان چ شتێکی نوێی تێدا دەبێت؟

هەموو جارێک لەگەڵ دادگاییکردن و سزادانی بەشێک لە دەسگیرکراواندا چالاکانی مەدەنی و رێکخراوەکان و کونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان چەند رۆژێک دێنە دەنگ و گردبونەوەو بەیاننامەو خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و  دوای ئەوە دیسانەوە هەر وەک دیمەنەکانی نێو دراماکان ئەوانیش بێدەنگ دەبن تا جوڵەیەکی نوێی دادگا بەدەردەکەوێتەوەو بەشێکی تری دۆسیەکان لە زیندانەوە دەبرێتە دادگاکان.