Author Archives: Hawpshti Media

کەی‌ خۆپیشاندان بکرێت؟

د. ئیسماعیل نامیق:

پێشتر باسی‌ ئەوەم کردبو، چەکی‌ خۆپیشاندان چەکێکی‌ کاریگەرە، بەڵام بەو مەرجەی‌ بزانرێت، کەی‌‌و لەکوێ‌و چۆن‌و بۆچی‌ بەکار دەهێنرێت؟ هەندێک هاوڕێ بەنیەتپاکی‌‌و هەندێکی‌ تر بەنیەت خراپی‌ رەخنەیان گرتبوو، هەندێکی‌ تر بێ ئاگایانە جنێوبارانیان کردبوم، کە ئەمە دیاردەیەکی‌ زۆر خراپە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، هەندێکی‌ تر پرسیاری‌ ئەوەیان کردبوو کەی‌ کاتی‌ خۆپیشاندانە؟ لەوەڵامدا دەڵێم هەموو کات کاتی‌ خۆپیشاندانە. بەڵام خۆپیشاندان بۆچی‌؟
ئەگەر بۆ دامەزراندن‌و مووچەو کەمی‌ خزمەتگوزاریی‌ بێت ئەوا هەر کاتێک، مووچە نەبێت، یان دامەزراندن نەبێـت، یان هەر کێشەیەکی‌ دیکەی‌ رۆژانە ئەگەر بوونی‌ هەبوو دەکرێـت خۆپیشاندانی‌ لەپێناودا بکرێت، بۆچارەسەرکردنی‌ ئەو کێشەیە.
ئەم جۆرە خۆپیشاندانە کاریگەریی‌ زۆر گەورەی‌ نابێت لەسەر حوکمڕانی‌‌و بەڕێوەبردن، وە رەنگە لەلایەن هەندێک کەسەوە ئیستغلال بکرێت، بۆ بەدەستهێنانی‌ بەرژەوەندی‌ کەسی‌. خۆ ئەگەر خۆپیشاندان بۆ گۆڕانکاریی‌‌و لەسەر کارلادانی‌ دەسەڵاتداران بێت، ئەمە قەزییەکی‌ گەورەیەو دەبێت بەپلان‌و لەکاتێکی‌ گونجاوو بەشێوەیەکی‌ بەردەوام بێَت، وەکو ئەوەی‌ ئێستا لەبیلاروسیادا دەگوزەرێت، بۆیە لەکوردستانیشدا دەکرا لەدوای‌ راگەیاندنی‌ ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ 30/ 9/ 2019 پەرلەمانی‌ کوردستانەوە، هێزەکانی‌ دەرەوەی‌ یەکێتی‌‌و پارتی‌ ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکردایەو لایەنگرو دەنگدەرەکانی‌ خۆیان لەهەولێری‌ پایتەختدا ببردایەتە سەر شەقام وخۆپیشاندانی‌ گەورەیان بکردبا، تاکۆتاییان بەم مۆدێلەی‌ حوکمڕانی‌ نەهێنابا دەستبەرداری‌ خۆپیشاندان نەبوونایە.
ئەوە گونجاوترین کات بوو بۆ گۆڕینی‌ ئەم مۆدێلە کۆنەی‌ حوکمڕانی‌‌و چەسپاندنی‌ مۆدێلێکی‌ نوێی‌ حوکمڕانی‌. بەڵام بەداخەوە ئەو کات ئەم هێزانە لەئێستا پەرتەوازە تر بوون، هەریەکەو لەئاوازێکی‌ ئەخوێند. نەدیدگایەکی‌ هاوبەشیان هەبوو، نەتاک تاکیش دیدو تێڕوانینێکی‌ جێگیرو دروستیان هەبوو. من راستییەکان بەو شێوەیە ئەخەمەروو کە هەن‌و خۆم درکیان پێ ئەکەم، نەک بەوشێوەیەی‌ کە تۆ گەرەکتە.

کەمپینێک بـــۆ ئازادی سـەیران و منداڵەکانی

بەشی راگەیاندنی رێکخراوی چەپک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی کەمپینێک رادەگەیەنیت بۆ ئازاد کردنی سەیران محەمەد، نوێنەری رێکخراوی چەپک لە پارێزگای هەولێر، کە دوێنی ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی 24ی ئابی 2020 لە لایەن دەسەڵاتدارانی پارتی لە بازاری لەنگەی هەولێر لەگەڵ دوو منداڵەکەی دەستبەسەرکراون، هوکاری دەستبەسەر کردنەکەشی دەگەرێتەوە بۆ ئازادی رادەبرین و پۆست کردنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی فەیسبوک.

هەروەها ئیدانەی ئەم كارە‌ قێزە‌ونە‌ دەکەین و دەستبردن بۆ ھە‌ر ئە‌ندامێكی رێكخراوە‌كە‌مان مایە‌ی قبوڵکردن نیە‌ و ھێلی سورە، ئازاد نە‌كردنی وامان لێدە‌كات زیاتر كە‌یسە‌كە‌ بە‌دونیایی دە‌رە‌وە‌ بە‌سیاسی بكە‌ین، پاشان ناتوانن بەم رێگەیەوە دەنگی چالاکوانان و ئازادیخوازان و دەنگی شەقام و ئازادی رادەبرین سەرکوت بکەن، داواش لە‌ ئاسایش و پولیسی ھە‌ولێر، وە‌زارە‌تی ناوخۆ و وە‌زارە‌تی کارو كاروباری كۆمە‌لایە‌تی دە‌كە‌ین دە‌ستبە‌جێ ( سە‌یران محەمەد و منداڵەکانی)ئازاد بكە‌ن، هەر بۆ زانیاریتان تا ئێستا ئە‌ندامی ھیج حیزب و پارتێك نیە‌و بگرە‌ باوكی شە‌ھیدە‌ لە‌پێناو خاك و نیشتیمان و ئازادی، لەگەڵ ئەوەش توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و تازە‌ چاكبوتە‌وە‌ و ھێشتا بارگرانی نە‌خۆشیە‌كە‌ی لێنە‌بۆتە‌.

هەر کەسێک دەیەوی پاڵپشت و پشتیوانی ئەم کەمپینە بکات بۆ ئازاد کردنی سەیران محمەد، ناو و پیشەکەی بنوسێت
1_رێکخراوی چەپک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
2_سۆما خالید رۆژنامەنوس
3_شاخەوان ئەکرەم دوکانی رۆژنامەنوس
4_هاودەنگ سلێمانی، چالاکوان و ئازادیخواز
5_ریکخراوی شار بۆ گەشەپیدانی مرۆیی
6_ڕێکخراوی جەستە بەخشان لەکوردستان
7_سەنا محمد، باڵوێزی ئاشتی جیھانی_ئەندامی رێکخراوی چەپک
8_سيفي نهيلي، جالاك فان سويد
9_ ڕێباز سەباح، سەرۆکی ڕێکخراوی خەون و لێپرسراوی ئۆفیسی کەرکوکی ڕێکخراوی ماکۆس
10_جەبار احمد، توێژەری سیاسی
11_عزت زێباری، چالاکڤان لە ئاکرێ
12_کەژاڵ نوری، چالاکوانی ژنان لە هۆڵەندا
13_شاگوڵ خواڕەحم، چالاکوان
14_ژینۆ ڕشید، چالاکوانی ژنان
15_حەیدەر عەلی، فەرمانبەر، گەرمیان
16_گروپی ڕاستاڵ
17_مەریوان قەرەداغی، شاعیر
18_ئومێد ئەحمەد شاعیر و چالاکوان
19_تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان
20_ئەردەڵان شێخ فاتیح بەرزنجی، پارێزەر و ڕۆژنامەنووس؍سلێمانی
21_سەنتەری باشور بۆلێکۆڵینەوەی ستراتیژی
22_سەرکەوت بابان، سەرۆکی ڕێکخراوی SYEO
23_ھێلان چیا، نوسەر
24_شێرکۆ حەمەئەمین، چالاکوانی سیاسی
25_هاوژین مەلا ئەمین، مامۆستای زانکۆ
26_ئارام هادی رۆژنامەنوس
27_خەندە ئازاد محی الدین، چالاکوان
28_ سروش هه ڵەبجەیی پارێزەر، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی سیاسی
29_د. کەمال سەید قادر، نوسەرو یاساناس
30_رێكخراوى قه رەداغ بؤ گه شه پيدان
31_کەژال عبدالقادر حمە شریف، بکتریۆلۆجی نەخۆشخانەی فێرکاری وەئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە
32_روپاک اسماعيل لاو احمد، چالاكوان و ئه ندامى كومەلەی ئافرەتانی كوردستان
33_تانیا علی، وەک چالاکوانی ئاشتی و داکۆی لە مافی ژنان
34_دیاری فەرەیدون، شاعیر و رۆژنامەنوس
35_كامل حمه شريف، ئەندازيار

“داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کە بەفریای ئازادی رادەربڕین بکەوێت لە ھەرێمی کوردستاندا.”

لە ١٢ی ئابەوە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستاندا خۆپێشاندان و گردبوونەوەی گەورە بەڕێوەدەچێت. بەھۆی دواکەوتنی موچەی مانگانە و کەمی خزمەتگوزارییەکان، ھاوڵاتیان داوای دەستلەکارکێشانەوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم دەکەن.
بۆ ڕێگریکردن لە خۆپێشاندەران، ھێزە ئەمنییەکان، گازی فرمێسک ڕێژ، گولەی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی بەکاردەھێنن. ھەرەوەھا چەندان چالاکوان و خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون.

لە ٢١ی ئابدا، بەھۆی بانگەوازیکردن بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە زاخۆ، فاروق عومەر، چالاکوانی سیاسی دەستگیرکرا. تاوەکو ئێوارەی دوێنی، فاروق لەگەڵ ٥٥ چالاکوانی مەدەنی و خۆپێشاندەری تردا لە زینداندابوو.

خەتاب عومەر، برای فاروق، بە “سی پی تی” گووت:” لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، فاروقی برام نە خواردن و نە ئاوی پێدرابوو. لە ژوورێکدا بەندی کرابوو کە ھەوای پاک و ئۆکسجینی کەمی تێدابوو. دوێنێ ئێوارە کەسێک لە نەخۆشخانەوە پەیوەندی پێوەکردین و پێی ڕاگەیاندین کە براکەمان ئازادکراوە و ئێستا لە نەخۆشخانە بە بێھۆشی خەوێندراوە.”

لە درێژەی قسەکانیدا، خەتاب گووتی:” لە ئێستا دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستاندا لەژێر ھەڕەشە دایە. ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە فشار بخەنە سەر حکومەتی ھەرێم بۆئەوەی ڕێز لە مافی ھاوڵاتیانی بگرێت. ھەروەھا داوایان لێدەکەین کە بەفریای ئازادی ڕادەربڕین بکەون لە ھەرێمی کوردستاندا.”

ساڵی ڕابردوو، “سی پی تی” یاوەری گروپێک لە چالاکوانانی مەدەنی بادینانی کرد لە زینداندا. لە ئێستا بەشێکی ئەو چالاکوانانە بەھۆی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە لە زاخۆ دەستگیرکراونەتەوە. ھاودەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانی عێراقدا، ئێمەش داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، کە ڕێز لە ئازادی قسەکردن و ڕادەربڕینی ھەموو ھاوڵاتیەکی ھەرێمی کوردستان بگرن.

لوبنان و هەرێمی کوردستان

به‌یار عومه‌ر:

لوبنان سێ هەزار ساڵ پێش زاین، فینقیەکان تێیدا ژیاون کە بە بازرگانی بەناوبانگ بون. دواتر کەوتە دەست ڕۆمەکان و بوو بە یەکێک لە ناوچە مەسیحیەکان. لە سەدەی چواری زاینیدا، قەشەیەک بە ناوی مارۆن لە نزیک حەلەب دەژیا و خەلکێکی زۆر دوای ڕێبازەکەی کەوتن، کە بوو بە مەزهەبێک لە کاسۆلیک و ئێستا سەر بە پاپای ڤاتیکانن. دواتر ئەم مەزهەبی مارۆنیەتە لە سوریاوە گوازرایەوە بۆ شاخەکانی لوبنان.

کە ئیسلام دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت، مارۆنیەکان لەسەر ئاینی خۆیان مانەوە. دواتر عوسمانیەکان دەستیان بەسەر (شام) دا گرت کە بریتی بوو لە سوریا و لوبنان هەتا جەنگی جیهانی یەکەم. دواتر شام چوە ژێر دەسەڵات و ئینتیدابی فەرەنساوە.

مەسیحیەکان لە شاخەکانی کەنار دەریای سپی ناوەڕاستدا دەژیان. بۆ ئەوەی مەسیحیەکان نەبنە کەمینە لە سوریا و توشی چەوساندنەوە نەبن، حکومەتی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٣ دەوڵەتێکیان لە سوریا بۆ جیاکردنەوە و ناویان لێنا کۆماری لوبنان، کە ڕوبەرەکەی نزیکەی تەنها ١٠ هەزار کیلۆمەتر دوجابوو. پێیان وابوو بەو شێوەیە دەتوانن مەسیحیەکانی ئەو ناوچانە بپارێزن بەتایبەتی کە لەسەر دەریا بون و فەرەنسا دەیتوانی بە ئاسانی فریایان بکەوێت.

ئەو کات دانیشتوانی لوبنان زۆرینەیان مەسیحی مارۆنی بوون، دواتر موسڵمانی سونە مەزهەب، ئینجا موسڵمانی شیعە مەزهەب ژمارەیان لە هەمویان کەمتر بوو. بەڵام لەبەر ئەوەی شیعەکان منداڵی زۆر و مەسیحیەکان منداڵی کەمیان دەخستەوە؛ ئێستا ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بۆتەوە، شیعە بون بە زۆرینە، سونە دوهەم پێکهاتەن، و مەسیحیەکان بون بە سێهەم پێکهاتە.

دروزەکانیش چوارەم پێکهاتەن و هەر جارەی لەگەڵ یەکێک لە پێکهاتە سەرەکیەکاندا ڕێکدەکەون بۆ پاراستنی کیان و بەرژەوەندی خۆیان. بەڵام بۆ ئەوەی هاوکێشە سیاسیەکان تێکنەچێت کە چەندین ساڵە لەسەری ڕێککەوتون، کە سەرۆک کۆمار بۆ مەسیحی و سەرۆک وەزیران بۆ سونە و سەرۆک پەرلەمان بۆ شیعەیە، لە ساڵی ١٩٣٢ ەوە سەرژمێریان نەکردوە. واتە لە پێش دروستبونی لوبنانەوە یەک سەرژمێری کراوە لە شاخەکانی لوبناندا و ئیتر دوبارە نەکراوەتەوە.

پێش جەنگی ناوخۆیی (١٩٧٥-١٩٩٠)، لوبنان جگە لەوەی بەناوبانگ بوو بە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و بازرگانی، سەنتەری بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئەو ڕۆڵەی دەبینی کە ئێستا ئیمارات دەیبینێت. جوانی سروشت و بەهێزی ئابوری و زۆری بانکەکانی نازناوی سویسرای ڕۆژهەڵاتیان دابوو بە لوبنان.

بەڵام ئێستا کێشەی گەورەی لوبنان ئەوەیە کە کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسی دروستبون کە بون بە بارگرانی بەسەر کایەی سیاسی و ئابوری لوبنانەوە.

ئەم بنەماڵە سیاسیانە لە ڕواڵەتدا جیاوازن و نمایندەی پێکهاتەی جیاوازی وەک مەسیحی و سونە و شیعە و دروز دەکەن. هەر یەکەیان لە کاتی جیاوازدا لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا بون. بەڵام لە ناوەڕۆکدا خاڵی هاوبەشیان زۆرە.

زۆربەیان دەستیان بەسەر کایەی سیاسیدا گرتوە و هەر جارەی بەپێی رێژەی ئەو کورسیانەی لە پەرلەماندا دەیهێنن، ژمارەیەک وەزارەت وەردەگرن، بەڵام وەرگرتنی وەزارەتەکان لە لوبناندا تەرجومە نەبوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و دەستکەوتی مادی و تەندەری زەبەلاح بۆ حیزب و بنەماڵە سیاسیەکان.

بە تێپەڕبونی کات حیزب و بنەماڵە سیاسیەکان بون بە ملیاردێری گەورە و لە بەرامبەردا زۆرینەی لوبنانیەکان بێکارن و لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن. زۆرینەی لوبنانیەکان متمانەیان بە حکومەت و حزب و بنەماڵە سیاسیەکان نەماوە و تەنانەت دوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت، هێشتا خۆپیشاندانەکان بەردەوامن چونکە دەزانن هەر حکومەتێک بێتە سەر کار لەوەی پێشو باشتر نابێت. دەیانەوێت کۆی پرۆسەی سیاسی و حزب و بنەماڵە سیاسیەکان بگۆڕن.لە هەرێمی کوردستاندا هەمان سیناریۆ لەئارادایە. دوای چەندین ساڵ سۆڕش و قوربانیدان، چەند بنەماڵەیەکی سیاسی دەستڕۆشتو دروستبون کە جارێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و جارێک بە ناوی دەسەڵاتەوە دێنەوە سەر شانۆی سیاسەت و خاوەنی پارەی زۆر و ماکینەی میدیایی زەبەلاحن، هەندێکیان بە ناوی چاکسازی و هەندێکیان بە ناوی کوردایەتیەوە دەنگ کۆدەکەنەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا زۆر لەیەک دەچن.

هەر یەک لەو بنەماڵە سیاسیانە دەیانەوێت بەپێی ڕێژەی کورسیەکانیان وەزارەت وەربگرن کە تەرجومە نەبوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان، بەڵکو بۆتە هۆی دەوڵەمەندبونی چەند حزب و بنەماڵەیەکی سیاسی و لە بەرامبەردا بۆتە هۆی هەژاربون و بێکاربونی زۆرینەی هاوڵاتیان.

هەر یەک لەم حزب و بنەماڵە سیاسیانە چەند کۆمپانیا و سەرمایەدارێک کاریان بۆ دەکەن و ئیحتیکاری بازاڕیان کردوە و ناهێڵن بەدەر لە بازنەی تەسکی خۆیان، خەلک بە ئاسانی کەسابەتی خۆی بکات.

سەرباری ئەو خاڵە هاوبەشانە، هەندێک جیاوازی هەیە لە نێوان لوبنان و هەرێمی کوردستاندا. یەکێک لە جیاوازیەکان ئەوەیە کە لە لوبنان لانی کەم بنەماڵەی حەریری هەن کە چەند ملیار دۆلارێکیان لە سعودیەوە هێنایەوە بۆ بنیاتنانەوەی بەیروت دوای شەڕی ناوخۆ. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بنەماڵە سیاسیەکان بە ملیارەها دۆلاری دزراوی کوردستان دەبەنە دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا ژێرخانی ئابوری وێرانە و حکومەت موچەی پێنادرێت. واتە وەک دەستیان بەسەر داهاتی سەرزەوی و ژێرزەویدا گرتوە، لە ناو وڵاتەکەدا وەبەرهێنانی پێوە ناکەن.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەمە تا کەی بەردەوام دەبێت؟! ئایا لە ئایندەدا هاوشێوەی لوبنان، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا دەستناکەن بە جوڵەی کاریگەر بۆ سنوردارکردنی دەسەڵات و نفوزی بنەماڵە سیاسیەکان؟!

کۆمیسیۆنى مافەکانى مرۆڤی عێراق: داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین مافە رەواکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێم کرد مافی خۆپیشاندەران پێشیل نەکەن و بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، دەشڵێت، حکومەتی هەرێمیش پێویستە گوێڕایەڵی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بێت.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لەسەر خۆپیشاندانەکانی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەوان جەخت لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەنەوە کە لە دەستوری عێراقدا باسکراوە و داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن گوێڕایەڵی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن مافە رەواکانی خۆپیشاندەران لە بنەبڕکردنی بێکاری و باشترکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و خەرجکردنی موچەی فەرمانبەراندا جێبەجێبکات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، داواش لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن و دانبەخۆیاندا بگرن و ژیانی خۆپیشاندەران بپارێزن و مافەکانیان پێشێل نەکەن.

رۆژى ٢٢ى ئەم مانگەدا، خۆپیشاندانی سەرتاسەریی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر بە زەبری هێز رێگری لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هاوڵاتیان کرا.

ھەرێمی کوردستان بەرزترین ژمارەی مردنی بەکۆرۆنا تۆمارکرد

بەراورد بە شەش مانگی رابردوو بۆیەکەمجار  ھەرێمی کوردستان لە یەک رۆژدا 27 مردنی بە کۆرۆنا تۆمارکرد، بەوەش کۆی گشتی مردوانی کۆرۆنا گەیشتە ٩٣٠ کەس.

لە 24 کاتژمیری رابردوودا ١٢ کەس لە هەولێر و 11 لە سلێمانی و سێ کەس لە دھۆک و کەسێک لە راپەڕین گیانیان لە دەستداوە.

رۆژی یه‌كشه‌ممه(٢٣\٨\٢٠٢٠)‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماری توشبوون و گیان له‌ده‌ستدانی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنان لەماوەی هەفتەیەکدا (له14-8 تاوه‌كو 20-8) راگەیاند.

بەپێی راگەیاندراوەکە له‌و ماوه‌یه‌دا 27 هه‌زارو 348 پشكنینی كۆرۆنا له‌هه‌ر چوار پارێزگای (هه‌ولێر – هه‌ڵه‌بجه‌ – سلێمانی – دهۆك) ئه‌نجامدراوه‌و دەرکەوتوە ٣٧١٢ کەس توشبون‌و 163 توشبوش له‌هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژە بەوەش دەکات ژماره‌ی توشبووانی كۆرۆنا لەکوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ 24 هه‌زارو 271 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش 14 هه‌زار و 28 توشبوو چاكبوونه‌ته‌وه‌ و 886 كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

ڕۆژنامه‌نووس هێمن مامه‌ند به‌هۆی دروستبوونی مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی هه‌و‌لێری جێهێشتووه‌

ڕۆژنامه‌نووس هێمن مامه‌ند به‌هۆی دروستبوونی مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی هه‌و‌لێری جێهێشتووه:

https://www.youtube.com/watch?v=2GtqJY_7Vcs

لە دانیمارک کەمپینێک بۆ بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان راگەیەندرا

ژمارەیەک هاوڵاتی کوردی دانیشتووی دانیمارک کەمپینێکیان بە ناوی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان راگەیاند و تیایدا باس لەوە دەکەن، “ئەوەی کە لە ٢٩ ساڵی رابردوودا پێی دەوترێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان شتێک نەبووە و نییە بێجگە لە تاقمێکی خاوەن کۆمپانیای زەبەلاح و بازرگانانی نەوت و خوێن و تاڵانکاری.”

ژمارەیەک هاوڵاتی کوردی دانیشتووی وڵاتی دانیمارک کەمپینێکیان بە ناوی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان راگەیاندووە و تیایدا هاتووە، “پشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین”، دەشڵێن، “چەند رۆژێکە شارەکانی کوردستان بوونەتە مەیدانێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری کوردستان بە ھەموو چین و توێژەکانییەوە.”

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “ئەم ناڕەزایەتیانە نیشانەی بەدەنگھاتنی سەرجەم بێبەشان و مەحرومان و بێکاران و کارمەندانی موچەخوراو و خوێندکارانی دانەمەزراوە، کە سنوری ناوچە و شار و قەڵەمڕەوی ھەردوو ئیدارەی زەرد و سەوزی گرتووەتەوە و ئاماژەیەکیشە بە کۆتاییھاتنی فریودان و دابەشکردنی خەڵکی ناڕازی کوردستان.”

ئاماژەیان بەوەشكردووە، “دەرکەوت ئەوەی کە لە ٢٩ ساڵی رابردوودا پێی دەوترێت (حکومەتی ھەرێمی کوردستان) شتێک نەبووە و نییە بێجگە لە تاقمێکی خاوەن کۆمپانیای زەبەلاح و بازرگانانی نەوت و خوێن و تاڵانکاری، کە سەروەت و سامانی وڵاتیان قۆرغکردووە و خاوەن میلیشیا و دامودەزگای سەرکوتکەرن و ژیان و ئاسایش و ئارامی خەڵکیان لە پێناو کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان تاکو لێواری مەرگ بردووە.”

راشیانگەیاندووە، “نەدانی موچە، نەبوونی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا، پەکخستنی کەرتی گشتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان و حەواڵەکردنی تەندروستی ھاوڵاتیان بۆ بازرگانی کەرتی تایبەتی، برسیکردنی خەڵکی تا ئاستی خۆکوژی، گرانی و نەبوونی ھیچ یاسا و رێسایەک بۆ پاراستنی کەرامەتی ئینسان، تیرۆر و کوشتن و دەستگیرکردنی ئازادیخوازان و خۆپیشاندەران، رووی ئەم دەسەڵاتە تاوانکار و سەرکوتگەرەی ھەرێمی کوردستانی دەرخستووە، کە ھەڵگری ھیچ بەھایەکی ئاکاری و ئینسانی نییە جگە لە تاڵان و دزینی سامانی ئەو ھەرێمە.”

دەشڵێن، “بەدرێژایی سێ دەیە خەڵکی ئازادیخواز و وەتەنگھاتووی کوردستان بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و راپەڕین دژ بەم دەسەڵاتە و ئەم خۆپیشاندانانەی ئەمڕۆژانەش کە بەردەوامی ئەو مێژووەیە لە خەباتیان، ئەوە دەسەلمێنێت کە کۆتایھێنان بەسەرجەم نەھامەتی و برسییەتی و چەوساندنەوەیەک کە ئەم دەسەڵاتە بەسەر خەڵکی کوردستانیدا سەپاندووە، لە گرەوی رزگاربوونیاندایە لەدەست خودی ئەم دەسەڵاتە مافیایەی ھەرێمی کوردستان و ھەڵتەکاندنی بنەما ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی و لە جێگەیدا دەسەڵاتی خەڵک و جەماوەری خرۆشاو دامەزرێنرێت، گاڵتەجاڕی چاکسازی، حکومەتی تەکنۆکرات و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھیچ نییە بێجگە لە ئاڵوگۆڕێکی شکڵی و درێژکردنەوەی تەمەنی نەگریسی ئەم دەسەڵاتە و دووبارەکردنەوەی ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕان.”

ئاماژەیان بەوەکردووە، “ئێمە لە دەرەوەی وڵات ھەوڵدەدەین تواناکانمان بخەینەگەڕ بۆ ھەرچی زیاتر پشتیوانیکردن لە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان و خۆپیشاندان و راپەڕینەکانیان، ھاوکاتیش لە ھەوڵدادەبین بۆ رسواکردنی کوشتن و رفاندن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و توندوتیژی نواندن بەرامبەریان لەلایەن دەزگا سیخوڕی و نھێنی و بەناو ئاسایشەکانیانەوە.”

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە، خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە بەشێکی شار و شارۆچکەکانی هەرێم بەڕێوەدەچووە، کە تیایدا هاوڵاتیان ناڕەزایەتی بەرامبەر نەبوونی موچە و هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان دەردەبڕن.

فرانس پرێس: داخستنی ئێن ئاڕ تی ناوبانگی حکومەتی هەرێم وەک پەناگەیەک بۆ بیروڕای ئازاد لەکەداردەکات

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی ناوبانگی حکومەتی هەرێم وەک پەناگەیەک بۆ بیروڕای ئازاد لەکەداردەکات.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری کۆمەڵێک رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنییەوە رایگەیاندووە، “بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکیان دژی ئەو میدیایانە دەستپێکردووە، کە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دژ بە حکومەت دەگوازنەوە”، دەشڵێت، “ئەو کارە ناوبانگی حکومەتی هەرێم وەکو پەناگەیەک بۆ بیروڕای ئازاد لەکەداردەکات.”

راشیگەیاندووە، “هەفتەی رابردوو هێزەئەمنیییەکانی هەرێم، بە فشار نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تییان داخستووە، بەهۆی ئەوەی روماڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شاری زاخۆی کردووە.”

هاوکات، هونەر ئیحسان جێگری بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕ تی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، “دوای درەنگانی شەوی ١٩ی ئەم مانگە هێزەئەمنییەکان نوسینگەی دهۆکی کەناڵەکەمانیان داخست و دەستیشیان بەسەر سەرجەم کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیشدا گرت”، دەشڵێت، “ئەحمەد زاخۆی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە زاخۆ دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا ئازادنەکراوە.”

ئاژانسی فرانس پرێس باسی لەوەشکردووە، “دوای چەند کاتژمێرێک لە داخستنی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک نوسینگەی کەناڵەکە لە هەولێریش داخراوە، کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی هەرێمەوە ئیدانەی ئەو کارەکراوە.”

لەوبارەیەوە، کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) ئەوەی خستبووەڕوو، زیادبوونی هەراسانکردنەکانی دژ بە ئێن ئاڕ تی نادادپەروەرانە و نادیموکراتییە و ئەو پرسیارەش دەهێنێتە ئاراوە، بۆچی دەسەڵاتداران ئەوەندە لە ئێن ئاڕ تی دەترسن و نوسینگەکانی دادەخەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٨٨ توندوتیژی بەرامبەر ٦٢ رۆژنامەنوس و میدیاکار تۆمارکردووە، دەشڵێت، “لە نیوەی مانگی حوزەیرانەوە توندوتیژییەکان زیادیان کردووە.”

سەنتەری میترۆ دەشڵێت، نوسینگەی ئێن ئاڕ تی دابخرێت، هاوڵاتیان هەزاران ئێن ئاڕ تی دروستدەکەن و دەبنە پەیامنێری کەناڵەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، درەنگانێکی شەوی ١٩ی ئەم مانگە هێزەئەمنییەکان بە زەبری هێز و لە ژێر فشاردا نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تییان داخست و ئەحمەد زاخۆی پەیامنێریشیان دەستگیرکرد.

رۆژی دواتریش، هێزەئەمنییەکان نوسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تییان داخست و ئەوەش لە لایەن رێکخراوە جیهانی و ناوخۆییەکانەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئیدانەی داخستنی ئۆفیسەکانی هەولێر و دهۆکی ئێن ئاڕ تییان کرد.

کاتێک تەلەفیزیۆنێک ئارامی وڵاتێک تێکدەدات

مەریوان قانع:
تێکدانی ئارامی وڵاتێک بە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەنجامنادرێت، ھەر وڵاتێکیش کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی بتوانێت ئارامیەکەی تێکبدات لەوە کەوتووە وڵات بێت، وڵات تەنھا کۆمەڵێک شار و ناوچەی جوگرافیی نییە کە رێکەوت لە تەنیشت یەکەوە کۆیکردوونەتەوە، بەڵام مانای جێگەیەکە کە لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی تێدایە، وڵات لەناو بۆشاییدا دروست نابێت، شتێک نییە خۆبەخۆ ھاتبێتە کایەوە، وڵات دروستکراوێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، ئەوەی دروستی دەکات بە پلەی یەکەم سیاسەت و ھەڵسوکەوتی حوکمڕانەکانیەتی، ئەوەی لەو ھەرێمدا بوونی نییە ئەو لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەیە کە بەسەریەکەوە بێمتمانەییەکی گەورە و بەرفراوانیان لە نێوان خەڵک و حوکمڕانان و لەناو نوخبە سیاسییەکە و زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ھەرێمەکەدا دروستکردووە.

کەی تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامی وڵاتێک تێکبدات ئەوە مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە ھیچ پێگەیەک لە پێگەکانی بە وڵاتبوونی تێدا نییە. مانای ئەوەیە ئەو لانی ھەرە کەمەی متمانەی کۆمەڵایەتیی تێدا نییە کە ھەموو پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی ئارام پێویستیی پێیەتی. ئەوەی حوکمڕانانی کوردستان لە فۆرمە بنەماڵەیی و خێزانیی و سوڵتانییەکەیدا لەدەستیانداوە بوونی ئەم لانی ھەرە کەمەی متمانەیە.

بۆیە ئەوەی بۆیان ماوەتەوە ھەڕەشە و توندوتیژیی و تاوانبارکردنی ھەموو ئەوانەیە کە لە دەرەوەی بازنە داخراوەکەی ئەواندا و لە دەرەوەی سیاسەتە وێرانکارەکانی ئەواندا بیر لە چارەسەری کێشەکانی ئەو ھەرێمە دەکەنەوە. ئەم دۆخی نەمانی متمانەیە وایکردووە گرتن و فڕاندنی چالاکوانە سیاسیی و مەدەنییەکان، پڕکردنی شەقام و کۆڵانەکان لە ھێزی چەکدار و تێڵابەدەست، درۆکردنی بەردەوام، ھەڕەشە و ترساندنی ھەمەلایەنە، ببێتە زمانی قسەکردنی ئەوان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەدا کە گوایە حوکمڕانیی دەکەن. ئەم سیاسەتەش نەک چارەسەری دۆخی بێمتمانەیی و ناڕازیبوونە ھەمەلایەن و بەرفراوانە ناکات، بەڵکو گەورەتر و بەھێزتری دەکات.

دروستکردنی متمانە و دابینکردنی ئارامیی پێویستیان بە زۆر شتە، یەکێک لەوانە دروستکردنی باوەڕبوونە بە ئایندەیەک باشتر و جوانتر لە ئێستا، باوەڕبوونە بەوەی ئەو کێشانەی لە ئێستادا ھەن و ئامادەن، کێشەی کاتیین و بە کاری پێکەوەیی تێدەپەڕێنرێن، ئەوەی لە ھەرێمدا وێرانکراوە ئەم وێنەیەیە بۆ ئایندە. ئەوەی ئەم فۆرمە لە حوکمڕانیی لە ھەرێمدا ناتوانێت دەستەبەریبکات، لانی ھەرە ھەرە کەمی باوەڕبوونە بە بوونی ئایندەیەکی لەو شێوەیە. حوکمڕانانی ھەرێم لە ئێستاوە منداڵەکان و منداڵی منداڵەکانیان وا نیشان ئەدەن کە دوای خۆیان حوکمڕانیی ئەو ملیۆنەھا منداڵانەی ترن، کە ھێشتا لەدایکنەبوون. ئایندە ئایندەی نەوەکانی ئەمانە و لەم رووەوە درێژە دەدەن، بە ھەمان عەقڵیەت و ھەمان فۆرم و ھەمان شێواز لە حوکمڕانیی.

متمانە پابەستی ئەوە نییە مرۆڤ لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا دەژیی یان نا، بەڵکو پابەستی ئەوەیە بڕ و رادەی نایەکسانییەکان، بڕ و رادەی سیاسەتی ھەڵاوێردن و جیاوازیکردن، بڕ و رادەی سیاسەتی بەخشینی ھەلی یەکسان و سیاسەتی پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی، لە چ ئاستێکدایە. حوکمڕانانی ھەرێم ئەو وێرانەیە نابینن کە بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ئەو ھەرێمەیان دروستکردووە. بە زمانێک قسەدەکەن تا دێت توڕەیی و نەفرەتی خەڵک گەورەتر دەکات، زمانێک پڕە لە درۆ و دووڕویی و دەمامک. ئەوان شتێک دەڵێن و پێچەوانەکەی ئەنجام ئەدەن، تاوان دەکەن و وەک دەسکەوت نیشانی ئەدەن، دزی دەکەن و وەک دەوڵەمەندی ئابووریی دەیفرۆشنەوە. دائیرەیەکی بچووکی شارەوانی، یان بنکەیەکی پۆلیس، یان باڵەخانەیەکی حیزبی بە ”موڵکی گشتیی“ دادەنێنن، کەچی داھاتی نەوت و دەزگاکانی حوکمڕانیی و سامانی سەرزەویی و ژێرزەویی وڵاتەکە، وەک موڵکی شەخسیی و بنەماڵەیی و حیزبیی دادەنێنن.

ئەگەر تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامیی و ئاسایشی وڵاتێک تێکبدات، ئەوە مانای ئەوەیە حوکمڕانانی ئەو وڵاتە شتێکیان دروستکردووە بە فوویەک دەڕوخێت، بۆ ئەوەی ئەو فووەش نەکرێت، سەرجەمی وڵاتەکە بە سەربازگە دەکەن. ئەمە ئەو راستییە زۆر سادەیەیە کە ساڵانێکی درێژە ئەو حوکمڕان و بنەماڵە سیاسیانە نایانەوێت بیبینن. تاوانبارکردنی ئێن ئاڕ تی بەوەی ئارامیی وڵاتێک تێکئەدات راکردنە لە بەرپرسیارێتیی لە سادەترین فۆرمیدا.