Author Archives: Hawpshti Media

ھەرێمی کوردستان بەرزترین ژمارەی مردنی بەکۆرۆنا تۆمارکرد

بەراورد بە شەش مانگی رابردوو بۆیەکەمجار  ھەرێمی کوردستان لە یەک رۆژدا 27 مردنی بە کۆرۆنا تۆمارکرد، بەوەش کۆی گشتی مردوانی کۆرۆنا گەیشتە ٩٣٠ کەس.

لە 24 کاتژمیری رابردوودا ١٢ کەس لە هەولێر و 11 لە سلێمانی و سێ کەس لە دھۆک و کەسێک لە راپەڕین گیانیان لە دەستداوە.

رۆژی یه‌كشه‌ممه(٢٣\٨\٢٠٢٠)‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماری توشبوون و گیان له‌ده‌ستدانی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنان لەماوەی هەفتەیەکدا (له14-8 تاوه‌كو 20-8) راگەیاند.

بەپێی راگەیاندراوەکە له‌و ماوه‌یه‌دا 27 هه‌زارو 348 پشكنینی كۆرۆنا له‌هه‌ر چوار پارێزگای (هه‌ولێر – هه‌ڵه‌بجه‌ – سلێمانی – دهۆك) ئه‌نجامدراوه‌و دەرکەوتوە ٣٧١٢ کەس توشبون‌و 163 توشبوش له‌هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژە بەوەش دەکات ژماره‌ی توشبووانی كۆرۆنا لەکوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ 24 هه‌زارو 271 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش 14 هه‌زار و 28 توشبوو چاكبوونه‌ته‌وه‌ و 886 كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

ڕۆژنامه‌نووس هێمن مامه‌ند به‌هۆی دروستبوونی مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی هه‌و‌لێری جێهێشتووه‌

ڕۆژنامه‌نووس هێمن مامه‌ند به‌هۆی دروستبوونی مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی هه‌و‌لێری جێهێشتووه:

https://www.youtube.com/watch?v=2GtqJY_7Vcs

لە دانیمارک کەمپینێک بۆ بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان راگەیەندرا

ژمارەیەک هاوڵاتی کوردی دانیشتووی دانیمارک کەمپینێکیان بە ناوی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان راگەیاند و تیایدا باس لەوە دەکەن، “ئەوەی کە لە ٢٩ ساڵی رابردوودا پێی دەوترێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان شتێک نەبووە و نییە بێجگە لە تاقمێکی خاوەن کۆمپانیای زەبەلاح و بازرگانانی نەوت و خوێن و تاڵانکاری.”

ژمارەیەک هاوڵاتی کوردی دانیشتووی وڵاتی دانیمارک کەمپینێکیان بە ناوی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان راگەیاندووە و تیایدا هاتووە، “پشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین”، دەشڵێن، “چەند رۆژێکە شارەکانی کوردستان بوونەتە مەیدانێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری کوردستان بە ھەموو چین و توێژەکانییەوە.”

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “ئەم ناڕەزایەتیانە نیشانەی بەدەنگھاتنی سەرجەم بێبەشان و مەحرومان و بێکاران و کارمەندانی موچەخوراو و خوێندکارانی دانەمەزراوە، کە سنوری ناوچە و شار و قەڵەمڕەوی ھەردوو ئیدارەی زەرد و سەوزی گرتووەتەوە و ئاماژەیەکیشە بە کۆتاییھاتنی فریودان و دابەشکردنی خەڵکی ناڕازی کوردستان.”

ئاماژەیان بەوەشكردووە، “دەرکەوت ئەوەی کە لە ٢٩ ساڵی رابردوودا پێی دەوترێت (حکومەتی ھەرێمی کوردستان) شتێک نەبووە و نییە بێجگە لە تاقمێکی خاوەن کۆمپانیای زەبەلاح و بازرگانانی نەوت و خوێن و تاڵانکاری، کە سەروەت و سامانی وڵاتیان قۆرغکردووە و خاوەن میلیشیا و دامودەزگای سەرکوتکەرن و ژیان و ئاسایش و ئارامی خەڵکیان لە پێناو کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان تاکو لێواری مەرگ بردووە.”

راشیانگەیاندووە، “نەدانی موچە، نەبوونی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا، پەکخستنی کەرتی گشتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان و حەواڵەکردنی تەندروستی ھاوڵاتیان بۆ بازرگانی کەرتی تایبەتی، برسیکردنی خەڵکی تا ئاستی خۆکوژی، گرانی و نەبوونی ھیچ یاسا و رێسایەک بۆ پاراستنی کەرامەتی ئینسان، تیرۆر و کوشتن و دەستگیرکردنی ئازادیخوازان و خۆپیشاندەران، رووی ئەم دەسەڵاتە تاوانکار و سەرکوتگەرەی ھەرێمی کوردستانی دەرخستووە، کە ھەڵگری ھیچ بەھایەکی ئاکاری و ئینسانی نییە جگە لە تاڵان و دزینی سامانی ئەو ھەرێمە.”

دەشڵێن، “بەدرێژایی سێ دەیە خەڵکی ئازادیخواز و وەتەنگھاتووی کوردستان بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و راپەڕین دژ بەم دەسەڵاتە و ئەم خۆپیشاندانانەی ئەمڕۆژانەش کە بەردەوامی ئەو مێژووەیە لە خەباتیان، ئەوە دەسەلمێنێت کە کۆتایھێنان بەسەرجەم نەھامەتی و برسییەتی و چەوساندنەوەیەک کە ئەم دەسەڵاتە بەسەر خەڵکی کوردستانیدا سەپاندووە، لە گرەوی رزگاربوونیاندایە لەدەست خودی ئەم دەسەڵاتە مافیایەی ھەرێمی کوردستان و ھەڵتەکاندنی بنەما ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی و لە جێگەیدا دەسەڵاتی خەڵک و جەماوەری خرۆشاو دامەزرێنرێت، گاڵتەجاڕی چاکسازی، حکومەتی تەکنۆکرات و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھیچ نییە بێجگە لە ئاڵوگۆڕێکی شکڵی و درێژکردنەوەی تەمەنی نەگریسی ئەم دەسەڵاتە و دووبارەکردنەوەی ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕان.”

ئاماژەیان بەوەکردووە، “ئێمە لە دەرەوەی وڵات ھەوڵدەدەین تواناکانمان بخەینەگەڕ بۆ ھەرچی زیاتر پشتیوانیکردن لە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان و خۆپیشاندان و راپەڕینەکانیان، ھاوکاتیش لە ھەوڵدادەبین بۆ رسواکردنی کوشتن و رفاندن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و توندوتیژی نواندن بەرامبەریان لەلایەن دەزگا سیخوڕی و نھێنی و بەناو ئاسایشەکانیانەوە.”

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە، خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە بەشێکی شار و شارۆچکەکانی هەرێم بەڕێوەدەچووە، کە تیایدا هاوڵاتیان ناڕەزایەتی بەرامبەر نەبوونی موچە و هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان دەردەبڕن.

فرانس پرێس: داخستنی ئێن ئاڕ تی ناوبانگی حکومەتی هەرێم وەک پەناگەیەک بۆ بیروڕای ئازاد لەکەداردەکات

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی ناوبانگی حکومەتی هەرێم وەک پەناگەیەک بۆ بیروڕای ئازاد لەکەداردەکات.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری کۆمەڵێک رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنییەوە رایگەیاندووە، “بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکیان دژی ئەو میدیایانە دەستپێکردووە، کە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دژ بە حکومەت دەگوازنەوە”، دەشڵێت، “ئەو کارە ناوبانگی حکومەتی هەرێم وەکو پەناگەیەک بۆ بیروڕای ئازاد لەکەداردەکات.”

راشیگەیاندووە، “هەفتەی رابردوو هێزەئەمنیییەکانی هەرێم، بە فشار نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تییان داخستووە، بەهۆی ئەوەی روماڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شاری زاخۆی کردووە.”

هاوکات، هونەر ئیحسان جێگری بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕ تی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، “دوای درەنگانی شەوی ١٩ی ئەم مانگە هێزەئەمنییەکان نوسینگەی دهۆکی کەناڵەکەمانیان داخست و دەستیشیان بەسەر سەرجەم کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیشدا گرت”، دەشڵێت، “ئەحمەد زاخۆی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە زاخۆ دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا ئازادنەکراوە.”

ئاژانسی فرانس پرێس باسی لەوەشکردووە، “دوای چەند کاتژمێرێک لە داخستنی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک نوسینگەی کەناڵەکە لە هەولێریش داخراوە، کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی هەرێمەوە ئیدانەی ئەو کارەکراوە.”

لەوبارەیەوە، کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) ئەوەی خستبووەڕوو، زیادبوونی هەراسانکردنەکانی دژ بە ئێن ئاڕ تی نادادپەروەرانە و نادیموکراتییە و ئەو پرسیارەش دەهێنێتە ئاراوە، بۆچی دەسەڵاتداران ئەوەندە لە ئێن ئاڕ تی دەترسن و نوسینگەکانی دادەخەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٨٨ توندوتیژی بەرامبەر ٦٢ رۆژنامەنوس و میدیاکار تۆمارکردووە، دەشڵێت، “لە نیوەی مانگی حوزەیرانەوە توندوتیژییەکان زیادیان کردووە.”

سەنتەری میترۆ دەشڵێت، نوسینگەی ئێن ئاڕ تی دابخرێت، هاوڵاتیان هەزاران ئێن ئاڕ تی دروستدەکەن و دەبنە پەیامنێری کەناڵەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، درەنگانێکی شەوی ١٩ی ئەم مانگە هێزەئەمنییەکان بە زەبری هێز و لە ژێر فشاردا نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تییان داخست و ئەحمەد زاخۆی پەیامنێریشیان دەستگیرکرد.

رۆژی دواتریش، هێزەئەمنییەکان نوسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تییان داخست و ئەوەش لە لایەن رێکخراوە جیهانی و ناوخۆییەکانەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئیدانەی داخستنی ئۆفیسەکانی هەولێر و دهۆکی ئێن ئاڕ تییان کرد.

کاتێک تەلەفیزیۆنێک ئارامی وڵاتێک تێکدەدات

مەریوان قانع:
تێکدانی ئارامی وڵاتێک بە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەنجامنادرێت، ھەر وڵاتێکیش کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی بتوانێت ئارامیەکەی تێکبدات لەوە کەوتووە وڵات بێت، وڵات تەنھا کۆمەڵێک شار و ناوچەی جوگرافیی نییە کە رێکەوت لە تەنیشت یەکەوە کۆیکردوونەتەوە، بەڵام مانای جێگەیەکە کە لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی تێدایە، وڵات لەناو بۆشاییدا دروست نابێت، شتێک نییە خۆبەخۆ ھاتبێتە کایەوە، وڵات دروستکراوێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، ئەوەی دروستی دەکات بە پلەی یەکەم سیاسەت و ھەڵسوکەوتی حوکمڕانەکانیەتی، ئەوەی لەو ھەرێمدا بوونی نییە ئەو لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەیە کە بەسەریەکەوە بێمتمانەییەکی گەورە و بەرفراوانیان لە نێوان خەڵک و حوکمڕانان و لەناو نوخبە سیاسییەکە و زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ھەرێمەکەدا دروستکردووە.

کەی تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامی وڵاتێک تێکبدات ئەوە مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە ھیچ پێگەیەک لە پێگەکانی بە وڵاتبوونی تێدا نییە. مانای ئەوەیە ئەو لانی ھەرە کەمەی متمانەی کۆمەڵایەتیی تێدا نییە کە ھەموو پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی ئارام پێویستیی پێیەتی. ئەوەی حوکمڕانانی کوردستان لە فۆرمە بنەماڵەیی و خێزانیی و سوڵتانییەکەیدا لەدەستیانداوە بوونی ئەم لانی ھەرە کەمەی متمانەیە.

بۆیە ئەوەی بۆیان ماوەتەوە ھەڕەشە و توندوتیژیی و تاوانبارکردنی ھەموو ئەوانەیە کە لە دەرەوەی بازنە داخراوەکەی ئەواندا و لە دەرەوەی سیاسەتە وێرانکارەکانی ئەواندا بیر لە چارەسەری کێشەکانی ئەو ھەرێمە دەکەنەوە. ئەم دۆخی نەمانی متمانەیە وایکردووە گرتن و فڕاندنی چالاکوانە سیاسیی و مەدەنییەکان، پڕکردنی شەقام و کۆڵانەکان لە ھێزی چەکدار و تێڵابەدەست، درۆکردنی بەردەوام، ھەڕەشە و ترساندنی ھەمەلایەنە، ببێتە زمانی قسەکردنی ئەوان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەدا کە گوایە حوکمڕانیی دەکەن. ئەم سیاسەتەش نەک چارەسەری دۆخی بێمتمانەیی و ناڕازیبوونە ھەمەلایەن و بەرفراوانە ناکات، بەڵکو گەورەتر و بەھێزتری دەکات.

دروستکردنی متمانە و دابینکردنی ئارامیی پێویستیان بە زۆر شتە، یەکێک لەوانە دروستکردنی باوەڕبوونە بە ئایندەیەک باشتر و جوانتر لە ئێستا، باوەڕبوونە بەوەی ئەو کێشانەی لە ئێستادا ھەن و ئامادەن، کێشەی کاتیین و بە کاری پێکەوەیی تێدەپەڕێنرێن، ئەوەی لە ھەرێمدا وێرانکراوە ئەم وێنەیەیە بۆ ئایندە. ئەوەی ئەم فۆرمە لە حوکمڕانیی لە ھەرێمدا ناتوانێت دەستەبەریبکات، لانی ھەرە ھەرە کەمی باوەڕبوونە بە بوونی ئایندەیەکی لەو شێوەیە. حوکمڕانانی ھەرێم لە ئێستاوە منداڵەکان و منداڵی منداڵەکانیان وا نیشان ئەدەن کە دوای خۆیان حوکمڕانیی ئەو ملیۆنەھا منداڵانەی ترن، کە ھێشتا لەدایکنەبوون. ئایندە ئایندەی نەوەکانی ئەمانە و لەم رووەوە درێژە دەدەن، بە ھەمان عەقڵیەت و ھەمان فۆرم و ھەمان شێواز لە حوکمڕانیی.

متمانە پابەستی ئەوە نییە مرۆڤ لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا دەژیی یان نا، بەڵکو پابەستی ئەوەیە بڕ و رادەی نایەکسانییەکان، بڕ و رادەی سیاسەتی ھەڵاوێردن و جیاوازیکردن، بڕ و رادەی سیاسەتی بەخشینی ھەلی یەکسان و سیاسەتی پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی، لە چ ئاستێکدایە. حوکمڕانانی ھەرێم ئەو وێرانەیە نابینن کە بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ئەو ھەرێمەیان دروستکردووە. بە زمانێک قسەدەکەن تا دێت توڕەیی و نەفرەتی خەڵک گەورەتر دەکات، زمانێک پڕە لە درۆ و دووڕویی و دەمامک. ئەوان شتێک دەڵێن و پێچەوانەکەی ئەنجام ئەدەن، تاوان دەکەن و وەک دەسکەوت نیشانی ئەدەن، دزی دەکەن و وەک دەوڵەمەندی ئابووریی دەیفرۆشنەوە. دائیرەیەکی بچووکی شارەوانی، یان بنکەیەکی پۆلیس، یان باڵەخانەیەکی حیزبی بە ”موڵکی گشتیی“ دادەنێنن، کەچی داھاتی نەوت و دەزگاکانی حوکمڕانیی و سامانی سەرزەویی و ژێرزەویی وڵاتەکە، وەک موڵکی شەخسیی و بنەماڵەیی و حیزبیی دادەنێنن.

ئەگەر تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامیی و ئاسایشی وڵاتێک تێکبدات، ئەوە مانای ئەوەیە حوکمڕانانی ئەو وڵاتە شتێکیان دروستکردووە بە فوویەک دەڕوخێت، بۆ ئەوەی ئەو فووەش نەکرێت، سەرجەمی وڵاتەکە بە سەربازگە دەکەن. ئەمە ئەو راستییە زۆر سادەیەیە کە ساڵانێکی درێژە ئەو حوکمڕان و بنەماڵە سیاسیانە نایانەوێت بیبینن. تاوانبارکردنی ئێن ئاڕ تی بەوەی ئارامیی وڵاتێک تێکئەدات راکردنە لە بەرپرسیارێتیی لە سادەترین فۆرمیدا.

نیو کاتژمێری ماوە بۆ چەک

عەزیز ڕەئووف:
لە ئێستادا گەیشتوین بە ئاگر، ئیدی نە قسە شوێن خوی دەگرێ، نە هاواری سەر سەکۆی پارکەکان سودی ماوە. ئێوە گوێتان نەگرت، نوسین، هەڵبژاردن، مانگرتن و بایکۆت هیچی لە عەقڵ و ویژدانی ئێوە دەسکاری نەکرد.
ئیدی گەیشتینە ئاگر، ئیدی سەبر و تەحەملی گەنجانیش بوو بە ئاگر، ئیدی دەرونی ئەم نەوەیە گڕ دەگرێ، ئیدی گەیشتینە ناڕەزایی و بەرد و دەمهەڵبەستنی نیوەشەو.
کام شوێنی گشتی؟ کام دام و دەزگا؟ کە فەزایەک نەما بۆ گشت شوێنی گشتی چ بەهایەکی هەیە؟ داهاتی گشتی بۆ کەمینەیەک و خەم و ئازار و برسێتی بۆ گشت، پارەی گشتی بۆ ئێوە بێ و چاوەڕوانی و برین و نائومێدی بۆ گشت، خە خۆشگوزەرانی بۆ ئێوە بێ و دۆخی بێ نان و کار و ئازادی بۆ خەڵک، کە خەڵک نە متمانەی بە دەسەڵات ما نە ئۆپۆزسیۆن، کە گەنجی وڵاتی من هیچی نەما بیدۆڕێنێ، شوێنی گشتی و دام و دەزگای گشتی چ بەهایەکی هەیە؟
شوێنی گشتی یەکسانە بە خەمی گشتی، کە شەقام و کۆڵانەکانت جێهێشت، کە گوێچکەت نەما بۆ گوێ گرتن، دەبێ چاوەڕێی ئاگریش بکەی، کە ئاگریش شوێن خۆی نەگرت، هەنگاوێکی تر دەبینیت.
کەس فریات ناکەوێ نە میدیا و نە بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکان، نە هێزی چەکدار و نە زیندانەکانتان. ئێوە دەستی دەرەکی نەبێت دەمێک بوو ببوون بە خۆڵەمێش، ئیدی گەنجی وڵاتی من دەستی دەرەکی لەپشت نیە، بەڵکو ناشرینی و گەندەڵی و بەتاڵی تۆی لە مێشکە، تەمەڵترین خوێندکاری من لە دیارترین بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە ئاگا و هوشیار ترن. ئێوە واتان کرد بگەین بە ئاگر، ئێوە واتانکرد بگەین بە ناڕەزاییەکانی نێوەشەو
ئیدی گەیشتین بە ئاگر و نیو کاتژمێری ماوە بۆ چەک.

بێدەنگیی پەرلەمان لەسەر دەستگیرکردنی ٣٣ چالاکوان و رۆژنامەنووس، سامناكە”

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت” بێدەنگی پەرلەمان لەسەر دەستگیرکردنی ٣٣ چالاکوان و رۆژنامەنووس سامناکە”.

لە راگەیاندنێکدا سەنتەری میترۆ لەبارەی دەستگیرکردنی ٣٣ چالاکوان و رۆژنامەنووس کە لە دهۆک دەستگیرکراون و ناوی هەموویان لە راگەیەندنەکەدا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت” رووداوەكانی رۆژانی رابردوو سەلمێنەری ئەو راستییەن كە یاساكانی پەرلەمان هاوڵاتی خۆپیشاندەر ناپارێزێت. پێشێلكارییەكان بە شێوەیەك كە پێش دەستپێكردنی خۆپیشاندان لە كاتی خۆپیشاندان هاوڵاتی “تۆمەت”بارە بە “خۆپیشاندەر” و دەستبەسەر دەكرێت، بەزەبرو زەنگ مامەڵە لە گەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكرێت”.

 
دەقی راگەیاندنەکە..

بێدەنگییەكەی پەرلەمان سامناكە

 
22 ی ئابی 2020، سلێمانی: سەنتەری میترۆ سەركۆنەی هەموو رواڵەتەكانی  توندوتیژی بەرامبەر بە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردوو دەكات، داوا لە سەرۆكایەتی پەلەمانی كوردستان دەكات بۆ لێپرسینەوە وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمان بكات.

 
بە پێی مادەكانی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی (2010) یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، كە لە لایەن نوێنەرانی هاوڵاتیانی كوردستان دەرچووە: خۆپیشاندان مافێكی دەستوورییەو بەپێی یاسا پیادە دەكرێ، نابێ بە پێچەوانەی یاساوە پیادەكردنی مافی خۆپیشاندان قەدەغە بكرێت. نابێت كەس لەبەر هەر هۆیەك بێت، ناچار بكرێت لە خۆپیشاندانەكان بەشداری بكات یان نەكات. دەبێ دەزگاكانی پۆلیس خۆپیشاندان و خۆپیشاندەران بپارێزن.

 
بەڵام بە بەرچاوی سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانەوە، دەزگا پەیوەندیدارەكان بە جێبەجێكردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانەكان كە وەزارەتی ناوخۆیە، یاساكە پەكدەخات، بە بێ ئەوەی هەڵوێستی لەبەرامبەر پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ ئاشكرا بكات و رۆڵی چاودێری خۆی بگێڕێت.

 
رووداوەكانی رۆژانی رابردوو سەلمێنەری ئەو راستییەن كە یاساكانی پەرلەمان هاوڵاتی خۆپیشاندەر ناپارێزێت. پێشێلكارییەكان بە شێوەیەك كە پێش دەستپێكردنی خۆپیشاندان لە كاتی خۆپیشاندان هاوڵاتی “تۆمەت”بارە بە “خۆپیشاندەر” و دەستبەسەر دەكرێت، بەزەبرو زەنگ مامەڵە لە گەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكرێت.
سەنتەری میترۆ سەركۆنەی هەموو رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردوو دەكات، داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات بۆ لێپرسینەوە وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمان بكات.

 
لە خۆپیشاندانەكاندا شكۆی ئینسان و یاساكان دەشكێن، بێدەنگی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سامناكەو قبوڵكراو نییە و گوزارشتێكی ئاشكرایە لە ملكەچبوونی بۆ حكومەت . 

 
نوێنەرانی سەنتەری میترۆ، ناوی هەندێ دەسگیركراو، لە رۆژنامەنوس و هاوڵاتییان بۆ ناردوین، كە هەندێكیان بە كەفالەت ئازادكراون زۆرینەیش جارێ  دەستبەسەرن.
1- دیفاع هەركی (روژنامەڤان) – ئاكرێ
2- قەیدار حسێن (چالاكڤان) – ئاكرێ
3- بەدەل بەرواری (چالاكڤان) – دهوك
4- ئومێد بەروشكی (چالاكڤان) – دهوك
5- ئەحمەد زاخویی (روژنامەڤان)- زاخو
6- فاروق عمر (روژنامەڤان) – زاخو
7- مێهڤان مەجید (روژنامەڤان)- زاخو
8- جانگیر سندی (چالاكڤان) – زاخو
9- ئازاد مەحمود (چالاكڤان) – سێمیڵ
10- ئەمجەد یوسف (چالاكڤان) – شێلادزێ
11- موسا غازی (چالاكڤان) – شێلادزێ
12- عبداللە عوسمان (هاوڵاتی) – زاخو
13- جەمال مشەختی (هاوڵاتی) – زاخو 
14-ئەحمەد زاخولی (رۆژنامەڤان) زاخۆ 
15-شكێران زێباری (رۆژنامەڤان ) ئاكرێ.                                  
 16-نیهاد ئورەماری (رۆژنامەڤان) ئاكرێ
17- عبدالحمید مەندانی (مامۆستا) دهۆك
18- سالح عبدالجبار دۆسكی (مامۆستا) دهۆك
19- رەمەزان جبرائیل (شیلادزێ)
20- سیپان لوقمان رێكانی (شیلادزێ)
22- شیروان سعید عومەر(چالاكڤان) دهۆك
23- كەمال رمزی (رۆژنامەڤان) زاخۆ
24- سباح دۆسكی (مامۆستا) شیلادزێ
25- هاشم مستەفا (باگێرا)
26- كاوار نزیر (چالاكڤان دهۆك
27- كاروان سادق (رۆژنامەڤان) دهۆك
28- ئەیهان سعید (رۆژنامەڤان) دهۆك
29- دڵشاد گوهەرزی (مامۆستا) دهۆك 
30- عبدوالحمید مەندانی (مامۆستا) سیمێل
31- جەلال چەیی (چالاكوان) شیلادزێ
32- هەڤاڵ نوسرەت ( چالاكوان)
33_محمد سەعید دۆسكی (چالاكوان) _ دهۆك

هێرشکردنە سەر شاسوار عەبدولواحید نائەخلاقیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بوو

جیهاد محەمەد:

ئەو هێرشەی لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا کرایە سەر بەڕێز شاسوار عەبدول واحید، هێرشێکی سیاسیی بوو، هێرشێک بوو تەنها دەسەڵات تاوانبار نییە تیایدا، بەڵکو زۆرێک لەو بە ناو ناڕازیە حیزبیی و گروپە سیاسیانەی دژی ئەم بارودۆخەی کوردستانن تاوانبارن لەم هێرش و پەلامارە دڕاندانەیەدا.
هەموومان ئەوە دەزانین کە دەسەڵاتی حوکمڕان و بە تایبەتی پارتی و یەکێتی بە تەواوەتی نوزەیان لە ئازادی و دیموکراتیەت لە کوردستاندا بڕیوە، بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە خەڵک نادەن ئازادانە خۆپیشاندان دژی ئەو هەموو ستەمکارییەی لێیان دەکرێ بکەن، بەڵام پێبەپێی دەسەڵاتیش ئۆپۆزسیۆنێکی حیزبیی هەیە، کە هەم قاچێکیان لە دەسەڵاتدایە و هەم خۆشیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت لە هەردوو بەری جۆگەکە بخۆن، لەگەڵە ئەوەشدا هەڵگری کولتووری قۆرخکارین وەک دەسەڵات، شەقام بە موڵکی خۆیان دەزانن، بۆیە دەیانەوێت کەس نەتوانێت شەقام بجوڵێنێت جگە لە خۆیان، لە کاتێکدا کە خۆیان نەک هەر شەقام ناجوڵێنن دژی دەسەڵاتە حوکمڕانە شەریکەکەیان، بەڵکو دژایەتی هەر جۆرە جوڵانەوە و خۆپیشاندانێک دەکەن. ئەم کولتوورە ترسناکترین کولتوورە، لە کولتووری دەسەڵات زۆر ناشیرینتر و ترسناکترە، چونکە دەسەڵاتی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی یەکلابوونەتەوە، خۆشیان نایشارنەوە کە هەموو کوردستان بە موڵکی خۆیان دەزانن و دەیانەوێت هیچ کەس فزەی لە دەم نەیەتەدەرەوە بە بێ ئەمری ئەوان، ترسناکی ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەوەدایە کە درێژەدەدات بە هەمان کولتووری حوکمڕانیی ستەمکاری و قۆرخکاری پارتی و یەکێتی.
ئەو هێرشە وەحشیگەرییەی کرایە سەر سەرۆکی نەوەی نوێ گوایە ئەو گەنجانە بوون کە خێزانەکانیان بەشیان لە پڕۆژەکانی شاسوار عەبدول واحیدا هەیە، گوایە شاسوار زوڵمی لێکردوون، ئێمە بەرگری لە شاسوار عەبدوڵ واحید ناکەین، خەڵکیش مافی خۆیانە داوای گەڕانەوەی مافەکانیان بکەن لە شاسوار عەبدول واحید، بەڵام هەموو ئەوانەی پشکیان لە چاڤی لاند و پڕۆژەکانی ناوبراودا هەیە، دیارە بە گرێبەستێکی یاسایی هاوبەشییان کردووە، هەر بەو یاسایەش دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر سەرۆکی نەوەی نوێ و داوای مافی خۆیان بکەن، خۆ ئەگەر بڕواشیان بە تووندووتیژی هەیە، کەس دەستی نەگرتوون و ئەوە ماڵ و حاڵ و چاڤیلاند و پڕۆژەکانی شاسوار لەبەردەستان، ئەگەر ئەمە دەستێکی سیاسیی لە پشتەوە نییە بۆچی لە کاتی خۆپیشانداندا پەلاماری شاسوار عەبدوڵ واحید دەدەن.
هەڵبەت دەسەڵاتیش لە پشتی ئەم هێرشە بێ مانا و دڕندەیەوەیە، دەنا لە هەموو دنیادا ئەرکی دەسەڵاتە کە لە کاتی خۆپیشانداندا پۆلیس ئەبێت خۆپیشاندەران و دامەزراوە حوکمییەکان و ماڵی خەڵک بپارێزێت و نەیەڵێت پشێوی دروست بێت.
من هەرچەندە هیچ پەیوەندیم بە نەوەی نوێوە نییە، تەنانەت بۆ جارێکیش لەگەڵ بەڕێز شاسوار عەبدول واحیدا قسەم نەکردووە و نایناسم، بەڵام وەک هاوڵاتیەک زۆر بە تووندی ئەو هێرشە ناڕەوا و دڕندانەیە ڕەتدەکەمەوە و ئیدانەی دەکەم. لە ڕاستیدا ئەو هێرشە تووندە ئەوپەڕی نائەخلاقی بوو بەرامبە بە شاسوار عەبدول واحید و خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی کرا.
شاسوار عەبدول واحید، ئەمسەرو ئەوسەری شەقامەکانی سلێمانی بە بلۆک هەڵنەچنیەوە تا ئێوەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن نەتوانن خۆپیشاندان و نمایشی نارەزاییەتیەکانتانی تێدا بکەن، ئێوە هیچتان لەباردا نییە و دیارە شاسوار عەبدول واحید بەرنامەکەی هەرچی بێت بوێر و ئازایە و دەتوانێت بەشی خۆی شەقام بجوڵێنێت. شورەییەکی گەورەیە ئێوەی بەناو ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتدا گەنجانی خوێنگەرم هانبدەن دژی جوڵەی شەقام.
شەرمەزاری بۆ دەسەڵات و ئەوانەی ئەوانەی لە پشتی ئەو هێرشە سیاسیەوە بوون.  

هێزە ئەمنییەكانی هەولێر هێرشدەكەنە سەر پەرلەمانتارێك

هاوپشتی:

رۆژی شەممە(٢٢\٨\٢٠٢٠)، لەو شوێنەی كە بۆ خۆپیشاندان لە هەولێر دیاریكرابو، هێزە ئەمنییەکان هێرشیانکردوەتە سەر کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان.

لەوبارەیەوە، کاوە عەبدولقادر، رایگەیاند، بە بەرچاوی بەڕێوەبەری پۆلیس و ئاسایشی هەولێرەوە چەکداری ئەمنی هێرشیان کردوەتە سەری.

راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی رێگری لە خۆپیشاندانی هەولێر، هێرشیانکردوەتە سەری.

ئێوارەی رۆژی شەممە لە بەشێك لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان دەستی پێكرد.

بەپێی قسەی چالاكوانان و خەڵکی شاری هەولێر، له‌پاشنیوه‌ڕۆە هێزێكى زۆرى ئه‌منى له‌شوێنه‌ گشتییه‌كانى شاری هه‌ولێرو دھۆک به‌تایبه‌ت ناوبازاڕى ھەر دو شارەکە بڵاوه‌یانپێكراوه‌، هاوكات به‌شێك له‌و هێزه‌ ئه‌منییانە‌ به‌جلى مه‌ده‌نییه‌وه‌ رێگریی ده‌كه‌ن له‌گردبونه‌وه‌و خۆپیشاندان، رێگه‌ناده‌ن هیچ كه‌س كۆببێته‌وه‌، له‌چه‌ند شوێنێكیش كاسبكاران ناچاركراون دوكانه‌كانیان دابخه‌ن و بڕۆنه‌ ماڵه‌وه.

هێزێکی ئەمنی لەشاری دهۆک هه‌ڵده‌كوتنه‌ سەر ماڵی چالاكوانێكی‌ مه‌ده‌نی‌‌و کوڕێکی دەستگیر ده‌كه‌ن

ئاسایشی دهۆک هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا بەدەل بەرواریی، لەگەڵ ئەوەی خۆی لەماڵەوە نەبووە، ئەشکەنجەی کوڕێکیان داوە و کوڕێکی دیکەشیان دەستگیرکردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە، مامۆستا بەدەل بەرواریی چالاکوانی شاری دهۆک، بانگەوازیی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان کردووە دژی دواکەوتن و لێبڕینی موچە.

 ئێوارەی رۆژی سێ شەممە(١٨\٨\٢٠٢٠)بە مەبەستی دەستگیرکردنی بەدەل بەرواریی، ئاسایشی دهۆک هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە شاری دهۆک، هەرچەند خانەوادەکەی دەڵێن، کە لەماڵەوە نییە، بەڵام بەزۆر دەچنە ژورەوە و بەهۆیەوە ئاڵۆزیی لەنێوان کوڕەکانی بەدەل بەرواریی و هێزەکەی ئاسایشی دهۆک دروست دەبێت و ئاسایشەکان ئەشکەنجەی کوڕێکی بەدەل بەرواریی دەدەن و قۆڵێکی بە سەختی بریندار دەکەن، کوڕە گەورەکەشی دەستگیر دەکەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن.

ئومێد بەروشکی، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لە دهۆک بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئێمە لەگەڵ گروپی مامۆستایانی دهۆک چەند ڕۆژێکە لە هەوڵی ئەوەداین، کە جارێکی دیکە خۆپیشاندان ئەنجام بدەین و داوای مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەین، بەڵام لەلایە ئاسایشەوە بە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەڕەشەمان لێدەکرێت، کە نابێت خۆپیشاندان ئەنجام بدەین، ئەمڕۆش هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی بەدەل بەرواریی، بەڵام لەماڵەوە نەبووە.