fbpx

Author Archives: Hawpshti Media

بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لەبەرزبوونەوەیە

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد، بەمەبەستی باشتركردنی داهات و بژێوی خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان، له‌ئێستادا سه‌رقاڵی به‌رنامه‌ و ستراتیژێكن و به‌منزیكانەیش گه‌وره‌ترین ڕاپرسی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجامده‌درێت.

عه‌بدولزه‌هره‌ هینداوی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فەرمی عێراقی راگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ئاماده‌كاری ده‌كات، به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان، له‌نێویاندا وه‌زاره‌ته‌كانی بازرگانی، كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ ئاماده‌كردنی سێیه‌م به‌رنامه‌ و ستراتیژی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری له‌ عێراق بۆ ساڵانی 2024-2028.

باسی لەوەشكردووە، ئامانجی ستراتیژه‌كه‌، باشتركردنی ئاستی ژیانه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ داهاتیان كه‌مه‌، كه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر دوو ئاست،  یه‌كه‌میان، سه‌باره‌ت به‌ چاوخشاندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆئه‌وه‌ی دڵنیابێته‌وه‌ له‌ شایسته‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ ئاستی هێڵی هه‌ژاری ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی دڵنیابون له‌وه‌ی كه‌ پشتگیری ده‌گاته‌ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان.

هەروەها، تیشكده‌خاته‌ سه‌ر چاكسازی له‌ سیسته‌می كارتی به‌شه‌خۆراك و كاركردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی به‌ ئامانجی ته‌رخانكردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ بۆ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان، له‌ هه‌مانكاتدا تیشكده‌خرێته‌سه‌رئه‌وه‌ی زۆرێك له‌وانه‌ی به‌شه‌ خۆراك وه‌رده‌گرن ده‌وڵه‌مه‌ندن، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێته‌ هه‌ژاره‌كان.

ئایەتە شەیتانییەکان

پەیکار عوسمان:

ئایەتی یەکەم

شەیتان لەوێوە کەوتە ناو بازنەی خراپەوە، کە وتی “من باشترم”،، دەی تۆش هەر لەوێوە ئەکەویتە ئەو بازنەیەوە. (فیکرەی جیاکاریی و پۆزی خۆ بە باشترزانی و وەهمی ئیگۆسەنتەری) دەرگای چوونە ناو ماڵی شەیتانە.

ئایەتی دووەم

نەتەوەی باڵا، دینی باڵا، مەزهەبی باڵا، ڕەگەزی باڵا، حەزارەتی باڵاو کۆی “باڵاییە جەماعییەکان”، هەمان وەهمەو فەرقی نیە بە چی وەهمەکەت دروستکردوە، بە هەرشتێ دروستیکەیت، بەوە لە قوڕەکەدایت. بەوە خۆت جیاکەیتەوە کە جەماعەتی خوای، هەر بەوە ئەبیتە پێڕی شەیتان.

ئایەتی سێیەم

مرۆڤی باڵا، ئەوەیە کە لە باڵاییە مەغرورە وەهمییە ڕاگەیەنراوەکانی ئایەتی دووەم خەبەری بۆتەوەو هەر بەوەش کەوتۆتە ناو باڵاییەکی خاکی و ڕاستەقینەی ڕانەگەیەنراوەوە.

ئایەتی چوارەم

خۆ بە باشترزانین، ڕاستەوخۆ ئەو بە خراپزانینە، شتەکە تەنیا دەمارگیری بۆ “س” نیە، بەڵکو فۆبیای “ص”یشە، یەعنی بتپەرستی بە یەک بت ناکرێ، هەمیشە دوو بتی ئەوێ، یەکێکیان ڕەش و یەکێکیان سپی، شەیتانەکانیش هەردوو بتەکەت بۆ دابین ئەکەن و ئیتر تۆش لە ڕێگەی شەڕو ڕق و دەمارگیرییەوە، خەریکی عیبادەت و بتپەرستییت.

ئایەتی پێنجەم

“خۆ بە باشترزانین” خۆدزینەوەیە لە “باشبوون”. لەبری ئەوەی عەقڵ و ویژدان و هەموو هێزی ئاگاییت، بەردەوام لەکاردابێت بۆئەوەی نەکەویتە ناو خراپەوە، یەکجار هەوێ ی چاکە لە گروپێک وەرئەگریت و پاڵی لێئەدەیتەوە.

ئایەتی شەشەم

خوا یەکەو شەیتان دوو، یەعنی چاکە هەر خۆی بەسە، بەڵام خراپە، هەر خۆی نیەو هەمیشە پینەو پاساو و شتی تری لەگەڵدایە. ئا لێرەشدا “بەخشینی ڕووکەشگەرایی” هەر ئەبێتەوە بە ئایەتی شەیتان، چونکە هەر خۆی نیەو بانگەشەو مەبەستی تری لەگەڵدایە!

ئایەتی حەوتەم

خودا بانەی ڕۆحە، شەیتان سایەقێکە، ئەڵێ بە سەیارەکەی من نەچی حساب نیە. ئیتر تۆ هەرگیز ناگەیت، چونکە ئەسڵەن بانەیەک لەئارادا نامێنێ و سەیارەکان خۆیان ئەبن بە بانەو ئەکەونە دەعم دەعمێنە. خودا بە موسای وت نەعلەکانت لابە، یەعنی سەفەرەکە، ئەبێ خۆت بە تەنیا بیکەی بەبێ وەسیلە، ئەوەشی لێتبووە بە تاکە وەسیلە، هیچ نیە جگە لە جووتێ نەعل، کە ئەبێ لە حزوری حەقدا فڕێیدەیت.

ئایەتی هەشتەم

شەیتان کائینێک نیە لە دەرەوەی تۆدا، شەیتان خۆتی لە دەرەوەی خۆتدا. خۆتی ڕاستەقینەی تۆ، عەقڵ و ویژدان و ئاگایی تۆیە، خۆتەکانی تری تۆ، شەیتانەکانی تۆن.

ئایەتی نۆیەم

سوقرات وتی ژیانێک فەحسی نەکەی ژیان نیە، فەحسەکە فەردییەو بە عەقڵ و ویژدانی خۆت ئەکرێت، شەیتان تەفسیرێکی جەماعییت بۆ ئەکات بە عەقڵی بەدیل و ویژدانی بەدیل، ئیتر تۆ، بێ هەردوکیان ئەمێنیتەوە.

ئایەتی دەیەم

تۆ بە پیوەری ڕاستەقینەو بە هۆشیاری خۆت، ئەزانیت چی تاوانە، بەڵام پێوەری ساختەو هۆشیاری بەدیل، سەرت لێ تێک ئەداو تاوانێکت لێ ئەکات بە چاکەکاریی. لەڕاستییدا ئەگەر “ویژدانی بەدیل” لێگەڕێ، هەرگیز “ویژدانی خۆت” نایەڵێ نوسەرێک بکوژی لەسەر بیروڕا.

ئایەتی یانزە

ویژدانی فەردی کۆمان ئەکاتەوە، چونکە لە هەمووماندا یەکەو چاکە هەر چاکەیەو ڕۆحی هەموومان پێ ی ئاشنایە. وەلێ “ویژدانی بەدیل” پەرتکەرو فیتنەیە، چونکە ئەوەی لەناوماندا چاکە ئەناسێ، ئەیخەوێنێ و ئیتر بە ئارەزووی خۆی پێناسەی چاکەمان بۆ ئەکاتەوە. “ناسین” پرۆسەیەکی جوڵاوی زیندووەو “پێناسە” بتێکی وەستاوی مردوە.

ئایەتی دوانزە

فاستفودو بەدیلی بیرکردنەوە، لە کۆمەڵگاو نەریت و عەقڵی جەمعەوە وەرئەگیرێ و ئەگەر هەر هیچی دیارت دەست نەکەوت، بە نەزەرییەی موئامەرەو ترس لە نادیارێک دەبریکەو لەخۆتەوە بڵێ دەسی ماسۆنیەتە.. گرنگ ئەوەیە مەجالی بیرکردنەوەی تاک مەدەو خۆراکی عەقڵی گروپ دابینکە!

ئایەتی سیانزە

حەق لەوێدا ون ئەبێ، کە بە پیوەری “ئێمەو ئەوان” بیپێویت. ئیتر ئەو بڕە حەقەی کە لەولایە نایبینیت و ئەو بڕە ناحەقییەش کە لەملایە هەر نایبینیت و ئەو دوو کوێرییەش، یەکسانە بە چاوی شەیتان. “چاوی حەق” ئەوەیە کە ئازادە لە عەینەکی ئێمەو ئەوان و لە گۆشەی خودی ویژدانەوە سەیری دنیایەکی یەک پارچە ئەکات، نەک ئەوەی لە چاویلکەی ویژدانی بەدیلەوە سەیری دنیایەکی دوولەت بکات.

ئایەتی چواردە

فەرقی نیە بە چ ئایدۆلۆژیایەکی دینی نادینی ڕاست یان چەپ، کەوتویتەتە ناو هۆشیاری بەدیلەوە، گرنگ ئەوەیە شەیتانێک، لە ئاشتییەکی ڕۆحیی ناوەکییەوە، ئەتخاتە ناو شەڕێکی دووجەمسەریی دەرەکییەوە.

ئایەتی پانزە

“مردن” مرۆڤی سنوردارکردوەو کۆتایی پێ ئەهێنێ، ئەوەش فیکرەی “ناکۆتا”ی لا تەقاندۆتەوە، لوتکەو ئایدیاڵی ئەم فیکرەیەش خودایە. تۆش تەنیا لە ئازادییدا ئەتوانی دوای ڕەها بکەویت و ڕۆحی خۆتی تێدا بکشێنیت، لە قاڵبدا ناتوانی دوای ڕەها بکەویت و ڕۆحت گەورەبکەیت. بۆیە هەمیشە قاڵبەکان، ئایەتی شەیتانن و ئازادی ئایەتی خودایە. پێغەمبەرانیش هەر لەوێوە خودایین، کە دژەقاڵبن و ئایەتی ئازادی دنیاکەی خۆیانن!

ئایەتی شانزە

یەعنی هەموو شتەکان ئایەتی خودان و ئازادترینیان خوداییترینیانە. زانست لەمسەرەوە ئازادەو بەناو فەحس و تاقیکردنەوەدا هاتووە، لەوسەریشەوە هەر ئازادەو هیچ ڕێگرنیە لەوەی کە بیبەیتەوە ناو فەحس و هەڵیوەشێنیتەوە. ئایین لەمسەرەوە ئازادەو ڕامان و تەجروبەی ڕۆحی حەکیمێکە، لەوسەریشەوە هەر ئازادەو حەکیمەکە خۆی ئەیهێنێتە ناو ئارگۆمێنت و گفتوگۆی گشتی، بەڵام شەیتانەکان، بت و قاڵبی پیرۆزی لێ دروست ئەکەن و شەڕی سەپاندنی پێئەکەن.

ئایەتی حەڤدە

خۆ دوای شکاندنی قاڵبەکان، ناچینە دۆخی فەوزا، بەڵکو ئەوەی لە ئازادییەوە دێت، دۆخە ساختەکەی “پێکەوەیی” لائەباو دۆخە تەندروستەکەی پێکەوەیی ئەخاتە جێگای. قاڵب ئەو بتە تاریک و وەستاوەیە کە بنەماکەی دیارنەماوەو تۆ کوێرانە بەرگری لێئەکەیت و ئەیسەپێنی. بەڵام پێکەوەیی تەندروست، لەسەر ئەساسی زانینەو بنەماکەی دیارەو هەمووان ئازادانە لەسەری کۆئەبنەوە وەکو پەیمانێکی کۆمەڵایەتی. لەسەر ئەساسی ئەو بنەما دیارەش، ئیتر فۆڕمەکان نەرم و جوڵاون، یەعنی کە بنەماکە عەدالەتبێ، ئیتر گرنگ نیە فۆڕمی سیستەمەکە چی بێت، کە منو تۆ چاک بین، ئیتر گرنگ نیە باوەڕی منو تۆ چیە.

ئایەتی هەژدە

بیرکردنەوە وزەیەکی زۆر سەرف ئەکا، مرۆڤی سەرەتاییش بۆیە نەیتوانیوە قووڵ بیربکاتەوە، چونکە خۆراک و وزەی بایی ئەوەندە نەبووە، کە لە بیرکردنەوەی قووڵدا بیسوتێنێ. جیناتی تەمبەڵی و پشت بەستن بە بیرکردنەوەی ئامادەش، بەناو پەرەسەندندا ئا لەوێوە بۆمان گوازراوەتەوە.

ئایەتی نۆزدە

ئیتر تەمبەڵانە هەوڵ ئەدەین زۆرترینی شتەکان، بە فیکرەی ئامادە دەبر بکەین و لەبری ئەوەی وزە بسوتێنین، دۆپامینی خۆشحاڵی ئەڕێژین، چونکە خۆمان لە عەزێتی بیرکردنەوە لاداوە. سەیرکە کۆیلەکان زۆر خۆشحاڵن و بەدڵنییاوە کۆیلایەتی خۆیان ئەکەن، چونکە خۆیان لە عەزێتی گومانەکانی عەقڵ دزیوەتەوەو لەوەدا سەرکەوتوبوون!

ئایەتی بیست

ئازادبوون لەوێدایە، کە هاوکێشەکە عەکس بکەیتەوە، وابکەی خوو بە هۆشیارییەوە بگریت و بیرکردنەوە ببێ بە مەلەکەو نەتوانی خۆتی لێبدزیتەوە، ئیتر دۆپامینەکەش لە کاتی گەڕان بۆ ڕاستییدا بڕژێ، نەک لە کاتی تەمبەڵی و لەفەی ئامادەدا. خوداش بتی هیچ دینێک نیە، بەڵکو ڕەهای ئایدیا باڵاکانی مرۆڤە، مەسەلەن ڕاستی ئایدیایەکەو ڕەهاکەی ئەبێتە خودا، لێرەوە (اعبد ربک حتی یاتیك الیقین) واتای ئەوەنیە نوێژ بکە تا ئەمری، یەعنی بۆ ڕاستی بگەڕێ، تاکو وای لێدێ، ئیتر خودی گەڕانەکە، لە قەلەقی و عەزێتەوە، ببێتە چێژ و دڵنیایی.

ئایەتی بیستویەک

بۆچی مێگەلگەراکان دژی پەروەردەی فرەیی و پرسیاریین و بەرگری لە پەروەردەی تاکڕەهەندو وەڵامیی ئەکەن؟ چونکە ئاڕاستەی ڕژانی دۆپامینەکە، لە مناڵیدا دیاری ئەکرێ. ئا لەوێدا بڕیار ئەدرێ، کە دواتر خۆشی لە تەمبەڵی و وەڵامی ئامادە وەرگرین، یان لە بیرکردنەوەو گەڕان و پشکنینی دیاردەکان. مەسەلەکە ڕاهاتنەو ئەو مناڵەی لەسەر پرسیارو گفتوگۆ ڕائەهێنرێ، دواتر بیرکردنەوەی لێ نابێتە بارێکی گران، بەڵکو بۆی ئەبێتە دۆخە ئاساییەکە، ڕاوکردن و لێخوڕینی ئەم جۆرە مرۆڤەش قورسە، بۆیە مێگەلگەراکان دژی پەروەردەی ئازادن.

خاتیمەی کیتاب

هەرشتێ بتباتە ناو تەعاروف و پەیوەندی ئاسۆیی، ئایەتی خودایەو تەقواش ئەوەیە کە بە هیچ حیکایەت و پیرۆزی و پاساوێک، لەمە نەترازێ ی بەرەو پەیوەندی هێزو هاوکیشەی سەردەست و بندەست. هەر شتێکیش بتباتە ناو پەیوەندی ستوونی و شەڕی زاڵێتییەوە، ئایەتی شەیتانە. ئایەتی خواو شەیتانیش، تەنیا کۆدێک بوو بۆ تێگەیشتن، ئەگینا هەردوکی هەر ئایەتی مرۆڤەو ئەمە بۆ پشیلەیەک مەوزوع نیە، بەڵکو لە پرۆسەی هۆشیارییدا، عەقڵ خۆی دایهێناوە.

هەولێریەكان بێلانەوازەكران هەشتی حەسارۆك بە نمونە

 ١٧ئۆگستی ٢٠٢١، پاش ئەوەی سەرۆكی حوكمەت بەلێنی بە خاوەن زەویەكانی هەشتی حەسارۆك دا خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكەن و ڕێگەیان پێبدەن سوكنایەك لەسەر زەوی و ملكی خۆیان دورست بكەن، پاش هەژدە ساڵ ڕێگری لێیان، دەبێ ئێستا بە چی گەیشتبێ؟؟؟! لە پاش ئەو كاتەوە هیچ لەو بەڵێنەش شین نەبوو!! یاسا و ماف و بەلێنی سەرۆكی حوكمەتی هەرێم چیان بەسەرهات؟!! بێگومان هیچیان جێبەجێ ناكرێن چونكە چاوچنۆكێكی ناشەرعی بەهێز چاوی لەوەیە ئەو زەویانەی هەشتی حەسارۆك لە خاوەنەكانیان زەوت بكرێت و تاڵان ببرێت..

  چاوچنۆكی بێ ویژدانی و بێ مۆڕاڵەیت گەیشتۆتە ئاستێكی باڵاو توانایی هەیە پۆست و پلەی حزبی بەكاربهێنێت بۆ غەدركردن لەمافی هەژاران، هەولێربەبەرچاوی هەموو دنیاوە ئەو غەدرەی لێدەكرێت و رێگری بكرێت تا كونج و قوژبنێكیان هەبێت بۆ خۆیان خێزانەكەیان..

خەڵكی حەسارۆك نۆزدە ساڵە بێ جێگەوڕێگەیان كردون و زۆربەیان كرێچین و بڕێكی زۆریشیان بە داخەوە سەریاننایەوە و گۆڕ بوو بە ماڵی ئەبەدییان بۆ ئێستا، ئەگەر ئەوان رەحم بەخۆیان ناكەن هەقە بیر لەنەوەكانی داهاتویان بكەنەوەو لەوە زیاتر شەرمەزاریان نەكەن، نۆزدە ساڵە دەسەڵاتی بنەماڵە بەربەستە لەو هەژارە خاوەن ماف و كەرامەتانە لەسەر مڵكی خۆیان بحەوێنەوە. تەنها زەویەکانی هەشتی حسارۆک نیە لە هەولێر ڕێپێدانیان نادەنێ. لەو ڕۆژەوە دەستیان بە دروستکردنی ڤێلا و شوقە کردووە ڕێپێدانیان لە هەموو کەرتەکانی زەوی ڕاگرتوە کە نزیکەی 20ساڵە دابەشکراون وە ساڵانە باجیان لێ وەردەگرن بێ ئەوەی لەباج ببورن، چونکە بەپێی یاسا هەرزەویەک خزمەتگوزاری بۆ نەبرێت و ڕێ پێدانی بنیا دورستكردنی پێنەدرابێت دەبێ لەباج ببوردرێن.

ئەم زەویانەی کە ڕێپێدانیان پێنادەن باغلو منارە (باغەمرە)، گرد جوتیار، عەزە، باغەمرەی شهاب، کەڕک، گەڕەسۆر، سێبەردان، زۆری تر کەناویان نازانم، بەبیانۆی ئاو و کارەبای و خزمەتگوزاریان دەوێ. دەڵێن حکومەتی هەرێم توانای دارایی نیە بەڵام لەولاوە تائەم نوسینەم بەهەزارەها شوقە و ڤێلا لەسەر مڵکی گشتی دروست دەکەن، ئاو کارەبایان بۆدەبەن وە باشترین. خزمەتگوزاریشان بۆ دابین دەكەن بەزوترین کات.

ئینجا، بەپارەیەکی خەیاڵی دەیانفرۆشن و قازانجێکی خەیاڵیان لێدەکەن. خەڵکی بێچارەی هەولێریش باسیر بخۆن و زوڕنا لێبدەن. ئەوەی باسكراوە هەموی ڕاستیە. دۆستم هەیە زەوی کڕیوە، نزیکەی چواردەساڵ پێش ئێستا بە نرخێکی گران، بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی بینا دورستكردن لەسەر ئەو زەویانەی لە سەرەوە باسمان كردن ئێستا نیوەی نرخەکەی خۆیان دەكەنەوە، جگە لەوەی پێنج ملیۆن باجیش هاتۆتە سەریان. وا بڕوات ئەبێ خاوەن زەویەکان بە چەند ساڵی تر زەویەکانیان لەبری باج بدەنە بەحکومەت چونکە ئەم حکومەتە نە نیازی ڕێپێدانی دورستكردنی بینا لەسەر ئەو زەویانە هەیە وە نە خزمەتگوزاری دەبات بۆ ئەو زەویانە، لەبەر ئەوەی خویان خەریکی دروست کردنی ڤێلا و شوقەن، ئەوانەش فرۆشتنیان ئاسانترە بە ڕاگرتنی ڕێگەپێدان بە هاوڵاتیان تا خۆیان خانو بۆ خۆیان دورست بكەن و پێویستیان بە شوقە و خانوی پڕۆژەكانی دەسەڵاتداران و شەریكەكانیان نەمێنێت. بۆیە خەڵکیان وەلاناوە تەنها بیر لەبەرژەوەندی وگیرفان پڕکردنی خۆیان دەکەنەوە. ئەگەر حۆڵت پێدانی دورستكردنی خانووبەرە بكەنەوە بۆ ئەو کەرتانەی کەباسمان کردن، بە هەزارەها هەلی كار بۆ خەڵک دورست شەبێت، خەڵكێكی گەلێك زۆر هەڵی كاریان بۆ دورست دەبێت: فرۆشیاری مەوادی کارەبا و ئاو کاریان باش دەبێت، وەستا و کرێکار ئیشیان زۆر دەبێت و بەگشتی جولە دەكەوێتە بازاڕەوە.

حوكمەتیش پارەیەکی زۆریی لەڕێگای باج و ڕسومات و شارەوانیەکان دەست دەكەوێت. بەڵام لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لە كەرتی بینا و نیشتەجێبوون، مۆڵەتپێدانیان ڕاگرتووە و نایكەنەوە. بێكاریان بڵاو كردوەتەوە. ئەمەش ئەنجامی دەسەلاتداری فیودالی بیر تەسك و بێ ڕوئیا و دژەكۆمەڵگە.

محەمەد کیانى

مەسرور بارزانی ئەندازیاری شکستخواردووی سەرکوتکاریی

شنا فایەق:
دامەزراندنی دەزگای پاراستنی پەدەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٥، کە بە هاوکاریی موسادی ئیسرائیلیی و ساواکی ئێران دامەزرا و لەلایەن مەسعود بارزانییەوە سەرۆکایەتیی دەکرا.
لەدوای کۆنگرەی ١٩٩٩، سەرپەرشتیی دەزگاکە درایە دەست مەسرور بارزانی و لەوکاتەوە مەسرور وەک ڕەمزی تیرۆر و سەرکوتکاریی لە هەرێمی کوردستان دەناسرێت.
قۆناغی تیرۆر و ئەشکەنجە و سەرکوتکاریی مەسرور بارزانی لە دەزگای پاراستنی حزبەکەیەوە دەستیپێکرد و گواستییەوە بۆ ناو دامەزراوەیەکی باڵا لە حکومەت، کە ئەنجومەنی ئاسایشە، لە ماوەیەدا هەموو ئالەتەکانی سەرکوتکاریی لە هەڕەشە، ئەشکەنجە، تیرۆر، بەکارهێنانی یاسا، دادگایی، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، حوکمدان، برسییکردن، ڕێگریی لە کاری میدیایی، داخستنی کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندن، دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەتبەخشینەوە، کڕینی ڕۆژنامەنووس، بەخشینەوەی پارە و دەیان و سەدان ڕێگای بۆ بێدەنگکردنی ئازادییخوازان و ڕەخنەگران تاقیکردووەتەوە و بەردەوامە لە تاقیکردنەوەی جۆری زیاتر.
ئەوەی جێگای سەرنجە، دەزگای پاراستنی پەدەکە و مەسرور بارزانی، لە یەک بەیەکی هەوڵەکانیان شکست دێنن!، شکست بەو مانایەی، ئامانجە سەرەکییەکەیان ناپێکن، کە کپکردنی دەنگی ئازادە.
لەدوای ڕاپەڕین، بادینان زۆرترین کردەی تیرۆرستیی ئەو دەزگایەی تێدا ئەنجامدراوە، لە تیرۆری سادق سندی، ڕەئوف ئاکرەیی، حاکم تەحسین لە سەرەتای نەوەدەکان دەستیپێکرد و مەسرور بارزانیش بە تیرۆرکردنی شوکری زەینەدین و وەدات حسێن، بەردەوامیی پێدا، بەڵام بۆی دەرکەوت، کە هەرگیز تیرۆر خەڵکی بادینان بێدەنگ ناکات، بە پێچەوانەوە ئەو گۆمەی بە ترس و هەڕەشە مەنگی کردبوو، شڵەقا و ئیتر بادینان مەرگی تاقیکردەوە، لەچی دیکە بترسێت!.
بەپێی پێوەرەکانی مەسرور بوایە، تیرۆری سۆرانی مامەحەمە قەڵەمەکەی سەردەشتی دەشکاند، تیرۆری سەردەشت، ماڵباتی بارزانی دەکرد بە خوداوەند و ناوهێنانی لە هەموو قەڵەمە ڕەخنەگرەکان حەرام دەکرد، بەڵام ئەنجام چیبوو؟، ئێستا وشەکانی سۆران و سەردەشت لەسەر زارای هەزاران ئازادییخوازە و ڕۆژانە تا ئاستی کەڕبوون، بەگوێی پەدەکە و ماڵباتی بارزانییدا دەدەن.
بەکارهێنانی یاسا لەدژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا، ئازادییخوازانی بێدەنگ نەکرد، ئەمجارە دەستی بۆ دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ برد و لە ساڵێکدا نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینانی دەستگیرکرد، سیناریۆی بۆ دروستکردن، ئەشکەنجەی دان، دەستی بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ برد، حوکمی دان، هەتا ئێستاش خەریکی سزادانەوەیانە لە زیندان، بەڵام ئایا ئەوان بێدەنگ بوون؟، نا ئەوان لەناو زیندانییشدا گەورەترین بەرخۆدانیی دەکەن و ڕۆحی بەرنگارییان ڕۆژ بەڕۆژ باڵاتر دەکات، لەدەرەوەی زیندانیش بە هەزاران کەس پشتیوانییان دەکەن و ڕۆژانە دەسەڵاتی پەدەکە و خودی مەسرور بارزانی دەدرێنە بەر تیری ڕەخنە.
بارزانی کوڕ لەگەڵ بەردەوامییدان بەو جۆرانەی تاقیکردوونەتەوە، خەریکی تاقیکردنەوەی ڕێگای تازەترە، مسۆگەر ئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانەش شکستە و دەنگی ئازاد هەرگیز کپ ناکرێت.

وەستان لەسەر تەرمێکی پڕ لەشکۆوە..!

هاواری ئەوان بۆ ئەوەبوو، بەساڵاچووان لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیان گیانلەدەست نەدەن، توڕەیی ئەوان بۆ ئەوەبوو، ئەوەندە دیمەنی نقومبوونی گەنجان و لاوان دڵشکاو نەبینن کە چەندە بێ ڕەحمانە دەبنە خۆراکی نەهەنگەکانی ئیجە،خەمی ئەوان ئەوەبوو، چیتر بۆنی سوتماکی خۆکوژی ئەو هەموو ژن و کچە نازادارانە ئاسمانی شار رەش نەکات،خەونی ئەوان ئەوەبوو، شکۆمەندی ئینسانەکان ئەوەندە بەئاسانی تێکنەشکێندرێت و هەڕەشەی (پۆستاڵەکان ) نەبێتە مەترسی بەسەر سەری هەمووانەوە و لەو کۆمەڵگایەدا دزی و جەردەیی و ناعەدالەتی وخیانەت و کوشتن ئاسایی نەبێتەوە وەکو ئێستا !
بۆیە شکۆی ئەوان هەمیشە باڵآ دەکا و ئێمەش هەمیشە بۆ کارە تەواونەکراوەکانی ئەوان بەپێوە دەوەستین .
لەمەملەکەتێک گەنج و رۆژنامەنووسەکانی لەسەر نوسین و کاری رۆژنامەوانی گووللە بنرێت بەدەم و سینگ و سەریانەوە، لەسەر نیەتی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی بۆ نان و مووچە زیندانەکان بئاخنن لە خەڵک،هەڵوێست بەرامبەر داگیرکاری و ستەمکاری و لەشکرکێشی، بەس بێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی قەزائی و دادگاکان بەکاربهێندرێت بۆ تۆڵەکردنەوە لێیان …هەموو ئەمانە تەنها یەک ئاماژەی روون دەدات بەدەستەوە، کە ئەو دەسەڵاتە تەنها بە زەبری چەک و تیرۆر و داپڵۆسین و خنکاندنی دەنگەناڕازیەکان خۆی بەپێوە راگرتووە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان لەبارەی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان، دیکۆمێنتەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ئازادی،خەرمانێکی زۆریان لەبەردەستایە لەم بارەیەوە .
هەموو ئەو کەیسانە لای ئێمە و خەڵکی کوردستان کراوەیە و بەکراوەیی دەمێنێتەوە،تا ئەوکاتەی داد و داگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن بوونی دەبێت،ئەو کاتە بکوژانی هەموو ئەو گەنج و رۆژنامەنووسە ئازایانە بۆ هەموومان ئاشکران و گوێچکەیان دەگرین و لەدادگای خەڵک دادگاییان دەکەین .
ماوەتەوە بڵێین تۆمەتەکان چەندە گەورەبن لەسەر هاوڕێکانمان لەزیندان،لەبەرچاوی هەموومان جوانتر دەبن و تا دوا هەناسەش بەرگرییان لێدەکەین .
بەرز و بەڕێز بێت یادی ویداد و هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی.
ئازادی بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و هەڵسوراوانی سیاسی و مەدەنی لەکوردستان .

بەشدار عوسمان
2022-8-12

لە یادی وەدات حسێندا ڕۆژنامەنووسان داوای ئاشکراکردنی بکوژانی رۆژنامەنووسان دەکەن

شەش ساڵ بەسەر تێرۆکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە بادینان تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا بکوژانی ئاشکرا نەکراون و هیچ کەسێکیش بەتۆمەتی ئەو تیرۆرە دەستگیرکرنەکراوە، ڕۆژنامەنووسانیش داوا دەکەن، بکوژانی ڕۆژنامەنووسان بدرێنە دادگا و چیتر کەیسەکانیان دیزە بەدەرخۆنە نەکرێت.

شەش ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٦ وەدات حسێن عەلی ناسراو بە وەدات دهۆکیی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دهۆک لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدارەوە لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک ڕفێندرا و دوای چەند کاتژمێرێک بە برینداریی دۆزرایەوە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەش، هەمان ڕۆژ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو.

دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ئەو تیرۆرەدا، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەتۆمەتی ئەو تیرۆرە دەستگیرنەکراوە و کەیسەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانیی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژنامەنووس ڕۆژیار سیروان لە بارەی بەردەوامیی پێشێلکاریی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان وتی: بەداخەوە ژینگەی هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر لەبارە بۆ شاردنەوەی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران، یاسا زۆر لاوازە لە بڕینی دەستی ئەو کەسانەی، کە بکوژان حەشار دەدەن، چەندین کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان هەیە لە هەرێمـی کوردستان، وەکو شەهیدکردنی سۆرانی مامەحەمە، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن کە ئەمڕۆ شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدکردنیدا، کە بەهۆی دەنگی ئازادییەوە شەهیدکرا.

شەش ساڵ بەسەر تێرۆکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە بادینان تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا بکوژانی ئاشکرا نەکراون و هیچ کەسێکیش بەتۆمەتی ئەو تیرۆرە دەستگیرکرنەکراوە، ڕۆژنامەنووسانیش داوا دەکەن، بکوژانی ڕۆژنامەنووسان بدرێنە دادگا و چیتر کەیسەکانیان دیزە بەدەرخۆنە نەکرێت.

شەش ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٦ وەدات حسێن عەلی ناسراو بە وەدات دهۆکیی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دهۆک لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدارەوە لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک ڕفێندرا و دوای چەند کاتژمێرێک بە برینداریی دۆزرایەوە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەش، هەمان ڕۆژ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو.

دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ئەو تیرۆرەدا، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەتۆمەتی ئەو تیرۆرە دەستگیرنەکراوە و کەیسەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانیی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژنامەنووس ڕۆژیار سیروان لە بارەی بەردەوامیی پێشێلکاریی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەداخەوە ژینگەی هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر لەبارە بۆ شاردنەوەی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران، یاسا زۆر لاوازە لە بڕینی دەستی ئەو کەسانەی، کە بکوژان حەشار دەدەن، چەندین کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان هەیە لە هەرێمـی کوردستان، وەکو شەهیدکردنی سۆرانی مامەحەمە، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن کە ئەمڕۆ شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدکردنیدا، کە بەهۆی دەنگی ئازادییەوە شەهیدکرا.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت: کەس نییە بکوژی ڕۆژنامەنووسان نەناسێت، کوشتنی ڕۆژنامەنووسان بۆ کپکردنی دەنگی ئازادە، سەری ڕێز و نەوزاش دادەنەوێنم بۆ شەهید وەدات، داواکارم خوێنی ئەم ڕۆژنامەنووسە ئازاو ئازادە ببێتە هەوێنی کاری ئازاد، با ئیتر تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بووەستێندرێت.

پەدەکە تاوانباری یەکەمە لە تیرۆرکردنی وەدات حسێن

شەش ساڵ بەسەر تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن تێپەڕ دەبێت و تا ئێستا هیچ کەسێک بە هۆی ئەو تاوانەوە دەستگیر نەکراوە، هێزە ئەمنییەکانیش دۆسیەکەیان داخستووە.

 وەدات کێ بوو؟

وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆکی، ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی گەڤەری پارێزگای جولەمێرگ-ی باکووری کوردستان لە دایکبووە و  حەوت خوشک و ١١ برای هەیە.

بنەماڵەی وەدات خەڵکی دهۆکن، بەڵام لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥، باوکی وەدات ڕوو دەکاتە باکووری کوردستان و لەوێ ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنێت، پاشان بەهۆی دۆخی ئەوکاتەی تورکیاوە، لە ساڵی ١٩٩٠دا دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کورستان و لە دهۆک نیشتەجێ دەبنەوە.

وەدات قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی ١٢ لە دهۆک بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنێت، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی سەریەوە، لە پۆلی ١٢ی ئامادەییدا ناچاردەبێت واز لە خوێندن بهێنێت.

وەدات بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک چالاکوانی مەدەنیی لە دهۆک کار و چالاکیی دەبێت و هەر لەو ماوەیەشدا چەندین چالاکیی بۆ پشتیوانیی شۆڕشی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕێکدەخات و بەشدارییش لە هەموو بۆنە و چالاکییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکاندا دەکات.

وەدات ساڵی ٢٠١٦ وەک پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز لە دهۆک دەست بەکاربوو، هێشتا لە مانگەکانی سەرەتای کارکردنی بوو لە ئاژانسەکە، لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦دا ڕفێندرا و دواتر بە برینداریی دۆزرایەوە، شوێنەواری زۆری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە بوو، بەڵام نەیتوانی هیچ قسەیەک بکات و بەشێوەیەکی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 چۆن تیرۆر کرا؟

دوای ١٠٣ ڕۆژ لە تیرۆرکردنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا هەر یەکە لە سۆران عومەر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و مونیرە عوسمان ئەندامی هەمان لیژنە، لە خولی پێشووی پەرلەماندا، ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر تیرۆرەکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکراکرد.

لەو کاتەدا مونیرە عوسمان وتی”لە هەر وڵاتێکدا کەسێک تیرۆربکرێت، ئەگەر دەسەڵات یان هێزێکی گەورە لە پشتیەوە نەبێت ئەوە بەئاسانی بکەرانی دەدۆزرێنەوە”.

سۆران عومەر لەوبارەیەوە وتی، هیچ سەرەداوێک لە تیرۆری وەدات حسێنی ڕۆژنامەنووس نەدۆزراوەتەوە، هەر بۆیە هیوای خواست هیچ بیانویەک بۆ دەسەڵات نەمێنێتەوە کە تیرۆرکەرانی وەدات حسێن نەدۆزنەوە.

وردەکاری تیرۆرکردنەکەی

رۆژی ١٣ی مانگی ئاب، کە مانگێکە تیادا زۆرترین خیانەت لە مێژوی پەدەکەدا ڕوویداوە، دوای ئەوەی وەدات براکەی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی و دوورکەوتنەوەی بە ١٠٠ مەتر، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە کە پێش و دوا لە وەدات دەگرن و دەمانچە لەسەر سەری دادەنێن و دایدەبەزێنن تورەکە بەسەریدا دەکەن و دەیڕفێنن.

ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەدات دەڕفێنن لە جۆرەکانی (کیا سیراتۆی ڕەش و ئۆپترای سپی بووە)، ئەوەشی دەمانچەی لەسەر سەری وەدات داناوە، پیاوێکی باڵا بەرزی سەر سپی بووە و هیچ ماسکێکی نەبووە، کە خەڵکی پرسیویانە بۆکوێی دەبەن، وتویانە گوایە لە منداڵێکی داوە، لەوێشدا خەڵکێکی زۆر بە موبایل دیمەنی ڕفاندنەکەیان گرتووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، لەلایەن چەند ئاسایشێکی مەدەنیەوە هەموویان دەستگیرکراون و ڤیدیۆکانیان پێ سڕاوەتەوە و هەڕەشەشیان لێکراوە، کە هیچ شاهیدییەک لەسەر کەیسەکە نەدەن.

لەو شوێنەی ئەو ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەی لێ دەرچووە تا شوێنی ڕفاندنەکەی، بە دوکان و شوێنە گشتیەکانەوە نزیکەی ٢٠٠ کامێرای چاودێریی هەبووە، بەڵام هێزێکی بەناو بەرەنگاربوونەوەی تاوان لەوێ دەبن، خاوەنی مارکێتەکان شاهیدییان بۆ بنەماڵەی شەهید داوە، کە ئەو هێزەی پۆلیس دوای ڕووداوەکە تەواوی ڤیدیۆی کامێراکانیان سڕیوەتەوە، دواتریش هەڕەشە لە تەواوی ئەو کەسانە کراوە، کە هیچ قسەیەک لەسەر کەیسەکە نەکەن، هەربۆیە ئێستا ئەوان ناوێرن هیچ بڵێن.

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە خولی پێشووتردا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی وەدات بە سەختی بریندار کراوە، براوەتە بنکەیەکی بچووکی تەندروستیی لە سێمێل، پاشان براوەتە نەخۆشخانەی دهۆک، وەک لێکۆڵینەوەشی تێداکراوە، نێوان نەخۆشخانە بچووکەکە و نەخۆشخانەی گشتیی دهۆک تەنها دوریان ١٠ خولەکە، بەڵام گەیاندنی وەدات یەک کاتژمێری خایاندووە.

لە قسەکانیدا سۆران عومەر کە خۆشی بە گوشاری پەدەکە ناچار کرا دەست لە ئەندامێتی پەرلەمان بکێشێتەوە وتیشی “بنەماڵەکەی کاتیک چوونەتە نەخۆشخانە، وەدات لە ژیاندا بووە، دەبینن ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو ئاسایشی مەدەنی بە دیارەوە وەستاون، کۆمەڵێک لەو کەسانەی ئەوکاتە لەوێ بوون شاهیدییان داوە، هیچ پزیشکێک بانگهێشت نەکراوە بۆ چارەسەری و بینویانە دەرزییەک لە ژێر پەراسوی وەدات دراوە و کارەباش لە لاملی دراوە، دواتر ژیانی لەدەستداوە، ئەوانەشی ئەم ڕوداوە دەگێڕێننەوە هەڕەشەیان لێکراوەو ئێستاش ناتوانن هیچ شتێک لەو بارەیەوە بڵێن”.

دوای لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە جەستەی شوێنی ئەشکەنجە و کارەبای پێوە دیاربووە، شیشێک کراوە بە چاوی راستیدا و لە پشتەوە دەرچووە، پەنجەکانیشی هەمووی شکاوە، قۆڵی ڕاستیشی بە گیرەی ئاسنگەری (مەنگەنە) شکێندراوە و هەموو ئەو بەڵگانەمان لە بەردەستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام جگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دوو پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن هیچ هەڵویستێکی دیکەی پەرلەمان ڕانەگەیەندرا.

 وەدات پێش تیرۆرکردنی لە ژێر هەڕەشەدابوو

وەدات پێش تیرۆرکردنی سێ جار بانگهێشتی ئاسایش کراوە دواین جاریان مانگێک پێش تیرۆرکردنەکەی بووە لە ئاسایش پێیان بوتووە “بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کاردەکەیت بیکە، بە مەرجێک بۆ ئێمەش کاربکەیت و ئۆتۆمبێل و پارەی باشت پێدەدەین”، شەهید وەدات ئەو داوایەی ئاسایشی ڕەکردەوە و هەرلەوێدا بەرپرسەکەی ئاسایشی پەدەکە پێی دەڵێت ئیتر تۆ کارت لای ئێمە نەماوە و ڕەوانەی دەکەین بۆ سەرووی خۆمان.

ئەو پێش دونیای رۆژنامەنووسی چالاکوانێکی مەدەنیی بوو، تیرۆرستان نەیانهێشت لە دونیای ڕۆژنامەگەرییدا بەردەوامیی بە کار و خزمەتی گەلەکەی بدات و دوای ئەوەی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ ڕۆژنیوز گرێبەستی کاری واژۆ کرد، ١٣ی ئاب ڕفێندرا و تیرۆرکرا.

پۆلیسی لێکۆڵینەوەی دهۆک لێکۆڵینەوەیان لە چەند کەسێک کردووە، یەکێکیان برای بووە لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی پەیوەندی پێوەکردوون، جگە لەو سێ کەسە پۆلیس و ئاسایشی شارەکە لێکۆڵینەوەیان لە هیچ کەسێکی دیکە نەکردووە.

تیرۆری وەدات، کە بە چوارەم شەهیدی قەڵەم لە باشووری کوردستان دادەنرێت، جگە لە پیشەی ڕۆژنامەوانی هیچ پیشەیەکی دیکەیان نەبووە، ئەوەش ڕێکخراوترین تیرۆر بوو لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدرابێت و هیچ سەرەداویک تا ئێستا لە بارەی تیرۆرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە.

شەش ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی تێپەڕ دەکات ئێستا کەیسەکەی  لای دەزگا ئەمنییەکان داخراوە، بەڵام لای ئاژانسی ڕۆژنیوز و بنەماڵەی شەهید و سەرجەم ئازادییخوازان، کەیسی وەدات کراوەیە تا ئەو کاتەی  بکەرانی ئەو تاوانە، بە سزا دەگەیەندرێن.

سەرچاوە:رۆژنیوز

بۆچی وەدات حسێن-تان تیرۆرکرد؟

دوای ئەو زنجیرە تیرۆرەی لەھەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی ڕۆژنامەنوسان‌و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی‌و ئازادیخوازان دەکرێتەوە لەلایەن هەردو حزبی دەسەڵاتداری یەکێتی‌و پارتی، بەداخەوە دواتر هەرچۆنێک بێت کەیسەکانیان لەلایەن دادگاکانەوە وندەبێت، بۆیە دەبێت بگەینە ئەو بڕوایەی کە پشت بەستن بەیاسا بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکان، ھەڵەیەکی گەورەیە.
بەیاننامەی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان‌و دروستکردنی لیژنەی دەسەڵات، چاوەڕوانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەری لێناکرێت.

لەئەزمونمان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ئازادی کوژو کورد کوژو ڕۆژنامەنوس کوژە تێیگەیاندین لیژنەکان‌و بەیاننامەکان‌و ئیدانەکردنەکان، نەیتوانی ھیچ یەک لەو تاوانانە ئاشکرابکات کە دژی رۆژنامەنوسان‌و ئازادییەکانی تاکی کورد کراوە.

کوشتنی ڕۆژنامەنووسان زنجیرەیەک کوشتنە لە شوێنێکدا دەست پێدەکات و کۆتاییەکەی دیار نیە. ئەم زنجیرە کوشتنە بەو شێوە چەتەییەی دەسەڵات، بڕوایەکە لەناو بیرکردنەوەی دەسەڵاتدا هەیە بێگومان ئەوانەی ئەم کارانەیان لێدەوەشێتەوە، بریتین لەو ھەرچی و پەرچیانەی ھیچ خەونێکی گەورە، ھیچ فەرھەنگێک‌و کلتورێکیان نیە. لەبێ فەرھەنگی‌و بێ کلتوریدا دەبنە پاسەوانی سیستەمە داپڵۆسێنەرەکان. ھەمیشە ئەم”ھەرچی و پەرچی”یانە دینەمۆیەکی بەھێزن بۆ برەودان بەسیستەمە سەرکوتکەرەکان. ئەوانە بەشێکی ناو کۆمەڵگەن و لەئاستی خوارەوەن و شتێکیان نیە لەدەستی بدەن. لەبێ فەرھەنگیدا تەواوی ئەو کارە نامرۆڤانانە دەکەن پێیان دەسپێدرێت و دەبنە دەردێکی کوشندە بۆ کۆمەڵگەو، پارێزەری سیستەمە بیمارەکان.

تیرۆرکردنی (وەدات) بەو شێوە دڕندانەیە، ھەرگیز بە دەستی کەسانێک نەکراوە خاوەن فەرھەنگ و کلتوربن. بەدەستی ئەو “ھەرچی و پەرچی”یانە کراوە کە بێ فەرھەنگن و، پارێزەری سیستەمێکی بیمارن. تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسێک بەو جۆرە، لەلایەن کەسی ئاساییەوە ئەنجام نادرێت، لەلایەن ھەرچی و پەرچییەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە سەر بەدەسەڵاتن.

ئێمە ناڵێن وەک ساڵانی ڕابردوو دیسان ئەمساڵیش با لیژنەیەک بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم کەیسە دابنرێت، چونکە بروامان بەو پەندە روسییەکە دەڵێت: “ھەرکارێک ویستت سەرنەگرێت، لیژنەی بۆ دابنێ.” لیژنەکان چاوەروانی یەلاکیکردنەوەی کەیسەکانیان لێناکرێت و، کەیسەکان وندەکەن. بەیاننمانەی فراکسیۆنەکانیش تەنھا وەک ھەڵوێستێک وەردەگرین. دادگاکانیش جێگای بڕوا نین و، ناتوانن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. کەوایە کێ ھەقی تیرۆرکردنی شێوە دڕندانەکەی ئەو رۆژنامەنووسە یەکلایی دەکاتەوە.

لە ئێستادا پێویستە ڕوو لە (پەکەکە) بکەین و بپرسین: ئایا ئەو رۆژنامەنووسە کە سەر بە دەزگاکانی ئەوان بووە، وەلائیشی بۆ ئەوان بووە، تیرۆرکردنی بەو جۆرە جێگای بێدەنگییە دوای تێپەڕینی چەن ساڵ دەبێت ئەو ھێزە بەھەر شێوەیەک بووە ھەقی ئەو رۆژنامەنووسە وەربگرێتەوە. بکوژەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، کە بریتین لە کۆمەڵێک ھەرچی و پەرچی، شایەنی ئەوەن لەسەر کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە لەم کۆمەڵگەیە دوربخرێنەوە و رێگایان پێنەدرێت، لەوەزیاتر ژینگەی ئەم کۆمەڵگە لەبەر خاتری پاراستنی دەسەڵاتێکی بیمار پیس بکەن.

پەکەکە ئەگەر چیتر بێدەنگ بێت، سبەی ھەمان ئەو گەنج و ڕۆژنامەنوسانەی لەو سنوورە بروایان بە ئازادی ھەیە و، وەلائیان بۆ دەسەڵات نیە، تووشی ھەمان دۆخ دەبنەوە. بروای تەواوم بەوە ھەیە، پێویستە پەکەکە بە شێوەیەکی ڕژد ھەقی (وەدات) بسەنێتەوە و چاوەرێی کەمپین و بەیاننامە و دادگا نەکات چونکە چەن ساڵە وەک ئێمە ئاگادارین ئەو کەیسە بەلاڕێدادەبرێت بەو پاساوە. ئیدی ئەو شتانە لەم ھەرێمە مانایان نەماوە. ناشکرێت پەکەکە وەک ھێزە ترسنۆکەکانی باشور چیتر بێدەنگ بێت و ھەروا رووداوێکی خەمھاوەر بەسەریدا تێبپەڕێت. ئەوانەی (وەدات)یان بەو شێوازە دڕندەیە تیرۆرکرد، شایەنی ئەوەن ژیانیان لێ بسەنرێتەوە.
شوانە حەسەن ئەبوبەکر:

داوای ئازادیی

شنا فایەق:
ماوەی دوو ساڵە داوای ئازادیی بۆ زیندانیانی بادینان دەکەین، بەڵام لە بنەمادا، ئەوان لەبەر ئەوەی خاوەن فکر و کەسایەتیی ئازادن زیندانیی کراون، کەواتە ئێمە داوای ئازادیی جەستەیی هاوڕێکانمان دەکەین.
ئازادیی لە ناخی ئینساندایە، پەیوەندیی بە شوێن و جەستەوە نییە، دەستگیرکراوانی بادینان لەناو زیندانەکانی پەدەکەدا بن یان هەر شوێنێکی دیکە، ئینسانی ئازادن و هەرگیز دەسەڵات مافی ئەوەی نییە خۆی بکات بە خاوەنی ئازادیی و پێیان ببەخشێ.
ئازادیی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتیی لە بەرامبەر گەل، خاک، ئینسانیەت، ویژدان و ئەخلاق و هتد..، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییش ڕەنج و تێکۆشانی دەوێ، هاوڕێکانمان بێ سڵەمینەوە لە هەڕەشە و گوشارەکان، ئەو بەرپرسیارێتییەیان هەڵگرت و بە ئازادیی گەیشتن، لەناو زیندانیشدا بەو بەرخۆدانییەی دەیکەن، زیاتر واتای ئازادییمان بۆ ڕوون دەکەنەوە.
پێویستە پەدەکە لەوە تێبگات، ئەگەر هەموو هێزی خۆی بەکاربێنێ بۆ دیلکردنی کەسێکی ئازاد، ناتوانێت ئیرادەی ئازادیی ئەو کەسە تێکبشکێنێت و فکری ئازاد لەبەرامبەر زوڵم و ستەمدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.
ئینسانی ئازاد ژیانی سەپێندراو قبوڵ ناکات و هەمیشە لە لێگەڕیندایە بۆ دۆزینەوەی ئەو ژیانەی خۆی دەیەوێت و پێویستە بژی، شەڕیش بۆ بەدەستهێنانی دەکات.
ئەوانەشی ڕادەستی خواستی دەسەڵات بوون، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا وا دیاربێت ئازادن، بەڵام لە بنەڕەتدا تەنیا کۆیلەیەکن و خەریکی ستایشکردنی خاوەنەکانیانن.

كۆتا نمایشی رێزگرتن لە ئازادی رۆژنامەوانی

له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ 24 كاتژمێردا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكرات بە پاڵپشتی كابینەی ٩ی حكومەت، له‌ شاره‌كانی (سلێمانی، دهۆك، هه‌ولێر، كه‌لار، شێخان، چه‌مچه‌ماڵ، سەید سادق) ٢٠ رۆژنامه‌نووسیان ده‌ستگیركرد‌، چه‌ندین رۆژنامه‌نووس به‌گازی فرمێسك رێژ برینداربوون، زۆرینه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌كانیش له‌ كاتی رووماڵی رۆژنامه‌وانییان جگه‌ له‌ رێگریكردن لێیان ده‌ست به‌سه‌ر كه‌رسته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیان گیراوه و رووبەڕووی لێدان و ئەشكەنجە و سوكایەتی پێكردن بوونەتەوە، هەندێكیشیان لە ماڵەكانیان دەستگیركراون‌ و هەڕەشەیان لێكراوە.
له‌ناو ده‌ستگیركراوه‌كاندا ٤ رۆژنامه‌نووسی وێستگەنیوز هه‌بوون كە پێكهاتوون لە (سیروان غەریب، سەرۆكی دەزگای میدیایی وێستگەنیوز، زانیار مەریوان، هێڤار هیوا، ئەركان جەبار). تیمی رۆژنامه‌وانی وێستگه‌نیوز له‌ كاتێكدا ده‌ستگیركرابوون سه‌رقاڵی رووماڵكردنی رۆژنامه‌وانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌رده‌ركی سه‌را بوون له‌ سلێمانی.
(محەمەد مەحمود) پەیامنێری رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار، لەكاتی رووماڵكردنی رۆژنامەوانی دەستگیركراوە، لەگەڵ ئەوەی خۆی ناساندووە بەڵام هێزەكانی ئاسایش بە لێدان و جنێو و سوكایەتی رووبەڕووی بوونەتەوە و كەلەپچەیان خستۆتە دەستی، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنی په‌یامنێركه‌یان رادیۆی دەنگ رایگەیاند “توندوتیژانه‌ به‌ لێدان و جنێو و قسه‌ى نه‌شیاو به‌ ده‌ستگیركراوى بۆ یاریده‌ده‌رێتى ئاسایشی كه‌لاریان بردووه‌ و به‌هه‌مان مامه‌ڵه‌وه‌ له‌وێوه‌ ره‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاسایشی گه‌رمیان كراوه‌ و كه‌له‌پچه‌ كراوه‌ته‌ ده‌ستى و فشاری لێكراوه‌ بۆ واژوكردنى به‌ڵێننامه‌یه‌ك، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بووە‌ و واژوى نه‌كردووە‌. دواى راگرتنى له‌م دۆخه‌دا بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 3 كاتژمێر، دواتر ئازاد كراوه‌”.
لەو ٢٠ رۆژنامەنووسەی دەستگیركراون لە (چەمچەماڵ، هەولێر، سلێمانی، شێخان، دهۆك) ٩ كەسیان پەیامنێر و وێنەگری كەناڵی NRTین، كە بریتین لە (دیار محەمەد، سەباح سۆفی، سۆران محەمەد، مەحمود رزگار، هێرش قادر، رزگار كۆچەر، ئومێد چۆمانی، تائیف گۆران، بڕیار نێروەیی)، ئەمە جگەلەوەی ئۆفیسەكانی كەناڵەكە لەچەند شوێنێك داخراون و رۆژنامەنووسەكان لە كاتی دەستگیركردنیاندا رووبەڕووی سوكایەتی و جنێو بوونەتەوە.
ئەیوب وەرتی پەیامنێری كەناڵی KNN لە هەولێر لە ماڵەكەیدا دەستگیركرا، لە ماوەی دوو هەفتەدا، بۆ دووەم جارە دەستگیربكرێت بەبێ ئەوەی هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختەی بۆ چووبێت سەبارەت بە هەبوونی دۆسیەیەكی یاسایی.
ئەو هەڵمەتەی بۆ دەستگیركردن و رێگریكردن لە رۆژنامەنووسان لە ماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر لە ئێوارەی ٥ بۆ ٦ی ئاب ئەنجامدرا، هەڵمەتی تاوانێكی رێكخراوی دەسەڵات بوو دەرهەق بە رۆژنامەنووسان، بۆیە لە هەولێر و سلێمانی هێزە ئەمنییەكان وەك ئەركێكی تەواوكاری یەكتری كارەكەیان جێبەجێ دەكرد. بە پێچەوانەی رووداوەكانی پێشوو، دەزگا راگەیاندنەكانی ئەو دوو حیزبە لە كەناڵەكانیانەوە خۆپیشاندانەكانیان نمایش نەكرد و هەواڵی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسەكانیان بڵاونەكردەوە و دژ بە یەكتر بەكاریان نەهێنا.
ئەم هەنگاوە رێكخراوەی كابینەی ٩ی حكومەتی هەرێم و پارتەكانی دەسەڵات دژ بە رۆژنامەنووسان، بەدەربوو لە هەموو بنەمایەكی یاسایی كارپێكراوی هەرێم، بەڵكو وەك رێكارەكانی قۆناغی جەنگ بەشێوەیەكی تەواو “عورف”ی مامەڵەیان لەگەڵ رۆژنامەنووسان و دەزگا راگەیاندنەكاندا كرد، ئەمەش كۆتا نمایشی رێزگرتن لە ئازادی كاری رۆژنامەوانی بوو لە سەردەمی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا.

نیاز عبدللە