دوای ئەوەی د.كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان وتی “حكومەتی هەرێم 117 ملیار دیناری سندوقی شێرپەنجەی دەرهێناوە و خەرجیكردوە”، وتەبێژی سندوقەكە و دكتۆرێكی نەخۆشخانەی هیوا دەڵێن “حكومەت بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستكاری پارەی خەڵك لە سندوقی شێرپەنجەدا بكات”.
د.دانا عومەر پسپۆڕی نەخۆشیەكانی خوێن لە نەخۆشخانەی هیوا لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی “شەقام”ی رادیۆ نەوادا وتی “كێشەی دەرمان لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی شێرپەنجەی هەرێم بوونی هەیە، چونكە دەرمانی نەخۆشانی شێرپەنجە جیاوازە لە جۆرە دەرمانەكانی تر و نرخیان گرانترە، لە 25 هەزار دینارەوە تا سێ هەزار دۆلارە، ناو بەناو دەرمانمان لێدەبڕێت و پێماندەگات، پارەی سندوقی هاوكاری شێرپەنجەش لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەمووی كۆدەكرێتەوە و دەبرێتە بانكی باخان، ئەو پارەیە حكومەت بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستكاری بكات تەنها نەخۆشخانەی هیوا رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی دەدات”.
هەر لە بەرنامەكەدا د.چەكدار ئەحمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجە لە دهۆك وتی “داوا لە حكومەت و خەڵك دەكەین، كە پرۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بۆ چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە تەواوبكەن تا بتوانین خزمەتی زیاتری ئەو نەخۆشانە بكەین، كە لە روی چارەسەری كیمیایی و تیشك و نەشتەرگەری بچوكەوە پێویستییان پێیەتی”.
هاوكات سیامەند خەلیل وتەبێژی سندوقی هاوكاری بۆ توشبوانی شێرپەنجە بۆ بەرنامەی شەقام رونیكردەوە، پارەی ناو سندوقی شێرپەنجە دوو بەشە هەم خەڵكی خێرخواز و هەم حكومەت خۆیشی پارەی تێدەكات، حكومەت دەستكاری پارەی خەڵكی نەكردوە و كاتێك دەچیتە بانك دەڵێن “ئەو بڕە پارەیە لەبەردەستدا نییە و رەنگە بە دووجار دابین بكرێت”.